رووداو - تەندروستی
تیمێکی پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوویان بۆ منداڵێکی تەمەن 9 ساڵ ئەنجامدا، دوای ئەوەی 20 موگناتیسی بچووکی قوتدابوو کە ببووە هۆی گیران و کونبوونی ریخۆڵە باریکەی.
د. نەجات عەبدولقادر پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "منداڵەکە کوڕێکی تەمەن 9 ساڵ بوو، بە رەگەز عەرەب بوو و نیشانەی ئازاری سکی هەبوو، لە سەرەتادا وامانزانی ریخۆڵە کوێرەیەتی، بەڵام دوای پشکنین دەرکەوت کە هۆکارەکەی قووتدانی نزیکەی 20 موگناتیس بووە کە بووەتە هۆی هەوکردن و کونبوونی ریخۆڵەکانی."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی منداڵەکە، د. نەجات گوتی: "دوای نەشتەرگەری و مانەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە، رەوانەی ماڵەوە کرایەوە و ئێستا تەندروستیی تەواو جێگیرە."
ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەریی منداڵان هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان و دەڵێت: "پێویستە دایکان و باوکان ئاگاداری ئەو جۆرە یارییانە بن و نەیەڵن بکەوێتە بەر دەستی منداڵەکانیان، زۆرترین ئەو شتانەی منداڵان قووتی دەدەن بریتین لە پاتریی کاژێر، موگناتیس و دەرزی."
د. نەجات عەبدولقادر جەختی لەوەش کردەوە، "مەترسیدارترین ئەو شتانەی کە منداڵان قووتی دەدەن بریتین لە پاتریی کاژێر و کەرەستە تیژەکان وەک دەرزی، کە لە کاتی روودانی حاڵەتی لەو شێوەیەدا، پێویستە بە زووترین کات منداڵەکە بهێنرێتە نەخۆشخانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ