رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ فەرمان بە کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات و دەڵێت، رێکخراوەکە "سەرکەوتوو نەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەیرانە تەندروستییە جیهانییەکانی دیکە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ کشانەوەی ئەو وڵاتە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەرکرد و گوتی: "رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئێمەی بۆ سوودوەرگرتن بۆخۆی بەکارهێناوە. هەموو کەسێک ئەمریکای بۆ سوودوەرگرتن بۆخۆی بەکارهێناوە. ئەو شتە چیدیکە روونادات."
ترەمپ رەخنەی لە رێکخراوەکە گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی نەیتوانیوە رووبەڕووی پەتای کۆرۆنا ببێتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوەکە شکستی هێناوە لەوەی چاکسازی بکات و "توانای نەبووە لەژێر کاریگەرییەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە دەربچێت."
ترەمپ رەخنەشی لە رێکخراوەکە گرت بەوەی کە لایەنگری چینی کردووە.
فەرمانەکەی ترەمپ کاردانەی رێکخراوەکەی لێکەوتەوە و تارک یاساریڤیک، گوتەبێژی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بەهیواین ئەمریکا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و دایەلۆگێکی بنیاتنەرانە لە بەرژوەندیی هەردوولا بەڕێوەبچێت."
بەگوێرەی فەرمانەکەی ترەمپ، ئەمریکا تاوەکو 12 مانگی دیکە لە رێکخراوەکە دەمێنێتەوە و دواتر بە کشانەوەی هەموو هاوکارییە دارییەکانی بۆ رێکخراوە دەبڕێت.
ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2020 دەستیان پێکرد و ترەمپ رێکخراوەکەی بەوە تۆمەتبارکرد کە شکستی هێناوە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تەنانەت بە لایەنگری چینیشی دانا.
ئەمریکا گەورەترین بەخشەری بودجەی رێکخراوی تەندروستییە و ساڵانە بە پێدانی 700 ملیۆن دۆلار زیاتر لە 15٪ـی بودجەی ساڵانەی رێکخراوەکە دابین دەکات.
بودجەی ساڵانەی تەندروستی جیهانی 6.8 ملیار دۆلارە و وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە بودجەکە تەرخان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ