رووداو - تەندروستی
پزیشکانی خولاو و پلەبەند لە سلێمانی و هەڵەبجە بەیاننامەیەکیان بە ناوی خۆیانەوە بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیێنن، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، بایکۆتی کار دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 17-5-2025 دکتۆر رەهێڵ ئەحمەد، نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بە رووداوی راگەیاند، ''هەڕەشەیەکی جیدی هەیە لەسەر بەفیڕۆچوونی ساڵێکی تەمەنمان بەهۆی دواکەوتنی گۆڕینی ناونیشانی پزیشکی و بەرزبوونەوەی پلەبەندیی کارکردنمان لە بنکە و نەخۆشخانە گشتییەکان''.
ئەو روونی کردەوە، بەیاننامەکە هی زیاتر لە 700 پزیشکی خولاو و پلەبەندە و چوار مانگیشە ماوەی یاسایی کارکردنیان وەکو پزیشكی خولاو و پلەبەند تێپەڕیوە و هیچ بەرزبوونەوەیەکیان بۆ نەکراوە.
لەنێو ئەو بەیاننامەیەی کە بە ناوی پزیشکی خولاو و پلەبەندی سلێمانی و هەڵەبجە بڵاو کراوەتەوە، ئەوان تاوەکو 22ـی ئایار لە نێوەندە تەندروستییەکان بەردەوام دەبن و ئەگەر وەڵامی ئەوە نەدرێنەوە بۆ بەرزکردنەوەی ناونیشانی کاریان، ئەوا بایکۆتی کار دەکەن.
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵدن. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان دەگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
لە بەرنامەی 'لەگەڵ رەنج'دا کێشەی دانەمەزراندنی سەتان پزیشکی گشتیی تازە دەرچوو لە هەرێمی کوردستان باس کران کە کێشەکان نیگەرانی لای پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی دروستکردووە و هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی سیستمی تەندروستی و پلەبەندیی پزیشکی.
لەنێو بەرنامەکەدا دکتۆر خاڵس قادر، راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان، نەی نەشاردەوە، کەرتی تەندروستی لە قەیرانێکدایە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ