توێژەرێکی زانکۆی بابل مایکرۆڕۆبۆتێک بۆ چارەسەری شێرپەنجە دیزاین دەکات

21-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

توێژەرێکی زانکۆی بابل لە عێراق مایکرۆڕۆبۆتێک دیزاین دەکات و دەڵێت، رۆبۆتەکەی بۆ ئاسانکاری لە پڕۆسەی چارەسەرکردنی شێرپەنجە سوودی دەبێت. توێژەرەکە بە رووداوی گوت، "ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ عێراق. ئەم رۆبۆتە دەتوانێت سەرەتای بەرەوپێشچوونێکی گەورە بێت لە زانستی پزیشکیدا."
 
ئەنوار حەمزە، توێژەر و دیزاینەری رۆبۆتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 21-05-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قەبارەی رۆبۆتەکە 500 مایکرۆمەترە، کە دەتوانێت بەنێو زۆرێک لە بۆری و موولوولەکانی خوێندا تێپەڕێت. رۆبۆتەکە لە مادەی پۆلیمەر دروست دەکرێت کە مادەیەکی نەرمە، نابێتە ژەهر بۆ جەستە و دیواری بۆرییەکانی خوێن بریندار ناکات."
 
توێژەر و دیزاینەری رۆبۆتەکە گوتی، "شەپۆلی سەروو دەنگی و کارۆموگناتیسی بەکاردەهێندرێت بۆ جووڵەپێکردنی رۆبۆتەکە بۆ ئەوەی بتوانرێ بەنێو بۆرییەکانی خوێن هاتووچۆی پێبکەین و جووڵەپێکردنی ئاسان بێت و خۆی لە دیواری بۆرییەکانی خوێن نەدات؛ دەشتوانرێت کامێرای بچووکی لێببەسترێت بۆ چاودێریکردنی جووڵەی."
 
بە گوتەی ئەنوار حەمزە، "کاری ئەم مایکرۆڕۆبۆتە گەیاندنی دەرمان و چارەسەرە بە شوێنی مەبەست و دیاریکراو، واتە، بۆ نموونە، ئەگەر پزیشک بیەوێت چارەسەری کیمیایی بە تووشبوویەکی شێرپەنجە بدات، پێویست ناکات ئەو چارەسەرە کیمیاییە لە هەموو جەستەی تووشبووەکە بدرێت، بەڵکو ئەم رۆبۆتە چارەسەرەکە بە نێو بۆرییەکانی خوێندا دەبات و لە شوێنی مەبەستی دەدات."

 

 
هاوکات، د. حەیدەر موئمن، پسپۆڕی بواری زانستی ئەلیکترۆنی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەی مایکرۆرۆبۆتەکە بە رووداوی گوت، "ساڵانێکە توێژینەوە لەسەر دروستکردنی مایکرۆرۆبۆتێک دەکەین بۆ بەکارهێنانی لە چارەسەرە پزیشکییەکان. ئامانجیش لێی گەیاندنییەتی بە وەرەمە شێرپەنجەییەکان و نەخۆشییەکانی دیکەی نێو جەستە. دواجار لەم مانگەدا توانیمان دیزاینەکەی تەواو بکەین."
 
بە گوتەی د. حەیدەر، ئەوەی دەکرێت "داهێنانێکی گەورە و گرنگە بۆ هەموو عێراق، بۆیە پێویستمان بە بودجەیە کە حکومەت بۆمان دابین بکات بۆئەوەی بتوانین دەست بە دروستکردنی بکەین، چونکە دیزاینکردنی تەواوکراوە."
 
زانکۆی بابل دەکەوێتە شاری حیللەی ناوەندی پارێزگای بابل و 21 کۆلێژ لەخۆدەگرێ کە لە ساڵی 1991 دامەزراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە