رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەپێکی تایبەتمان بۆ نەخۆشەکان داناوە کە هەموو زانیاری و مێژووی نەخۆشییەکانیان تێدا تۆماردەکرێت و لە هەموو شوێنێک دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، "ئەپێکی تایبەتمان بۆ نەخۆش داناوە کە هەموو زانیارییەکانی و مێژووی نەخۆشیی تێدایە، واتا نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی دیکە و دەرەوەی وڵاتیش دەتوانێت سوود لەو ئەپلیکەیشنە وەربگرێت."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەشکرد، "فایلەکانمان لە ساڵی 2007ـەوە کردووەتە نێو ئەو سیستمەوە و 60 ملیۆن فایل و هەموو ئامارەکانی نەخۆشمان خستووەتە نێو سیستمەکە."
سەبارەت بە دابینکردنی ئامێری نوێ بۆ چارەسەر، د. یاد نەقشبەندی گوتی، "5 ئامێری سکاڵپ کوڵینگمان دابینکردووە کە تایبەتە بە تووشبووانی شێرپەنجەی خانمان، بۆ ئەوەی کەمترین ئەگەری هەڵوەرینی قژیان هەبێت."
هەروەها لەبارەی دەنگۆی فرۆشتنی نەخۆشخانەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی، "نەخۆشخانەی هیوا بۆ فرۆشتن نییە و دژایەتی و بەربەستی زۆرمان خراوەتە بەردەم."
د. یاد نەقشبەندی ئاماری سەنتەری چاندنی مۆخ لە نەخۆشخانەکەیانی خستەڕوو و گوتی، "لە سەنتەری چاندنی مۆخی نەخۆشخانەی هیوا تەنیا 36%ـی نەخۆشەکان هاونیشتمانییانی پارێزگەی سلێمانین و 64%ـیان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و عێراق بە چاوێکی جیاواز سەیری نەخۆشخانەی هیوایان نەکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ