رووداو - تەندروستی
زانایانی سەنتەری پزیشکیی زانکۆی پیتسبێرگ (UPMC) لە ئەمریکا، چارەسەرێکی نوێیان بۆ وەرگرانی جگەر تاقیکردووەتەوە کە وایکردووە واز لە هەموو دەرمانە دژەبەرگرییەکان (immunosuppressant) بهێنن.
زانایانی سەنتەری پزیشکیی زانکۆی پیتسبێرگ (UPMC) لە ئەمریکا لە تاقیکردنەوەیەکدا کە 13 نەخۆشی وەرگری جگەری لە بەخشەری زیندوو لەخۆگرتبوو ئەم هەنگاوانە گیرانەبەر:
1. چەند هەفتەیەک پێش نەشتەرگەری، جۆرێک لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن بە ناوی "مۆنۆسایت" لە خوێنی بەخشەرەکە وەرگیران.
2. ئەو خانانە هاندران بۆ دروستکردنی "خانەی دێندرایتیکی رێکخەر" (DCregs) کە سیستمی بەرگریی وەرگرەکە فێردەکات جیاوازی لەنێوان خانەی نامۆ و خانەکانی ناوەوە بکات.
3. خانە نوێیەکان هەفتەیەک پێش نەشتەرگەرییەکە دران بە وەرگرەکە، بەو ئامانجەی سیستمی بەرگرییەکەی فێربکەن کە هێرش نەکاتە سەر جگەرە نوێیەکە.
سەنتەرە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات ساڵێک دوای نەشتەرگەرییەکە، 8 لە 13 بەشداربووەکە ئامادە بوون بۆ ئەوەی دەست بە کەمکردنەوەی دەرمانە دژەبەرگرییەکان بکەن، لەو 8 کەسە 4 کەسیان توانییان بەتەواوی واز لە دەرمانەکان بهێنن و 3 لەوانە بۆ ماوەی زیاتر لە 3 ساڵ بەبێ دەرمان ماونەتەوە.
د. ئەبهیناڤ هومار بەڕێوەبەری کلینیکی لە پەیمانگای چاندنی ستارزل دەڵێت، "هەرچەندە هێشتا بەتەواوی نەگەیشتووینەتە ئەنجام، بەڵام هەنگاوێکی گەورەمان ناوە و توانیمان ژمارەیەکی بەرچاوی نەخۆشەکاندا بەشێوەیەکی سەلامەت لە دەرمانی دژەبەرگرییەکان دووربخەینەوە."
ئەنگوس تۆمسن پڕۆفیسۆری نەشتەرگەری، بەرگریزانی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "بەکارهێنانی درێژخایەنی دەرمانە دژەبەرگرییەکان دەتوانێت زیان بە گورچیلەکان بگەیەنن، ببێتە هۆی کێشەی زیندەچالاکی و نەخۆشەکان زیاتر بخەنە مەترسیی هەوکردن و هەندێک جۆری شێرپەنجە و شەکرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ