رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا بە فەرمی نەشتەرگەریی منداڵبوونی بەبێ هۆکاری زانستی و بەبێ لیژنەی راوێژکاری، قەدەخە کرد و پسپۆڕێکیش دەڵێت: رێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە وڵاتەکە ساڵانە زیاددەکات.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەموو نەشتەرگەرییەکی منداڵبوونی پلان بۆدانراو قەدەخەیە و ئەو بڕیارەش هەموو بنکە تەندروستی و نەخۆشخانە حکومییەکان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-4-2025 د. جەناب ئاکنجی، پسپۆڕێکی منداڵان لە ئامەد بە رووداوی راگەیاند، خانمان مافی خۆیان نییە بە بڕیاری ئەوان نەشتەرگەریی منداڵبوون بکەن، چونکە ئەوە داهاتووی منداڵەکەیان دەخاتە مەترسییە و پەیوەندی بە کێشەی زۆری تەندروستی هەیە.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرای دەکات، 60٪ بۆ 70٪ـی منداڵبوونەکان لە تورکیا بە نەشتەرگەری دەبن، لەکاتێکدا رێژەی ستانداردی تەندروستیی جیهانی 10٪ بۆ 15٪ـە.
د. ئیسماعیل میتە، سەرۆکی کۆمەڵەی خانمان و منداڵبوون لە تورکیا دەڵێت، لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان نەشتەرگەریی منداڵبوون زۆر دەکرێت، بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی ئەوان ناگرێتەوە.
بەپێی تەندروستیی تورکیا، رێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیادبووە، بەجۆرێک لە ساڵانی 2000 دا نزیکەی 20٪ بوو، بەڵام لە 2013دا رێژەکە زیادبووە بۆ 50٪ و ئێستا رێژەکە بووە بە 60٪.
رێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە ساڵی 2023 بەم شێوەیەیە؛
لە هەرێمی کوردستان 57٪
لە عێراق 46.8٪
لە ئێران 51٪
لە تورکیا 57٪
لە سووریا 47.4٪
لە ئەمریکا 32.3٪
لە ئەڵمانیا 32٪
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ