رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. باپیڕ جەختی لەوە کردەوە کە بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، "پێویستە تورکیا بە جیددی بەڕووی کورددا بکرێتەوە."
ناوبراو، وێڕای دەستخۆشیکردن لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەو ئاشتی، داوای کرد کە ئەم هەنگاوانە تەنها لە چوارچێوەی لێدواندا نەمێننەوە، بەڵکو لە پەرلەمانی تورکیادا یاسایی بکرێن و بە شێوەیەکی کۆنکرێتی و کرداری جێبەجێ بکرێن.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی لە هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ زانا کایانی، پێشکێشکاری رووداو چەندین تەوەری دیکە باس دەکات و رای خۆی لەبارەیانەوە دەخاتەڕوو.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بیسەر و بینەری رووداو، سڵاوتان لێ بێت، هیوادارم هەموو لایەکتان باشبن، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا پێتان گەیشتوومەتەوە لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی، پێموایە لەگەڵ رووداو دەمێکە هەڤپەیڤینی نەکردووە، ئەگەرچی لە پێشانگای کتێب هەڤپەیڤینێکی کورتی کرد، بەڵام وەکو ئەم جارە نابێت، سڵاو لە ئێوە مامۆستا.
عەلی باپیر: سوپاست دەکەم بەخێربێن کاک زانا خۆت و هاوکارانت بەخێربێن.
رووداو: تازە لە گەشت گەڕاویتەوە؟ پێموایە هەفتەیەکە؟
عەلی باپیر: بەڵێ نزیکەی هەشت نۆ رۆژێکە.
رووداو: گەشتەکە چۆن بوو؟ لە بەریتانیا بوویت؟
عەلی باپیر: بسم الله الرحمن الرحیم، الحمدلله والصلاة والسلام علی رسول الله محمد و علی آله و صحبه أجمعین أما بعد، گەشتەکەمان زیاتر گەشتێکی کۆمەڵایەتی بوو بۆ بەسەرکردنەوەی کوڕ و کچ و خوشک و خوارزا و خزم و دۆست و ئاشنایان، بەڵام جموجۆڵەکانی ئێمە ئەگەر کۆمەڵایەتیش بن، بە زۆری رەهەندی سیاسیش وەردەگرن، رەهەندی دیکە وەردەگرن، باشبوو بەگشتی گەشتەکەمان، بە ئاسانی چووین و بە ئاسانی هاتینەوە، لەوێش خەڵکێکی زۆر تامەزرۆ بوون، ئێمەش بەراستی تامەزرۆی دیداریان بووین، مرۆڤ کە دەچێت بۆ ئەو وڵاتانە، هەندێک خەڵک دەبینێت 20 ساڵە نەیبینیوە، هەیە 30 ساڵەو هەیە هەر نازانی دەخوا چی لێهاتووە، لە گۆشە و کەنارێکی ئەو وڵاتانە لە سووچێک لە شارێک، ئەگەر کۆڕ و بۆنە رێکبخرێن بڕەخسێت ئەوا دەچین، من زۆر دڵخۆش بووم بە دیداری ئەو خەڵکەی ئەوێ، راستیەکەی لە چەند شوێنێکیشەوە پێیان گوتم، ئێستا دەرفەتە من باسی بکەم، گوتیان مامۆستا ئێمە لێرەین، خۆت لە نزیکەوە ژیانمان دەبینی، بەتایبەتی دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە دونیای گرتووەتەوە، بەتایبەتی ئەورووپا و رۆژئاوا، ژیانی خەڵک لەوێ زۆر سەختە، بە تایبەتی کوردەکانی خۆمان، گوتیان تۆ بارودۆخەکەمان دەبینیت، ئایا هیچ جار لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئێمە دەکەن؟ گوتم راستیەکەی من جاری وا هەبووە باسمکردووە، هەروەها باسی کۆچڕەوی خەڵکم کردووە، کە خەڵک کۆچ دەکەن و زۆریان لەو رێگەیە لەناودەچن، لێرەش دەزانم زۆر کەس هەن 10 ساڵە، هەیە 15 ساڵە و هەیە 20 ساڵە مافی مانەوەی هەمیشەیی نەدراوەتێ، ناچار دەبن ئیشی رەش بکەن یان بە کولەمەرگی بژین، بەڵێ من باسمکردووە و هەقی خۆشتانە و هەقتان بەسەرمانەوە هەیە، بە تایبەت بەسەر بەرپرسانی هەرێم ، لەبارەی ژمارەی کوردلە بەریتانیا لەوێ لە کەسێکی شارەزام پرسی، گوتی مامۆستا تەنیا لە بەریتانیا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد هەیە، 350 هەزاریان تەنیا خەڵکی باشووری کوردستانن، واتە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، ئەوانی دیکەش هی باکووری کوردستان و رۆژهەڵات و رۆژئاوان، گوتم بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە، بەرپرسانی هەرێم بەرپرسیارن کە خەم لە ئێوە بخۆن و ئەوەی بگونجێت بیگەڕێننەوە بەسەر بەرزی و لەوێ مافەکانتان بۆ دابین بکرێت، جێگە و رێگەتان بۆ دابین بکرێت، ماشاءالله ئێستا لە هەرێم هەر بینایەیەو دەچێتە تاقی ئاسمان و چەندین قاتن و نازانم ئیدی بۆ چییانە بە نرخی گران دەیفرۆشن، دەبوایە ئەو خەڵکەی کە لێرە ئاوارە بوون، لێرە پەنابەرن، کۆلیتێکی دەست نەکەوتبێت، هەر فریای بابۆڵە خواردن دەکەوێت، دەبوایە خەمیان لێخواردبایە.
رووداو: باشە، ئەوە بە کورتی بپرسم، هۆشداریت دا بە بەرپرسان و بە لایەنی حکومی، بەڵام قسەت چییە بۆ ئەوانەی کە گەنج و بەنیازن بڕۆن؟
عەلی باپیر: وەڵڵاهی ئەو هۆشدارییەم بۆ ئەوانیشە، دەڵێم بەر لەوەی بەرپێی خۆتان ببینن تەلەفۆن بکەن بۆ ئەو خەڵکەی ئەوێ لێیان بپرسن ژیانتان چۆنە، واتە وانەزانن کە لەوێ فەرشیان بۆ راخراوە و رێگەکە بە گوڵ چێندراوە، ئەوە هیچ زۆر بە زەحمەت دەگەنە ئەوێ، لەوێش دیسان ژیانێکی ئاسان نییە بەڕاستی، ئەوانەی کە لەوێن کوردەکان بە زۆری یان سەرتاشخانەیان هەیە یان کاری دلیڤەری دەکەن یان ئیشی دووکان و غەسڵیان هەیە، یا لە مارکێتێک کار دەکەن، بە زۆری ئەو کارانە دەکەن، با بپرسن بڵێن ئەرێ دۆختان چۆنە؟
رووداو: وابزانم یەکێک لە کوڕەکانت لەوێ دەژی و خەریکی کاروکەسابەتی خۆیەتی؟
عەلی باپیر: بەڵێ، ئەویش ئبۆی بڕەخسێت دێتەوە، کاک شەریف گوتی بابە ئێستا بۆم ناکرێت بێمەوە، بەتەمایە وڵاتینامەی بۆ دەرچێت بێتەوە، چونکە لەوێ بەراستی ژیان زەحمەتە، بەتایبەتی دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە رووی کردووەتە دونیا و بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، هەموو شت گران بووە و پارە کەم بووە و ئیش بە زەحمەت بووە، خەڵکێکی زۆری غەیرە کوردیش لەوێ هەن لە پاکستانی، ئەفغانستانی، لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و لە کوێ و لە کوێ، خەڵک بە زەحمەت کاری دەست دەکەوێت.
رووداو: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵی دادگەریی ئەنجامێکی باشی بەدەستنەهێنا، ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان لەبەردەمدایە لە مانگی ئۆکتۆبەر، پێتوایە ئەمجارە ئەنجامەکانتان راست بکەنەوە لەم هەڵبژاردنە؟
عەلی باپیر: وەڵڵا کاک زانا، پێش ئەوەی بچینە سەر هەڵبژاردنی عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێت بپرسین بۆچی ئەنجامی باشمان بەدەست نەهێنا؟ کاک زانا، ئەنجامی باشمان بەدەستهێنا، بەڵام ئەنجامی باشیان نەداینێ، بەڕاشکاوی پێتبڵێم، عەرەب دەڵێن "کلام الاقران یطوی ولا يروی" قسەی دۆستان دەپێچرێتەوە و ناگێڕدرێتەوە، ئەگەرنا خەڵکێک کە لە نزیکەوە ئاگاداربوون پێیان گوتم کە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بە حیساب کورسییان زۆر هێناوە، پارتی یەکێتی، خەڵکی دی لەگەڵیان دانیشتوون، مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، ئەو گوتوویەتی من ئەوەندە کورسیم دەوێ، دەڵێن نەخێر ئەوەندەت دەدرێتێ، ئەوەی دیکە گوتویەتی ئەوەندە، گوتویانە نەخێر ئەوەندە دەدرێتێ.
رووداو: یەکێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنە؟
عەلی باپیر: نا، من لە غەیری ئەوەوە یانی من لە دوو سێ سەرچاوەوە پێمگەیشتووە، زانیارییەکی جێی دڵنیاییە، سێ رۆژ بەر لەوەی هەڵبژاردن بکرێت، بەرپرسێک تەلەفۆنی کردووە بۆ رۆژنامەڤانێک کە دەیناسم، بەس ناوی ناهێنم، سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن گوتویەتی کاکە بۆ ئەوەندە خۆت بێهودە ماندوو کردووە بە ئۆپۆزسیۆنەوە، بەرگرییان لێ دەکەی، ئەویش گوتویەتی کاکە ئەوە وڵاتتان پڕکردووە لە گەندەڵی و ئۆپۆزیسیۆنیش دەیانەوێت دۆخەکە راست بکەنەوە، بەرگری لە مافی خەڵک دەکەن، گوتی با من پێت بڵێم، پارتی ئەوەندە کورسییە، یەکێتی ئەوەندە، فڵان ئەوەندە، هەردوو لایەنە ئیسلامییەکەش ئەوەندە کورسی.
رووداو: یەعنی پێت وایە پلان داڕێژراو بووە؟
عەلی باپیر: بەڵێ، بەڵێ، یەعنی سێ رۆژ بەر لەوەی هەڵبژاردن بکرێت، هەردوو لایەنە ئیسلامییەکە ئەوەندە، ئەویش گوتویەتی جا ئەوە یەعنی چی؟ گوتی جا تۆ تەماشای بکە، ئەگەر وا دەرچوو بزانە من راستم کردووە و تۆ ئاگات لە هیچ نییە، ئەگەر واش دەرنەچوو گلەییم لێ بکە، گوتی وەڵڵا رێک ئەوە دەرچوو، جا کاک زانا ئێمە بەراستی زوڵمێکی گەورەمان لێکرا، کەسێک لە ئێمەی رانەبینی بێت سەودامان لەگەڵ بکات.
رووداو: ببوورە مامۆستا، لایەنی دیکە هەبوو ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتە لە دوای هەڵبژاردن و ئەنجامەکان، لایەنی دیکەی ئیسلامی هەبوو بەدوواداچوونیان بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردن کردبوو.
عەلی باپیر: بەڵێ، بەڵێ، ئێستا هەموو لایەک ئەگەر ئەوەی دانی پێدا بێنن، هەموو لایەک یەک دەنگن لەسەر ئەوەی کە ساختەکارییەکی زۆر کرابوو ئەم هەڵبژاردنە دیزاین کرابوو پێشوەخت، هیچ گومان لەوەدا نییە، هەر بۆیە ئەها تەماشا بکە، شتێک کە لەسەر بناخەیەکی راست و ساخ دانەمەزرێت ئەوە بەرهەمەکەیەتی، باشە ئەوە بۆ مانگی هەشتەم دەچین دوای هەڵبژاردن، بۆ هەر پەرلەمان بەسەر پێ ناکەوێت و پێی نەگرتووە بۆ سەر و سۆراخی حکومەت هەر دیار نییە، هەڵبەتە ئێمە هیچ بایکۆتی پەرلەمانمان کرد، بۆچی بایکۆتمان کرد؟ گوتمان ئێمە ناچینە نێو پەرلەمانێکەوە کە پێشوەخت دیزاین کراوە، رەوایەتی نادەین بە دۆخێکی ناڕەوا، قەزیەکەمان ئەوە بوو.
رووداو: ئێستا کاک عومەر گوڵپی هەڵوێستێکی هەبوو، سکاڵای تۆمار کردووە، هەڵوێستی تاکەکەسی خۆیەتی یان هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەرییە؟
عەلی باپیر: رەنگە زیاتر هەڵویستی تاکەکەسی خۆی بێت، من ئاگادار نیم نەخێر، هەڵبەتە ئێمە بۆ زانیاری جەنابت و بینەران و بیسەرانی بەڕێزیش، ئێمە پەرلەمانتارەکانی خۆمان و تەنانەت زۆر لە کادیر و ئەندامەکانیشمان ئەوەی کە بزانین توانایەکی هەیە، وامان فێر نەکردوون بۆ هەموو شتێک پرس بە ئێمە بکەن، وەکو هێندێک حیزب ئەندامەکانی خۆی وەکو رۆبۆت لێکردووە ئێمە وانین، خۆتان دەزانن مامۆستا ئەحمەدی حاجی رەشیدمان هەبووە لە بەغدا مەرج نییە هەموو جارێ پرسی بە ئێمە کردبێت و مەرجیش نییە بۆ جارێک پێکاویەتی، کاک سۆران عومەرمان هەیە ئێستا، خەڵکی دیکەمان هەبووە لێرە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە ئەندامانی خۆمانمان وا رانەهێناوە، وامان فێرنەکردوون، پێشموایە شەرعی و رەواش نییە، ئازادیمان پێداون، چونکە من پێموایە داهێنان بە ئازادی دەکرێ، کەسێک دەست و پێت ببەستن، داهێنان چۆن و لە کوێ بکات؟ بەڵام هەموو رۆبۆتەکان دەبێت چیت پێگوتووە جێبەجێی بکات.
رووداو: رەنگە بینەران ئێستا شتێکیان بیربێتەوە لەگەڵ ئەم قسانەی جەنابت، پەرلەمانتارێکتان هەبوو پەرلەمانتارێکی ژن کە پێچەوانەی بڕیاری کۆمەڵی دادگەری بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانتاراندا کرد..
عەلی باپیر: ئەوەش هەر قسەکەی من پشتراست دەکاتەوە، هیچ پەت و سێدارەشمان بۆ هەڵنەواسی، خەڵکی دیکەش هەیە کە لە حیزبەکەی خۆی عاسی دەبێ، ئیجرائاتی زۆر تووندی لەگەڵ دەکەن، ئێمە هەر پێشتر ئاگادارمان کردبوون، گوتوومانە هەر کەسێک پابەند نەبێت بە بڕیاری حیزبەوە، لەو حیزبەدا نامێنێت، لە کۆمەڵدا نامێنێت، تەواو، بڕۆ دەرێ و تەواو، ئیتر هەر خوشکێکی بەڕێزە لە ماڵی خۆی، ئیدی ئەندامی کۆمەڵ نەما، مەبەستم ئەو خەڵکەی دیکە نەک هەر ناوێرێ ئەوە بکات، دوای ئەوە کە ئەوەش دەکات لە پتی دەردەچێ، لێپرسینەوە و سزای زۆر تووندی لەگەڵدا دەکرێ، بەڵگەش زۆرە، بەڵام ئێمە ناچینەوە وردەکارییەکانەوە.
رووداو: لە باسی دوو حیزبە سەرەکییە ئیسلامییەکەی کوردستان،کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی، هەندێک لێکۆڵینەوەی پارتی و یەکێتی دەڵێن دەنگی ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان هەر لە نێوان یەکگرتوو کۆمەڵی دادگەری کەم و زیاد دەکات، راستە؟
عەلی باپیر: نەخێر، نەوەڵڵا راست نییە و من یەک شت دەڵێم، با یەکجار پارتی و یەکێتی بوێرن، خەڵک ئازاد بکەن، نە پارەیان بدەنێ، نە بیانترسێنن، نە تەماعیان وەبەرنێن، نە پەنا ببەن بۆ وڵاتانی دەرودراوسێ هاوکارییان بن، با لێگەڕێین یەک جار هەڵبژاردنێکی ئازاد بکرێ، خەڵک تەعبیر بکات لە رێی خۆی.
رووداو: یانی ئازادی نەبوو لە هەڵبژاردنی پێشوو؟
عەلی باپیر: نا پێموایە هەموو جارێ تاوەكو ئێستا ئەو هەڵبژاردنانەی کە کراون، تەنیا رێژەکەی جیایە، ئەگەنا ساختەکاریی هەر هەبووە، زەخت و گوشار هەر هەبووە، پارەپێدان هەر هەبووە، تەماع و بەرنان هەر هەبووە، و چاو لە خەڵک سوورکردنەوە هەر هەبووە، یانی جگە لە چەواشەکاری بەو هەموو ماکینە راگەیاندنەی کە بە پارەی ئەم خەڵک و میللەتە کار دەکات.
رووداو: واتە ئێستا لەم شێوازی هەڵبژاردنەکە ئەنجامماندا، چاو سوورکردنەوە کرا؟ یانی هەڵبژاردنەکە بە شێوازێکی نهێنی بوو.
عەلی باپیر: بەڵێ، ئەوەش هەر هەبووە، لە خودی هەڵبژاردنەکەشدا لە میکانیزمەکەیدا، ئێمە خۆ باسمان کرد و سکاڵامان تۆمار کرد و باسکرا، یانی کە چۆن کراوە، چۆن نەکرا، ئێستا دەرفەت نییە من باسی وردەکارییەکەی بکەم.
رووداو: باشە، بۆ دەبێ ئەم جارە لەم هەڵبژاردنەی کە لە بەردەمانە لە بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ دەبێ خەڵک زیاتر دەنگ بدەن بە کۆمەڵی دادگەریی تاوەکو یەکگرتووی ئیسلامی؟
عەلی باپیر: کێ وا دەڵێ؟
رووداو: با من ئەوە بپرسم.
عەلی باپیر: ئەگەر بە دەمی منەوە بیڵێن من نەمگوتووە، ئەگەر بە دەمی کۆمەڵەوە بیڵێن کۆمەڵ وا ناڵێ.. راستییەکەی کاک زانا، ئێمە پێمان راستە، پێمان هەقە کە خەڵک دەنگ بدات بەو پەرلەمانتارانەی کە تەعبیر لە ناخ، لە واقیع، لە مەزڵومیەت، لە مافەکانی ئەوان دەکەن، وەکو کێو دەوەستن، نە پارە کاریگەرییان تێدەکات، نە ترس، نە تەماع و نە چەواشەکاری، ئینجا ئەوانە لە نێو کۆمەڵدا بن یان لە نێو یەکگرتوودا بن، یان لە نێو لایەنێکی دیکەدا بن، جگە لە لایەنی دەسەڵات، چونکە لە لایەنی دەسەڵاتداران ئەوە بۆ چەند ساڵ دەچێ تاقیدەکرێنەوە و شانسی خۆیان تاقیکردووەتەوە، چی لە هەگبەیاندا بووە هەڵیان رشتووە، پارتی و یەکێتی ئێستا بۆیان نییە بڵێن خەڵکینە واتان بۆ دەکەین، خەڵک دەڵێ کاکە تۆ ئەوەندە ساڵە حوکمڕانی ئەم وڵاتە دەکەی، سی و ئەوەندە ساڵەیە تۆ ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەی، چی لە هەگبەدا بوو هەڵتڕۆشتووە؟ هەر ئەوەت پێیە، ئێستا پێویست ناکات یەکێتی و پارتی بە خەڵک بڵێن، کە بەداخەوەش ئەوان لە هەموو کەس زیاتر رێکلام و بانگەشە دەکەن، بەڵام دوایین بانگەشەکانی خۆشی هەڵدەوەشێنەوە، بەڵام خەڵکی دیکە کە ئەزموون نەکراوە، بۆی هەیە بڵێت کە دەنگم پێ بدەن و ئەگەر پشتم بگرن و هاوکارم بن، ئەوەتان بۆ دەکەم، پێموایە کە دەبێ خەڵک بە گشتی هان بدەین، خەڵکینە پێتان وایە کێ لەگەڵتاندا راستە و ساخ و دڵسۆزە و ناکڕدرێ و نافرۆشرێ و ناخلیسکێ، ئەوانە بکەن بە نوێنەری خۆتان، جا لە کۆمەڵن یان یەکگرتوون، یاخود لە جگە لەو دوو لایەنە.
رووداو: باشە، ئەم جارە کۆمەڵی دادگەری دەتوانێت چی بکات لە هەڵبژاردن؟
عەلی باپیر: وەڵڵاهی ئەوە دەکەوێتەوە سەر بارودۆخەکە، ئێمە جارێک بڕیاری یەکلاکەرەوەیمانداوە کە بەشدار بین، هەڵبەتە ئێمە هەوڵماندا بۆ زانیاری جەنابیشت، بینەر و بیسەرانی بەڕێزیش باسکرا لەلایەن هەندێک لە سەرکردەکانی ئێمەوە، ئێمە هەوڵمان دا هاوپەیمانەتییەکی فراوان پێکببینین، بەڵام ناچمە نێو وردەکارییەکان، بەدەستمانەوە نەهات.
رووداو: کێ هۆکاربوو؟
عەلی باپیر: بیرۆکەی دەستپێکردنی هاوپەیمانێتییەکە ئێمەوە بووین، ئێمە سەردانی یەکگرتوومان کرد، من خۆم دوو جار سەردانم کردن، جەنابی مامۆستا سەڵاح و ئەوانم بینی، داوامان لێکردن پێویستە ئێمە شتێک بکەین کە خەڵک هیوا و ئومێدێکی بۆ بگەڕێتەوە، چونکە خۆت دەزانی، هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا 70٪ی زیاتری خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، گوتمان با ئێمە وابکەین خەڵک ئومێدی هەبێت، ئەو 70٪ی خەڵک هیوا و ئومێدیان بۆ بگەڕێنینەوە، متمانەی هەبێت کە دەکرێت و دەگونجێت گۆڕانکاریی بکرێت.. دوای ئەوەی کە لەگەڵ ئەواندا قسەمان کرد و لێکتێگەیشتنمان هەبوو، ئینجا لیژنەیەکمان دروستکرد، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا قسە کرا، دوای هەر لایەنە بە پاساوێک، واتە پێمباش نییە باسیان بکەم، هەبوو مەرجی بەربەستی(عجز)ی دادەنا، شتێکی دەگوت کە.
رووداو: پێمخۆشە باسی بکەی.
عەلی باپیر: وەڵڵاهی.. مەسەلەن لایەنێک هەبوو دەیگوت.
رووداو: کام لایەنە؟
عەلی باپیر: لایەنێک هەبوو دەیگوت دەبێت من هەموو شتێکم بەدەست بێت، دەبێت ئاوا و ئاوا بێت، تێمان رانەبینی.
رووداو: کام لایەن بوو؟
عەلی باپیر: بە هەر حاڵ، یانی پێویست ناکات ناوی کەس بێنم، ئینجا گوتمان هەندێ لایەن هەر بۆ خاتری خوا بابێن لەبەر دڵگران نەبوونی خەڵکێکی دیکە، ئەگەرنا لەناوەخۆمان قەناعەتمان پێان نەبوو، راستییەکەی هەموو کەس هی ئەوە نییە لەگەڵی بەڕێدا بڕۆی.
رووداو: شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ هۆکار بوون بۆ دروست نەبوونی ئەم هاوپەیمانییە؟
عەلی باپیر: ئەوان هۆکارێک بوون و خەڵکی دیکەش مەسەلەن هۆکارێک بوون، گرنگ ئەوەیە سەرەنجام ئێمە لەو هەوڵەی کە دەستمان پێکردبوو بە دەستی خاڵی لێیدەرچووین، بە داخەوە با هەموو خەڵک بزانێ زۆر مەبەستمان بوو بۆ یەکجار ئەم ئۆپۆزیسیۆنە کۆبێتەوە سەر یەک، گوتمان وەرن با پێکەوە لێکتێبگەین، با ببینە یەک، ئەو خەڵک و جەماوەرە با هیوا و ئومێدێکی بۆ بگەڕێتەوە، با متمانەی بۆ بگەڕێتەوە، ئیتر وەکو گوتم هەر یەکەو بە پاساوێک و بە بیانوویەک کە ئێستا من ئەگەر شتەکان باس کەم دەبێتە زەمکردن و باسکردنی ئەم و ئەو، منیش عادەتم نییە بەڕاستی.
رووداو: ئەوە زەم نییە لەبەردەم کامیرەیە و هەموو خەڵک دەیبینێ.
عەلی باپیر: دەزانم ئاخر زەمکردن لە ژووری داخراو خراپە و لە بەردەمی کامێرەدا بێت خراپترە.
رووداو: ناکۆکیتان هەیە لەگەڵ گوتار و پێشنیازەکانی شاسوار عەبدولواحید؟
عەلی باپیر: وەڵڵاهی کاک زانا، ئێمە پێمان وایە، مرۆڤ دەبێت سەرەتا لەگەڵ خودا راست بێت، چاودێری خودا بەسەر خۆیەوە ببینێت، جا بۆ شاسوار و بۆ غەیری شاسواریش هەر وایە، سەرەتا دەبێت لەگەڵ خودا راست بێت، ئینجا لەگەڵ خەڵکدا راست بێت، جا من بە گشتی قسەدەکەم، عەرەب دەڵێن "لا تقویلنی مالم اقول" شتێکم پێ مەڵێ کە نەمگوتووە، من بە گشتی قسە دەکەم بەڕاستی، وەک کۆمەڵی دادگەریی، وەک مامۆستایەکیش کە خەڵک دینمان لێ وەردەگرێت، چونکە هەر بەو چاوە تەماشام ناکرێت، وەک سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی بەو چاوەش کە من ئەم وڵاتەم پڕکردووە لە کتێب و نووسین و گوتار و بەرهەم و خەڵک چاوەڕۆی ئەوەم لێ دەکات قسەی خێر بکەم، واتە ئاراستەکردن و رێنمایی دیکەشم هەیە بۆ ئەوانەی کە لێمان وەردەگرن، من پێموایە بە نیسبەت کاک شاسوار و بەندە و عەمر و زەید و هەر کەسێک، دەبێت سەرەتا لەگەڵ خودا راست بێت، چاودێری خودا بەسەر خۆیەوە ببینێت و بزانێت رۆژێک دێت دەچێتەوە بەردەم خودا، ئەوەت بۆ گوتووە؟، ئەوەت بۆ کردووە؟، ئەوەت چۆن کرد؟ ئەوە یەکەم، خوای گەورە لە سەرەتای سوورەتی ئەنفالدا دەفەرموێت: لە خوابترسن، پەیوەندی نێوانیشتان چاک بکەن، من پێموایە بە ئەندازەی هەبوونی تەقوا لە دڵ و دەرووندا و ترس لە خوای گەورە، وریابوون لە مامەڵەکردن لە خزمەت خوادا، بەمە پەیوەندی نێوانمان چاک دەبێت و لەگەڵ خەڵکیشدا چاک و راست دەبیت و قۆڵیان نابڕیت، فێڵیان لێ ناکەیت، قسەیەک ناکەی کە کاری پێ نەکەی، ئەمڕۆ قسەیەک ناکەی سبەینێ هەڵیبوەشێنیتەوە، بە راستی لێت ناشارمەوە کە تەماشای دۆخی هەرێم دەکەم، چ لە لایەنی هەردوو حیزبی حوکمڕان، چ خەڵکی دیکە، زۆر نیگەرانم لەوەی کە هەست دەکەم بەها و رەوشتە بەرزە سیاسییەکان زۆر کاڵبوونەتەوە، لای هێندێک کەس هەر نەماون، لای هێندێک زۆر کاڵبوونەتەوە، من کتێبێکم هەیە دوای دانەیەکت دەدەمی بە ناوی 'گرنگی رەوشت لە سیاسەتدا'، باسمکردووە کە رەوشت، ئەخلاق، بەها بەرزەکان لە هەموو شتێکدا پێویستن، لە ژیانی تاک، خێزان، کۆمەڵایەتی و لە بواری کار و کەسابەت، بەڵام بۆ بواری حوکمڕانی و سیاسەت، ئەخلاق و رەوشت و بەها بەرزەکان یەکجار پێویستن لە هەموو شتێک پێویسترن بۆ؟ چونکە سیاسییەک، حوکمڕانێک کە هەڵەیەک دەکات، یان خۆی بەهایەکی بەرز لە دەست دەدات، خەڵکەکە هەمووی باجی لەگەڵ دەدات، بۆ نموونە سیاسییەک کە درۆ دەکات، کە بەڵێنێک جێبەجێ ناکات، کە شتێک دەڵێت فێڵە لە خەڵک، دوای باوەڕی لای خەڵک لەدەست دەدات، بۆیە بە نیسبەت هەموو ئەو کارەکتەرە سیاسیانەی هەن، من لێرەوە وەکو دڵسۆزێک پێیان دەڵێم پێویستە هەموومان چاوێک بە خۆماندا بخشێنینەوە، واتە لە کاتی خۆی لە پیر و پێشینانی ئێمەدا دەیانگوت (بەرهاویشتنێک پیاوی درۆیە)، پیاو بەرناهاوێ وانییە، دووگیان نابێت تا لە بەری بچێت، دەیانگوت: کە پیاو درۆی کرد وەکو بەری هاویشتبێت وایە، بەڵایەکی گەورەی بەسەر هاتووە، کە تۆ درۆت لە لات ببێتە شتێکی رۆتین چۆن سیاسەت بەوە دەکرێت؟ چۆن خزمەتی خەڵک بە درۆ دەکرێت؟ ئاوا ئێش بە پینەوپەڕۆ هەر دەگاتە نیوەڕۆ و ناگونجێت، بۆیە دەبێت بە راستی چاوێکی جیددی بە خۆماندا بخشێنینەوە و سەرەتا لەگەڵ خوا راستبین و پاشان لەگەڵ خەڵکیشدا، کاکە دەبێت لەگەڵ تورکیاشدا راست بکەین و لەگەڵ ئێرانیشدا راست بکەین و لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ ئەمریکاشدا، کابرایەک هات بۆ لام، بەرپرسیاریەتی سەربازی هەیە لە یەکێک لەو دوو لایەنە حوکمڕانە، گوتی ئەمریکییەکان و ئەڵمانی و ئەوانە پێیان گوتووین کاکە هەر یەکجار، یەکجار راست بکەن لەگەڵمان گوتم: چۆن؟ گوتی: کاکە ئەوە چییە هەموو ناکۆکی و سۆزمان پێدەدەن و دواتریش وا ناکەن، یانی بە راستی ئێمە پێویستە چاوێکی جیددی بە خۆمان بخشێنینەوە و هەموو لایەنەکان لە بواری خۆڕازاندنەوە بە بەها بەرزەکان، وە خۆدوورگرتن لەو شتانەی کە پڕۆسە سیاسییەکەمان زیاتر پێی ناشیرین دەبێت، لەبەر چاوی خەڵک قێزەون دەبێت.
رووداو: لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بۆ هاوپەیمانییتان پێکنەهێنا؟
عەلی باپیر: وەڵڵا قسەمان لەگەڵیان کرد، ئێمە وامان دانابوو لەگەڵ هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کۆببینەوە بە نەوەی نوێشەوە، ئەوە بوو کە نەوەی نوێی لێیچووه دهرێ لهبهر ئهوهی که مهرجێکی (تعجیز) بەربەستیان دانا کە کەس پێی قبووڵ نەبوو، ئەوان لێی چوونەدەرێ، دواتر یەکگرتووش لێیچوونە دەرێ و دواتر هەندێک لایەن مابووینەوە و گوتمان با هەر چۆنێک بێت دامانابوو کۆتا بڕیار ئەگەر هەر لەگەڵ یەکگرتووش بێت ئەو هاوپەیمانێتییە بکەین، بەڵام ئەوانیش لێی چوونە دەرەوە، مەرجیان ئەوە بوو فڵان لایەنی تێدابێت، باشە با هەبێت، بەڵام بەو شێوەیە هەبێت کە هەموومان لامان پەسەند بێت، نەک بەوشێوەیەی خۆی دەیەوێ و کەسیش پەسەندی نەکات، ئیدی ئەمە نەگونجا. بەڵام یەکگرتوو و لایەنەکانی دیکەش هەروەک خۆیان تەماشەیان دەکەین لەبەر ئەوەی کە هاوپەیمانیەتییەمان بۆ دروست نەکراوە مانای ئەوە نییە نیشانەی پرسیاریان بخەینەسەر، بەڵام ئەوە هەیە هەرکەسە و لە میانی هەڵوێستەکەی خۆیدا دیارە، بەلای من و بەلای هەرکەسێکەوە نرخ و بەهای خۆی وەردەگرێت، ئەگەر نا ئێمە هەرکەسەو لە شوێنی خۆیەتی و یەکگرتووش لە شوێنی خۆیەتی و کۆمەڵ لە شوێنی خۆیەتی و نەوەی نوێ و ئەوانی دیکەش.
رووداو: ئاماژەت بەوەدا لە هەڵبژاردندا بەشداریکردنی خەڵک زۆر بەرز نەبوو، بەڵام ئەو ئامارەی کە بڵاوکرایەوە راگەیەنرا رێژەی بەشداری بەرز بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا ئێوە دەتانەوێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە؟
عەلی باپیر: ئێمە قسەمان لێنەکردووە هەر پەرلەمان بۆ خۆی هەڵوەشاوەتەوە، کام پەرلەمانە؟ ئەوەی پێشتر ئەوە هیچ، ئەوەی ئێستا خۆی نەکەوتووەتە سەر پێ، نانا ئێمە ئیش لەسەر ئەوە ناکەینەوە، باشە ئەوە کاک عومەر تەعبیری دەکات رای خۆیەتی و دەنا من پێوایە ئەم پەرلەمانەی ئێستا هەر رەوایەتی نییە، ئەگەر لە من دەپرسی ئەم پەرلەمانە بە ساختەکاری و بە دەست تێخستنی خەڵکی دیکە دروست بووەو بە دابەشکردن دروست بووە، ئەوەندە بۆ تۆ و ئەوەندەش بۆ تۆ، ئەوەندەش بۆ ئەم، ئەمە هەر رەوایەتی نییە و تەنانەت کاریش ناکەم بۆ ئەوەی هەڵیبوەشێنمەوە هەر بەڕەوای نازانم، بەڵام مامۆستا عومەر کە هەوڵی بۆ دەدات ئەوە تەعبیر لە راو بۆچوونی خۆی دەکات و رەنگە جگە لەویش خەڵکێکی زۆریش هەیە لە هەموو لایەنە سیاسییەکاندا پێیان خۆش بێت کە هەرچی زووترە ئەم پەرلەمانە کۆتایی پێبهێندرێت و هەڵبژاردنێکی دیکەی پاک و چاک بکرێت کە تەعبیر لە رای خەڵک بکات.
رووداو: داوا دەکەن هەڵبژاردنێکی دیکە بکرێت؟
عەلی باپیر: بەدڵنیاییەوە من لای خۆمەوە دەڵێم ئەم پەرلەمانە رەوایەتی نییە، بەلای ئێمەوە رەوایەتی نییە، بەڵام لەگەڵ رەوایەتی نەبوونیشدا خۆ ئەگەر پەرلەمان دابنیشێت و حکومەت پێکبهێنێت بۆ خەڵک قازانجە، ئێمە جاری دیکەش تێبینیمان لەسەر زۆر شت هەبووە، بەڵام خۆ خەڵک هەر دەبێت سوڵتەیەکی سیاسی هەبێت و حکومەتێک و شتێک هەر هەبێت و بارودۆخی خەڵک ئیدارە بدات لەبەر ئەوەی کە ئێمە تێبینیمان لەسەری هەیە بۆ زانیاریت ئێمە وا بیرناکەینەوە بڵێین ئەگەر بۆ من نەبێت با کاول بێت، نا دەڵێین تێبینیمان لەسەری هەیە نابێت وا بێت، بەڵام کە نابێت وا بێت فەرموون بە شێوەیەکی دیکە لەجیاتی ئەوەی بێین هەندێک شت بکەین با هەنگاو بنێن، وەکو عەرەب دەڵێن (الهروب الامام) راکردن بەرەو پێشەوە لە جیاتی ئەوە با بێن خەڵک رازی بکەن با بێن ریز و ئیعتیبار بۆ خەڵک بگێڕنەوە، کاکە خەڵکی ئازارچەشتوو زۆرە، خەڵکی لێ قەوماو زۆرە، خەڵکی بێ دەرەتان و بێ مووچە بێ جێگا و رێگا زۆرە، ئەمە چییە کاکە؟ هەر خانوو بەرز دەکەنەوە، جا کاکە ئەوە بە سەد دەفتەر و بە دوو سەد دەفتەر، بۆ چاو لەو خەڵکە ناکەن؟ ئەو خەڵکە وەڵلاهی لە خانوویەکی حەفتا مەتردایە، سەد مەتردایە، هەر زۆر زۆر لە سەد مەتریدان، خانووی سەد مەتری ماشەڵڵا هەر زۆر زۆر بووە، هەیە لە لە حەفتا مەتردایە، باشە بۆ ئەمانەش هاووڵاتی نین مرۆڤ نین هەقیان نییە؟ بۆچاوت ئەوانەش نابینێت؟ تۆ بۆچاوت هەر ئەوانە دەبینێت ئەوانەی خانووی سەد دەفتەری و دوو سەد دەفتەریت لێ دەکڕن؟ ئەویش بێگومان زەوییەکانیان چۆن پێدراوە و پارەکەشیان چۆن هێناوە و چۆن ئەو خەڵکە ئەو وڵاتە ئاوا ئیدارە دەدرێت؟ تۆ بۆ چاوت خەڵکە هەژار و نەدار و لێقەوماوەکە نابینیت، بێدەرەتانەکە نابینێت؟
رووداو: جەنابت ئاگاداری ئێستا پرۆسەیەکی سیاسی تازە لە تورکیا هەیە لە بەرامبەر کورد ئەم پرۆسەیە چۆن دەبینیت؟
عەلی باپیر: ئەم پرۆسەیە، دەم پارتی هاتن بۆ لامان و پێشتریش دەستخۆشیمان کرد لەو هەنگاونانە بەرەو ئاشتی، دەستخۆشیمان کرد هەم لە دەوڵەتی تورکیا هەم لە پەکەکە، چەند جارێک هاتنە لامان، ئێمە بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە کە ئێمە وەکو کۆمەڵ ئەوەمان تەبەنی کرد کە شتێکی زۆر باشە لە راستیدا نە تورک نە کورد نە نەتەوەکانی دیکەی تورکیا بێبەش نەبوون لەو شەڕ و کوشتار و ئاژاوە و ئاشووبە، دەیان هەزار کورد لەسەر دۆخی سیاسی لەسەر هەڵوێستی سیاسی و بیرکردنەوەی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیادان، هەر لەوانە کاک سەڵاحەدین دەمیرتاش کە کاتی خۆی هاتووە بۆ لامان، پێموایە کە ئەوە هەنگاوێکی زۆر سەر راستانەیە، بەڵام ئەوەی من بە لامەوە گرنگە ئەوەیە کە ئەو هەنگاوە وەکو چۆن شتێک کراوە بڵێین کاک عەبدوڵڵا ئۆجەلان شتێکی گوتووە و پەکەکە خۆی هەڵوەشاتدووەتەوە دەوڵەتی تورکیاش هێندە هەنگاوی ناون، بەڵام دەبێت ئەمانە هەمووی لە پەرلەمان یاسای بۆ دەربچێت و بە یاسایی بکرێن و بە کۆنکرێتی بکرێن.
رووداو: پێت وایە ئەم پڕۆسەیە سەر بگرێت؟
عەلی باپیر: پێموایە، ئەگەر ئیرادە لە هەردوو لاوە هەبێت و خەڵکی دیکەش دەستی تێنەخات ئەوانەی کە دەڵێن دز بازاڕی ئاڵۆزی دەوێت، بۆ سەرناگرێت؟ مادام هەردوو لا بڕیاریان داوە و پێشموایە لە بەرژەوەندی هەردوو لایان دایە و تورکیاش خەرجییەکی زۆر دەکات و خوێنێکی زۆری لێڕژاوە و کوردیش بە هەمان شێوەکە زیاتر پەکەکە تەعبیری لێکردووە ئەویش بە هەمان شێوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بە جۆرێکی دیکە بیر بکەنەوە و من زۆر جاریش کە برادەرانی پەکەکەمان بینیوە و تورکەکانمان بینیوە لە دەوڵەت پێمان گوتوون بۆ لەسەر مێسی گفتوگۆ دانانیشن، بۆ بیر ناکەنەوە کە بە هێزی مەنتیق، نەک مەنتیقی هێز کێشەکان چارەسەر بکەن و دابنیشن لێکتێبگەن بۆ هەموو لایەک خەرجی کەمتر دەبێتەوە بۆ هەموو لایەک خەڵک و جەماوەری هەموو لایەک دڵخۆش دەبن، ئومێدم وایە بەرەو سەرکەوتن بێت و دەم پارتیش ماوەیەک لەمەوە پێش هاتن گوتیان ئێستا چاوەڕێ دەکەین دوای دیدارێکمان دەبێت لەگەڵ سەرۆککۆماردا و دوای رەنگە وا بڕیارە کاک عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بێتە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات، ئەگەر ئەوە بێت شتێکی زۆرباش دەبێت، حەقیقەت هەم بۆ دەوڵەتی تورکیا بۆ خۆی و هەم بۆ گەلی کوردیش کە گەلی کورد چ لە تورکیا چ لە هەر شوێنێکی دیکەی بەشەکانی کوردستان مافی خۆیەتی ئێوەش وەکو ئەو میللەتانە هەموو مافەکانی هەبن بە دەوڵەت، بە هەرێم، بە حکومەتی ئۆتۆنۆمی و بە هەر شتێکی کە بۆی دەگونجێت مافی خۆیەتی هەیبێت.
رووداو: هەر لە باسی مافی کورد لە تورکیا ئێستا بابەتی نووسینەوەی دەستووریش هەیە، پێت وایە لە نووسینەوەی دەستووری ئینجارە کورد مافی خۆی بەدەست بێنێ؟
عەلی باپیر: وەڵا هیوادارم، ئەگەر تورکیا بیەوێت بە جیددی بەڕووی کورد بکرێتەوە و کۆتایی بێنێت بەو شەڕ و ئاژاوەی کە هەیە لە وڵاتەکەیدا دەبێت وا بکات، من کاتی خۆی سەردانێکی تورکیامان کرد لەگەڵ شاندی لایەنە سیاسییەکان، لەگەڵ ئاک پارتی دانیشتین هەڵبەتە پێشتر لەگەڵ حکومەت دانیشتین ئەو کاتە جەنابی ئەحمەد داود ئۆغڵو بوو، دواتر لەگەڵ حیزبیش دانیشتین قسە زۆر کرا منیش گوتم بە بڕوای من کێشەی کورد لە تورکیا بە یەک وشە چارەسەر دەبێت هەموو شۆک بوون گوتیان ئەو وشەیە چییە، گوتم ئەوەیە جیاوازیی نێوان کورد و تورک نەمێنێت، گوتم ئەمجارە کە هاتین بۆ تورکیا من و ئەو برادەرەکانم کە نوێنەری پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و سۆشیالیست بوون، هەموو لایەنەکان بوون، پێم گوتن پێم خۆشە بە بەرگی کوردییەوە بێم، گوتیان مامۆستا بە بەرگی کوردییەوە مەيە، گوتم بۆچی، گوتیان بڕوا بکە ئەو کاتە جۆرێک لە گرژی هەبوو، گوتیان ئەو هۆتێلەی کەلێی دادەبەزین بە دووری مەزانە خۆپێشاندان بکرێت بۆ بەردەم ئەو هۆتێلە لەبەر ئەوەی کە تۆ بەرگی کوردیت لەبەرە ، گوتم جا ئێمە سادەترین مافە.
رووداو: جا ئەمە دێتە دی لە حاڵێکدا رەنگە ئێستاش ئەمە هەبێت ئەم هەڵوێستە هەبێت لەلایەن تورکەوە؟
عەلی باپیر: ئێستاش هەیە، لەبەر ناوی کوردی، جاری وایە کابرا لەبەر ناوەکەی کە کوردیە تەشقەڵەی پێدەکەن ئەمە لە کوێی مافی مرۆڤەدا هەیە و لە کوێی مرۆڤایەتی و لە کوێی موسڵمانەتییدایە کە موسڵمانیەتی دەڵێت' خەڵک وەکو دەنکی شانە یەکسانن'، هەمووتان لە باب و دایکێکن هەمووتان بەندەی پەروەردگارێکن، جیاوازی نییە لە نێوانی عەرەب و عەجەم و رەش و سپی و سوور هەمووی وەکو یەکن لە بەرامبەر خودا، دەبێت لە بەرامبەر یاسادا وەکو یەک بن و پێغەمبەر (د.خ) کە لە مەدینە حوکمڕانی کرد کۆمەڵگەیەکی جۆراوجۆر بووە موسڵمان، ناموسڵمان، جوو، موشریک، نەسەرانی و خەڵکێکی زۆر مونافیق بوون، موسڵمانەکانیش جۆراوجۆر بوون کۆچبەران و پشتیوانان، بەڵام هەموو وەکو یەک مامەڵەی لەگەڵدا کردوون وەکو لە وەسیقەی مەدینەدا هاتووە کە ئەسەحیفەشی پێ گوتراوە، مەبەستم ئەوەی کە بەراستی ئەگەر تورکیا بەجیددی بیەوێ کێشەی کورد چارەسەر کە دەبێ شتەکان بە یاسایی بکات بە کۆنکرێتی بۆ ئەوەی میللەتی تورکیاش ئەوانەی کە بەداخەوە پاشماوەی هزری خراپیان لەسەر دڵ و مێشکدا هەیە بەرامبەر بە کورد، ئەو رژێمەی عەلمانیانەی کە هاتوون هەموویان سیاسەتی ئەتاتورکیان پیادەکردووە ئەوانە ئێستا مێشک و دڵیان وردەوردە خاوێن دەبێتەوە، من جارێک چووم بۆ دیاربەکر کۆڕێکم هەبوو لەوێ شتێک زۆر نووسرابوو هەڵبەتە بە تورکی نازانم بە لاتینیش نووسرابوو، گوتم ئەرێ ئەوە چییە ئەو دروشمە لە هەموو شوێنەکان نووسراوە و هەڵواسراوە، گوتیان ئەوە نووسراوە من شانازی بەوە دەکەم کە تورکم، ئەوە قسەیەکی زۆر نامەنتیقییە، من لە کۆڕەکاندا باسم کرد گوتم ئەوە قسەیەکی نامەنتیقییە، تۆ بڵێی شانازی دەکەم کە تورکم ئەوی دیکەش کوردە و عەرەبە، خودا دەفەرمووێت' وجعالناکم شعبا وقبائل لتعارفوا' هەمووی خوای پەروەردگار دروستی کردووین، ئینجا بە تورکی یان بە کوردی کە خودا کردوویەتی نابێ خۆی پێوە هەڵکێشی، کەسێک باڵای بەرزە نابێ بڵێ وەڵا من لەوەی دیکە چاکترم کە باڵای کورتە، یاخود ئەو سپی پێستە، ئەوە نەزانییە دەبێ شانازی بە شتێکەوە بکەی ئەویش خۆتی بەسەر هەڵنەکێشی، بەڵکو ئیعتزازی پێ دەکەی پێتخۆش بێ کە خۆت بە دەستتهێناوە، مەسەلەن پیاو بڵێ وەڵا من شانازی بەوە دەکەم کە پیاوم ئێ ئافرەتیش دەڵێ منیش شانازی دەکەم کە ئافرەتم، پیاو و ئافرەت خودا وەکو یەک خوڵقاندوونی رەگەزەکان خودا دابەشی کردوون، هەروەها رەنگەکان و زمانەکان، هیچ کەس بووی نییە خۆی بەسەر ئەویدیکە هەڵکێشێ.
رووداو: جەنابت باوەڕت بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی هەیە باسی ئەوەم بابەتت کرد.
عەلی باپیر: بەڵێ زۆر زۆر باوەڕم پێی هەیە، من نەک ئێستا باوەڕم پێی بێت، بەڵکو من لە ساڵی 1984 ماڵم لە گوندی سەرسیان بوو لە رژێم قاچاخ بووم و ئەو کاتە لەوێ ئاوا بووم و دوایش لەوێش هەڵقەندرام لە یاداشتەکانی خۆمدا نووسیومەتەوە 'چەند مەڵۆیەک لە خەرمانی تەمەنم' لەوێ من کتێبی 'سۆزی نەتەوایەتیم' نووسی لەوێدا گوتومە وەکو چۆن تورکمانستان هەیە عەرەبستان هەیە ئەفغانستان هەیە پاکستان هەیە هیندستان هەیە ئینگلیستان هەیە کوردستانیش هەیە، ئەوانە چۆن مافیانە دەوڵەتیان هەبێ قەوارەی سیاسییان هەبێ بەو شێوەیەی خۆیان ئیدارە بدەن کە دەیانەوێ، کوردیش هەمان مافی هەیە، نەک ئێستا ئەوە بڵێم ئەو کاتە گوتومانە بەڵێ من پێم وایە کە کورد هەقی خۆیەتی لە هەموو بەشەکانی یەکبخەرێنەوە سەر یەک و یەک دەوڵەتی یەکگرتووی هەبێ وەکو چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە وەکو چۆن کاتی خۆی یەکێتی سۆڤیێت هەبوو، با کوردیش دەوڵەتێکی هەب،ێ جاریوایە یەکێک دەڵێ ئەی باشە ئیسلامەتی ئێ باشە ئیسلامەتی با دوای کورد لەگەڵ عەرەب لەگەڵ فارس لەگەڵ تورک بە یەک دەوڵەت پێک بێنن یەک حوکمڕانییان هەبێ و دەست نییە لەو گۆزە مابێ، کاتی خۆی وابوو..
رووداو: بە خاک و جوگرافیاو زمان و کولتووری کوردی و ..؟
عەلی باپیر: بەڵی بە هەموو شتێکەوە، ویلایەت ویلایەت، یانی بۆ زانیاری جەنابت هەر لە سەردەمی پێغەمبەردا (د، خ)، ئەم مەسەلەیەی فیدراڵیە، بەڵکو لەوێ وەکو کۆنفیدراڵی هەبووە، چونکە هەر سێ تیرەی جووەکان، بەنو قینوقاع و بەنو نەزیر و بەنو قوڕیزە هەم دراوی خۆیان هەبووە، بازاڕی خۆیان هەبووە، سوپای خۆیان هەبووە، ئیمکانێتی خۆیان هەبووە، پێغەمبەریش (د، خ) مامەڵەی وەکیەکی لەگەڵدا کردوون وە پەیمانیان پێکەوە هەبوو تاوەکو ئەوان پەیمانیان نەشکاندووە پێغەمبەر (د، خ) دەستی بۆ نەبردبوون مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر ئیسلام دەسەڵاتی هەبێت کاکە کورد ئەو میللەتەیە بۆ وا بەشراوەتەوە بۆ وەکو گۆشتی خێر دابەشکراوە.
رووداو: یانی ئەگەر ئیسلام دەسەڵاتی هەبێت رێگە دەدات دەوڵەتێکی کوردی دروست بێت؟
عەلی باپیر: نەک رێگە دەدا هەر ئەسڵەن پێویستی دەکات بۆچی، چونکە خۆ ئیسلام دینی خوایە بۆ هەموو مرۆڤەکان خۆ کاکە دینی عەرەب نییە خۆی بەسەر کورد دا پسەپێنێ، یان دینی فارس بێت خۆی بەسەر ئەوی دیکەدا پسەپێنێ، دینی خوایە بۆ هەموو خەڵکی خودا لەسەر زەوی خودا، ئەو کاتە کورد و کوردستان هەمووی با ویلایەتێک یان وڵاتێک بێت، فارس فارس بێت و تورکمانە تورکییەکان و عەرەبەکان با وابن، یانی لە ئیسلامدا ئیمتیاز و زێدەی نەدراوە بە هیچ نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی دیکە.
رووداو: بەڵام پێم خۆشە بپرسم جەنابی مامۆستا عەلی باپیر وەکو دەڵێی بە پێی پێگە و توانای خۆی کار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکات ئێستا؟
عەلی باپیر: وەڵا کارمان بۆ کردووە کاتی خۆی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشمان بەست لێرەوە نەخشە رێگەیشمان خستەڕوو پێش ئەو مەسەلەی کە لێرە ئەوەی بۆ کرا ریفراندۆم و راپرسی، پێش ئەوە گوتمان پێویستە ئاوا بکرێ زەمینەسازی نێو خۆی بۆ بکرێ پێش هەموو شتێک، زەمینەسازی نێوخۆی پێش هەموو شتێک بە چەسپاندنی دادگەری، میللەتەکە نابێ هەندێکی هەست بکات کە مافی خوراوە ئەوی دیکە خۆی بەسەردا فەڕز کردووە، تۆ دەتەوێ گلەیی لە عەرەب و فارس و تورک بکەی و دەڵێی کاکە مەم چەوسێنەوە و لەکاتێکدا لە نێوخۆتدا یەکدی بچەوسێنیتەوە، لە نێو خۆتدا مافی یەکدی بخۆی، یەکێک هەموو شتێکی هەبێت و یەکێکی دیکە هیچی نەبێ، ئاوا چۆن دەوڵەت دادەمەزرێ؟ سەرەتا دەبێ زەمینەسازی لە نێوخۆدا بکرێ بە چەسپاندنی دادگەری و تەبایی، پاشان زەمینەسازی ئیقلیمی بۆ بکرێ، دوای زەمینەسازی لەگەڵ بەغدا بکرێ، زەمینەسازی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێ، بەڵێ زۆر لەگەڵ ئەوەداین و کاتی خۆشی زۆرمان گوت، من لە کتێبی 'سۆزی نەتەواتی'شدا، لە چاپی چوارەمی بە وردی باسمکردووە قسەم کردووە کاتی خۆت لەسەر ریفراندۆم لەسەر دەوڵەتی کوردیش، وەکو گوتم کاتی خۆی لە 1984 نووسیومە، بەڵام چاپی چوارەمی لەو سێ چوار ساڵەی دواییدا کراوە و جار بە جار لێمان زیاد کردووە.
رووداو: باسی باکگراوندی ئەحمەد شەرع و ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا هەیە حکومەتێکی نوێ لە سووریا هەیە بکەین، بەڵام دەمەوێت رێک بچمە نێو بابەتێک ئەویش بابەتی رێککەوتنە ئیبراهیمییەکانە بە سەیرکردن و تێڕوانینت بۆ کەسایەتی و دۆخی سووریا، ئایە پێتوایە ئەحمەد شەرع بچێتە نێو ئەو رێککەوتنەوە؟
عەلی باپیر: بەدووری دەزانم و پێشم سەیر بوو کە لێرە لە هەرێمی خۆمان بەبێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی راستیان هەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە کە ئەو پرۆسەیە لە ئیمارات دەستی پێکراوە، وە بە دەستلەپشتدانی قەوارەی زایۆنی، بە دەستلەپشتدانی ئەمریکا لەوێ دەستی پێکراوە، ناوەکەی ناوێکی خۆشە، ناوێکی گەورەیە، ئایینی ئیبراهیمی، باشە پێغەمبەری خۆمان د، خ لەسەر ئایینی ئیبراهیمە، بەڵام ئایینی ئیبراهیم دادی موتڵەقی تێدایە، ئایینی ئیبراهیم تەنیا خواپەرستی رەهای تێدایە، ئایینی ئیبراهیم بەها بەرزەکانی تێدایە، ئیبراهیم پێغەمبەرێکی نێونەتەوەیی بووە، تاکە پێغەمبەرێک بووە کە لە عێراق بووە لە ئووری کلدانییەکان کە لەوێ خراوەتە نێو مەنجەنیق و فڕێدراوەتە نێو ئاگر، دوای چووە بۆ حەڕان و بۆشان، دوایی چووە بۆ فەلەستین، پاشان چووەتە میسر، دواتر بەشێک لە ماڵ و منداڵەکەی لە حیجاز داناوە و هاجەر و ئیسماعیلی کوڕی، ئیبراهیم پێغەمبەرێکی نێونەتەوەیی بووە.
رووداو: ئەوانیش دەیانەوێ لەم گۆشەیەوە...
عەلی باپیر: بەڵێ بەڵێ هەموویان یەکدەنگن لەسەر ئیبراهیم، جوو، نەسڕانی و موسڵمان، بەڵکو سابیئەکان هەموویان پێیانباشە، بەڵام هەر لەگەڵ ئیبراهیمدا راست بکەن، نەک ئیبراهیم بکەن بە کراسی عوسمان، من پێم سەیرە بەراستی لە هەرێمیش وەرن ئەوە دوعای.. دوعای چی.
رووداو: بەڵام ئەوە پەیوەندی بەوە هەبوو؟
عەلی باپیر: بەڵێ بەڵێ بێگومان پێموایە بەڵێ، عادەتە هەر رەنگدانەوە و دەنگدانەوەی ئەوە بوو، ئێمە پێمانوایە دەبێ بێین لەگەڵ ئیبراهیمدا راستکەین، ئیبراهیم بتشکێن بووە، ئیبراهیم دژی ئەوە بوو کە جگە لە خودا بەندایەتی بۆ هیچ شتێک نەکرێت، ئیبراهیم لەگەڵ تەباییدا بووە، لەگەڵ برایەتیدا بووە، لەگەڵ هەموو سیفەتێکی بەرز و جواندا بووە، ئینجا تۆ بێنی قەوارەی زایۆنی لەوێ موسڵمانانی فەلەستین خەلتانی خوێن دەکات، خاکیان داگیر کردوون، ماڵوێرانیان دەکات، دەیانکوژێت، قەتڵ عامیان دەکات، لەوێوە پرۆسەیەک دروستبکرێت لە میانی ئیمارات و هەندێک دەوڵەتی دیکەدا کە من ئەوانە بە راستی بە دەوڵەتۆکەیان دەزانم، هیچیان خاوەنی ئیرادەی خۆیان نیین، ئەمریکا لەوێ رادێ چەند ملیاری دۆلاری دەدەنێ، بەڵام موسڵمانانی غەززە پێویستیان بە تۆزە ئاوێکە، پێویستیان بە تۆزە دەرمانێکە، پێویستیان بە نانێکە نایان دەدەنێ.
رووداو: ئەحمەد شەرع ناچێتە نێو ئەو هاوپەیمانییە؟
عەلی باپیر: من پێموا نییە، ئەحمەد شەرع ئەگەر پابەند بێت بە شەریعەتەوە خۆ دەزانم شەرع نازناویەتی، بەڵام ئەگەر پابەند بێت بە شەریعەتەوە و پابەند بێت بە ئیسلامەوە لە خۆی ناوەشێنێتەوە بچێتە نێو ئەو پرۆسەیەوە، وەکو گوتم رەگوڕیشەکەی لەوێوە تەبەنی کراوە و زیاتر بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە، بۆیە ئەو ناوەی لێندراوە ئایینی ئیبراهیمی، باشە ئەمە محەممەد (د، خ)، لەسەر ئایینی ئیبراهیم بوو، راست دەکەن بەدوای ئیبراهیم دەکەون ئەوە محەممەد (د، خ)، ئیبراهیم کوا بەرنامەکەی؟ کوا کتێبەکەی کە سحوفی ئیبراهیمە کوا؟ نییە تاکە کتێبێک لە بەردەستی مرۆڤایەتیدا هەبێت ئەو کتێبەیە کە خودا بۆ پێغەمبەری کۆتایی ناردووە کە محەممەد (د، خ)، ئەوەی دیکە هەمووی تەحریف کراوە و گۆڕدراوە، ئەگەر لەگەڵ ئیبراهیمدا راست دەکەن ئەوە محەممەد لە رێگەی محەممەدەوە (د، خ)، دەڵێ بەدوای ئیبراهیم بکەون.
رووداو: هەر پەیوەست بە سووریا و رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەوەی کە ئێستا هەیە، پێتوایە ئەم بەڕێوبەرایەتی خۆسەرە بمێنێتەوە؟
عەلی باپیر: من پێموایە بەراستی دەستخۆشی دەکەم لە مەزڵوم عەبدی کە رێککەوتنێکیان کرد لەگەڵ ئەحمەد شەڕع، ئەو کاتە دەستخۆشیشمان لێکردن، پێشموایە کە هەردووکیان پێویستیان بەوە هەیە پێکەوە هاوکار بن، هەم ئەحمەد شەڕع و هەم کوردەکانیش کە ئێستا کاک مەزڵوم عەبدی بڵێین تەعبیریان لێ دەکات، پێشموایە دەبێت کورد هەقی خۆیەتی ئێستا داوای فیدراڵی بکەن، هەقی خۆیەتی هەرێمی هەبێت، ئۆتۆنۆمی راستەقینەی هەبێت، هەقی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت نایشارمەوە، کەیفی خۆیەتی، کێ پێ خۆشە با پێ خۆش بێ و کێ پێناخۆسە با پێیناخۆش بێت، کورد هەقی خۆیەتی لە چوارچێوەی قەوارەیەکی سیاسیدا کە خۆی هەڵیدەبژێرێت بژی، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئێستا کە عەرەبەکان هەموویان دەڵێن دەبێ سووریا یەکگرتوو بێت و ئەورووپا و ئەمریکا دەڵێن دەبێت ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا دەکەین، لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە وا باشە بۆ کوردەکانی سووریا کە مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعەدا بکەن تاوەکو دۆخەکە باشتر دەبێت یاخود دەرفەتێکی باشتر دەبێت، ئەو کاتە هەر بە تەبایی جا گەر فیدراڵیان دەوێت هەر شتێکیان دەوێت ئەو کاتە دەبێت هەنگاوی بۆ بنێن، نەک ئێستا بیکەن بە گرێکوێرەیەک لە خۆیان بئاڵێنن، کەسیش لەگەڵیان نەبێت نە دەوڵەتانی عەرەبی نە ئەورووپا و رۆژئاوا و نە تورکیاش، لەو سەرەوە هەر هەڕەشەیان لێ دەکات، یەعنی من پێموایە خوێندنەوەی عاقڵانە بۆ واقیعەکە ئەوە دەخوازێت کە تازە سووریا رزگاری بووە لە رژێمێکی دیکتاتۆری خۆسەپین کە ملیۆنێک خەڵک رەنگە زیاتریش بێت کوشتبێت، خەڵک خوێنیان لێ دەچۆڕێت هەموو لەشیان برینە پێویستە ئێستا پێکەوە دابنیشن، بۆیە من دەستخۆشیم لێکردن کە پێکەوە دانیشتبوون و لێکتێگەیشتنێکیان کردبوو، پێموایە لەسەر ئەوە بەردەوام بن تاوەکو کاتێکی دی، دەرفەتێکی دیکەی باشتر دەڕەخسێت، ئەو کاتە دەتوانێت داواکانی خۆیان جێبەجێ بکات.
رووداو: مامۆستا بابەتێکی دیکە هەیە ئەوەی کە لە غەززە دەگوزەرێت یانی لە ماوەی رابردوو بە ئێستاشەوە پێناسەیەکی یان تێڕوانینێکی شایع هەیە یان ئێستا دوو بەرە هەن لە هەرێمی کوردستان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بۆ ئەوەی کە حەماس کردی و ئەوەی کە ئێستا ئەنجامی ئەوەی کە حەماس کردی لە حەوتی ئۆکتۆبەر؟ بەرەیەکیان پێیانوایە حەماس هەقی خۆی بوو وابکات و بەرەیەکیش وەک سەلەفییەکان پێیان وابوو حەماس هەڵەی کردووەو نەدەبوو وابکات، رای جەنابتان لەو بارەیەوە چییە؟
عەلی باپیر: من چەند جار بڵاومکردەوە لێرە خۆپیشاندانمان کرد یان گردبوونەوەیەکمان کرد هەرچەند پارتی پێی ناخۆش بوو، پێی ناخۆشبوونەکەشی ناهەق بوو، دەوریان گرتین، بەڵام هەر کردمان، من چەند جار روونکردنەوەمان داوە بە سێ چوار زمانی جیاواز بۆ ئەوەی هەموو خەڵک بزانێت کۆتاییان لەم دووایاندا بوو بەبۆنەی هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا و هەندێک لە دەوڵەتانی یەکێتیی ئەورووپا کە پیاوانە هاتوونەتە پێش وەکو شکاندنەوەی دەوڵەتۆکە عەرەبییەکان بوو، من هەڵوێستم روونە من حەماس و جیهاد و لایەنەکانی دیکە وا تەماشا ناکەم وەکو ئیخوان، گوتم بیستوشمانە کە پەیوەندیان بە ئیخوانەوە نەماوە ئێستا، ئێخوان ئەوە دیارە قاچاخن لە میسر و لە زۆر شوێن، من وا تەماشمان دەکەم ئەوانە موجاهیدن، تێکۆشەرن، خەباتگێڕن و فیداکارن وەکو ئەو فیداکارانەی خۆمان ساڵانی زوو کە لە بەرامبەری رژێمی بەعس کردیان.
رووداو: یەعنی ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر کردیان راست بوو؟
عەلی باپیر: 100٪ پێم راست بوو، ئەی تۆ کاتێ کە دوژمنەکەت هیچی بۆ نەهێشتوویەوە خاکی داگیرکردووی و بەتەماشە بە یەکجاری لەناوت ببات، من هەندێکیانم بینی گوتیان بڕیار بووە کە هەموو بەرپرسانی حەماس و جیهاد لەنێببردرێن و بە یەکجاری غەززەش بسڕنەوە، بەڵکو کەناری رۆژئاوایش هەر نەهێڵن، کاتێک کە تۆ دەزانی دوژمنەکەت ئەوەی لە بەرنامەدایە بە دڵنیاییەوە کەس لە شەڕ شەکری نەبەخشیوەتەوە چ لە دەست بێت دەیکات، بۆ زانیاری جەنابت کە هەندێک خەڵک ئاوا دەڵێن و هەندێکیدیکە ئاوا دەڵێن، با نەڵێین سەلەفی وا و ئەوە وا، خەڵک هەیە ئەو نازناوەشی لەسەرە، بەڵام زۆریش دژی قەوارەی زایۆنییە زۆریش پشگیری حەماس و جیهاد دەکات بۆ ئەوەی نەیانکەین بە نەخواردووی لە سمێڵانەوەی رەنگە هێندەی خەڵک هەبێ...
رووداو: پێتوایە لەسەر ئاستی تاکە کەس بێت؟
عەلی باپیر: ئەمن پێموایە لەسەر ئاستی تاکەکەس و چەند تاکێک بێت، چونکە ئێستا کێ تەعبیر لە ئەوە دەکات، من خەڵکی سەلەفی دەناسم تاوەکو سەر ئێسقان بڕوای بە هەڵبژاردن هەیە و پشتگیری ئێمە و پشتیگیری ئەولا ئەولا دەکات، خەڵکی سەلەفی هەیە تاوەکو سەر ئێسقان بڕوای بەوە هەیە کە ئەوەی حەماس و جیهاد کردیان گەورەترین جیهادە، گەورەترین خەباتگێڕی و فیداکاری، دەبێت پیرۆزبایان لێبکەین، ئێمە دەبێت ئاوا تەماشای دۆخەکە بکەین، بە دەمارگیری نەیگرین، ئێستا ئەوانە وڵاتیان داگیر کراوە، ئەوانە هیچ چارەیان نەماوە ئەوە نەبێت کە خۆیان فیدا بکەن و زەبرێک لە دوژمن بدەن و زەبریان لە دوژمن داوە، سوپای قەوارەی زایۆنی، ئەو سوپایە بوو کە هەموو دەوڵەتانی عەرەبی دەیانگوت "الجیش و الزی لایقر"، ئەو سوپایەی کە ناشکێ، حەماس و جیهاد دوو حیزبی ئیسلامی ئەو قسەیان بە درۆخستەوە و گوتیان لووتی ئەشکێنین، لوتیان شکاند، نازانم ئاگادارن یان نا، تەنیاهو لە رۆژی دووەمدا جوابی بۆ ئەمریکا نارد و دەڵێت قەوارەی زەیانی لە مەترسیدایە فریامان کەون، تاوەکو ئێستاش ئەمریکا دەستی پێوە بوون، ئێستا وردە وردە ئەمریکا دەستی لێ شل کردوون، زۆر زەخت دەکات لە ناتەنیاهو، چونکە دەرکەوت کە ناتەنیاهو هەر لەبەر ئەوە کە خۆی لە مەترسیدایە شەڕەکە راناگرێ ت وا ناکات دیلەکان مەسەڵەن پێک بگۆڕدرێنەوە، بۆیە منپێم وا هەر کەسێک ئینسافی هەبێت، عەقڵی هەبێت وە لە هەر تۆزێک لە دین تێگەیشتبێتو دەبێت دەستخۆشی بکات لە موسڵمانانی حەماس و جیهاد.
رووداو: ئێمە دیبەیتێکمان لە رووداو کرد لە نێوان دکتۆر موسەننا ئەمین و دکتۆر عەبدولـلەتیف بەڕێوەچوو، بۆچوونی دکتۆر عەبدولـلەتیف سەلەفی ئەوە بوو کە ئەوەی حەماس کردی کوشتار و ماڵوێرانییە بۆ خەڵکی غەززە هێنا، تۆ سەرنجت چییە لەسەر ئەم قسانە؟
عەلی باپیر: وەڵام پێموانیە و بە هەڵەداچووە، من نەمبینی بەراستی، چونکە من ئەو جۆرە دیبەیتانەم هەر پێ باش نین، یەعنی ئەو جۆرە دیبەیتانە دوو لایەن دەتوانی پێکەوە دابنیشن، بەڵام خۆت بکەی بە سینەما بۆ خەڵک، چونکە نازانم ئەمجارە چۆن بوو، بەڵام جاری رابردوو ئەو بەوەی دیکە گوتووە درۆ دەکەی و ئەو بەوی تر گوتووە درۆ دەکەی، خۆت کردووەتە فیلم و سینەما بۆ خەڵک، جا من هەر رام لەگەڵیدا نییە بەو شێوەیە، من پێموایە ئەگەر خەڵکی تەوژمی ئیسلامی دەبێ پێکەوە دابنیشن، بۆچی دەچێتە سەر تەلەفزیۆنی خۆت دەکەیت بە سینەمای خەڵک، خۆت دەکەیت بە... و خەڵک دەکەیت بە تەماشاچی و خۆت دەکەیت بە گاڵتەجاڕ و گاڵتەت پێ بکەن، پێم باش نەبووە، بەڵام نەخێر، حەماس گەورەترین جیهاد و بەرگریان کرد، با من یەک نموونەت بۆ بێنمەوە لە سورەتێک لە قورئاندا، سورەتی بروج، نازانم بەڕێزت شارەزایی لە قورئان چەندە؟بسم الله الرحمن الرحيم، واليوم الموعود، وشاهد ومشهود، قتل أصحاب الأخدود، النار ذات الوقود، إذ هم عليها قعود، وهم على ما يفعلون بالمؤمنين شهود"، ئەمە لە سوننەتی پێغەمبەردا هاتووە وەکو روونکردنەوەی ئەم ئایەتانە کە کاتی خۆی خەڵکێک هەبوون، مەسیحی بوون، نەسڕانی بوون، شوێن عیسا کەوتووبوون، حاکمێک هەبووە ئیجباری کردوون لەسەر ئەوەی کە واز لە ئاینەکەیان بێنن، ئامادە نەبوون، ناچاریان کردوون، چاڵیان بۆ هەڵکەندوون، ئاگریان لە چاڵەکاندا کردووەتەوە، هەموویان سوتاندوون، خودا مەدحی ئەوانە دەکات، مەدحیان دەکات، دەفەرموو ئەوانە ئیماندار بوون، خەڵکێکی خۆڕاگر بوون، دوای دەفەرموو ئەوان هیچ عەیبیان لێنەگرتن و رەخنەیان لێنەگرتن، ئەوە نەبێت کە ئیمانیان بە خوا هەبوو، کەواتە خودا پەسنی ئەو کەسانە دەکات کە لە پێناوی دینەکەیدا فیداکارییان کردووە، هەمووشیان لەناو چوون، دووم دایبنێ موسڵمانانی غەززە و کەناری رۆژاواش هەموویان وەکو ئەوەیان لێ هات کە ئەسحابل ئوخدوود کوشتویانن، ئێ خودا پسنیان دەکات، ئەوە یەک، پاشان پێغەمبەر دەفەرمێت: گەورەی شەهیدان هەمزەیە، پیاوێک لە حوکمڕانێکی ستەمکار رابپەڕێت و فەرمانی پێ دەکات بە چاکە و رێگری لێ دەکات لە خراپەو خۆیشی دەیکوژێت، ئەوە لەگەڵ هەمزە لە یەک تەرازوودا دادەنرێن، هەروەها دەفەرموێ گەورەترین جیهاد دەربڕینە وشەیەکە بەرامبەر کاربەدەستێژی زاڵم نازانم ئەو جۆرە ئاینە چییە؟ هەر کەسێک دەسەڵاتی هەبوو بەلایەوە گەورەیە، حوکمڕان دەبێ دەستی ماچ بکەی ئەمەت لە کوێ هێناوەوە؟ سەلەفی ساڵحی ئێمە، پێشینی چاکی ئێمەن، بەڵام بەنو ئومەیە و بەنو عەباس حوکمیان بە ئیسلامیش دەکرد، بەڵام کەس لە زیندانەکانی ئەواندا بوون، چونکە ئەوانە یەخەیان دەگرتن دەیانگوت ئەوە ستەمە، ئەوە خراپە، لەکاتێکدا حوکمیان بە شەریعەت دەکرد، کابرا حیزبێکی عەلمانیە ئیعتراف بە شەریعەتەکەی خودا ناکات یاخود رژێمێکی عەلمانیە، یەعنی ئەمە لە کوێ هەیە؟ یا حوکمێکی میراتی و بنەماڵەییە، ئەوە وڵاتانی کەنداو بە کوێیاندا هەڵدەڵێی؟ کاروباری موسڵمانان بەڕاوێژە، ئێستا بووەتە حوکمێکی میراتی و بنەماڵەیی عیباد و بیلاد هەموو بەموڵکی خۆی دەزانێت، ئەمە لە کوێ ئیسلامدایە؟ ئەمە نابێ و نابێت، ئەو جۆرە کەسانە بەڕاستی خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و خەڵک هەڵخەڵەتێن بەوەی وەڵڵا ئەوە وەلی ئەمرە، لە ئیسلامدا وشەی وەلی ئەمر نەهاتووە، ئولیلئەمر هاتووە، دوو جار لە سورەتی نیسائدا هاتووە ئولی ئەمر، یانی حوکمڕانەت دەبێت ستاف بن ستاف، نەک یەک کەس، ئەو یەک کەسەش بەندەکان و وڵات بە هی خۆی بزانێت، شتی وا لە ئیسلامدا نییە، بەڕاستی ئولیلئەمر هەیە، ئەوانەی کە کاربەدەستن حوکمڕانن دەبێت ستاف بن پێکەوە بن، نەک یەک کەس خۆی بە هەمەکاری وڵاتەکە بزانێت وەکو قەزافی بە خەڵکی لیبیای دەگوت "نحن احق بی لیبیا، من انتم" کەچی خەڵکی لیبیا ئەویان لە بۆڕی هاویشت بەم شێوەیە کوشتان کە بینیتان، ئەم حوکمڕانانەش تەماشاکە هەر کامێکیان خۆی بە پەروەردگار و بە پەرەسراوی خەڵکەکە دەزانێت، تاوەکو دوای وەکو بە شار ئەسەد رادەکات یاخود وەکو قەزافی لە بۆری داوێن، یان وەک ئەوانی دیکە سەروگوم دەبن.
رووداو: من شتێکم بیستووە، هیچ خزمایەتییەک هەیە لە نێوان بەڕێزت و دکتۆر عەبدولـلەتیف؟
عەلی باپیر: دایکی خێزانم، خێزانی گەورەم شکورییە خان، لەگەڵ دایکی مامۆستا عەبدولـلەتیف خوشکن، گوڵزار خان دایکی خێزانمە، حاجی روقیە خانیش دایکی مامۆستا عەبدوللـەتیفە و خوشکن.
رووداو: جگەی لە جیاوازی هەندێک لە بیروباوەڕ و هەندێک تێڕوانین و کۆمەڵایەتی، هاتوچۆتان هەیە؟
عەلی باپیر: بووە، لەوانەیە ماوەیەکە نەبێت، بەڵام من لەگەڵ کەس پەیوەندی ناپچڕێنم بۆ زانیاریت، من سیلەی رەحم و خزمایەتی لەگەڵ هەموو کەس جێبەجێ دەکەم و جێبەجێم کردووە، خەڵکی تریش کەیفی خۆیەتی.
رووداو: پێم خۆشە بزانم بەڕێزت ئێستا ماشائەڵڵا تەمەنت گەیشتووەتە 63 ساڵ بەرەو 64 دەچیت، دوو مانگی دیکە وازانم دەبیتە 64 ساڵ، 63 ساڵی چۆنە مامۆستا کە گەیشتوویتە ئەم تەمەنە؟
عەلی باپیر: کاک زانا، پێم وایە مرۆڤ تاوەکو تەمەن بکات، ئەگەر خودا هیدایەتی دابێت و لەسەر رێی راست بێت و پابەند بێت بە ئیمان و ئیسلام و تاوەکو تەمەن بکات، زیاتر کامڵ دەبێت، ئەزموون پەیدا دەکات، کامڵ دەبێ، خۆی دەناسێت، خەڵک دەناسێت، پێغەمبەریش سڵاوی خوای لێ بێت وە هەر کام لە ئەبوبەکر و عومەر و عەلیش خودا لێیان رازی بێت لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دواییان کردووە، بەڵام عوسمان خودا لێی رازی بێت 80 ساڵی بە پشتەوە بووە، بەڵام.. من هەست دەکەم ئەوەیە مرۆڤ دەبێت هەوڵی دابێت شارەزایی زیاتری هەبێت، نەک هەر لە رووی لەڕوی زانستەوەو لەڕووی کردەوەوە، لەڕووی رەوشت و ئاکارەوە، من لە هەموو ئەو بوارانەشەوە مەسەلەن کتێب و نووسراو شتم هەیە کە هەوڵیشم داوە ئەوەی بە خەڵک دەڵێم بۆ خۆم کاری پێ بکەم، خودا پشتیوان بێت، پێموابێت دوای ئەوەی وەکو لە فەرموودەدا هاتووە، دوای ئەوەی مرۆڤ تەمەنی دەگاتە 60 یان سەرووی 60، خوای پەڕوەردگار هیچ بیانووی بۆ نەهێشتووەتەوە بڵێ نەمزانی و نەمتوانی و ئەوانە.
رووداو: مامۆستا من زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم، سوپاست دەکەم، تەمەن درێژ بێت ان شاء اللە.
عەلی باپیر: سوپاسی جەنابت دەکەم، جەنابیشت هەڤپەیڤینەکەت بە شێوەیەکی نەجیبانە کرد، هەر واشت لێ دەوەشێتەوە، کە جەنابت کوڕی برازای مامۆستا مەلا محەممەدی کونەفلوسەی، هەزار رەحمەتی لێ بێت.
رووداو: سوپاس بۆ ئێوەش بەهیوای کاتێکی خۆش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ