رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو رایدەگەیێنێت، رێژەی پەستانی چاو ''زەختی چاو'' لە کەسێکی ئاسایدا بەزۆری لە نێوان 10 بۆ 21 ملیمەتر جیوەیە. ئەگەر کەسێک زەختی چاوی زیاتر بێت لە 22، بەڵام ئەو زەختە دەماری بینینی چاوی لاواز نەکردبێت ئەوا پێی دەوترێت ئەو کەسە زەختی چاوی بەرزە، بەڵام ئاوی رەشی نییە و پێویستیی بە چاودێریی ورد هەیە، چونکە رەنگە تووشی ئاوی رەش ببێت.
د. ئەحمەد یەحیا، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی گوت، ئەم نەخۆشییە زیاتر بۆماوەییە، ئەوانەی شەکرەیان هەیە یاخود کورتبینن زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە. ئێمە ئاوی رەش چارەسەر دەکەین بە قەترە یان بە نەشتەرگەری تاوەکو پارێزگاری لەو ئەوەندەی بینینە بکەین کە ماوە، بۆ ئەوەی نەخۆش بۆ هەمیشە کوێر نەبێت.
هەروەها ئەوەش باس دەکات کە ئاوی رەش؛ واتا لاوازبوونی دەماری بینینی چاو، زۆربەی جار بەهۆی بەرزبوونەوەی زەختی چاو دەبێت، ئەم لاوازبوونە نەگۆڕە و بە هیچ چارەسەرییەک دەماری بینین بەهێز نابێتەوە.
لە کۆتاییشدا چەند رێنوێنییەک دەداتە ئەوانەی ئاوی رەشی چاویان هەیە؛
- هەرگیز خوێندنەوەی زەختی چاوی خۆت بەراورد مەکە بە هی نەخۆشێکی دیکە! ژمارەکەی زەختەکە گرنگ نییە، بەڵکو سەقامگیری نەخۆشییەکە و خراپترنەبوونی نیشانەکان گرنگە.
- پابەند بە بە قەترەی چاو و سەردانکردنی پزیشکی تایبەت، تەنانەت ئەگەر هەستت کرد بینینەکەت باشە.
- پشکنینی گشتگیری رێکوپێکی چاو نەک تەنیا بۆ پێوانەکردنی زەختی چاو، بەڵکو بۆ پشکنینی دەماری بینین و پانتایی بینین.
- ئەگەر پێشینەی خێزانیی ئاوی رەش هەبوو، پێویستە زیاتر وریا بیت و پشکنینی پێشوەختە بکەیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ