ژنێکی دووگیانی ئەمریکی وێڕای مردنی مێشکی، لە ژیاندا دەهێڵدرێتەوە

19-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وێڕای مردنی مێشكی ژنێک لە ئەمریکا، بڕیار دراوە بۆ سێ مانگ لە رێگەی ئامێرەوە لە ژیاندا بهێڵدرێتەوە، ئەوەش لەبەر یاسای قەدەخەکردنی لەباربردنی منداڵ. 
 
پزیشکەکان دەڵێن، پێویستە ژنەکە لەژێر ئامێری هەناسە و ژیناودا بمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆرپەلەکەی لەدایک دەبێت. 
 
ئەپرێل نیوکێرک، دایکی ژنەکە کە خەڵکی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکایە، رایگەیاند، پێویست بوو رێگەیان پێبدەن خۆیان بڕیار لە چارەنووسی ژنە دووگیانەکە بدەن. 
 
بە گوتەی دایکەکە، ئەدریانا سمیسی تەمەن 30 ساڵ لە شوباتی ئەم ساڵەوە بەهۆی هەڵەی پزیشکەوە تووشی نەخۆشییەکی مەترسیدار بوو کە بووە هۆی ئەوەی مێشکی بە تەواوی لەکاربکەوێت. 
 
ژنە گەنجەکە لەو کاتەدا یەک منداڵی هەبوو، وەک پەرستار کاری دەکرد و لە هەفتەی نۆیەمی دووگیانیدا بوو. 
 
بە گوتەی دایکی، نەخۆشخانە لەو کاتەوە ئامێرە پزیشکییەکانی لە کچەکەی نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یاسای جۆرجیا دەڵێت، ئەگەر هەست بە ترپەی دڵی کۆرپەلە کرا، نابێت لەبارببردرێت.  
 
خێزانەکەی گلەیی دەکەن کە نەخۆشخانەکە هەرگیز لەسەر ئەم بابەتە راوێژی لەگەڵ نەکردوون. 
 
دایکی ژنەکە دەڵێت: "ناڵێم بڕیارمان دەدا کۆتایی بە دووگیانبوونی بێنین، بەڵکو دەڵێم پێویست بوو ئێمەش قسەیەکمان هەبوایە."
 
لە نەخۆشخانە، ئامێرەکان بەردەوامن لە دابینکردنی ئۆکسجین و ژیناوی پێویست بۆ جەستەی ژنە مێشك مردووەکە بۆ ئەوەی کۆرپەکەی بەردەوام بێت لە گەشە و دواتر لەدایکبێت، وێڕای ئەوەی دایکی ژنەکە دەڵێت، پزیشکەکان دڵنیا نین ئایا کۆرپەکە رزگاری دەبێت یان نا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارداشیان - د. دانیاڵ

پزیشکێک زانیاریی نوێ لەبارەی دۆخی تەندروستیی کیم کارداشیان ئاشکرا دەکات

پزیشکە تایبەتییە دەروونییەکەی کیم کارداشیانی 45 ساڵ لەبارەی دۆخی ئەو خانمە بەنێوبانگە دەڵێت: بەشی پێشەوەی مێشکی بۆشایی تێکەوتووە کە ناڕێکی دەخاتە یادگە، پلاندانان، بڕیاردان و جووڵەی خۆویستانەی کارداشیان.