WHO: ڤاکسین ژیانی زیاتر لە 150 ملیۆن کەسی رزگارکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، ڤاکسینەکان ژیانی زیاتر لە 150 ملیۆن کەسیان رزگارکردووە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی ڤاکسین (GAVI)، هەڵمەتێکیان بەناوی "The Big Catch-Up" راگەیاندووە بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی رێژەی پێکوتان بەهۆی پەتای کۆڤید-19، هەڵمەتەکە لە ساڵی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 18.3 ملیۆن منداڵی تەمەن یەک بۆ پێنج ساڵی لە 36 وڵاتدا گرتووەتەوە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، 23 ملیۆن ژەم ڤاکسینی ناچالاککراوی ئیفلیجیی منداڵان (IPV) بەو منداڵانە دراوە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە یان بە کەمی وەریانگرتووە، پێشبینی دەکرێت هەڵمەتەکە بەردەوام بێت تاوەکو دەگاتە ئامانجی خۆی، کە پێکوتانی لانیکەم 21 ملیۆن منداڵە.
 
رێکخراوەکە، داوای نوێکردنەوەی پابەندییەکان دەکات بۆ بنیاتنانی پرۆگرامی نیشتمانیی بەردەوام و تێکەڵکردنی زیاتری لەگەڵ چاودێریی تەندروستیی سەرەتاییدا.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی تیشک دەخەنە سەر سوودەکانی ڤاکسین و ئەو پێشکەوتنە زانستییانەی کە بوونەتە هۆی دۆزینەوەی پێکوتە دژی نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا، HPV، کۆلێرا، تای دێنگی، هەوکردنی پەردەی مێشک، RSV، ئیبۆلا و ئاوڵەی مەیموون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە