رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی چەندین کیسی کرمی جگەر لە کچێکی 20 ساڵ دەردەهێندرێن، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە دەڵێ، کرمەکە لای راستی جگەری ئەو کچەی خراپ کردبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-4-2026 د. هەردی محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و پسپۆڕی وردی نەشتەرگەرییەکانی غودە و گرێیەکانی مل کە سەرپەرشتیی نەشتەرگەرییەکەی کردووە بە رووداوی راگەیاند، ئەو کچە سکئێشەی هەبوو و لەگەڵیشیدا کێشی دابەزیوە، دوای ئەوەی ئازارەکەی زۆر بووە ئینجا هاتووەتە نەخۆشخانە.
د. هەردی محەممەد دەڵێت: پشکنینمان بۆی کرد و دەرکەوت، چەندین کیسی ورد و گەورە لەنێو جگەریدا هەن و بەهۆی کرمی جگەرەوە تووشی بووە.
ئەوەش روون دەکاتەوە کە ئەم نەخۆشییە جۆرێکی کرمی جگەرە کە ناسراوە بە (Hydatid worm) دەبێتە هۆی دروستبوونی کیسی ئاویی جگەر. دەشێت لەڕێگەی ئاو و سەوزەی پیسەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە تێکەڵ بە پاشماوەی سەگ کەوتبێت.
نیشانەکان؛ کیسەکان دەتوانن بۆ ساڵانێک بێ نیشانە بمێننەوە، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنیاندا دەبنە هۆی ئازار، پڕبوون لە بەشی سەرەوەی لای راستی سک، سکچوون، زەردوویی و تا.
مەترسییەکان؛ ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کیسەکان دەتەقێن و کاردانەوەی هەستیاریی تووندیان لێدەکەوێتەوە یان ئاڵۆزییەکانی زەرداو دروستدەکەن.
دەستنیشانکردن؛ بە شێوەیەکی سەرەکی بە بەکارهێنانی سۆنەر، سی تی سکان و پشکنینی سیرۆلۆژی دەستنیشاندەکرێت.
چارەسەر؛ دەکرێت دەرمان، دەرکردنی کیسەکان بە رێگەی تایبەت و نەشتەرگەری بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ