رووداو - تەندروستی
بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، لەنێو هاوکارییەکانی کەمپینی 'رەنجی رووداو' بڕێکی زۆر لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی تێدا بووە و دوای کۆگە کردن، دابەش دەکرێن بەسەر بنکە و نەخۆشخانەکاندا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-1-2026 د. عەباس ئازاد، بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان بە دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو لە قامیشلۆی گوت، لەنێو هاوکارییەکانی {کەمپینی رەنجی رووداو} بەشێکی زۆر لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی تێدایە.
د. عەباس ئازاد روونی دەکاتەوە، دەرمانەکان لە کۆگە دادەنرێت و دابەش دەکرێت بەسەر بنکە و نەخۆشخانەکاندا.
بەگوتەی د. عەباس ئازاد، 43 قوتابخانە و مزگەوتیان لە قامیشلۆ و عامودێ بەسەر کردووەتەوە، زیاتر لە سێ هەزار نەخۆش چارەسەر کراون. هێشتاش ئەو دەڵێت کە لە قۆناخی داهاتوودا خزمەتگوزارییەکانیان فراوانتر دەبێت و کار دەکەن بۆ ئەوەی نەشتەرگەریش بۆ برینداران و نەخۆشەکان بکەن.
بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی هاوکاران و بەخشەرانی ئەو دەرمان و پێداویستییانە کرد و رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی بەنرخ راگرت لە کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکارییەکان.
لە کەمپینی 'رەنجی رووداو'دا ئەم دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانە نێردراون بۆ رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ