رووداو - تەندروستی
بە فەرمی کۆمیسیۆنی دەرمان لە یەکێتیی ئەورووپا دەرمانێکی نوێی بۆ چارەسەر و بنبڕکردنی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ئاشكرای دەکات، دەرمانی لیکەینماب (lecanemab) دەکرێت بۆ چارەسەری نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بەکاربێت لە هەر قۆناخێکدا بێت، بەڵام پسپۆڕان ئاماژە بەوەدەکەن کە مەرج نییە هەموو تووشبوویەکی نەخۆشییە ئەم دەرمانە کاری تێبکات.
ئێستا ئەو دەرمانە لە ژێر ناوی بازرگانیی Leqembi لە هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ژاپۆن دەفرۆشرێت.
بەپێی کۆمیسیۆنەکە، ''دەرمانی لیکەینماب لە دژەتەن پێکدێت کە هانی بەرگریی جەستە دەدات بۆ لەنێوبردنی خانەکانی ئەمایلۆیدی نێو مێشک، سەرەنجام نیشانەکانی ئەلزەهایمەر کەمدەبنەوە و تووشبووانی نەخۆشییەکە کەمتر هەست بە لەبیرچوونەوە دەکەن.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی مایۆکلینیکی ئەمریکی، ئەمایلۆید پرۆتینێکە لە بۆشاییەکانی نێوان دەمارەکانی مێشکی ئەوانەی تووشی ئەلزەهایمەر بوون کۆدەبێتەوە و گرێی جیاواز لە مێشکدا دروستدەکات.
ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخەن، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، هەروەها شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن، تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ