رووداو - تەندروستی
چەند پزیشکێکی پسپۆڕیی جیاواز رێنوێنیی خۆیان لەڕێگەی رووداوی تەندروستییەوە باس دەکەن و یەکێکیان دەڵێ، بایەخ بە خواردنی (برنج، بریانی، یاپراخ، تکە و ماسی) بدرێت. یەکێکی دیکەش گوتی: پێویستە شاڵێک یاخود چاکەتێک بدەن بەسەر شانتان، تاوەکو پشت و مل کەشەنک نەبێت.
ئەمانەی خوارەوە دەقی قسەکانی ئەو پسپۆڕانەن
رۆژان عەبدولکەریم، چارەسەرکاری پێست: ''زۆرجار بەرهەمێکی جوانکاری بۆ چارەسەر بەکاردەهێنیت، بەڵام لەبری چارەسەر کێشەت بۆ دروستدەبێت، پێش ئەوەی هەر دەرمان و بەرهەمێکی جوانکاری بەکاربهێنیت، بزانە چی تێدایە. دوای بەرهەمە ترێندەکان مەکەوە و هەمیشە راوێژ بە پزیشک بکە''.
د. ئەحمەد میراودەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی: ''بۆ ئەوەی دووربین لە ئاوسان و گرژبوونی کۆڵۆن لە رۆژانی جەژن و نەورۆزدا، دەبێت هەڵپە نەکەین لەکاتی خواردن و ئاو و شلەمەنی زۆر نەخورێتەوە لەگەڵ خواردنی سەرەکی، هەروەها ژەمە قورسەکانیش بکەینە نیوە تاوەکو گەدە و کۆئەندامی هەرس دێتەوە باری ئاسایی''.
دکتۆر وان مەند دزەیی، ماستەر لە دروستکردن و جوانکاریی دەم و ددان: ''پێکەنینت جوانترین دیارییە لە جەژندا، بۆیە لەکاتی کۆبوونەوە خێزانییەکاندا بیر لە تەندروستیی ددانەکانتان بکەنەوە، رۆژانە دووجار بیانشۆن و لەگەڵیشیدا پەتی ددان بەکاربهێنن''.
جیلوان محەممەد، خۆراکناس: ''لەم جەژنەدا خۆتان بەدوور بگرن لە زۆرخواردنی شیرینییەکان و خواردنەوە گازییەکان، لەبری ئەوە سەوزە و میوەکان بخۆن. بۆ ژەمە سەرەکییەکانیش بایەخ بە خواردنی (برنج، بریانی، یاپراخ، تکە و ماسی) بدرێت. خۆراکە سوورەوەکراو و خۆراکە خێراکانیش مەخۆن''.
د. عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە منداڵان دەڵێت: ''رێنوێنیم بۆ ئەو منداڵانەی کە نەخۆشییەکانی خوێنیان هەیە ئەوەیە کە لە رۆژانی جەژن و نەورۆزدا نەچنە شوێنی قەرەباڵخ و داخراو، بایەخیش بە خواردنی خۆراکی تەندروست بدەن''.
سۆما شێرزاد، چارەسەرکاری سرووشتی دەڵێت: ''جوانیی جلی کوردی لە رۆژانی جەژندا مەگۆڕنەوە بە ئازار و کەشەنکبوونی ماسوولکەکان، ئەم سەرمایە بۆ ماسوولکەکانی پشت و مل بە ئازارە، بۆ خۆپاراستن لەوەش، پێویستە شاڵێک یاخود چاکەتێک بدەن بەسەر شانتان''.
د. سومەیە رەئوف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت: ''پێویستە لەم جەژنە شێدارکەرەوەی پێست بەکاربێت و ئاوی زۆریش بخورێتەوە، خەویش رێک بێت و لەکاتی سەیراندا لە تیشکی خۆر دوور بکەوینەوە و دژەخۆریش بەکاربێت''.
نیگار محەممەد، پەرستار دەڵێت: ''لەکاتی گەشت و سەیراندا رووداوەکانی سووتان زیاد دەکەن، بۆیە لەکاتی سووتاندا تەنیا شوێنی سووتاوییەکە بە ئاوێکی فێنک و خاوێن پاک بکرێتەوە و بە قوماش یان نایلۆنێکی روون بیبەستە و کەسەکە بگەیێنە نەخۆشخانە، هیچ جۆرە مادەیەکی وەکو تەماتە، ماست و نەوتی لێمەدە.
د. محەممەد میرزا، پسۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە دەڵێت: ''پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر جەستە و دەروون هەیە، یادگە بەهێز دەکات و سەرنجدانیش زیاد دەکات، پاشان ئەگەری دابەزینی توانای زایەندی کەم دەکاتەوە و گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێش کەمتر دەکەنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ