رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆی چڕ لەسەر، کێشەکانی پەرستاران کرا، هەر یەکێک لە میوانەکان باسی کێشەیەکیانی دەکرد. وەک گوتوویانە (سەد حەکیم بەقەدەر دەردەدارێک نازانێ). کوڕە پەرستارێک لەنێو ئامادەبووانی بەرنامەکە دەستی هەڵبڕی، پرسی "ئەرێ وەک ئێوە بزانن میکرۆب و ڤایرۆس دەزانێ کامە پزیشکە و کامەش پەرستار؟"
وەڵامی ئامادەبوون وەک لۆژیکێک هەر نەخێر بوو، ئینجا پەرستارەکە کەوتووە قسەی، گوتی: "ئەی ئەگەر وایە بۆچی دەرماڵەی مەترسی بۆ پزیشک 100٪ بەڵام بۆ پەرستار 50٪یە؟ ئایا ئەم نادادی نییە؟ باشە خۆ پەرستار زیاتر لەگەڵ نەخۆش دەمێنێتەوە نەک پزیشک." رەنج سەنگاوی گوتی: "وەڵڵا جوانترین پرسیاری کرد". وەڵامی میوانەکانیش هەمان بۆچوونی ئەو پەرستارە بوو، جەختیان لەوە کردەوە ئەوەش نادادییەکی دیکەیە بەرامبەر پەرستاران دەکرێت.
نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی فێڵێکی ئاشکرا کرد کە لە پەرستارانی دانەمەزراو دەکرێت، گوتی: "نەخۆشخانە هەیە فێڵی لە کۆمەڵێک پەرستار کردووە. سێ مانگ بەناوی ئەوەی لەژێر تاقیکردنەوەی کاردان و دواتر دەرنەچوون، بۆیە بەڕێی کردوون. بەو جۆرە ساڵەکەی بەڕێکردووە، سێ مانگ بە سێ مانگ پەرستارەکانی بەو پاساوە بەڕێکردووە، ئێمە لەسەر ئەو کارە سکاڵامان لەسەری تۆمارکرد".
پزیشکێک کە ئێستا بووەتە پەرلەمانتار و پێشتر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار بووە لە سلێمانی، میوانێکی بەرنامەکە بوو باسی قورسیی وەرگیرانی پەرستاری دەکرد لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەیگوت: "قوربەسەر ئەو کەسەی دەیەوێ لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی وەربگیرێت و کچە نییە، لە کچێتیەکەشیدا جوان نییە و لە جوانیەکەشیدا جل و بەرگی بەجۆرێک لەبەر ناکات و بەدڵی بەرپرسەکەی کار ناکات، هەر وەرناگیرێ".
پەرستارێک کە میوانی سەرەکیی بەرنامەکە بوو، ئەوەی خستەڕوو، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی حکومی هێندە جیاوازی لە نێوان پزیشک و کارمەندی تەندروستی کردووە بە ئاشکرا بە کارمەندەکانی گوتووە: "پزیشکێک ناگۆڕمەوە بە لۆریەک پەرستار". نەقیبی سەندیکای کارمەندنی تەندروستی پشتگیری ئەو راستییە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە: "چەندین کابینەی حکومەتە وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی پزیشکانە نەک تەندروستی." بۆ راستیی ئەو بۆچوونەشی بە پەنجەکانی دەکەوێتە ژماردنی پۆستەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەڵێت: "وەزیر پزیشکە جێگرەکەی بەهەمان شێوە، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارەکانی وەزارەت هەموویان پزیشکن، تەنانەت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانیش هەموویان پزیشکن، ئەگەر ئەمە وەزارەتی پزیشکان نییە چییە؟"
لە تەواوی بەرنامەکە گرنگترین کێشە و گرفتەکانی پەرستارانی کوردستان خرانەڕوو؛ لەوانە جیاوازیی زۆر لە نێوان پزیشک و پەرستاران دەکرێ، جگە لەوە، مافی درێژەدان بە خوێندنیان نییە چەندین گرفی دیکەش.
'سێ دەنک فاسۆلیا' و 'بازرگانی دایبی'
پێشتر نەقیبی کارمەندی تەندروستی جەبار رەحیم، شانازی بەوە دەکرد ئەوان مۆدێلی خۆبەخشییان لە وەزارەتی تەندروستی داناوە بە ئومێدی ئەوەی رێگایەک بێت بۆ دامەزاندن، بەڵام کە بەوجۆرە نەبووە ئێستا لەکارەکەیان پەشیمانن: "ئێستا واژۆی کاری خۆبەخشیمان راگرتووە، تەنانەت 11 هەزار داواکاری بۆ کاری خۆبەخشی هەیە".
ئەوەش ناشارێتەوە کە بە واستە دامەزراندن هەر هەبووە، حیزبەکان ئەو کارەیان کردووە، نەقیبی کارمەندان دەڵێت: "حیزب دەستی لە هەموو شتێکدا هەیە. ئێستا کۆمپانیاکانی کاری دایبیش دەکەن".
ئەو پەرلەمانتارە پزیشکە کە 15 ساڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانە بووە (دکتۆر ئومێد عەلی)، باس لەوەش دەکات تەنانەت لە دابینکردنی خواردن بۆ پەرستاران نادادییەکی زۆر هەیە. دەگاتە ئەوە سوێند بخوات و بڵێ: "بەوەڵڵا بەشە شلەیی پەرستارم سەیرکردووە سێ دەنک فاسۆلیای تێدا بووە سێ دەنک زیاتر نا".
ئامارەکانی پەرستاران
دکتۆر ئومێد عەلی پەرلەمانتاری کوردستان ئاماری ورد و لەسەر ژمارەی پەرستاران خستەڕوو بەگوێرەی قسەکانی ئەو، تاوەکو ساڵی 2012 ئاماری وردی پەرستاران هەبووە و گوتی نزیکەی 37هەزار پەرستار لە کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەم ئامارە تەنها نزیکەییەکە. دیارە لە کوردستان بۆ هەزار کەس 1.6 پەرستار هەیە، لە کاتێکدا لە عێراقدا ئەم رێژەیە 2.4ـە.
هەروەها ئاماژەی بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کردووە و ئەوەی خستەڕوو بەپێی پێوەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دەبێت کەمترین ڕێژەکە بۆ هەزار کەس 4.5 پەرستار بێت. لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا بۆ هەزار کەس 8 بۆ 12 پەرستار هەیە، "ئەمەش واتە ئەگەر هەموو پەرستارانی ئێستای کوردستان دامەزرێنین ناگەینە ئەو ئاستەی WHO دیاری کردووە".
پەرستار هەیە مانگی بە 190 هەزار دینار کار دەکات
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان کە دکتۆر ئومێد عەلی باسی کردووە، ئەوەیە کە 58 جۆری پەرستاری هەیە کە دەتوانرێت خەڵکی تێدا پێبگەیەنرێت. هەروەها ئاماژەی کردووە کە دەکرێت پەرستاری دانەمەزراو لە بنکە ئیستیشارییەکاندا دامەزرێنین و ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ بەکارهێنانی ئەو توانایانە.
یەکێک لە گرنگترین کێشەکان کە هەموو بەشدارانی کۆبوونەوەکە باسیان کردووە، کێشەی کەمیی مووچە و دەرامەتی پەرستارانە. دکتۆر ئومێد عەلی نموونەیەکی رانیەی هێناوەتەوە و گوتوویەتی کارمەندی تەندروستی لەوێ بە 190 هەزار دینار کار دەکات، لە کاتێکدا کارمەندی ئاسایی 350 هەزار دیناری هەیە. ئەو گوتی "لەکاتێکدا پەرستارەکە هێندەی کرێکارێکی خەباتە هیلاک دەبێت".
جەبار رەحیم وەک نەقیبی سەندیکای کارمەندی تەندروستی، ئاماژەی بەوەدا بەپێی بڕیارێک پەرستار نابێت لە 400 هەزار دینار کەمتری هەبێت، ئەو گوتی "بەڵام ئەو بڕیارە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە". هەروەها روونکردەوە کە نەخۆشخانە هەیە فێڵی لە پەرستار کردووە و ئەو گوتی "کۆمەڵێک پەرستار سێ مانگ بەبێ پارە کاریان پێکراوە داتر بەناوی ئەوەی لەژێر تاقیکردنەوەی کاردا بوون بەڕێکراون".
16 کۆلێژی پەرستاری
د.ڤیان نەقشبەندی وەک راگری کۆلیژی پەرستاری زانیاریی ئەوەی خستووەتەڕوو. کە لە هەرێمی کوردستاندا 16 کۆلیژی پەرستاری هەیە و ئەو گوتی "دەتوانێت بڵێن 16 کۆلیژ خەریکی بەرهەمهێنانی کەسی بێکارن، ئەو 16 کۆلێژە بە هەموویان ساڵانە نزیکەی 850 دەرچوی. پەرستاریان دەبێت" تەنیا ئەو کۆلێژەکەی خۆی تاوەکو ئێستا 1596 دەرچووی پەرستاری هەبووە.
ئەو ئاماژەی کردووە کە پلان نییە بۆیە پەرستار دانەمەزرێت و گوتیشی "ئەمە لە کەمی زانستیانەوە نییە، نەخۆشخانەکانمان کەمە بۆیە دەرفەتی دامەزراندنی پەرستار نییە، ئێستا خۆشبەختانە خەریکین خوێندنەکانمان زیاتر بەرەو پسپۆڕی وردبەرین".
"هەرچەند بخوێنین هەر سستەرەکەی جارانین"
سیڤەر ئیدریس وەک پەرستارێکی دەرچووی زانکۆ لە بەرنامەکەدا بەشداربوو، باسی لەوە کرد کە پەرستارانی دەرچووی زانکۆ بە تەواوەتی پشتگوێخراون. ئەو گوتی: "ئەوەی دەرچووی زانکۆ بێت یان پەیمانگا هەر بۆی هەیە دەرزی لێبدات و کانوولا دەبنێت. جگە لە دەرزی و کانوولە دانان زۆر شتی زیاتر هەیە ئێمە خوێندومانە، بەڵام ناهێڵن کار بکەین".
ئەوە لەکاتێکدا وەک سیڤەر ئاماژەی پێدەکات لە 2014ـەوە دامەزراندن بۆ پەرستار لە کەرتی حکومی نەبووە ئەو دەشڵێت "ماستەر و دکتۆراش تەواو بکەین هەر پەرستارین، هەرچەند بخوێنین هەر سستەرەکەی جارانین".
دکتۆر ئومێد عەلی باس لە نادادییەکی دیکە دەکات کە بەرامبەر پەرستاران دەکرێت ئەویش دەرماڵەکەیانە کە بە هەزار جۆر رێکخراوە. ئەو گوتیشی "پلەی زانستیان نییە تاوەکو هەن هەر لەو دۆخەیاندا دەمێنەوە. لە هەموو پیشەیەکدا دەبێت پلەبەندی هەبێت، بەڵام لە پەرستاردا نییە. پلەبەندی بۆیە دانراوە تاوەکو کەسەکە تێپەڕێنێت کامڵ بێت".
'وەزارەتی پزیشکان نەک تەندروستی'
شاگوڵ حەسەن، کە لە نوسینگەی ئەستەنبوڵەوە لەبەرنامەکەدا بەشداربوو ئاماژەی بەوەدا ئەو پەرستارانەشی کە دامەزراون بە تەواوتی پشتگوێخراوە ئەو گوتی "لەبەر ئەوەی کەمترین دەرفەتی خوێندیان هەیە هیچ گەشەیەک لە کارەکەیدا نابێت، جگەلەوە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان پزیشک و پەرستار دەکرێت ئەو جیاوازییە زۆرە تەنیا لە کوردستان بوونی هەیە".
یەکێک لە گرنگترین کێشەکان کە شاگوڵ حەسەن هێمای پێدا ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی جیاوازییەکی زۆر دەکات لەنێوان پزیشک و کارمەندی تەندروستی "ناکرێت وەزارەتی تەندروستی تەنها هی پزیشکان بێت. پەرستار هەیە دکتۆرای هەیە و چەند زمانێک دەزانێت ناهێڵن ببێتە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکیش، بەداخەوە هیچ پەرستارێک ناتوانێت ببێتە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک".
جەبار رەحیم پشتگیری ئەو بۆچوونەی کرد گوتی "وەزیر و جێگرەکە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانیش هەموویان پزیشکن. چەندین کابینەیە وەزارەتی پزیشکانە نەک تەندروستی".
دەرفەتێکی دیکەی کارکردن بۆ پەرستاران
دکتۆر ئومێد عەلی، پەرلەمانتارەکەی کوردستان ئەوەی روونکردەوە ئەوان کێشەی نەبوونی یاسایان نییە ئەو گوتی "یاسای تەندروستیمان زۆرە گرنگە جێبەجێکردنیەتی، لە 1962 یاسای عێراقی کاری پەرستاری رێکخستووە، بەڵام بەدواداچوون نییە. سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کاری باش دەکەن، بەڵام پێویستە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانیش هەبێت".
د. ئومێد ئەوەشی خستەڕوو بەپێی یاسای کار هەموو 50 کەسێک کە لە شوێنێک کار دەکەن دەبێت پەرستارێکیان هەبێت، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ دۆزینەوەی کار بۆ زۆرترین پەرستار دەبێت سەندیکای کارمەندان کار لەسەر ئەو دەرفەتانە بکات.
جەبار رەحیم وەک نەقیبی سەندیکا، باسی ئەوەی کردووە کە پەرستاری نەبۆتە خەمی حکومەت بە هەموو کابینەکانیەوە. ئەو گوتی: "ئێمە هێندە هەوڵمان بۆ پەرستاران داوە لەبەر چاوی بەرپرسان ناشرین بووین، وەزیر و سەرۆکی حکومەت نییە چارەمانی بوێت، چونکە بەردەوام ناڕەزایمان دەربڕیوە بە جۆرەها شێوە بەنموونە لە 2014 وە سێجار مانگرتمان ئەنجامداوە تەنانەت دەرگای نەخۆشخانەکانیشمان داخستووە".
جەبار رەحیم لەگەڵ ئەوەش نییە کە پەرستاران سەندیکای تایبەت بە خۆیان هەبێت "ئێمە وەک سەندیکا ئێستا خەریکین کۆمەڵەکان لەنێو سەندیکادا دروست بکەین ئەوە کارێکی باشە هەر چینێک کۆمەڵەی خۆی هەبێت، ئەوەش لە چوارچێوەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیدا بێت نەک سەندیکایەکی جیاواز بوونی سەندیکای جیاواز واتە پەرتکردنی کارمەندانی تەندروستی".
دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای پەرستاری
د.ڤیان نەقشبەندی ئاماژەی کردووە کە ئەنجوومەنێکی باڵای پەرستار لە زۆرینەی وڵاتان هەیە، بەڵام لە کوردستاندا نییە. ئەو باسی هەوڵێکی خۆیان دەکات بۆ دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام هەروەک دەڵێت "رێگری زۆریان بۆ دروست دەکرێت یەکێک لە رێگرەکان خودی سەندیکای کارمەندانی تەندروستییە کە هەر لە سەرەتاوە رازی نەبوو ئەنجوومەنێکی باڵای پەرستار دامەزرێت". بەڵام جەبار رەحیم ئەوە رەت دەکاتەوە دەڵێت "بوونی ئەنجوومەنی باڵای پەرستاریمان قبوڵە، بەڵام هی پزیشکان نا، چونکە پێشنیازێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەی پەرستاری". لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سیڤەر ئیدریس لەگەڵ ئەوەیە کە پەرستارانی زانکۆ سەندیکایەکی تایبەت بە خۆیان هەبێت. د.ڤیان نەقشبەندیش هاوڕایەتی دەڵێت "پێویستە سەندیکایەکی تایبەت بە پەرستاری هەبێت".
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا دکتۆر ئومێد عەلی چەندین پێشنیاری دیکە دەکات لەوانە هەروەک دەڵێت: "دەکرێت ئەوانەی دانەمەزراون لە بنکە راوێژکارەیەکاندا دایان بنێین، جگەلەوە 300 کۆمپانیا دەرمان و 100 کۆمپانیای تاقیگەیی هەیە دەکرێت فشاریان لێبکرێت کارمەندەکانیان تەندروستی بن".
دکتۆر ئومێد ئەوەش دەخاتەڕوو "دەبێت قوتابخانە ئەهلییەکاندا پەرستار دامەزرێنن لانی کەم هەر قوتابخانەیەک پەرستارێکی هەبێت، بەدەر لەوە دەبێت هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەکان ناچار بکرێن پەرستار دانەمەزراوی حکومی وەربگرن نەک ئەو پەرستارانەی دامەزراون دووبارە بچن لە ئەهلییەکانیش کار بکەن".
زیاتر لە 36 هەزار پەرستار هەیە
جەبار رەحیم ی نەقیبی کارمەندانی تەندروستی چەند ئامارێکی وردی پەرستارانی خستەڕوو ئەوانەی کە دامەزران ژمارەیان 17هەزار و 505 پەرستارە ئاستی خوێندنەکەشیان 12هەزار 819 یان دەرچووی پەیمانگای پەرستارین 2433 شیان دەرچووی ئامادەیی و 2253 شیان دەرچووی کۆلیژی پەرستارین، سەبارەت بەوانەش کە دانەمەزراون ژمارەیەکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەنزیکەی 18هەزار و 900 پەرستارە. بۆ زیاتر دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ پەرستاران نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی باسی لەوەش کرد ئەوەیان بەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا سەپاندوە کە دەبێت 70% ئەوانەی لەلایان کار دەکەن پەرستاری دانەمەزراو بن.
هیوایان نەماوە
لەبەشێکی دیکەی بەرنامەکە شاگوڵ حەسەن ی پەرستار کە خۆی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە باسی لەوە کرد لە هیچ شوێنێک هێندەی هەرێمی کوردستان رۆڵی پەرستار پەراوێز نەخراووە ئەو گوتیشی: "خۆبەخشی بێڕێزیە بەرامبەر پەرستار دەکرێت. پەرستار بنچینە و کۆڵەکەی کاری تەندروستییە، بەڵام لە کوردستان بەداخەوە وەها نییە، بەشێک لە پزیشکان هەر رێز بۆ پەرستار هەر دانانرێت ئەو رێزەی بۆ پزیشک هەیە لە نەخۆشخانەکاندا هەرگیز بۆ پەرستار نییە. لە وەزارەتی تەندروستی پەرستار ناتوانێت مۆبایلەکەشی بەرێتە ژوورە".
سیڤەر ئیدریس، کە وەک پەرستارێکی کارامە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر ببنە پڕۆفیسۆریش هەر ناویان پەرستارە ئەو دەڵێت "بەڕاستی خۆشمان نازانین ناومان چییە، ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە پێشتر پێمان دەگوترا سستەر ئێستا بووەتە پەرستار". بەشێوەیەکی گشتیی پەرستارانی ئامادەبووی بەرنامەکە جەختیان لەوە کردەوە کە نازانن رۆڵیان لە ناوەندی تەندروستیدا چییە، بەشێک لەوانە گوتیان "ئومێدمان بە وەزارەتی تەندروستی نەماوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ