رووداو- هەولێر
ماتۆڕسوارێكی گەیاندنی خۆراک دەبێتە قوربانیی رووداوێكی هاتووچۆ
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس.. لە سەرەتای بەرنامەکە ماتۆڕێكی دیلیڤەری خۆراک بۆ دکتۆر ئاراس دێنێتە ستۆدیۆ، دکتۆر ئاراس پێش ئەوەی خۆراکەکە وەربگرێت، پشكنین بۆ ماتۆڕسوارەکە دەکات بزانێت هەموو مەرجە سەلامەتییەکانی تێدایە یاخود نا!، دەشڵێت هەر ماتۆڕسوارێك ئەم مەرجانەی نەبوو، خۆراکەکەی لێوەرمەگرن و مەیخۆن.
دکتۆر شوان شیروان، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشك و دەمار میوانی بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەیە و لە باسی مەرجە تەندروستییەکان بۆ سەلامەتی ماتۆڕسواران بەگشتی و ماتۆڕسوارانی دیلیڤەری بەتایبەت دەڵێت سێ بنەمای سەرەکی هەن بۆ سەلامەتی ماتۆڕسواران، ئەوانیش بریتین لە:
1- ماتۆڕسواران پابەندی رێنماییە تەندروستیی و سەلامەتییەکان بن.
2- لەسەر شەقامەکان شوێنی ماتۆڕسواری جیابکرێتەوە.
3- ماتۆڕەکان بەپێی ستاندارد بن و پشكنینی توندوتۆڵیان بۆ بکرێت.
دکتۆر شوان شیروان لەبارەی رێنماییە تەندروستیی و سەلامەتییەکانی ماتۆڕسواران دەڵێت، هەر شۆفێرێك کڵاوی سەلامەتی نەبەستێت، پارێزەری دەست و پێیەکان نەبەستێت، جلی تایبەت لەبەرنەکات، پابەندی لێخوڕینی سەلامەت نەبێت و لە شەقامەکان بەخێرایی دیاریکراو لێنەخوڕێت؛ مەترسیی هەیە تووشی رووداوی کارەساتبار و گیانبەخش ببێتەوە.
لەنێو بەرنامەکەدا پێنج ماتۆڕی دیلیڤەری دێنە ژوورەوە، هەریەکەیان بەجۆرێكە، یەکێك تەواو پابەندە، یەکێك ناپابەند و هەندێكیان تەنیا چەند رێنماییەک جێبەجێدەکەن و هەندێك شتیان پشتگوێخستووە، دکتۆر ئاراس دەڵێت ئەوانە وەکو نموونە دیاریکراون، بەڵام لە شەقامەکان هەموو جۆرەکان هەن و ئەوەی تەواو پابەندنەبێت مەترسیی زیاتری لەسەرە. کارمەندێكی کۆمپانیایەکی دیلیڤەری خۆراک لە ستۆدیۆ دەڵێت یەکێك لە شۆفێرەکانیان تووشی رووداوێكی هاتووچۆ بووە، دوای پشكنین دەرکەوتووە لایەکی کڵاوی سەلامەتییەکەی رووشاو و خوراوە، دکتۆر شوان دەڵێت کڵاوەکە بووەتە قەڵغانی شۆفێرەکە و ئەگەر ئەم کڵاوەی لەسەر نەبووایە، ئێستا زەبرەکە بەر سەری شۆفێرەکە کەوتبوو، دوورنەبوو گیانی لەدەستدابا.
لەنێو بەرنامەکەدا کۆمەڵێك چیرۆکی مەترسیدار و کۆمەڵێک رێنمایی سوودبەخش هەن، بەرنامەکە ببینن سوود لە وردەکاری و رێنماییە تەندروستییەکان وەربگرن..
هۆکار و چارەسەرەکانی ژانی پاژنەی پێ
لە بڕگەی دووەمدا دکتۆر عیماد شێروانی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان، باسی ژانی پاژنەی پێیەکان دەکات، دەڵێت خەڵک بە ئێسکی زیادە ناوی دەبەن، بەڵام ئەوە هۆکارەکەی ئێسک نییە و تەنیا هەوکردنی بەستەرەکانە بەهۆی کۆمەڵێك هۆکاری وەکو زۆر وەستان، کێشزۆری، وەرزشنەکردن و نەخۆشیی درێژخایەن روودەدات.
دکتۆر عیماد شێروانی روونیدەکاتەوە زۆربەی کات تەنیا بە وەرزش و رێنمایی بۆ شێوازی ژیانی تەندروست دەکرێت کەسەکە بەبێ دەرزی و بەبێ نەشتەرگەری ژانەکەی نەمێنێت، ئەوەش دەڵێت جگە لە پزیشك هیچ کەسێك بۆی نییە دەرزییەکە بۆ نەخۆش بکات.
پسپۆڕەکەی نەشتەرگەری ئێسک و شکان لە بەرنامەکەدا کۆمەڵێك وەرزش دەخاتەڕوو، هەموویان بە کرداری جێبەجێدەکات، بینەرانی بەرنامەکە سوود لە تەکنیکەکان وەردەگرن و ئەوانەی ژانی پاژنەی پێیان هەیە لە قۆناخە سەرەتاییەکان بە ئامادەکردنی چەند کەرەستەیەکی سادە دەکرێت چاکببنەوە و لانیکەم ژانیان نەمێنێت.
دکتۆر رۆژهات، پزیشكی دەرمانساز لە سلێمانییەوە هاتووە بۆ بەرنامەی دکتۆر ئاراس، باسی ڤیتامین C لە جەستەدا دەکات، هەموو ئەو خۆراکانە دەخاتەڕوو کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C، دەشڵێت ئەوەی باوبووە لەنێو خەڵک کە میوە ترشەکان سەرچاوەی دەوڵەمەندی ڤیتامین سین، بەڵام ئەو دەڵێت کۆمەڵێک میوەی دیکە هەن کە لە میوە ترشەکان دەوڵەمەندترن و دەبێت رۆژانە بخورێن.
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C
بیبەر
کیوی
برۆکلی
پاپایا
لۆبیا
شلیک
پرتەقاڵ
تەماتە
گرافیکێك لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس ببینن، هەموو ئەمانە و چەندین زانیاری دیکەی گرنگی تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ