رووداو - تەندروستی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-3-2026 چەند ناوچەیەک لە پارێزگای فارس بەهۆی هێرشی ئاسمانیی قورسەوە بۆردومانکران. ئەمە میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەڵێن ئەمبوڵانسێک کراوەتە ئامانج و دادگایەکیش لەو پارێزگایە بۆردومان کراوە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ئەمبوڵانسەکە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پزیشکیدا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
مانگی سووری ئێران رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە یەکێک لە ئەمبوڵانسەکان "لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی مرۆیی"دا لە پارێزگای فارس کردە ئامانج.
لە بەیاننامەکەی مانگی سووردا جەخت لەوە دەکرێتەوە، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی گواستنەوە و هاوکاریکردنی بریندارەکان بوون.
ئەمانەش بزانە
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران و مانگی سوور، تاوەکو رۆژی یەکشەممە 15-3-2026 ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 1444 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 18 هەزار کەس.
سەرۆکی مانگی سوور ئاشکرای کرد کە هێرشەکان ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکانیشیان گرتووەتەوە، بەم شێوەیە:
32 ناوەندی تەندروستی و دەرمانخانە زیانیان بەرکەوتووە.
65 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن بەشێوەی گشتی یان نیمچەیی زیانیان پێگەیشتووە.
28 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئەمبووڵانس و ئۆتۆمبێلی رزگارکردن) تێکشکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ