کۆما ئامەد کۆنسێرتێک لە ئەڵمانیا سازدەکات و داهاتی بۆ نەخۆشخانەی سنوونێیە

28-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
کۆنسێرتەکە بۆ پشتیوانیکردنە لە (نەخۆشخانەی سنوونێ)ی نزیک شاری شنگال
کۆنسێرتەکە بۆ پشتیوانیکردنە لە (نەخۆشخانەی سنوونێ)ی نزیک شاری شنگال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە 29-11-2025 لە شاری شتوتگارتی هەرێمی بادن ڤوتمبێرگی ئەڵمانیا کۆنسێرتێک بۆ کۆما ئامەد ساز دەکرێت. ئەو کۆنسێرتە بە پشتیوانی حکومەتی ویلایەتەکە و هەر لەنێو کۆشکی حکومەتیش بەڕێوەدەچێت.
 
کۆنسێرتەکە بۆ پشتیوانیکردنە لە (نەخۆشخانەی سنوونێ)ی نزیک شاری شنگال. بەو پارەیەی لە کۆنسێرتەکەدا کۆدەکرێتەوە، خەرجیی هاتووچۆی نەخۆشەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی دابیندەکرێت.
 
پرۆفیسۆر ئیلهان کزلهان، دامەزرێنەری نەخۆشخانەی سنوونێ و رێکخەری چالاکییەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی کۆنسێرتەکە کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری دەروونی لە سنوونێ.
 
پرۆفیسۆر ئیلهان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە لە ساڵی 2021ـەوە بە هاوکاریی حکومەتی بادن ڤوتمبێرگ نەخۆشخانەکەیان لە سنوونێ کردووەتەوە و لەڕێگەی زانکۆی دهۆکەوە ستافی پسپۆڕ و چارەسەرکاری دەروونییان پێگەیاندووە، بەڵام خەڵکەکە رووبەڕووی کێشەی دارایی بوونەتەوە.
 
کزلهان گوتیشی، "خەڵکەکە لە دۆخێکی سەختدان، زۆربەیان لە کەمپ و شوێنی دوور دەژین، بەهۆی گەرما و سەرما و خراپی رێگەوبان و نەبوونی پارەی پێویست بۆ کرێی گواستنەوە و تاکسی، ناتوانن بگەنە نەخۆشخانەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بۆیە داهاتی ئەم کۆنسێرتە تەنیا بۆ دابینکردنی پاس و ئۆتۆمبێلە بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشانە."
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی شوێنی کۆنسێرتەکە، پرۆفیسۆر ئیلهان ئاشکرای کرد، سازکردنی کۆنسێرتەکە لەنێو کۆشکی حکومەتـی بادن ڤوتمبێرگی ئەڵمانیایە و پەیامێکی بەهێزی دۆستایەتییە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ.
 
ناوبراو دەڵێت، "ئەم چالاکییە بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە سەرنجی جیهان بۆ دۆخی ئێزدییەکان و پەنابەران رابکێشینەوە، چونکە بەهۆی کێشە سیاسییە جیهانییەکانەوە هاوکارییە داراییەکان و گرنگیپێدان بە مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە کەمبووەتەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرجەم بلیتی کۆنسێرتەکەی کۆما ئامەد فرۆشراون، بڕیارە چەندین کەسایەتی باڵای ئەڵمانیا، لەوانە وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و موحتەرەم ئەرەس، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ ئامادەی کۆنسێرتەکە ببن.
 
پرۆفیسۆر ئیلهان کزلهان لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، ئەوان وەک رێکخەرانی پڕۆژەکە تەنیا رۆڵی نێوەندگیر دەبینن و تەواوی پارە و هاوکارییەکان راستەوخۆ لەڕێگەی رێکخراوی (SHP) و لایەنە فەرمییەکانەوە دەگاتە خزمەت نەخۆشخانەی سنوونێ و خەڵکی شنگال.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەنتەرێکی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو

ئەنجوومەنی تالاسیمیای کوردستان: با سەنتەرەکانی تالاسیمیا بودجەی تایبەت بە خۆیان هەبێت

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای کوردستان رایدەگەیێنێت، بارودۆخی تووشبووانی تالاسیمیا خراپە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانی تاقیگە و وەرگرتنی خوێنەوەیە، ئەنجوومەنەکەش پێشنیاز دەکات، سەنتەرەکانی تالاسیمیا بودجەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی کڕینی کەلوپەلەکانیان دوانەکەوێت.