چاکبوویەکی شێرپەنجە داوا لە خانمان دەکات، پشکنینی پێشوەختە بکەن

22-10-2025
بڕوا فەرهاد
دکتۆر لونا خالید ئەو خانمە دەدوێنێت کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.
دکتۆر لونا خالید ئەو خانمە دەدوێنێت کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە درێژەی هەڵمەتی "لونای پەمەیی" بۆ هۆشیارکردنەوە دژی شێرپەنجەی مەمک، چاکبوویەکی نەخۆشییەکە جەخت لەسەر گرنگیی پشکنینی پێشوەختە دەکاتەوە و دەڵێت، "زوو هەستم بە نەخۆشییەکە کرد، بۆیە چارەسەرییەکەی ئاسانبوو." هەروەها ئاماژە بە رۆڵی گرنگی پاڵپشتیی خێزانەکەی دەکات لە تێپەڕاندنی ئەو قۆناخەدا.
 
ئەو خانمە کە لە رێگەی خودپشکنینەوە هەستی بە گرێیەک لە مەمکیدا کردووە، چیرۆکی خۆی وەک نموونەیەک بۆ هاندانی خانمان دەگێڕێتەوە و داوایان لێدەکات گرنگی بە پشکنینی بەردەوام بدەن. 
 
ئەو خانمە چاکبووەوە، باس لەوە دەکات کە پاڵپشتیی بەردەوامی خانەوادەکەی، بەتایبەتی هاوژینەکەی، هێزێکی گەورەی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بێت. 
 
هەڵمەتی "لونای پەمەیی" کە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەڕێوەدەچێت، ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خانمانە سەبارەت بە گرنگیی پشکنینی پێشوەختە، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە خانمان سەردانی نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکانیان کردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنین.
 
پزیشکان رێنمایی خانمان دەکەن کە لەدوای تەمەنی 40 ساڵییەوە ساڵانە پشکنینی مامۆگرام ئەنجام بدەن، هەروەها مانگانە پشکنینی دەستی بۆ مەمکیان بکەن و لەکاتی هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک، وەک دەرکەوتنی گرێ، گۆڕانی شێوە یان قەبارەی مەمک، دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە