رووداو - تەندروستی
توێژەران لە چین، تەکنەلۆژیایەکی بە ناوی "cf-EpiTracing" پەرەپێداوە کە دەتوانێت لە رێگەی تەنیا یەک دڵۆپ خوێنەوە نەخۆشییەکان دەستنیشان بکات، ئەوەش رێگە بۆ دەستنیشانکردنی زووتر و وردتری نەخۆشییەکان خۆش دەکات.
توێژەران لە زانکۆی پەکین لە چین ئاماژە بەوەدەکات تەکنەلۆژیاکانی ئێستای "نمونەی شانەیی شل" (liquid biopsy) کێشەی دیاریکردنی سەرچاوەی نەخۆشییەکەیان هەیە، بەڵام "cf-EpiTracing" بە وەرگرتنی "شوێنپەنجەی ئێپیجینێتیک" لە نموونەیەکی زۆر کەمی خوێن، دەتوانێت بە وردی ئەو شانانە دیاری بکات کە هۆکاری نەخۆشییەکەن.
زانکۆ چینییەکە ئاشکرای دەکات ئەم تەکنەلۆژیایە لە بواری دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵەدا ئەنجامی سەرسوڕهێنەری هەبووە، رێژەی وردییەکەی گەیشتووەتە 97.6% لە نموونە تاقیکارییەکاندا و 92.2% لە نموونە سەربەخۆکاندا.
هەروەها، تەکنەلۆژیاکە دەرکەوتەی نوێی لەبارەی شێرپەنجەی لیمفۆماوە (lymphoma) خستووەتەڕوو، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پۆلێنکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، لە داهاتوودا، پلان هەیە "cf-EpiTracing" لەگەڵ شێوازی دیکەدا تێکەڵ بکرێت بۆ گەیشتن بە وردترین ئاستی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە ئاڵۆزەکان و چاودێریکردنی کاریگەریی چارەسەرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ