دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن بۆ رووداو: پڕۆگرامی تایبەتمان بۆ رێکخستنی نرخی دەرمان هەیە

25-02-2024
هۆرڤان رەفعەت
دیمەنێکی نێو هەڤپەیڤینەکە. وێنە: رووداو
دیمەنێکی نێو هەڤپەیڤینەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن رایدەگەیێنێت، تەکنەلۆژیای نوێ لە بواری پیشەسازیی دەرماندا بەکاردەهێندرێت و لە ئوردن یەک دەزگا سەلامەتی و کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان دەپارێزێت.
 
د. رەنا مەلکاوی، بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هۆرڤان رەفعەت، نێردراوی رووداو بۆ دووبەی گوتی، سەرجەم رێکارەکانی مامەڵەکردن بە دەرمان لەلایەن JFDA رێکخراون و لە ئوردن یەک دەزگای نیشتمانیی دەرمان کۆنتڕۆڵی نرخ و کوالێتیی دەرمان دەکات.
 
د. رەنا مەلکاوی دەڵێت: ''پڕۆگرامی تایبەتمان بۆ رێکخستنی نرخی دەرمان لە ئوردن هەیە، بەجۆرێک دوو نرخی جیاواز بۆ هەمان دەرمان دادەنێین، بەجۆرێک نرخی دەرمان بۆ هاووڵاتییانی ئوردن جیاوازە لە نرخی هەمان دەرمان بۆ هەناردەکردن''.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. رەنا مەلکاوی، بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن؛
 
رووداو: پرسیاری یەکەمم ئەوەیە کە گرنگیی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دەرمان کە لە دووبەی رێکخراوە چییە؟
 
د. رەنا مەلکاوی: بایەخی ئەم کۆنفرانسە بۆ ئێمە ئەوەیە کە هەلی زیاترمان پێدەدات بۆ بەرهەمهێنەرانی دەرمان، بۆ بینینی بەرهەمی نوێ لە کەرتی پیشەسازیی پزیشکی و پیشەسازیی دروستکردن و پێچانەوە کە ئێستا بەردەوامە، یەکێک لەو شتانەی تێبینیم کرد، ئامێری تەکنەلۆژیای نوێ هەن کە ئامادەن بۆ کارکردن و دەستپێکردنی پیشەسازیی دروستکردن و پێچانەوە کە ئامادەیە بۆ هەر کۆمپانیایەکی پیشەسازی بۆ دەستخستنی بەرهەمهێنان لە بواری شێرپەنجەزانی، بەرهەمی رەق و دەرزی، بەجۆرێک کە بهێندرێن بۆ ئوردن یاخود هەر شوێنێکی دیکە تا دەست بە بەرهەمهێنان بکەن.
 
رووداو: ئوردن لە ئاستێکی باڵادایە لەبواری دەرمان، نەخۆشخانەکانی ئوردن زۆر بەنێوبانگن لە جیهاندا، ئایا ئوردن چۆن گەیشتە ئەم ئاستە؟
 
د. رەنا مەلکاوی: ئێمە گەیشتووین بەمە، چونکە ئێمە لەنێو یەکەمین دەسەڵاتی رێکخستن بووین کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دامەزرا، ئێمە لە ژێر چەتری وەزارەتیی تەندروستی بووین تا ساڵی 2003، پاشان دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن دامەزرا کە ئەوە تاکە دەزگای رێکخستنی فەرمیی بەرپرسیارە بۆ رێکخستنی سەلامەتی، کاریگەری و کوالێتیی بەرهەمی دەرمانی، خۆراکی، جوانکاری و هەندێک ئامێری پزیشکی، بۆیە ئەمە نایابی دەدات لە چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمە دەرمان و خۆراکییەکان لە ئوردن لەلایەن تەنیا یەک دەزگای فەرمی، نەک دابەشبکرێت بەسەر دامەزراوە حکومییەکانی دیکە، بۆیە ئەمە دەسەڵاتی پێداین رێنمایی دروستبکەین و هەموو یاساکان لەژێر چەتری دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن کۆنتڕۆڵ بکەین.
 
رووداو: ئێوە چۆن توانیتان کۆنتڕۆڵی کوالێتیی دەرمان بکەن؟ بێگومان کوالێتی و کۆنتڕۆڵکردنی دەرمانیش مەبەستمە لە ئوردن
 
د. رەنا مەلکاوی: کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتی، سەلامەتی، نرخ و کاریگەریی بەرهەمی دەرمانی لەنێو ئەرک و کارەکانمانە لە JFDA، ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە کە رێنماییەکانمان پشت بە رێنماییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن کە بۆ رێکخستنی بەرهەمە دەرمانییەکان بەکاردێن، بۆیە ئێمە پەیڕەوی رێنماییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە پێکهاتەی بەرهەمە تۆمارکراوەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کاریگەری، سەلامەتی و کوالێتیی بەرهەمەکان، هەروەها سەبارەت بە نرخدانان، ئێمە پلانێکی نرخدانانمان هەیە کە گونجاوترین نرخمان پێدەدات و ئێمە نرخەکان کۆنتڕۆڵ دەکەین کاتێک دەچنە بازاڕ، چونکە پشکنینمان هەیە لە نێو دەرمانخانە و فرۆشگە پزیشکییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەو نرخانەی کە لەسەر ماڵپەڕی JFDA هەن بەراورد بە نرخی ئەو بەرهامانەی لەنێو رەفەکاندا هەن لە دەرمانخانەکان.
 
رووداو: بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و پەستانی خوێن کۆمەڵێک دەرمانی نوێ هەن، بەڵام هەموو دەرمانەکان نرخیان گرانە، هەروەها هەندێک لە دەرمانەکانی دیکە هەرزانن، بە بۆچوونی بەڕێزتان وەکو ئەکادیمییەک، ئایا نرخی دەرمان مەرجە بۆ ئەوەی کە ئەو دەرمانە باش بێت یاخود نا؟
 
د. رەنا مەلکاوی: ئێستا نرخی دەرمانەکە بەندە بە چۆنیەتیی پەرەپێدانی بەرهەمەکە، ئەگەر پەرەپێدانی بەرهەمێکی نوێیە یاخود ئەگەر بڕی مادە کیمیاییەکانی نوێ بێت یان APIیەکی نوێی هەبێت، ئەوا بێگومان نرخەکەی بەرزدەبێت، بەڵام ئەوەی هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە کە هەندێک چارەسەر بۆ ئەو بەرهەمانەش بدۆزینەوە کە تەنانەت نرخەکانیشیان بەرزە، بۆ ئەوەی لە ئوردن بە نرخێکی گونجاو بدرێن بە خەڵک، ئەمەش لەڕێگەی هەندێک لە پڕۆگرامەکانی دەستڕاگەیشتن بە نەخۆشەوەیە کە ئێمە هەمانە، پڕۆگرامی دەستڕاگەیشتن بە نەخۆش رێگەمان پێدەدات دوو نرخ بدەین بە بەرهەمەکە، یەکێکیان نرخ بۆ خەڵک لە ئوردن، نرخەکەی دیکەش بۆ هەناردەکردنە بۆ مەبەستی تۆمارکردن، بۆیە ئەمە یەکێکە لەو ستراتیژیانەی کە دەیکەین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین کڕینی ئەم بەرهەمە لە ئوردن بە نرخێکی گونجاو بێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ یەکتربینینەکە، سوپاس بۆ کاتەکەت.
 
د. رەنا مەلکاوی: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە