رووداو- دیجیتاڵ
بەشێکی زۆری خانمان لەکاتی سوڕی مانگانەدا تووشی ئازار و هەندێک نیشانەی دیکەی تایبەت بە کۆئەندامی هەرس دەبنەوە وەک ئاوسانی سک، هێڵنج و رشانەوە، بێهێزی و سکچوون یان قەبزی، بۆیە زۆر گرنگە خانمان لەو ماوەیەدا لە هەندێک جۆری خۆراک دووربن کە لەوانەیە ببنەهۆی خراپتربوونی نیشانەکانیان.
ئەو خۆراکانەی پێویستە لەماوەی سوڕی مانگانەدا نەخورێن بریتین لە:
خوێ
ئەو خۆراکانەی بڕێکی زۆری خوێیان تێدایە باشتروایە نەخورێن، چونکە هۆکارن بۆ زیادبوونی گازەکانی ریخۆڵە و سەرەنجام ئاوسانی سک، بۆیە هەوڵبدە خۆراکە دەستکاریکراو و لە قووتوونراوەکان نەخۆیت و خوێش کەمتر بۆ خۆراکەکان بەکاربهێنە.
شەکر
ئەگەر بەبڕێکی کەم بخورێت زۆر کێشە نییە، بەڵام زیادەڕەوی کردن لەو خۆراکانەی بڕێکی زۆری شەکریان تێدایە میزاجت تێکدەدات، خەمۆکی و توڕەبوونت زیاتر دەکات.
کافاین
خواردنەوەی بڕێکی زۆری قاوە، چا، خواردنەوە گازییەکان و وزەبەخشەکان لەو ماوەیەدا تەندروست نییە چونکە هۆکارن بۆ زیادبوونی گازەکانی ریخۆڵە و ئاوسانی سک، هەروەها لەوانەیە تووشی سکچوونت بکات.
خۆراکە تیژەکان
ئەو خۆراکانەی تیژ و بەهاراتی زۆریان تێدایە بۆ گەدە و کۆئەندامی هەرس بەگشتی تەندروست نین، بۆیە هەوڵبدە لەو خۆراکانە دووربیت.
گۆشتی سوور
توێژینەوەکان دەریانخستووە گۆشتی سوور بە پرۆستاگلاندینەکان دەوڵەمەندە، کە ئەمانەش دەبنەهۆی گرژبوونی منداڵدان و زیادبوونی ئازار، بۆیە باشتروایە گۆشتی سوور کەمبکەیتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ