رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژیریی دەستکرد لە بواری تەندروستیدا لە بەریتانیا، رایدەگەیێنێت، تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لە پێشخستنی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نەخۆشخانەکان و خێراکردنی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.
دکتۆر تاهیر حەسەن، پسپۆڕی زیرەکیی دەستکرد لە بواری تەندروستی، روونیدەکاتەوە، "زیرەکی دەستکرد دەکرێت هاوکارییەکی زۆر باشی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بێت، لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی نەخۆشخانەکان و بەرزکردنەوەی وردبینی و زوودەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان."
ئەو پسپۆڕە کوردە ئاماژە بەوەش دەکات کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانرێت بۆ راهێنانکردنی ئەو پزیشکانەش بەکاربهێنرێت کە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی کارکردندان.
دکتۆر تاهیر، یەکێک لە سوودە گرنگەکانی ئەو سیستمانە بەوە دادەنێت کە ماندوو نابن و دەڵێت، "ئەو سیستمانە وەکو مرۆڤ نین و ماندوو نابن، بۆیە دەکرێت یارمەتیدەرێکی زۆر باشی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بن."
لە کۆتاییدا، دکتۆر تاهیر حەسەن ئامادەیی خۆی و هاوکارانی دەربڕی بۆ هێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی، "خۆم و هاوڕێکانم ئامادەیی زۆرمان تێدایە بۆ ئەوەی ئەو سیستمانەی کە لێرە دروستمانکردووە، بیهێنینە هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ