جەعفەر شێخ مستەفا: ئێستا یەکێتی حیزبێکە کە مەرکەزی بڕیاردانی هەیە

03-10-2023
شیراز رەئوف
جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی
جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی دەڵێت، کۆنگرەی رابردوو کۆنگرەی "تێکدانی یەکێتی" بوو، ئێستا یەکێتی مەرکەزییەتی لە بڕیارداندا هەیە و ئامادەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
 
جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: "گوتاری بەرێز نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەی یەکێتیدا جێگەی خۆی گرتووە و تەنانەت هاوپەیمانان و دۆستەکانیشمان پێیانوایە لەم دۆخەدا ئەو جۆرە تێڕوانینانە گرنگن و یەکێتیش دوای ئەم کۆنگرەیە بڕیاری داوە کە کێشەکانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستاندا چارەسەر بکات."
 
لەبارەی کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش لە دەستی سەرۆکی یەکێتیدا، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، پێشتر کە شاندێک دەهات دەیگوت "نازانین سەردانی کێ بکەین لە یەکێتدا، بەڵام ئێستا یەکێتی مەرکەزییە و زۆرینە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە مەرکەزییەت هەبێت لە بڕیارداندا."
 
هەر لەو هەڤپەیڤینەی رووداوی ئەمڕۆدا، جەعفەر شێخ مستەفا باس لە وردەکارییەکانی کۆنگرەی حیزبەکەی، دۆخی سیاسی، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و ئاستەنگەکانی بەردەم رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و نێوەڕۆکی هۆشدارییەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و پێگە و جموجووڵەکانی داعش لە ئێستادا ئاشکرا دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی
 
رووداو: دوای وەرگرتنی پۆستی لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجامدایت نێوەڕۆکی پەیوەندییەکە چی بوو؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی هەر لە دەستپێکی کۆنگرەی یەکێتی، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێم بەشداربوو لە کۆنگرەکە، گوتارێکی زۆر بەپێز و کاریگەر و هەمەلایەنەی پێشکێشکرد کە بووە جێگەی سەرنجی ئەندامان و میوانانی کۆنگرە، هێندەشی بیزانم هاوپەیمانان و دۆستەکانمان گوتارەکەی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان زۆر بە گرنگ زانی، هەروەها بەشداریکردنی لە کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا لە دۆخێکی وەک ئێستادا مانا و گرنگیی خۆی هەیە. پەیوەندییەکەیشی بۆ پیرۆزبایی بوو.
 
رووداو: پێکهێنانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی بۆ رازیکردنی هەندێک کەسە یان دەسەڵاتی هەیە؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیایی ئەو ئەنجوومەنە کە دروست دەبێت بە هیچ شێوەیەک بۆ رازیکردن نییە، چونکە بەرنامەی یەکێتی و سەرۆکی یەکێتیش ئەوەیە کە هەر دەزگا و ئەنجوومەنێک دروست بکرێت لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا پێویستە دەسەڵات و ئەرکی خۆی هەبێت، هەربۆیە ئەو ئەنجوومەنە لە کۆنگرە دەنگی پێدراوە و بەشداری و رۆڵی کاریگەری دەبێت لە داڕشتنەوەی سیاسەتی یەکێتی و لە هەموو جومگەکانی یەکێتیدا رۆڵی دەبێت و ئەنجوومەنێکی کردارییە.
 
رووداو: بەگوێرەی ئەو پەیڕەوی ناوخۆیەی کە داتانڕشتەوە، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی چین؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئێستا ئەنجوومەنەکە لەناو کۆنگرەدا دەنگی پێدراوە و شەرعییەتی خۆی وەرگرتووە، سەرۆکەکەی شەرعییەتی خۆی وەرگرتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا لیژنەیەکیش دروست بووە کە کۆنگرە دەسەڵاتی داوەتێ بۆ ئەوەی بە نێوەڕۆکی پەیڕەوی ناوخۆدا بچێتەوە تا رۆڵ و ئەرکەکانی ئەنجوومەنەکە دەستنیشان و جێبەجێ بکات.
 
رووداو: لە کۆنگرەی چواری  یەکێتیدا ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێکهێنرا، بەڵام دواتر دەسەڵاتەکانی دەستنیشان نەکرا و هیچ رۆڵێکی نەبوو، ئەمجارە دڵنیان کە دەتوانن دەسەڵاتەکانتان دەستنیشان بکرێن و رۆڵی خۆتان بگێڕن؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا کۆنگرەی چوار دەتوانرێت ناوبنرێت کۆنگرەی تێکدانی یەکێتی، زۆر هەوڵ درا و زۆر کۆبوونەوە کرا بۆئەوەی بتوانرێت دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە دەستنیشان بکرێت، بەڵام نەگەیشتینە هیچ رێککەوتنێک، بۆیە ئەنجوومەنەکە وەکو جۆرێک لە سڕکراوی لێهات، لە هەمان کاتیشدا ئەنجوومەنەکە خۆی خۆی سڕکرد، چونکە ئەو ئەنجوومەنە و ئەندامەکانی ئەنجوومەنەکە ئەگەر بە کرداریی کاریان بکردایە و کۆبوونایەتەوە و بڕیاریان بدایە، ئەو سەرکردایەتییە نەیدەتوانی رووبەڕووی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە باڵایە ببنەوە، چونکە ئەوان کەسانێک بوون کەسایەتی و هێزی خۆیانیان هەبوو لەناو پێشمەرگە و لەناو رێکخستن و لەناو جەماوەر و لای لایەنەکانی دیکە، بەڵام خۆیان کەمتەرخەم بوون کە نەهاتین خۆمان بسەپێنین کە دەمانتوانی خۆمان بسەپێنین.
 
رووداو: تەنانەت کۆدەنگیش نەبوو لەنێو ئەنجوومەنەکەتاندا بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و بڕیارێک بۆچی؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: راستە کۆدەنگیمان نەبوو، ئەگەر کۆدەنگیمان هەبووایە دەمانتوانی کار بکەین، هەندێکمان لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە داوامان دەکرد کە کۆبوونەوە بکەین و بڕیار بدەین و جێبەجێشی بکەین، هەروەها سەرکردایەتی ناچار بکەین کە دان بە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنەکەدا بنێت، بەڵام بەداخەوە هەندێ کەسمان ئازایەتیی بڕیاردان یان بەرچاوڕوونی نەبوو، بۆیە ئەنجوومەنەکە ئەنجوومەنێکی شکستخواردوو بوو.
 
رووداو: ئەوەی ئەمجارە ناوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتییە، ئێستا کە خۆت لێپرسراوی ئەو ئەنجوومەنەی، پێناسەتان بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی چییە؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەو ئەنجوومەنە هەر دەسەڵاتێکی هەبێت نامەوێ وەکو کوێخای یەکێتی دەربکەوێت و وا دەربکەوێت کە لەنێو یەکێتیدا هەموو شتێکە، بەڵکو دەمەوێ هەر دەسەڵاتێکی هەبێ ببێتە یارمەتیدەری یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی یەکێتی، نەک بۆ ئەوەی بزانێت چ دەسەڵاتێکی هەیە وا بزانێت ئیتر کوێخایە و هەرچییەکی گوت ئەوەبێت، پێموایە ئەو ئەنجوومەنە زۆر دەسەڵاتی دەبێت و دەتوانێت زۆر بڕیار بدات، بەڵام ناکرێت وابزانێت کە کوێخایەکی رەهایە و خۆی دەبێ هەموو شتێک بێت و هەموو بڕیارێک بدات، بەڵکو دەبێت هاوکار و یارمەتیدەری سەرۆک و سەرکردایەتیی یەکێتی بێت، بەڵام ئەگەر شتێکی بینی پێچەوانەی بنەماکانی یەکێتی یان پێچەوانەی ماددەکانی پێڕەوی ناوخۆ بە دڵنیاییەوە دەبێت بڵێت نەخێر.
 
رووداو: ئێوە راوێژ و پێشنیاز دەدەنە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆکی یەکێتی، یان بڕیار دەردەکەن و جێبەجێ دەکرێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: رەنگە هەندێک بڕیار کە لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دەردەکرێت بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردن بهێنرێتە ئەو ئەنجوومەنەوە، یان ئەگەر لیژنە بۆ هەر کارێکی گرنگ دروست بکرێت دەبێت نوێنەری ئەو ئەنجوومەنە باڵایەی تێدا بێت، ئەگەر سەرکردایەتی بڕیارێک دەربکات و بینێرێتە ئەنجوومەنی باڵا ئەگەر ئەنجوومەنەکە پەسندی نەکات ئەوا بڕیارەکە دەبێت بگەڕێتەوە.
 
رووداو: کێن ئەو کەسانەی دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: تائێستا ئەندامەکان دەستنیشان نەکراون، بەڵام لەو تێکۆشەرانە دەبن کە مێژوویەکیان هەیە لە خەبات و تێکۆشان و ئێستا لە هیچ دەزگایەکی یەکێتیدا جێگەیان نەبووەتەوە، بەڵام ئەو کەسانە بن کە خاوەنی بڕیار بن و کەسانێکی وابن کە شایستە بن بێنە ئەو ئەنجوومەنەوە، هێشتا ژمارەی ئەندامەکان دیاری نەکراوە و بە کراوەیی ماوەتەوە، هاوکات هێشتا پەیڕەوی ناوخۆ بە کراوەیی ماوەتەوە لەبەر ئەوە لە داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەستنیشان دەکرێت.
 
رووداو: هیچ میکانیزمێک هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئایا سەرکردایەتی دەنگ لەسەر ئەندامەکانی دەدات یان بە بڕیاری سەرۆک ئەندامەکانی دادەنرێن؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: کۆنگرە میکانیزمەکەی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام بەپێی دەسەڵاتەکان سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵا بەربژێرەکان هەڵدەسەنگێنن، مەرجەکانی بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنەکە دەستنیشان دەکەن و 25٪ـی ئەندامەکانیشی ژن دەبن.
 
رووداو: پەیوەندیی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی چۆن دەبێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: پەیوەندیی راستەوخۆی دەبێت لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، رەنگە بۆ زۆر پرس سەرۆکی یەکێتی و ئەنجوومەنەکە پێکەوە کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی لێبدەن.
 
رووداو: ژمارەیەک سەرکردەی دێرینی یەکێتی بایکۆتی کۆنگرەیان کرد، ئەم کەسانە دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنەکە؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەو کەسانەی بەشداریی کۆنگرەیان نەکرد دیارە ئامادەنین بێنە ئەنجوومەنەکەشەوە، بەڵام دەبێت سەرۆکی یەکێتی و ئەنجوومەنەکە هەوڵی تەواو لەگەڵ ئەو برادەرانە بدات، چونکە ئەوان مێژوویەکیان هەیە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا و خەڵکانێکی سادە و ئاسایی نین، لەبەرئەوە هەرچی لە توانادا بێت دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو برادەرانە بگەڕێنەوە ناو کایەکە، جا لە ئەنجوومەنەکان یان لە هەر شوێنێکی دیکەدا کە خۆیان پێیان باشبێت بتوانن کاربکەن.
 
رووداو: بەرهەم ساڵح  بۆچی بەشداریی کۆنگرەی نەکرد؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: نازانم بۆچی بەشدار نەبوو، بەڵام لە دەرەوەی کۆنگرەکە هاوکار و یارمەتیدەری پرۆسەکە بوو، رەنگە بەهۆی ئەوەی گەشتی کردووە نەیتوانیبێت بەشداریی بکات، بەڵام بەشدارینەکردنەکەی بۆ ناڕەزایی نەبووە، پێش کۆنگرەش رای وابوو کە پشتگیریی لە سەرۆک و سەرکردایەتی و کۆنگرەی یەکێتی دەکات. 
 
رووداو: سەرکردە دێرینەکان ئەگەر نەهاتنە ئەم ئەنجوومەنەی ئێوە، یەکێتی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، ناونیشانیان چی دەبێت لەنێو ئەم حیزبەدا؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: یەکێتی حیزبێکی بێ وەفا نییە بەرامبەر تێکۆشەرەکانی خۆی، سەرۆکی یەکێتی زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنی خۆیان لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەسەربردووە، پێموایە هەوڵی تەواو جدی دەدات تا بتوانین ئەو کەسانە ئاشت بکەینەوە، پێناچێت ئەو تێکۆشەرانە ببن بە نەیاری یەکێتی، بەڵام رەنگە هەندێکیان کار نەکەن لەنێو ئەم سەرکردایەتییەدا، بەڵام پێموایە پشتیوان و پشتگیریی یەکێتی دەکەن.
 
رووداو: قسەی زۆر هەبوو لەبارەی ئەوەی چی دەگوزەرێت لە ناو هۆڵی کۆنگرەی یەکێتی، یەکێک لەوانە بوونی ناڕەزایی شاڵاو کۆسرەت و دەرباز کۆسرەت بوو، دەگوترێت بەهۆی کێشە و ناڕەزایەتیی ئەوانەوە کۆنگرەی یەکێتی دوو رۆژ زیاتر لە ماوەی خۆی درێژەی کێشا، ئەمە تا چەند راستە؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: بچووکترین کێشە لەناو هۆڵی کۆنگرەدا نەبووە، یەک کاژێریش کۆنگرە بەهۆی کێشەوە دوانەکەوتووە، رەنگە شتێکی تەکنیکی بێت بۆیە درێژەی کێشابێت، بەڵام بەهۆی بوونی کێشەوە نەبووە، بە دڵنیایی گفتوگۆ و کێشمەکێشمی جدی لەنێوان هەموو لایەنەکاندا هەبووە لەبارەی ئەندامانی سەرکردایەتی، بەڵام وەکو کێشە هیچ کێشەیەک نەبووە و ئەو ئازادی و دیموکراسییەی لە کۆنگرەدا بینیمان بێ وێنە بوو، رەنگە ناکۆکیش هەبووبێت، بەڵام ناکۆکییەکان ئەوەندە گەورە نەبوون کە ببنە هۆی کێشە بۆ کۆنگرەکە.
 
رووداو: بوونی لیستی داخراو بۆ سەرکردایەتی، کەمکردنەوەی دیموکراسی نەبوو لەنێو کۆنگرەی یەکێتیدا؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: لە هەموو دونیادا ئەوە هەیە، هەر کەسێکیش ئازادبوو لەوەی لیست دروست بکات، لە کۆنگرەکە دادوەر هەبوو ئەگەر لە رووی یاساییەوە گرفتێک لە پرۆسەکەدا بووایە دادوەر پەسندی نەدەکرد، دادوەرەکان دەستی هەموو کەسێکیان واڵاکرد لە کۆنگرەدا کە لیستی خۆیان هەبێت، ئەگەر رێگەیان نەدایە خەڵکی دیکە لیستی هەبێت لە کۆنگرەدا دەتوانرا بوترێت دیموکراسی نەبووە، بەڵام هەموو کەس ئازادبوو لەوەی لیستی هەبێت بۆیە پرۆسەکە دیموکراسی بوو و بەکۆی دەنگیش لیستەکە پەسندکرا.
 
رووداو: کۆنگرە دەسەڵاتی زۆری داوە بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەگوترێت ئەم دەسەڵاتانە زۆرن بۆ سەرۆک و لەگەڵ سرووشتی یەکێتی یەکناگرێتەوە، ئێوە چۆن لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک دەڕوانن؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: هیچ کەسێک زۆری لە کەس نەکردووە تا دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە سەرۆکی یەکێتی، ئەندامانی کۆنگرە دەنگیان پێداوە، من زۆرم پێباشە کە مەرکەزییەت هەبێت لەناو حیزبدا، پێشتر ئەو مەرکەزییەتە نەبوو، زۆر جار لایەنە سیاسییەکان و شاندە بیانییەکان کە هاتوون گوتوویانە نازانین بچین لەگەڵ کێدا لە یەکێتی قسە بکەین، هەربۆیە من لەگەڵ ئەوەبووم کە مەرکەزییەت هەبێت لەناو یەکێتیدا.
 
رووداو: یەکێتییەکی مەرکەزی بەهێزتر دەبێت لەو یەکێتییەی پێشتر؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: یەکێتیی مەرکەزی بەهێزترە، بەڵام سەرناکێشێت بۆ تاکڕۆیی و زۆرینەی بڕیارەکان ئەگەر سەرۆکیش بڕیاریان لێبدات دەگەڕێتەوە بۆناو مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵا، یەکێتی ئێستا حیزبێکە کە مەرکەزی بڕیاردانی هەیە.
 
رووداو: لەکاتێکدا سەرۆک ئەو دەسەڵاتانەی هەبێت، رۆڵی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنەکانی دیکە چی دەبن؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: دەسەڵاتەکانی سەرۆک مانای ئەوە نییە کە پرس بە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نەکرێت، هەموو شتێک لە سەرکردایەتی و لە مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و ئەنجامەکەی دەبێتە بڕیار، لە هەموو شوێنێکی دونیادا هەروایە گفتوگۆ لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەکرێت ئەو بڕیارانەشی کە دەدرێن دچنە ئەنجوومەنی باڵا.
 
رووداو: سەرۆکی یەکێتی نە جێگری هەیە و نە کارگێڕ، ئەمە لە کۆنگرەدا چۆن بڕیاری لێدرا؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: من خۆم یەکێک لەوانەبووم کە دژی جێگر بووم، چونکە پێویستی بە جێگر نییە، سەرۆکی یەکێتی خۆی لە مەکتەبی سیاسیی دەوام دەکات.
 
رووداو: گلەییەک هەیە لە پێکهاتەی نوێی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە کەسی تێدا نییە لە راپەڕین و گەرمیان و هەورامان، بۆچی؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: دابەشکردنی کارەکان لەسەر بنەمای توانایە نەک ناوچەکان، من ناڵێم لەو ناوچانە خەڵکی بەتوانا نییە، من زۆر ئاگاداری ئەو وردەکارییانە نیم، بەڵام رەچاوی گلەیی و نیگەرانییەکان کراوە و کۆنگرە رێگەی ئەوەی داوە کە ئەم جۆرە نیگەرانییانە چارەسەر بکرێن.
 
رووداو: ئەنجوومەنێکی دیکە دروست دەکەن بەناوی ئەنجوومەنی پشتیوانی، ئەم ئەنجوومەنە کەی پێکدەهێندرێت و چۆن دەبێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوە پێویستە مەکتەبی سیاسی پێکبهێندرێت و دەستبەکار بن و مەرج و رێنمایی دابنێن بۆ ئەو ئەنجوومەنانە دواتر دەستنیشانی ئەو تێکۆشەرانە بکرێت کە بۆ راوێژکاریی گونجاون و کەسانێکن کە توانایان هەیە هەموویان دەچنە ئەو ئەنجوومەنانەوە.
 
رووداو: "نوێگەری لە کار" درووشمی یەکێتی بوو لەم کۆنگرەیەدا ئێستا نارەزایی و نیگەرانییەکی زۆری خەڵک هەیە بەتایبەت لە سلێمانی کە یەکێتی بە ناوچەی نفوزی خۆی دایدەنێت، یەکێتی چی نوێی پێیە بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: گلەیی خەڵک تەنیا لە سلێمانی نییە، لە هەموو ناوچەکان گلەییەکە گەورەیە، سلێمانی گلەیی هەیە کە مووچە نادرێت دهۆک و هەولێریش بە هەمان شێوە ناڕەزایەتییان هەیە یان گلەیی نەبوونی خزمەتگوزاریی و بێکاری گلەییەکە لە هەموو هەرێمی کوردستان هەیە، یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە هەموو هەرێمی کوردستان چارەسەری ئەو کێشانە بکات.
 
رووداو: خاڵێکی گرنگ ئێستا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییە، ئەم پەیوەندییانە دوای کۆنگرەکەتان چۆن دەبێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی یەکێتی دوای کۆنگرە، چارەسەری کێشە سیاسییەکانییەتی لەگەڵ پارتی بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەکگووتاری، لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیە هەموو هەنگاوێک بنێ بۆ چارەسەری کێشەکان.
 
رووداو: ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەدا تا چەند کاریگەریی هەبوو بۆ دروستکردنی ئارامی لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و لایەنەکاندا بە تایبەتیش لەگەڵ پارتی؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیایی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەوەبوو کە یەکێتی لەپاش کۆنگرە رۆڵی گرنگ ببینێت هەم بۆ خۆڕێکخستنەوە و هەم بۆ یەکڕیزی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و لەسەروو هەمووشیانەوە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بە دڵنیاییەوە ئەوە پەیامێک بوو کە جێگەی خۆی گرتووە، هاوکات یەکێتی هەست بەوەدەکات کە ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە ئەو هەڕەشەیە کاریگەریی لەسەر حیزبەکانیش دروست دەکات، بۆیە یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات و سەرۆکی یەکێتی ئامادەیە بۆ یەکریزی و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ پارتیدا، بڕیاریش دراوە کە هەموو هەوڵ و تەقەلایەک بدرێت بۆ چارەسەی کێشەکان.
 
رووداو: کێشەکانی پارتی و یەکێتی ئێستا چین وا رێکناکەون؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: منیش نازانم کێشەکانیان لەسەرچیین، من لە دوو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ئامادەبووم، هەردوولایان لەسەر بابەتە سیاسییەکان یەکدەنگ بوون و هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەڵام کێشەکان ئەمڕۆ کەوتوونەتە لای حکومەت، هەر بابەتێک پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت بە دڵنیایی هەردوولایان هاوڕان لەبارەیەوە و لە کۆبوونەوەکاندا هیچ کێشەیان نییە، هەوڵ دەدەین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببینەوە و بڕیار بدرێت کە بەشێک لە کێشەکان لەناو حکومەتەوە چارەسەر بکرێن، بۆ نموونە ئێستا نەبوونی وەزیری پێشمەرگە کێشەیەکی گەورەی دروست کردووە هاوپەیمانان بەردەوام داوا دەکەن کە وەزیرێک بۆ پێشمەرگە دابنرێت، ئێمە داوامان کردووە کە جێگری سەرۆکی حکومەت وەزیرێک بە وەکالەت دابنێت لەو وەزارەتە بەڵام تا ئێستا دانەنراوە
 
رووداو: ئێوە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشن، هێندی بزانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: تا ئێستا هیچ گرفتێک نابینم لەبارەی ئەو بەروارەی بۆ هەڵبژاردن دەستنیشانکراوە و پێموایە پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت، یەکێتیش سوورە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە و کاری لەسەر دەکات 
 
رووداو: ئەم یەکێتییەی ئێستا "یەکێتی نوێ" لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگەکانی کەم دەکات یان زیاد دەکات؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەر بتوانین لەم ماوەیەدا جەماوەرەکەمان ئاشت بکەینەوە کە جەماوەرەکەمان زۆر متمانەیان بەم سەرکردایەتییەی ئێستا و سەرۆکی یەکێتی هەیە ئەوا دەنگەکانمان زیاتر دەبن. 
 
رووداو: باست لە کێشەکانی پێشمەرگە کرد، ئەم چاکسازیی و رێکخستنەوەیەی پێشمەرگە بۆچی ئەوەندە بە خاوی بەڕێوەدەچێت؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: هێندەی من ئاگەداربم یەکەی 70 هەموو دەسەڵاتێکی دراوەتێ لەلایەن سەرکردایەتی پێشوو و سەرۆکی یەکێتییەوە کە هاوکاری تەواوی تیمەکانی هاوپەیمانان بن کە هاتوون بۆ ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و کارئاسانییان بۆ بکەن، ئێمە هیچ گرفتێکمان لەلایەن یەکەی 70 نەبینیوە و هیچ رێگرییەکیشم نەبینیوە و کاری زۆر باشیش کراوە بەڵام بەداخەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە کارەکان بەباشی ناڕوات، تەنانەت جێگری سەرۆکی حکومەت بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی وەزیرێکی بە وەکالەت بۆ پێشمەرگە دەستنیشانکردووە بەڵام ئەوەش رێگریی لێکراوە.
 
رووداو: بەرپرسانی ئەمریکا رەخنەی تووند دەگرن لە راپۆرتەکانیاندا لەبارەی یەکگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم دۆخەی پێشمەرگە مەترسی نییە لەسەر راگرتنی هاوکارییاکانیان بۆ پێشمەرگە؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەمریکییەکان بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە رێکنەخرێنەوە و هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت، ئەوا ئەو هاوکارییانەیان بۆ پێشمەرگە دەبڕن، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە تێڕوانینیان بۆ هەرێمی کوردستان رووینەداوە، بەڵام بە روونی هۆشداری دەدەن لەبارەی بڕینی هاوکارییەکانی پێشمەرگە.
 
رووداو: داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی کوردستان؟
 
جەعفەر شێخ مستەفا: بەڵێ داعش هێشتا هەڕەشەیە، راستە شکستی گەورەی خواردووە لە شەڕەکاندا، بەڵام ئێستا خۆی رێکخستووەتەوە و لە زنجیرە چیای حەمرین بۆ قەرەچووخ تونێل و ئەشکەوتیان هەیە و بە جێگیریی لەو ناوچانەن و مەفرەزەکانیشیان لە ناوچە جیاوازەکان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن باسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات: "ئەمە زەنگی مەترسییە"

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان و شەڕی میدیایی میدیاکانی پارتی و یەکێتی