رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی هەناو و پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسەدان لەبارەی چەند هەڵەتێگەیشتنێک لەسەر ڤیتامین D رایدەگەیێنێت، بەداخەوە تائێستا چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراق هیچ رێنیشاندەرێکی پزیشکیی بوونی نییە لەسەر ئەوەی کە (ئایا پشکنینی کەمیی ڤیتامین دی بۆ کێ بکرێت و لە چ رێژەیەک ڤیتامین دی بە کەم دادەنرێت؟)، ئەوەی هەیە کۆمەڵە پزیشکییە جیهانییەکان تایبەتن بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە داندراون و خۆیان باسی ئەوە دەکەن کە هەر ناوچەیەکی جوگرافیی دەبێت رێنیشاندەری پزیشکیی تایبەت بە خۆی هەبێت.
د. زانا دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکان دەڵێت: رێژە و بڕی ڤیتامین دی بە پێی ناوچەی جوگرافیی، ئیتنیک و رەچەڵەک و رەنگی پێست و چۆنیەتی و تینی تیشکی خۆر و جۆری خۆراکی ناوچەکان جیاوازە.
د. زانا دزەیی بە رووداوی گوت، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ڤیتامین دی بەیەکێک لە سەرەکیترین ڤیتامینەکانی فسیۆلۆژی و زیندەچالاکیی جەستە دادەندرێت و کەمیی ڤیتامینەکە بەستراوەتەوە بە چەندین حاڵەت و نەخۆشی وەکو؛
ئێسکە نەرمە
کەمیی کالسیۆم
کەمبوونەوەی بەرگریی جەستە
رێگریکردن لە نەخۆشیی شەکرە
نەخۆشیییەکانی بەرگریی دژەخۆیی
نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک
نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە
هەندێ جۆری شێرپەنجە و چەندینی دیکە...
د. زانا ئەوەش باس دەکات کە بەشی زۆری چارەخوازان و تەنانەت هاونیشتمانیی تەندروستیش ئەگەر چووبێت بۆ پشکنینی گشتی لە تاقیگە، ئەوا بێ گومان داوای پشکنینی ڤیتامین دی کردووە، جا چ خۆی بێت چ پزیشک بێت، جاری واش هەیە کارمەندی تاقیگە یان نۆرینگەی لاکۆڵان بۆی کردووە، هەر بەوەش ناوەستێ، زۆربەی جار دەبینین بە شێوازێکی هەڕەمەکی و نازانستیی و ناتەندروستی، ڤیتامین دی بە شێوازی جۆراوجۆر دراوە بە چارەخوازان یان کەسانێک کە کێشەکەیان هیچ پەیوەندییەکی بە کەمیی ڤیتامین دی نەبووە.
کەی پێویستە کەسێک پشکنینی کەمیی ڤیتامین دی بۆ بکرێت؟
1- هەموو رێنیشاندەرە پزیشکییەکانی جیهان لەسەر ئەوە هاوڕان و کۆکن کە بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک نابێت پشکنین بۆ کەمیی ڤیتامین دی بکرێت. نابێت بەبێ پێویستیی، پشکنینی ڤیتامین دی لە پشکنینە رۆتینەکان بێت.
2- نابێت بەبێ گەڕانەوە بۆ رێنمایی پزیشک و دەرمانساز بۆ هەر مەبەستێک بێت، دەرمانی ڤیتامین دی بەهەر بڕ و شێوازێک وەربگیرێت.
3- زۆربەی کۆمەڵە پزیشکییە جیهانییەکان هاوڕان کە دەبێ خۆدانە بەر تیشکی خۆر بە شێوازێکی زانستی و خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی لە پێشینەی رێگەچارەکانی کەمیی ڤیتامین دی بێت و لەپاڵ ئەوانەدا وەرگرتنی بڕی دیارییکراو لە ڤیتامینەکە بەپێی رێنیشاندەرە پزیشکییەکان دەدرێت.
4- کۆمەڵەی ئەمریکیی نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان لە دوایین رێنیشاندەریدا دەڵێت: هەندێ گرووپ هەن لە خەڵکی کە پێویستە پشکنین بۆ کەمیی ڤیتامین دی بکەن وەکو؛
- تووشبوانی فشەڵی یان پووکانەوەی ئێسک
- تووشبوانی نەخۆشیی پەککەوتنی درێژخایەنی گورچیلەکان
- قەڵەو بەتایبەت ئەوانەی هاوکۆلکەی بارستەی جەستەیان لە 30 زیاترە
- تووشبووی نەخۆشیی هەستیاریی گەنم
- ئەوانەی نەشتەرگەریی بڕینی گەدە و ریخۆڵەباریکەیان بۆ کراوە
5- کۆمەڵە پزیشکییەکان دەڵێن، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 75 ساڵە و هیچ کێشەیەکی تەندروستیی ئەوتۆیان نییە، پێویست ناکات پشکنینی وەرزی یان ساڵانە بۆ کەمیی ڤیتامین دی بکەن.
لەکۆتاییدا د. زانا دزەیی بە پێویستی دەزانێ بە وردییەوە مامەڵە لەگەڵ پشکنینی کەمیی ڤیتامین دی و چارەسەری بکرێت، پێویستە هەڵسەنگاندنی پزیشکیی و زانستیی تەواو بکرێت کە کەی و بۆ کێ و چۆن بکرێت، ناکرێت هەموو نیشانەیەکی وەک بێهێزیی و بێخەویی و ئازاری بەردەوامی ماسوولکە و جومگەکان و سەرئێشەی بەردەوام تەنیا بۆ کەمیی ڤیتامین دی بگەڕێنینەوە پێش ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ