رووداو - تەندروستی
خانمە گەنجێکی کورد لەگەڵ ''تووشبوونی بە خەمۆکی و دابڕانی کۆمەڵایەتی''، دەستی بە نووسینی کتێبێک کردووە و دەڵێت: نووسین بووە هۆکارێک کە ژیانێکی ئارامتر بنیادبنێتەوە؛ چارەسەرکارێکی دەروونیش دەڵێت: ''خۆخەریککردن بە ئارەزوویێکەوە دەکرێت چارەسەری خەمۆکی بکات''.
سێبەر فارس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هیوا جەمال کە لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال پێشکێش کرا، گوتی: ''ماوەیەکی زۆر خەمۆکی دایگرتبووم و ئومێدم نەمابوو، هەر لەو کاتەشدا دەستم بە نووسین کرد و ئازارەکانم لەو رێگەیەوە باس کرد''.
کتێبەکەی سێبەر فارس لە شێوەی رۆمانە و بە ناوی ''سێبەری مەرگە''، لەبارەیەوە روونی دەکاتەوە، باسی خۆشویستنی ماڵبات و خێزانێکە بۆ کچێک، پەیامەکەشی ئەوەیە، دایک و باوکان خۆشەویستی بە منداڵەکانیان ببەخشن، تاوەکو داوای خۆشەویستی لە کەسانی دیکە نەکەن.
خەمۆکی بە چی چارەسەر دەکرێت؟
ئەمڕۆ شەممە 26-4-2025 محەممەد عەزیز، چارەسەرکاری دەروونی لە سلێمانی بە رووداو راگەیاند، ئەگەر ئاستی خەمۆکی لاواز یاخود مامناوەند بوو، ئەوا بە 'پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی، راهێنانی دەروونی، راوێژی دەروونی و خۆخەریککردن بە چالاکییەک و ئارەزوویێکەوە' دەکرێت چارە بکرێت.
محەممەد عەزیز دەڵێت: ''خەمۆکی کاتێک دەستنیشان دەکرێت کە کەسەکە نۆ نیشانەی هەبێت و بۆ ماوەی دوو هەفتەش بەردەوام بن، بەڵام خەمباری کاتییە و بەپێی رووداوەکان دەگۆڕدرێت''.
لەبارەی نووسینەوەوە یاخود وێنەکێشان لە ماوەی خەمۆکبووندا گوتی، ئەو جۆرە چالاکییانە بۆ تووشبووانی خەمۆکی گرنگن، چونکە وایان لێدەکات دووبارە ئومێدیان بە ژیان هەبێت و نەخۆشییەکەیان بیربچێتەوە.
بەپێی مایۆکلینیک، لێکەوتەکانی خەمۆکی لەسەر مێشک بریتین لە؛
- خەمخواردن و نەبوونی مەزاج
- هەستکردن بە بێ هیوایی
- هەستکردن بە تاوان و ئازاردانی خود
لێکەوتەکانی خەمۆکی لەسەر جەستە؛
- قسەکردن و جووڵەکردن زۆر بە هێواشی بەراورد بە پێشتر
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- قەبزی
- تێکچوونی خەو
- نەمانی ئارەزووی سێکسی
لێکەوتەکانی خەمۆکی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی؛
- کەمیی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی
- پشتگوێخستنی حەز و ئارەزووەکان
- قورسی لە کارکردن و ژیانی رۆژانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ