رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری رایدەگەیێنێت، نەشتەرگەرییەکی فریاگوزارییان بۆ خانمێکی 30 ساڵ کردووە کە تووشی دووگیانبوون لە دەرەوەی منداڵدان بووە و پێی نەزانیوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-3-2026 د. تارا خەسرۆ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەو خانمە دووگیانییەکەی شەش هەفتە بووە و لەبەر ئەوەی هیچ پشکنین و بەدواداچوونێکی نەکردووە، نەیزانیوە دووگیانبوونەکەی لە دەرەوەی منداڵدانە، بۆیە سکئێشەی تووند هەبووە و بەهۆیەوە هاتووەتە نەخۆشخانە.
ئەو پزیشکە کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە روونی دەکاتەوە، خانمەکە پەستانی خوێنی دابەزی و لەهۆشخۆی چوو و دوای پشکنین دەرکەوتووە، خوێنبەربوونی ناوەکی هەبووە. پاشان بە نەشتەرگەری چەند بتڵێک خوێنی تێکراوە و خوێن بە ئەندامەکانی دیکەی گەیشتبوو کە ئەمە ئەگەری گیانلەدەستدان زیاد دەکات.
د. تارا خەسرۆ دەڵێت: پێویستە خانمان دانیشتووی هەر کوێیەک بن، بچنە بنکە و شوێنە تەندروستییەکان تاوەکو لە تەندروستیی خۆیان دڵنیا ببنەوە، نەک نیشانەکانیان پشتگوێ بخەن، چونکە دەشێت ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە و بە گیانلەدەستدان کۆتایی بێت.
لەبارەی ئەگەری دروستبوونی دووگیانبوون لە دەرەوەی منداڵدان گوتی، ''خانمەکە منداڵێکی هەیە و پێشو` ەختەش منداڵێکی لەبارچووە، هەر بۆیە ئەگەری دروستبوونی ئەو جۆرە ناڕێکییەی دووگیانبوونی هەبووە''.
لە کۆتاییشدا داوا لە خانمان دەکات، هەمیشە هۆشیار بن و هۆشیاریی تەندروستییان لەبارەی جەستەیانەوە هەبێت، بەتایبەت پێش هەفتەی 13 پێویستە سۆنەر بکەن و لە دووگیانییەکەیان دڵنیا ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ