ئەو کەسەی گورچیلەی بەرازی بۆ چێندرا 'تەندروستیی باشە'

22-03-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە پزیشکانی ئەمریکی "بە سەرکەتوویی" گورچیلەی دەستکاریکراوی بەرازیان بۆ مرۆڤێک چاند و پزیشکان دەڵێن نەخۆشەکە بەرەو چاکبوونەوە دەچێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، لە نەخۆشخانەی گشتی ماساچوسێتسی ئەمریکا لە نەشتەرگەرییەکی چوار کا‌ژێریدا "بە سەرکەوتوویی" تواندرا گورچیلەی دەستکاریکراوی بەراز بۆ کەسێکی تەمەن 62 ساڵ بەناوی ریک سلێمان بچێندرێت. 
 
گورچیلەی دەستکاریکراو بریتییە لە لابردنی ئەو خانانەی کە زیانبەخشن و زیادکردنی هەندێک خانە کە وادەکات گورچیلەکە باشتر خۆی لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا بگونجێنێت.
 
دوای نەشتەرگەرییەکەش، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە رایانگەیاند، تەندروستی نەخۆشەکە باشە چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا رەوانەی ماڵەوە بکرێتەوە. 
 
ئەو پزیشکانەی کە نەشتەرگەرییەکەیان کردووە ئاماژەیان بەوە کرد، کە پێشبینی دەکەن ئەو گورچیلانەی کە بۆ نەخۆشەکەیان چاندووە ماوەی چەندین ساڵ بەبێ کێشە کار بکەن.
 
بەگوێرەی پزیشکان نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێتس، نەخۆشەکە پێشتر گورچیلەی مرۆڤی بۆ دانراوە، بەڵام دوای 11 ساڵ گورچیلەکانی لەکارکەوتوون. 
 
ریک لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە دەڵێت: "من ئەوەم وەکو رێگەیەک بۆ یارمەتیدانی خۆم بینی، بەڵام راستییەکەی ئەوە رێگەیەکە کە هیوا بە هەزاران کەس دەبەخشێت".
 
تاتسو کاوای، بەڕێوەبەری نێوەندی Legorreta بۆ چاندنی کلینیکی و ئەو پزیشکەی کە نەشتەرگەرییەکەی کردووە دەڵێت، گورچیلەکە هەمان قەبارەی گورچیلەی مرۆڤ بوو. 
 
رۆژانە چەندین نەخۆش لە سەرانسەری جیهاندا پێویستییان بە گۆڕینی ئەندامەکانی جەستەیان هەیە.
 
بەگوێرەی تۆڕی دابینکردن و چاندنی ئەندامەکانی جەستە، لە ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 27 هەزار کەس لە ئەمریکا نەشتەرگەری گۆڕینی گورچیلەیان بۆ کراوە و 89 هەزار کەسی دیکەش چاوەڕێ دەکەن گورچیلەیەکیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەکە بکەن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە