دەزگای پڕۆگرامەکان بۆ رووداو: لیژنەیەکی هاوبەش لە شام کتێبی کوردی ئامادە دەکات

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
عەبدولڕەحمان سلێ، ئەندامی دەزگای پڕۆگرامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
عەبدولڕەحمان سلێ، ئەندامی دەزگای پڕۆگرامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکردنی کتێبەکانی زمانی کوردی لە شام دەڵێت، ئەوان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە راسپێردراون بۆ ئەوەی بەشداری لە لیژنەیەکدا بکەن کە لە شام کتێبی کوردی ئامادە دەکات؛ بەڵام جەخت دەکاتەوە، داواکاریی سەرەکیی کورد ئەوەیە هەموو وانەکان بە زمانی کوردی بن، نەک تەنها وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە (هەڵبژاردە).
 
عەبدولڕەحمان سلێ، کە هاوکات ئەندامی دەزگای پڕۆگرامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، لە بوولتەنی نووڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و گەلی رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە پەروەردە بە زمانی دایک "هێڵی سوورە" و ئەوان ئەوە قبووڵ ناکەن زمانی کوردی تەنها وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە بێت.
 
سلێ ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکەی شام کە 4 ئەندامیان نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، دەستیان بە کار کردووە و پلان هەیە کتێبی کوردی لە پۆلی 1 تاوەکو 12 ئامادە بکرێت. بە گوتەی سلێ، ناوەڕۆکی کتێبەکان 40%یان لەسەر کولتوور و تایبەتمەندیی کورد دەبێت.
 
عەبدولڕەحمان سلێ هەروەها ئاماژەی بەو "مژدەیە" کرد، کە لەلایەن ناوەندی گەشەپێدانی پەروەردەیی شامەوە دراوە و گوتی، "رەنگە پرۆگرامێکی پەروەردەیی نیشتمانی لە سەرانسەری سووریا ئامادە بکرێت و بۆ ناوچە کوردییەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێت."
 
رووداو: هەموو کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، دەیانەوێت هەموو وانەکان لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا بە زمانی کوردی بن. شام لەو بارەیەوە چی دەڵێت؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: بەلای ئێمەوە لە رۆژئاوای کوردستان، خوێندن بە زمانی دایک مافێکی رەوا و سەرەکیی ئێمەیە. لە هەڵوێستەکانی هەسەدە و لە گفتوگۆکانی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا ئەمە هێڵی سوورە و لێی پاشەکشە ناکەین. شام دەیەوێت زمانی کوردی وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە بێت، لە هەفتەیەکدا تەنها چەند کاتژمێرێک بێت. ئێمە وەک ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و وەک هاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمە قبوڵ ناکەین. مافی رەوای ئێمەیە بە زمانی خۆمان پەروەردە ببین، بخوێنین و بنووسین. بۆ ئەمەش لیژنەی تایبەت هەن کە لەسەر ئەم گفتوگۆیانە کار دەکەن.
 
رووداو: باشە مادام قبوڵ ناکرێت، بۆچی تەنها خەریکی ئامادەکردنی وانەیەکی ئارەزوومەندانەن، لە کاتێکدا کوردانی رۆژئاوای کوردستان داوای هەموو وانەکان بە زمانی کوردی دەکەن؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: ئێمە هەم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەم لەلایەن دەستەی پەروەردە و فێرکردنەوە راسپێردراوین، کە بەشداری لەم لیژنەیەدا بکەین. هیوا هەیە لە داهاتوودا پڕۆگرامێکی نیشتمانی لەسەر ئاستی سووریا دروست بێت و ئەو پڕۆگرامە بەپێی سرووشتی ناوچە کوردییەکان و تایبەتمەندیی کولتووری گەلی کورد، بۆ زمانی کوردییش وەربگێڕدرێت.
 
رووداو: ئایا ئەم وانە کوردییەی ئێستا ئامادەکاریی بۆ دەکەن، بۆ رۆژئاوای کوردستانە یان بۆ کوردانی شام و ناوچەکانی دیکەی سووریایە؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: ئەم پرسە پەیوەندیی بە لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە. بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم پڕۆگرامە بۆ ناوچەکانی ناوخۆی سووریایە، وەک حەلەب و شام. هەروەها، ناوەندی گەشەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە شام کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی سووریایە، ئەو مژدەیەی پێداوین کە رەنگە پڕۆگرامی پەروەردەی نیشتمانی لە سەرانسەری سووریا ئامادە بکرێت و بۆ ناوچە کوردییەکان وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.
 
رووداو: ئەگەر شام بڵێت "من تەنها مافی یەک وانە بە کوردی بە قوتابیانی کورد دەدەم و دەبێت هەموو وانەکانی دیکە بە عەرەبی بخوێندرێن"، ئایا ئەو داواکارییە لەلایەن کوردانی رۆژئاوای کوردستانەوە رەت ناکرێتەوە؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: هەڵوێستی گەلی رۆژئاوای کوردستان دیارە؛ بێجگە لە زمانی کوردی هیچ زمانێکی دیکە قبوڵ ناکەن. وەک لە سەرەتاشدا گوتم، خوێندن بە زمانی دایک مافێکی رەوایە بەپێی هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان. ئێمە لەمە پاشەکشە ناکەین و لەو بڕوایەدام گەلی کورد ئەم پێشنیازە قبوڵ ناکات.
 
رووداو: کاری ئامادەکردنی بابەتەکانی وانەی ئارەزوومەندانەی زمانی کوردی، کە وەزارەتی پەروەردەی سووریا پەسەندی کردووە، گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟ لە پۆلی چەندەوە دەستپێدەکات و کەی کۆتایی دێت؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: تەنها یەک جار کۆبوونەوەمان کردووە و لەسەر پلانێک رێککەوتووین. بەپێی بڕیارەکە، لە پۆلی یەک تا پۆلی 12 کتێبەکان ئامادە دەکرێن، بەڵام ئێمە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییداین. ستراتیژییەک ئامادە دەکەین کە پێشکەشی ناوەندەکەی شامی بکەین و ئەوانیش هی خۆیان پێشکەشی ئێمە دەکەن. دواتر هەردوو پلانەکە دەکەینە یەک و کاری لەسەر دەکەین.
 
رووداو: ئایا دەکرێت لە ساڵی نوێی خوێندندا ئەم وانەیە وەک ئارەزوومەندانە لەبەردەستی قوتابیاندا بێت؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: ئەگەر بە خێرایی کار بکەین، رەنگە تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، کتێبەکانی پۆلی یەک تا شەش ئامادە بن.
 
رووداو: ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەو وانەیە چی دەبێت؟ تەنها فێربوونی زمان دەبێت، یان ئەدەبیات، کولتوور، مێژوو و جوگرافیاشی تێدا دەبێت؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: بەپێی ستراتیژیی ئێمە، لە هەر کتێبێکدا 40%ی لەسەر کولتوور، سروشت و تایبەتمەندیی گەلی کورد دەبێت. زانستەکانی دیکەی وەک جوگرافیا و زانیارییەکان بە کوردی لە ناو کتێبەکاندا دەبن. هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە هەیە، وەک شیعر و نووسین لەسەر کورد، لەم کتێبانەدا جێگەیان دەبێتەوە. بەڵام بابەتەکانی وەک جوگرافیا کە رەنگە ببنە جێگەی کێشە، بۆ لایەنە سیاسییەکانمان جێهێشتووە.
 
رووداو: لە کرداردا کێ ئەم کتێبانە دەنووسێت و کێ سەرپەرشتی دەکات؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: لیژنەیەکی 10 کەسیمان هەیە کە ئەم کتێبانە دەنووسن. لە نێویاندا کەسانی وەک بەڕێز عیسمەت رەمەزان وەک سەرپەرشتیار و دکتۆرە نەرمین هەن کە لە بواری زماندا پسپۆڕن و چاودێریی کارەکە دەکەن.
 
رووداو: چەند نوێنەری دەزگای پڕۆگرامەکان و پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەم لیژنەیەدا هەن؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: لە کۆی 10 کەس، ئێمە 4 نوێنەری دەزگای پڕۆگرامەکانین لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە راسپێردراوین بۆ ئەوەی لە ئامادەکردنی ئەم وانەیەدا بەشدار بین.
 
رووداو: لە ئامادەکردنی ئەم وانەیەدا پشت بە چ سەرچاوەیەک دەبەستن؟ ئایا سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان یان ناوەندە ئەکادیمییە کوردییەکان وەردەگرن؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: پشت بە زۆر سەرچاوە دەبەستین. سەرچاوەی ئەدەبیمان هەیە وەک مارف خەزنەدار و جەلادەت بەدرخان. سەیری پڕۆگرامەکانی باشووری کوردستان و وڵاتانی دیکە دەکەین. هەروەها سوود لە تیۆر و رێبازە نوێیەکانی پەروەردەش وەردەگرین.
 
رووداو: ئایا نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی یەکگرتووی سووریا بانگهێشت کراون؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: تاوەکو ئێستا نەخێر. ئەوان هێشتا لە گفتوگۆدان کە ئایا ئەم پێشنیازە لەسەر ئاستی سووریا پەسەند دەکرێت یان نا. ئەم بابەتە پەیوەندیی بە لیژنەکانی گفتوگۆوە هەیە.
 
رووداو: وەک ئەندامێکی دەزگای پڕۆگرامەکان، ئەو کەموکوڕی و خاڵە لاوازانە چین کە لە پڕۆگرامی ئێستای رۆژئاوای کوردستاندا بینیوتانە و چۆن بۆ پەرەپێدانیان کار دەکەن؟
 
عەبدولڕەحمان سلێ: لە ئەزموونی 10 ساڵەی ئێمەدا، گەورەترین ئاستەنگمان کەمیی سەرچاوە بە زمانی کوردی بوو. زۆربەی جار ناچار دەبووین بۆ توێژینەوەکان پەنا بۆ سەرچاوە عەرەبی، ئینگلیزی و بیانییەکان ببەین و وەریان بگێڕینە سەر زمانی کوردی. هەروەها لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا، وەک شیعر و کایەی منداڵان، کەموکوڕییەکی گەورە هەبوو. چونکە ئەدەبیاتی ئێمە زیاتر شۆڕشگێڕانەیە، بابەتەکانی دیکەی وەک ژینگە کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە. ئەمە بۆ ئێمە ئاستەنگ بوو و ناچار دەبووین هەندێک جار خۆمان شیعر بنووسین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە