رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز لەبارەی هەستیاری بە دەرمان دەڵێت، رەنگە ئەو کێشەیە ببێتەهۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی لاواز، هاوکات دەشێت ببێتەهۆی چەندان نیشانە کە ژیان بخەنە مەترسییەوە.
دکتۆر دیندار فازڵ، پزیشکی دەرمانساز بە پێویستی دەزانێت کە هەر کەسێک بزانێت هەستیاری بە چ جۆرە دەرمانێک هەیە و لە لیستێکدا بیاننووسێت، بۆ ئەوەی پێش کڕینی دەرمان بیدات بە پزیشکە دەرمانسازەکە.
هەستیاری بە دەرمان چییە؟
''هەستیاری بە دەرمان کاردانەوەیەکی نائاسایی پێشبینی نەکراوی سیستمی بەرگرییە کە دوای ماوەیەکی کەم لە بەکارهێنانی دەرمانێکی دیاریکراو بە ژەمی گونجاو روودەدات. ئەم کاردانەوانە لەوانەیە ببنەهۆی پەڵەیەکی سادەی پێست، بەڵام لەوانەشە ببنەهۆی کاردانەوەی تووندی سیستمی مەترسیدار بۆ سەر ژیان یان شۆکی هەستیاری ''حەساسیەت''.
نیشانەکانی هەستیاری بە دەرمان چین؟
''نیشانەکانی هەستیاری بە دەرمان لەوانەیە جیاواز بن کە رەنگە دوای ماوەیەکی کەم لە بەکارهێنانی دەرمانەکە یان دوای چەند هەفتەیەک دەربکەون وەکو؛
- خوران
- سووربوونەوە و پەڵەی پێست
- هەناسەتەنگی
- ئاوی لووت
- دابەزینی پەستانی خوێن
- سکچوون
- رشانەوە و لەهۆشخۆچوون''
هۆکارەکانی هەستیاری بە دەرمان چین؟
''هۆکاری هەستیاری بە دەرمان حاڵەتێکە بەتەواوی پەیوەندیی بە سیستمی بەرگریی تاکەکەسیی خۆی و نەخۆشییە هەبووەکانەوە هەیە. ئەم هۆکارانە بریتین لە حەساسیەتی کەسەکە، حەساسیەتی بە هەر دەرمانێک، بەکارهێنانی زۆری دەرمان و هۆکارە بۆماوەییەکان.''
چۆن هەستیاری بە دەرمان دەستنیشان دەکرێت؟
''هەموو کێشەیەک کە رووبەڕووی خواردنی دەرمان دەبێتەوە نابێت وەکو هەستیاری بە دەرمان سەیر بکرێت. پێویستە پەیوەندی بە پزیشکی پسپۆڕەوە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەو کێشانەی لە کاتی خواردنی دەرماندا تووشی دەبن لە راستیدا کاردانەوەی حەساسیەتن یان نا. هەر بۆیە پێویستە پشکنینی خوێن و پشکنینی هەر دەرمانێک لەڕێگەی پێستەوە بۆ دەرمان.''
بە زۆری هەستیاری بە دەرمان بە کام دەرمانانە روودەدات؟
''کاردانەوەی هەستیاری زۆرترین جار بە دەرمانی ئازارشکێن و دژە بەکتریاکانی گرووپی پەنسلین روودەدات. بەڵام کاردانەوەی حەساسیەت بە دەرمانی کیمیایی و مادە بایۆلۆژییەکان کە لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا بەکاردەهێنرێن، تادێت باو دەبن.''
چی بکرێت بۆ رێگریکردن لە هەستیاری بە دەرمان؟
''ئەو کەسەی حەساسیەتی بە دەرمان هەیە، پێویستە لیستی ئەو دەرمانانەی پێ بدرێت کە حەساسیەتیان پێی هەیە و نابێت بەکاری بهێنێت، هەروەها پێویستە خۆی لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە بەدوور بگرێت، کاتێک نەخۆشەکان دەچنە دامەزراوە تەندروستییەکان، دەبێت ئەوە رابگەیێنن کە حەساسیەتیان بە دەرمان هەیە و کارتێک لەگەڵ خۆیاندا هەڵبگرن کە نیشانی دەدات حەساسیەتیان بە کام دەرمان هەیە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ