رووداو - تەندروستی
ژنێکی چینیی تەمەن 63 ساڵ، ساڵێک دوای لەدەستدانی کوڕە تاقانەکەی، منداڵێکی کچی بوو، تاوەکو شوێنی کوڕەکەی پڕ بکاتەوە. بەڵام منداڵبوون لەو تەمەنە جێی سەرنجە و چیرۆکەکەی میدیاکانی تەنیوە!
بەگوێرەی میدیای چین، ئەو ژنە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی شاری سۆنگ یوان لە پارێزگای جیلین لە چین دوو مانگ پێشوەختە منداڵەکەی بوو.
منداڵە تازەلەدایکبووەکە کێشی 2.8 کیلۆگرام بووە و ئێستا تەندروستن. ئەو منداڵە لەڕێگەی منداڵی بلوورییەوە پیتێندراوە، بڕیاری پیتاندنەکەش بۆ دوای مردنی کوڕەکەی بە نەخۆشیی شێرپەنجە دەگەڕێتەوە کە ساڵی رابردوو لە تەمەنی 35 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
ئەو ژنە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە گوتویەتی: دوای گیانلەدەستدانی کوڕەکەم، من و هاوژینەکەم هەستمان بە تەنیایی کرد و کەشی ماڵمان زۆر سارد بوو. هەروەها ئەوەشی باسکردووە کە دوای لەدایکبوونی ئەو منداڵەیان کەیفیان باشتر بووە و دووبارە هێزیان بۆ گەڕاوەتەوە.
هەرچەندە ئەو خانمە پیرە و 63 ساڵە، بەڵام بەگوتەی خۆی، بنەماڵەی ئەوان بە گشتی تەمەنیان درێژە و هیچ هۆکارێکیش نابینێت کە 25 ساڵی دیکە نەژی. تەنانەت دەڵێت: برازاکەم بەڵێنی ئەوەی پێداوم کە دوای ئێمە، چاودێریی کچەکەم بکات''.

هۆکاری بوونی منداڵێک بۆ بڕیارێکی حکومی دەگەڕێتەوە
لە چین لە ساڵانی حەفتاکان تاوەکو 2015 سیاسەتی یەک منداڵ بۆ هەر خێزانێک پەیڕەو دەکرا، ئەمەش لەپێناو وەستانی زیادبوونی بەلێشاوی خەڵک لەو وڵاتە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی، بەجۆرێک ساڵانە 76 هەزار خێزان زیاد دەبوون.
پسپۆڕێک هەموو شتێک لەبارەی منداڵی بلوورییەوە ئاشکرا دەکات (کلیک بکە).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ