پسپۆرێکی وزە: ‌هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە

06-02-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژییەکانی وزە لە تورکیا
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژییەکانی وزە لە تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆغۆزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژییەکانی وزە لە تورکیا بە رووداوی گوت، تورکیا چاوەڕێی ئەوەیە بەغدا و هەرێمی کوردستان کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن. دەشڵێت دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت لە بواری ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت بۆیە تورکیا پشتگیریی دەستپێکردنەوەی هەناردەکرنەکە دەکات.
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر دەڵێت ئەگەر بەبەردەوامی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان دا بکرێت، توانای ئەوەی هەیە بەرهەمی رۆژانەی بگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئۆغۆزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندە ستراتیژییەکانی وزە لە تورکیا:

رووداو: ئێمە دەزانین ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی تورکیاش لایەنێکی دیکەیە لە هەناردەکردنی نەوت، دەمەوێت بزانم ئەم بڕیارە چ کاریگەریێکی لەسەر تورکیا دەبێت؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: لە راستیدا، ئەگەر لە رووی ئابوورییەوە سەیری بکەین، ئەمە بڕیارێک نییە کە کاریگەری گەورەی لەسەر تورکیا هەبێت. تورکیا، تەنیا داهاتێک لە رێگەی کرێی گواستنەوەوە بەدەستدەهێنێت. واتە تورکیا دەستتێوەردان لە فرۆشتنی نەوتدا ناکات. بۆیە دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیا، لەم چوارچێوەیەدا، ناتوانێت بە پەرۆشەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەکی گەورە دا بکات، تەنیا لەبەر سەرچاوەکانی داهات وەک کرێ یان باج، بەڵام لەلایەکی دیکەوە کاتێک سەیری پرۆسەکە دەکەین، لە روانگەی سەقامگیریی ناوچەکە و بەتایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەردەوامبوونی ئەم گواستنەوەیە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی داهاتی لەدەستنەدات و بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵاتێکی دراوسێمان. تورکیا تەنها لەبەر ئەم هۆکارەش بێت، هەمیشە پشتگیریی دووبارە دەستپێکردنەوەی ئەم گواستنەوەیەی کردووە.
 
رووداو: بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی عێراق ئەم بابەتە (دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت)ـیان لەگەڵ تورکیا باس کردووە؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: بەپێی ئەوەی من دەیزانم، تائێستا هیچ راگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە نەکراوە. لە راستیدا، پرۆسەکە بەهۆی تورکیا نەبووە، بەڵکو زیاتر لە ناکۆکیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی بەغداوە سەرچاوەی گرتووە. تورکیا بەتایبەتی لەم چوارچێوەیەدا دەیەوێت ئەوان کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، چونکە ئەمە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراقە. تورکیا چاوەڕێی ئەوەیە کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی بێنە لای تورکیا. هەروەها خوازیاری چارەسەرێکی بەردەوام و هەمیشەییە بۆ ئەم پرۆسەیە. چونکە بابڵێین پرۆسەیەکی وا لە تورکیا دەستیپێکردەوە و گواستنەوەکە دەستیپێکرد، دواتر حکومەت لە بەغدا گۆڕا یان هەندێک فاکتەر کاریگەرییان لەسەر حکومەت دانا، پاشان بەغدا دیسان نەیەتەوە لای تورکیا و بڵێت بۆچی رێگەت بە وەها کارێک داوە. واتە تورکیا نایەوێت دووبارە رووبەڕووی هەمان کێشە ببێتەوە، بەڵام تورکیا دەزانێت گواستنەوەی نەوت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە. تەنانەت کاتێک لە درێژخایەن بیردەکەینەوە، سەیر بکەن، ئێستا کاری گرنگ لە بواری ئەمنییەوە دەکرێت کە حکومەتی هەولێر و حکومەتی بەغدا تێیدا لەگەڵ تورکیا یەکگرتوون. لە پاڵ ئاسایش، پرۆژەیەکی گەورە کە رێگەی گەشەپێدانە ئینشاڵڵا جێبەجێ دەکرێت. هەنگاو بۆ ئەمە دەنرێت. کە ئەمەش لە رووی وزەوە گواستنەوەکە بەشێوەیەکی زۆر جدی بەهێز دەکات. دەتوانێت وەبەرهێنان بۆ ئەو کێڵگانە رابکێشێت کە وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە. کاتێک سەیری وێنە گشتییەکە دەکەین لەم تابلۆ گشتییەدا، دەستپێکردن و بەردەوامبوونی ئەم گواستنەوەیە بەشێوەیەکی بێ کێشە زۆر گرنگە. بەڵام بەداخەوە چەندین ئاڵنگاری لەنێو عێراقدا هەیە، بەتایبەتی لە ئاستی حکومەتی بەغدا. واتە دەڵێین هەولێر و بەغدا رێککەوتن و لەم چوارچێوەیەدا دێنە لای تورکیا. بە راستی ساڵانێکە ئەمە باس دەکەین. بەڵام سەیر دەکەین لە شوێنێک، دادگەی فیدرالی، لە شوێنێک دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق، کارگێڕییە جیاوازەکان دەتوانن پرۆسەکە پەک بخەن. لەم چوارچێوەیەدا هەندێک راگەیاندن لەلایەن بەرپرسانی عێراقییەوە کراوە سەبارەت بە دەستپێکردنی گواستنەوەیەک بە بڕی 300 هەزار بەرمیل. هیوادارم ئەم کێشانە هەرچی زووە چارەسەر بکرێن و رەوتەکە دەستپێبکات.
 
رووداو: ئەم راگرتنە کە نزیکەی دوو ساڵ دەبێت، هیچ زیانێکی بۆ تورکیا نەبووە؟ بۆ نموونە ئەگەر تەنیا کرێی گواستنەوەکەش حیساب بکەین، چ کاریگەرییەکی لەسەر تورکیا کردووە؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: بۆ نموونە، با بڵێین تەنها لە رووی باجی ترانزێتەوە یەک دۆلار داهات بەدەستدەهێنیت، لە رووی باجەوە یەک دۆلار داهات بەدەستدەهێنیت. پێشتر رۆژانە 500 هەزار بەرمیل دەگوازرایەوە، کە ئەمە بە واتای داهاتی رۆژانە 500 هەزار دۆلار دێت، کە بڕێکی دیاریکراوی بۆ خەرجی دەڕوات با ئەوەش لەبیرنەکەین. واتە ئەگەر نیوەی بۆ خەرجی بڕوات، باسی پارەیەکی رۆژانە 250 هەزار دۆلاری دەکەین. ئەم پارەیە بۆ دەوڵەتێک وەک تورکیا پارەیەکی زۆر نییە کە لەبەرچاو بگیرێت. ژمارەیەکی زۆر گاڵتەجاڕانەیە، بەڵام وەک گوتم، کاتێک ئەم گواستنەوەیە ناکرێت، کاتێک ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاد دەبێت بەهۆی هۆکارە ئابوورییەکانەوە، بێگومان کێشەکانی پەیوەست بە تیرۆریش زیاتر سەرهەڵدەدەن. لەبەر ئەم هۆکارەیە، سەیر بکەن، نەوەک لە رووی کاریگەرییە راستەوخۆکانەوە، بەڵکو لە رووی ئەو بودجەیەی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان بکرێت، ئەم پرۆسانە بە شێوەیەکی جدی کاریگەریی نەرێنی دەکات. واتە قسەکردن لە رووی کاریگەرییە راستەوخۆکانەوە زۆر لۆژیکی نابێت، بەڵام لە رووی کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانەوە هەموومان دەستپێکردنەوەی ئەم گواستنەوەیە دەخوازین.
 
رووداو: لەبەرئەوەی ئێوە سەرۆکی ناوەندێکی گەورەی وزەن، دەمەوێت بزانم هەرێمی کوردستان چ پێگەیەکی لەسەر نەخشەی وزەی تورکیا دا هەیە؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: لە راستیدا چەندین سەرچاوەی (هەرێمی کوردستان) هەن. واتە کاتێک گواستنەوەیەکی بەردەوام و شیاوی وەبەرهێنان دەستپێدەکات، تەنها بە بەڕێوەبردنی کارای ئەو کێڵگانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان، دەکرێت توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە بگەیەنرێتە یەک ملیۆن بەرمیل. تەنانەت کێڵگەی وا هەیە وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە، کێڵگەی پەرەپێنەدراو هەیە. کاتێک ئەمانەش دەخەینە سەری، توانای بەرهەمهێنانێکی زۆری هەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بگاتە سەرووی دوو ملیۆن بەرمیل. بێگومان ئەگەر وەبەرهێنان بکرێت، واتە بەردەوام بێت و کێشەی نەبێت. ئەگەر هاوکێشەیەک دابڕێژرێت کە حکومەتی بەغدا لەم چوارچێوەیەدا هاوڕا بێت، بەرهەمهێنان وەک گوتم دەتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر جدی بگەیێنرێتە 2 ملیۆن بەرمیل. بێگومان ئەمە پێویستیی بە وەبەرهێنان هەیە. واتە باسی 10 ساڵ دواتر دەکەم. لەلایەکی دیکەوە، لە رووی گازی سرووشتیشەوە توانای بەرهەمهێنانی گەورە هەیە. هەندێک کێڵگەی گازی سرووشتی هەن کە چاوەڕێی پەرەپێدان و وەبەرهێنانن، وەک لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت، گازی سرووشتی هەیە کە لەگەڵ نەوتدا بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام لەبەرئەوەی ناخرێتە نێو ئابوورییەوە، بە ناچاری دەسووتێنرێت. هەر بەهەمان شێوە، بەرهەمهێنانی ئەمانەش پێویستی بە رێکخستنێک هەیە. کەواتە لە بواری نەوت و لە بواری گازی سرووشتیدا دەرفەتی گەورەی هاوکاری لەبەردەممان دان.
 
رووداو: ئەوە پڕۆژەیەکە کە باسی لێوە دەکرا، بەتایبەت هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی تورکیا بۆ ئەورووپا، ماوەیەک ئەم بابەتە بووە رۆژەڤ و دواتر بێدەنگ بوو، ئایا ئێستاش باس لەو بابەتە دەکرێت؟ کە تورکیا خۆی سوود لە گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، یان هەناردەی ئەورووپا و دەرەوەی بکات؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: لە راستیدا، من تەنها باسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ناکەم. کاتێک سەیری هەموو عێراق دەکەین، توانایەکی زۆر جدیی هەیە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی سرووشتی. تەنانەت کاتێک بەشێوەیەکی گشتی سەیری دەکەین، زیاتر لە 30 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی ساڵانە لە عێراق دا هەیە، وەک لە ڤیدیۆکاندا دەبینرێت، دەسووتێنرێت. بۆچی دەسووتێنرێت؟ چونکە ئەم گازە لەگەڵ نەوتدا بەرهەمدەهێنرێت. لە بیری نەوتەوە دێت. لەبەرئەوەی ناتوانن بیخەنە نێو ئابوورییەوە، ناچارن بیسووتێنن بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان. کێڵگەی گازی سرووشتی هەن، بۆ نموونە کێڵگەی وەک چەمچەماڵ هەیە، کێڵگەی وەک کۆرمۆر هەیە. مەبەستم لە پەرەپێدانی ئەمانە، ئەوەیە کە بە شێوەیەکی بەردەوام بگەیەنرێنە بازاڕێک و بیانفرۆشن. پێویستی بە داڕشتنی هاوکێشەیەکی وا هەیە. کاتێک ئەم هاوکێشەیە دادەڕێژرێت، توانای گازی سرووشتیی عێراق زۆر بەرزە.
 
رووداو: ئەوانە هەموویان خاڵی گرنگن، بەڵام ئایا هیچ پرۆژەیەکی تورکیا هەیە کە ئەو پلانەی ئێوە دەیڵێن، جێبەجێ بکات؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: بە واتایەکی دیکە، تورکیا لە رێگەی رێکخراوە مەدەنییەکانی وەک TESBAM و لە رێگەی دامەزراوە حکومییەکانییەوە، هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو بوارانە دەکات. کار لەسەر شیاویێتیی هەمووی دەکات، بەڵام ئەم پرۆسانە بێگومان تەنها لە دەستی ئێمەدا نین. بۆ نموونە، ئێران نایەوێت کێڵگە گازییەکانی ئێرە پەرەیان پێ بدرێن. چونکە وەک دەزانن ئێران گازی سرووشتی هەناردەی عێراق دەکات. واتە لە رێگەی ئەم هەناردەکردنی گازی سرووشتییەوە هەوڵ دەدات عێراق زیاتر پشت بە خۆی (ئێران) ببەستێت. بێگومان بەهۆی ئەم جۆرە کاریگەرییە دەرەکیانەوە، بەردەوام رووبەڕووی کێشە دەبنەوە سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە تواناکان. دەڵێین ئەم کێشانە هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر دەبن و هیوادارین. سەیر بکەن، لە سووریا گۆڕانکاری دەستی پێکردووە. تورکیا و عێراق لەم چوارچێوەیەدا لەپەیوەندیدان، تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەولێر لە پەیوەندییەکی نزیکدایە. سەبارەت بە بەغداش چەندین کێشە چارەسەر کراون. پێموایە لەگەڵ دابینکردنی ئەم یەکخستنە هەنگاو بە هەنگاو، لە پاڵ نەوتی ناوچەکەدا، سەرچاوەکانی گازی سرووشتیش پەرەیان پێدەدرێت و دەخرێنە بواری بەرهەمهێنانەوە.
 
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر بابەتی هەناردەکردنی نەوت، ئەگەر هات و دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە کرا، تورکیا هیچ کاتێکی پێویستە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێشتر چەند جارێک تورکیا گوتوویەتی نۆژەنکردنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کۆتایی هاتووە و، من چاوەڕێی عێراق و هەرێمی کوردستان بووم، ئەگەر ئەمڕۆ دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت، تورکیا ئامادەیە؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: ئەگەر کێشە یاساییەکان چارەسەربکرێن، تورکیا ئامادەیە بۆ ئەمە. وەک دەزانن، تورکیا دوای بوومەلەرزەکەی دوو ساڵ پێش ئێستا، هەموو بۆڕییەکانی چاککردەوە و چاودێریی تەکنیکی بۆرییەکانی تەواوکردووە. ئێستا هێڵەکەمان ئامادەیە. کاتێک کێشە یاساییەکان و کێشە سیاسییەکان چارەسەر کران، عێراق دێتە لای تورکیا و دەڵێت باشە ئێستا دەتوانین دەست بە پرۆسەکە بکەین، پێموایە ئەم پرۆسەیە دەتوانێت دەستبەجێ دەستپێبکات. چونکە وەزارەتی وزەمان پێشتر رایگەیاندبوو کارە تەکنیکییەکانی پەیوەست بەم پرۆسانەی زۆر پێشتر تەواو کردووە.
 
رووداو: تورکیا داوای قەرەبوو دەکات؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: لە راستیدا، وەک دەزانن حکومەتی بەغدا تورکیای دابووە دادگەی نێودەوڵەتی و داوای قەرەبووی لێ دەکرد. لە راستیدا لەم داوای قەرەبووەشدا مافی نەبوو. چونکە حکومەتی بەغدا نەوتی خۆیشی هەر بە هەمان بۆری دەناردە جەیهان. بەڵام داوای قەرەبووی لە تورکیا دەکرد بە بیانووی ئەوەی بۆچی نەوتی هەولێر دەگوازیتەوە.
 
رووداو: واتە تورکیا داوای قەرەبوو دەکات لەم پرۆسانەدا؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: لە رووی یاساییەوە نازانم، زۆر پێموانییە. بەڵام تورکیاش قەرەبوو نادات بەرامبەر تۆمەتێکی ناهەقی وا. کەواتە ئەگەر هەموو کێشەکانی پەیوەست بە قەرەبوو بخرێنە لایەک و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر لەم چوارچێوەیەدا هاوڕا بن و بتوانن یاسای پەیوەندیدار تێپەڕێنن، واتە ئەگەر پرۆسەیەکی گواستنەوەی بەردەوام دەستپێبکات، دواتر بەرهەمهێنان بە زیادبوونەوە بەردەوام دەبێت. پێموانییە کەس خەریکی قەرەبوو و شتی وا بێت.
 
رووداو: واتە داوای هیچ قەرەبوو و پارەیەک ناکات؟ لەبەر ئەوەی ئەمەش یەکێک لە کێشەکان بوو، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەوت هەناردە نەکراوە تورکیا داوای هیچ قەرەبوویەک ناکات؟
 
ئۆغۆزهان ئاکیەنەر: لە راستیدا لەم چوارچێوەیەدا نازانم داواکارییەکی یاسایی دەبێت یان نا. لەبەرئەوەی ئەمانە رێککەوتننامەن و وردەکاری و نهێنییان هەیە، نازانم لە رێککەوتننامەکەدا بەرپرسیاریێتی لەم چوارچێوەیەدا هەیە یان نا. بەڵام پێموانییە تورکیا داواکارییەکی لەم جۆرە بکات، واتە بە شێوەی 'بۆچی من نەوتم نەنارد و بۆرییەکەم بەکارنەخست". هەموو لایەنەکان واز لە چاوەڕوانییەکانیان سەبارەت بە دادگەی نێودەوڵەتی دەهێنن. دواتریش پرۆسەکە هەرچی زووە دەستپێدەکات. چونکە تورکیا سەبارەت بە دراوسێکانی، زۆر هەستیار و هاوکارە و ئێمە ئەمە دەبینین. زۆر هاوکارییان دەکات و دەیەوێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی پراکتیکی کار بکات و هەموو لایەک سوودمەند بن و ناوچەکە سەقامگیری بەدەستبهێنێت. بۆ ئەمە هەوڵدەدات. پێموانییە زیاتر لەمە پرۆسەکە ئاڵۆزبکات.

 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان