ساڵی رابردوو 46 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون

26-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەو ئامارەی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق وەریگرتووە، ساڵی رابردوو 46 هەزار و 390 تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، دکتۆر تەحسین روبێعی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ژمارانەی تووشبووانی شێرپەنجە بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کۆکراونەتەوە."
 
د. محەممەد عەبدولوەهاب، بەرپرسی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو ئامارانەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق بڵاویان دەکاتەوە، وردترین ئامارن و بە چەند فلتەرێکدا تێدەپەڕن، وەک لێدەرکردنی نەخۆشە دووبارەکان و ئەوانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە روو لە پارێزگاکانی دیکە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە، لە ساڵی 2024 دا 46 هەزار و 390 تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023دا 43 هەزار و 62 تووشبوو تۆمارکرابوون.
 
وەک لە ئامارەکەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراقدا هاتووە، "لەسەر ئاستی پارێزگا، زۆرترین تۆمارکراوی شێرپەنجە بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان لە هەولێر بوون کە لە هەر 100 هەزار کەس 147.8 کەس وەک تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، دوای ئەویش کەربەلا دێت کە لە هەر 100 هەزار کەس 132.8 کەس و بەغداش لە هەر 100 هەزار کەس 123.8 کەس وەک تووشبوو تۆمارکراون."
 
ئەم ئامارە تۆمارکردنەکەیە، نەوەک تەنیا تووشبوون و دەکرێ زۆریی ژمارەی پشکنین هۆکار بێ بۆ ئەوەی، بۆ نموونە، لە شوێنێکی وەک هەولێر، ئامارەکە بەو جۆرە بێ. دەکرێ شوێنی دیکە هەبێ تووشبووی تێدا زیاتر بێ، بەڵام هاووڵاتییەکی کەم پشکنین بکەن.
 
کەمترین تووشبوون بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان لە سەلاحەدینە، لە هەر 100 هەزار کەس 67.6 کەس تووشبووی شێرپەنجە لەو پارێزگایەدا تۆمارکراون.
 
ئاماری تۆمارکراوی تووشبووی شێرپەنجە لە ساڵی 2024 بەم شێوەیە بووە:
 
- هەولێر: 3194 توشبووی تۆمارکراو
- کەربەلا: 1878 توشبووی تۆمارکراو
- بەغدا: 11642 توشبووی تۆمارکراو
- نەجەف: 2028 توشبووی تۆمارکراو
- سلێمانی: 2913 توشبووی تۆمارکراو
- بابل: 2527 توشبووی تۆمارکراو
- بەسرە: 3558 توشبووی تۆمارکراو
- قادسییە: 1492 توشبووی تۆمارکراو
- واست: 1570 توشبووی تۆمارکراو
- دیالە: 1836 توشبووی تۆمارکراو
- ئەنبار: 1900 توشبووی تۆمارکراو
- کەرکووک: 1700 توشبووی تۆمارکراو
- موسەننا: 839 توشبووی تۆمارکراو
- زیقار: 2090 توشبووی تۆمارکراو
- دهۆک: 1283 توشبووی تۆمارکراو
- میسان: 1048 توشبووی تۆمارکراو
- نەینەوا: 3234 توشبووی تۆمارکراو
- سەلاحەدین: 1256 توشبووی تۆمارکراو
- بیانییەکان: 402 توشبووی تۆمارکراو
 
پارێزگای بەغدا زۆرترین مردنی بەهۆی شێرپەنجەوە تێدا تۆمارکراوە لە 2024 دا کە 3763 بوون؛ هەولێریش بە 37 مردن کەمترین بووە، ئەوەش بە گوێرەی ئامارەکە. 
  
دیارترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە پیاوانی عێراقدا شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسە و پرۆستاتە، لە خانمانیش شێرپەنجەی مەمک و رژێنی پەریزادەیە.
 
لە منداڵ و نەوجەوانانیش کە لە تەمەنی کۆرپەوە تاوەکو 14 ساڵی جیاکراونەتەوە، بە کۆی گشتی لە عێراق 1923 تووشبوو تۆمارکراون، پارێزگای سلێمانیش زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمارکراوە کە 116 کەس بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە