زانکۆی وێرزبورگ: پڕۆتینی MYC خانە شێرپەنجەیەکان دەشارێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەڵمانیا رێگەیەکی شاراوەی ئاشکرا کرد کە بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس بەکاردێت.
 
زانکۆی وێرزبورگ لە ئەڵمانیا دەریدەخات کە پڕۆتینێک بە ناوی MYC رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە شاردنەوەی خانە شێرپەنجەییەکان، ئەم پڕۆتینە نەک هەر خانەکان هاندەدات بۆ گەشەکردن، زەنگە ئاگادارکەرەوەکانی نێو خانە دەکوژێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات سیستمی بەرگری هەست بە بوونی شێرپەنجە نەکات.
 
زانکۆ ئەڵمانییەکە ئاشکرای دەکات کە پڕۆتینی MYC لە ژێر گوشاردا، لەبری ئەوەی بە DNAـەوە بنوسێت، دەستدەکات بە نوسان بە گەردیلەکانی RNAـەوە، ئەم کارە وا دەکات کۆمەڵێک پڕۆتینی دیکە لە دەوری کۆببنەوە و پاککەرەوەیەک دروستبکەن کە ئەو ئاگادارکردنەوانە لەناودەبات کە بە شێوەیەکی ئاسایی سیستمی بەرگری ئاگاداردەکەنەوە لە بوونی مەترسی.
 
د. مارتین ئایلەرس سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی وێرزبورگ دەڵێت: "بۆ زۆرێک لە جۆرەکانی گرێی شێرپەنجەیی، ئەم پڕۆتینە یەکێکە لە هاندەرە سەرەکییەکانی دابەشبوونی خانەکان و دەبێتە هۆی گەشەی کۆنترۆڵنەکراوی گرێکان."
 
د. مارتین ئایلەرس روونیدەکاتەوە: "لە کاتێکدا گرێی پەنکریاس بە پڕۆتینی MYCـی ئاساییەوە لە ماوەی 28 رۆژدا قەبارەکەی 24 هێندە گەورە بوو، ئەو گرێیانەی کە پڕۆتینی MYCـی تێکچوویان هەبووە لە هەمان ماوەدا بە رێژەی 94% بچووکبوونەوە."
 
زانکۆی وێرزبورگ رێگەیەکی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجە پێشنیاز دەکات، لەبری ئەوەی بە تەواوی پڕۆتینی MYC لەکاربخرێت کە دەکرێت زیانی بۆ خانە تەندروستەکانیش هەبێت، دەرمانەکانی داهاتوو دەتوانن بە دیاریکراوی تەنیا ئەو بەشە بکەنە ئامانج کە بەرپرسن لە شاردنەوەی شێرپەنجە، ئەمەش وادەکات سیستمی بەرگری بتوانێت جارێکی دیکە خانە شێرپەنجەییەکان ببینێت و هێرشیان بکاتە سەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانمێک دەرزییەکی دژەقەڵەوی بەدەستەوەیە.

هۆشداریی دەزگایەکی بەریتانی؛ دەرمانەکانی دژەقەڵەوی دەبنە هۆی کوێربوون

دەزگایەکی تەندروستیی باوەڕپێکراوی بەریتانی ئاشکرای دەکات، ئەو مادەیەی لەنێو دەرزییەکانی دژەقەڵەویدا هەیە دەشێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بینایی و ئەمەشی بە یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکان هەژمار کرد.