باشترین خانمە پزیشک لە ئەمریکا بۆ رووداو: هیوادارم بێمە هەولێر و هاوکاریی نەخۆشەکان بکەم

24-12-2023
مەعد فەیاز
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لەکۆی ملیۆنێک و 660 هەزار پزیشکی خولاو و 50 پزیشکی راوێژکار لە ئەمریکا، خانمە پزیشکێکی عێراقی بە ناوی نوور ئەمین رۆمی، بە باشترین پزیشک هەڵبژێردرا. 
 
د. نوور ئەمین رۆمی، پزیشکی نەخۆشخانەی ئیمێرسۆنە و خاوەنی بڕوانامەی بۆردی پسپۆڕییە هەناوییەکانە، لەلایەن دامەزراوەی Marquis Who's Who in America لە 24ـی ئاداری 2022 بە باشترین پزیشک لە پسپۆڕییەکەیدا بە رەچاوکردنی مەرجەکانی وەکو نێوبانگ، دەستکەوتەکان، توێژینەوە و دەرەنجامە زانستییەکان هەڵبژێردا، ئەو پسپۆڕە بە رووداوی گوت، دەیەوێت بێتە هەولێر و خزمەت بە نەخۆشەکان بکات.
 
د. نوور ئەمین رۆمی رۆژی شەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2023 هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا کرد و خۆشحاڵییەکی زۆری دەربڕی بە وەرگرتنی ئەو نازناوە نێودەوڵەتییە و گوتی، شانازیدەکەم وەکو پزیشکێکی عێراقی گەیشتوومەتە ئەم ئاستە لە بواری پزیشکی لە ئەمریکا.
 
د. نوور ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی چل ساڵە هەوڵدەدات تاوەکو لە بوارەکەی خۆیدا جێپەنجەی دیاربێت و ببێتە کەسایەتییەکی پێشەنگ لە بواری پزیشکیدا، هەروەها دەڵێت: ''ئامانجم خزمەتکردنی نەخۆشەکان و پاراستنی پیشەییبوونمە وەکو پزیشکێکی پسپۆڕ''. 
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. نوور رۆمی گوتی، یەکێک لە گرنگترین خواستەکانم خزمەتکردنی نەخۆشەکانە لە عێراق و بەتایبەتیش هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، تەنانەت گوتیشی، تیمێکی خۆبەخشی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، تاوەکو خزمەت بە خانمانی ئێزدیی قوربانیی شەڕی داعش بکەن، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە نەتواندرا ئەم کارە جێبەجێبکەن.
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ''ئێستا کار لەسەر پێکهێنانی تیمێکی پزیشکیی خۆبەخش دەکەین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدانی نەخۆشە عێراقییەکان لە هەولێر، چونکە ئەمە ئەرکە و دەبێت بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکەین.''
 
رۆمی ئەوەشی ئاشکراکرد، لە نەخۆشخانەی ئیمێرسنی ئەمریکا پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوە و بیست ساڵە ئەزموونی لە بواری چاودێریی سەرەتایی هەیە. 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی پیشەگەرە باڵاکان IAOTP سەبارەت بە هەڵبژاردنی د. نوور، ئەمە هەڵبژاردنێکی گرنگ و دەگمەنە، چونکە ژمارەیەکی کەم لە پسپۆڕان دەتوانن بگەن بەو ئاستە. 
 
د. نوور لە درێژەی قسەکانیدا لە هەڤپەیڤینەکەماندا ئەوەی خستەڕوو، لەو کاتەوەی کە تەمەنی پێنج ساڵان بووە دایکی بردوویێتی بۆ دکتۆر تاوەکو هەوکردنی قوڕگی چارەسەربکات، ئیدی لەوکاتەوە حەزی کردووە ببێت بە پزیشک و وازی لەو خەونە نەهێناوە، هاوکات دەڵێت: ''بەهۆی ئەوەی کە نەبووین بە بەعسی بنەماڵەکەمان لە ساڵی 1990 کۆچی کرد بۆ ئەمریکا، ئەمەش قورسترین قۆناخی ژیانی من بوو، چونکە رووبەڕووی زۆر سەختی بوومەوە، بەتایبەت دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان لە زانکۆکانی ئەمریکا''. 
 
ئەو دەڵێت: بڕیارمدا لێهاتوویی خۆم بسەلمێنم بۆ ئەمریکییەکان، چونکە ئەوان وەکو کەسێکی بیانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردم، هەروەها سەبارەی بە بۆچوونی خۆی لەبارەی پزیشکانی ئەمڕۆی عێراق دەشڵێت: ''بەداخەوە هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ پزیشکانی عێراقدا نییە، بەڵام کەمێک بەرکەوتن و پەیوەندیمان لەگەڵ پزیشکانی هەولێر هەبووە، چونکە لە ماوەی کۆڤید-19دا خالیدی برام کە لە هەولیر نیشتەجێیە تووشی کۆرۆنا بوو، ئیدی منیش پەیوەندیم بە پزیشکانی هەولێرەوە دەکرد بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی براکەم.
 
لەبارەی پزیشکانی هەرێمی کوردستان و هەولێرەوە د. نوور رۆمی بە رووداوی گوت، بۆم دەرکەوت کە پزیشکانی هەرێمی کوردستان توانایەکی بەرزیان لە پیشەکەیاندا هەیە و کەسانی پێشکەوتوون، تەنانەت ئەو خانمە جەختیش لەوە دەکاتەوە، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها دەڵێت: ''دەمەوێت تیمێکی پزیشکیی خۆبەخش پێكبهێنم، تاوەکو بێینە هەولێر و یارمەتیی نەخۆشەکان بە خۆڕایی بدەین.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا د. نوور لەڕێگەی هەڤپەیڤینەکەوە دەریدەخات، پێداگیرە لەسەر بەکارهێنانی توانا و زانستەکەی لەپێناو خزمەتکردنی نەخۆشانی عێراقی و کورد و نەتەوەکانی دیکەش.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا د. نوور رۆمی دەڵێت: ''ئەم هەڵبژاردنەی من بە باشترین پزیشکی ئەمریکا سووپڕایزێکی گەورە بوو، لەبەر ئەوەی نە هەوڵم بۆی داوە و نە بیرم لێیکردووەتەوە، چونکە تەنیا کار بۆ خزمەتکردنی نەخۆشەکانم دەکەم.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. جەنگی ساڵەیی - ئێسکەپەیکەرێکی جگەرەکێش - د. هونەر رێبوار.

کلینیکاست؛ جگەرە 100٪ کەسی جگەرەکێش تووشی شێرپەنجە دەکات

پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی کلینیکاست لەبارەی ئەو خووە ناتەندروستانە بوو کە رۆژانە خەڵک دەیانکەن و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی شێرپەنجە، خانمێک دەپرسێت، پاکەتێک جگەرە هۆکارە بۆ شێرپەنجە؟... وەڵامەکەش لە سەرەتای پۆدکاستەکەیە.