رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی بڕێک لە کولەکە دوای ئەوەی پشکنینی بۆ کرا، دەرکەوت مادەی نیتراتی لەنێودا زۆر بووە، هەر بۆیە دەستیبەسەرداگیرا. بەڕێوەبەری تاقیگەی جۆریی لە عەلوەی سلێمانی دەڵێت: بڕی ئەو کولەکانە کەم بووە کە نیتراتیان زۆر تێدا بووە و نەهێڵدراوە لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-4-2026 د. عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تاقیگەی جۆریی کۆمپانیای هامسا لە عەلوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێکە لە ئەنجامی پشکنینی کولەکەکان بۆیان دەرکەوتووە، رێژەی نیتراتەکەی بەرز دەردەچێت.
د. عەلی عەبدوڵڵا دڵنیایی بە هاونیشتمانییان دا کە هەموو بەرهەمە خۆراکییەکانی سەوزە و میوە پشکنینی تەواویان بۆ کراوە ئینجا خراونەتە بازاڕ.
پسپۆڕێکی زانستە ژینگەییەکان رایدەگەیێنێت، هەر خۆراکێک نیتراتی زۆری بۆ بەکارهات، ئەوا ژەهراوی دەبێت. ئەو دەڵێت: نیترات بەسوودە بۆ جەستەی مرۆڤ بەڵام بە رێژەیەکی دیاریکراو.
د. کارزان هەورامی، پسپۆڕی زانستە ژینگەییەکان بە رووداوی گوتووە، مادەی نیترات بە سرووشتی لەنێو بەروبوومەکان و خاکدا هەیە کە هیچ مەترسییەکی نییە، بەڵام بەکارهێنانی بڕی زیادەی مادەکە ئەگەر بە شێوەی زانستی نەبێت، ئەوا خۆراکەکە ژەهراوی دەکات.
بەگوتەی پسپۆڕەکە، پشکنینی تاقیگەیی باشترین رێگەی دەستنیشانکردنی بڕی نیتراتە لەنێو بەرهەمەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ