رووداو دیجیتاڵ
لە سەرجەم دەرمانخانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی عێراق، دەبێت هەموو دەرمانێک ستیکەری بچووکی لەسەربێت، کە تێیدا زانیاریی تەواوی لەبارەی دەرمانەکە تێدایە، ئەمە وێڕای نرخەکەی، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دیاریکراوە.
خاوەن دەرمانخانەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم کارە متمانەی بەهێز لەنێوان خەڵک و بەرهەمەکانی دەرمان دروست دەکات.
غالب خەفاجی، دەرمانساز دەڵێت، "کاتێک هاووڵاتی دەرمانێک دەکڕێت، لێی دڵنیابێت و جۆرەکەی باش بێت و نرخەکەی لەسەر ستیکەرەکە بێت، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە هاوکاریی سەندیکای دەرمانسازان دیاریکرابێت، ئەو هاوکارییە بەرهەمەکەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان دەبێت. سوودیشی بۆ ئێمە وەکو خاوەن دەرمانخانە ئەوەیە کە هاووڵاتیان متمانەیان بە ئێمە دەبێت."
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوامن لە دابەشکردنی ملیۆنان ستیکەر بەسەر دەرمانخانە و شوێنە زانستییەکان، ئەوەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان و رێگریکردن لە یاریکردن بە نرخ و قاچاخچێتیی دەرمان و ساختەکاری.
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، "وەڵامدانەوەی ئەم بڕیارە جیاواز بووە، هەڵمەتی پێچەوانە بۆ دژایەتیکردنی ئەو رێکارانە لە هەندێک لە هۆکارەکانی راگەیاندن هەبووە، چونکە بە دڵنیاییەوە زیان بە هەندێک دەگەیێنێت کە پشت بەو رێگە نایاساییە دەبەستن لە هێنان و قاچاخچێتی و ساختەکردنی دەرمان و فرۆشتنی بە نرخێکی نەگونجاو؛ وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان ئەو پاکێجە بڕیارانە جێبەجێ دەکات."
بە شێوەیەکی ساکار، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لەو دەرمانە دڵنیابێت کە دەیکڕێت، ئەوەش لە رێگەی ئەو ستیکەرەی کە نرخ و شوێنی دروستکردن و بەسەرچوونی لەسەرە، ئەوەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەمووانە.
ئەو ستیکەرە بچووکە رەنگە باشترین چاودێریی سەر دەرمان بێت، کە یاریکردن بە نرخ نەهێڵێت و رێگری لە هێنانی دەرمان لە شوێنی ناڕەسەن بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ