یەکەم هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
  
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هەڵمەتی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوونی دەستیپێکرد. باسی لەوەشکرد، بەهۆی درێژەخایەنی وەرزی بارانبارین، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
 
رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026، د. فەرەیدوون حەمەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، چونکە ئەم ساڵ وەرزی بەهار و بارانبارین هەندێک درێژەی کێشا؛ ئەم پەتایە لەگەڵ وەرزی هاوین و گەرما زیاتر کاریگەرییەکەی چڕ دەبێتەوە."
 
لەبارەی رێکارە پێشوەختەکان، د. فەرەیدوون حەمەد گوتی: "ئێمە هەڵمەتی یەکەمی خۆپارێزیمان دەستپێکردووە؛ بەپێی ئەو بڕە دەرمانەی لە کۆگەی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا ماوە، دەستمان بە رشاندنی ئاژەڵەکان کردووە. هەروەها داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە دەرمانی دیکەمان بۆ دابین بکەن."
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ باسی لەوەش کرد، سەرەتا لەو پارێزگایانەوە دەستپێدەکەن کە پلەی گەرمایان بەرزترە "ئێستا لە دهۆک و لە هەولێر بە چڕی دەستمان بە هەڵمەتەکە کردووە، وردە وردە لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکان دەستپێدەکەین و تاوەکو حوزەیران بەردەوام دەبین."
 
د. فەرەیدوون باسی جیاوازیی نێوان دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و رایگەیاند: "ساڵانی رابردوو لەم کاتانەدا حاڵەتی تۆمارکراومان هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان نیمانە، لە کاتێکدا لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق نزیکەی 80 حاڵەت تۆمارکراون."
 
لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ سەربڕخانەکان پێکهێنراوە. بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ دەڵێت "رێکارەکان دەستیان پێکردووە و لیژنەکانیش دەستیان بە گەڕان کردووە؛ هیچ سەربڕخانەیەک بۆی نییە بە نایاسایی و بەبێ رێکارەکان ئاژەڵ سەرببڕێت، یاخود لەسەر شەقامەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت، هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکان، پار 11 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون، 3 کەس لە هەولێر، 2 لە سلێمانی، و 6 کەس لە دهۆک کە 3ـیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە کەرکووکیش 5 کەس تووشی پەتاکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
 
+ پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
+پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
+ رشاندنی ژینگەی کارکردن
+ دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
+ دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
+ دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
+ دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە