هۆشداریی دەزگایەکی بەریتانی؛ دەرمانەکانی دژەقەڵەوی دەبنە هۆی کوێربوون

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دەزگایەکی تەندروستیی باوەڕپێکراوی بەریتانی ئاشکرای دەکات، ئەو مادەیەی لەنێو دەرزییەکانی دژەقەڵەویدا هەیە دەشێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بینایی و ئەمەشی بە یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکان هەژمار کرد.
 
دەزگای رێکخستنی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکان MHRA لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، مادەی سیماگلوتاید کە لەنێو دەرمانەکانی دژەقەڵەویدا هەیە ئەگەری لەدەستدانی بینین زیاد دەکات و لەناکاویش کێشەکە روودەدات.
 
بەگوێرەی دەزگاکە، ئەو دەرمانە رێگری لە رۆیشتنی خوێن بۆ بەشی پێشەوەی دەماری بینین دەکات و دەبێتە هۆی دۆخێک کە پێی دەگوترێت NAION.
 
د. ئەلیسۆن کەیڤ، بەرپرسی سەرەکیی دەزگاکە دەڵێت: هەرچەندە قوربانییان زۆر کەمن و ئەگەرێکی کەمی تووشبوون بەو نەخۆشییە هەیە، بەڵام جیدییە و بە خێرایی روودەدات کە سەرەتا بە لێڵبوونی بیانایی دەستپێدەکات.
 
نوێکردنەوەکە هۆشداری دەدات لە "ڕوودانی زۆر دەگمەنی نەخۆشی دەماری بینایی ئیسکیمیکی پێشەوەی نا-جولەیی". ئەو نەخۆشانەی کە تووشی ئەم حاڵەتە بوون، نیشانەکانی بە کاڵبوونەوە یان هەوربوونی بینین وەسف دەکەن.
 
گوتەبێژی یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانی کێشدابەزاندن دەڵێت: سەلامەتیی بەکارهێنەرانیان لەلا گرنگە و هەموو ئەنجامە نەرێنییەکانی توێژینەوە و دەرخستەکانیش بە هەند وەردەگرن.
 
وردەکاریی لەبارەی نەخۆشیی Non-Arteritic Anterior Ischemic Optic Neuropathy
 
د. عەباس نزار، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی راگەیاندووە، نەخۆشیی NAION پێی دەگوترێت تێکچوونی بەشی پێشەوەی دەماری بینین بەهۆی لێبڕانی خوێن، چونکە خوێن و ئۆکسجین بۆ ئەو دەمارەی چاو ناڕوات و کەسەکە ناڕێکیی بینینیی تووشدەبێت.
 
د. عەباس نزار دەڵێت: ئەو کەسانەی کە کێشەی پچڕانی کاتیی هەناسەدانیان هەیە لەکاتی خەودا یاخود ئەوانەی کە ڤیاگرا زۆر بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بەو نەخۆشییە زۆرە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا دەشڵێت: سەرەتای نیشانەی نەخۆشییەکە بە لاوازیی بینین دەستپێدەکات، ئینجا دەبێتە لەدەستدانی بینینی هەمیشەیی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە