ڤیکتۆریا تایلەر بۆ رووداو: لە واشنتن جۆرێک لە ماندوبوون لە عێراق دروست بووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران دەڵێت، ئەمریکا بایەخ بە دۆسیەی عێراق دەدا بەڵام جۆرێک لە ماندووبوون لە بەغدا دروست بووە.
 
ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا بایەخ بە دۆسیەی عێراق دەدرێت، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو دا جۆرێک لە "ماندوبوون لە عێراق" لە نێو ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا دروست بووە و عێراق چیدی لە سەرووی مانشێتەکاندا نییە." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە رێگریکردن لە بەربژێرکردنی نووری مالیکی و دەبوو بەربژێری نوێ لەلایەن واشنتن و تارانەوە قبووڵکراو بێت.
 
تایلەر ئاماژەی بەوە کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رووبەڕووی هەمان ئەو ئاستەنگانە دەبێتەوە کە سوودانی رووبەڕووی بووەوە، بەتایبەت هەژموونی گرووپە میلیشیاکان لە نێو سیستمی سیاسی و ئابووری دا.
 
جەختیشی کردەوە کە ئەمە کێشەیەکی سیستماتیکە و تەنیا بە سەرۆکوەزیران چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنە هەیە و گۆڕانکارییەکان بە شەو و رۆژێک رونادەن.
 
سەبارەت بە دۆسیەی کورد، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق رایگەیاند کە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا تەنیا لە کاتە هەستیارەکاندا دەستوەردان دەکات، وەک بابەتی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا، بەڵام وەک ئیدارەکانی پێشوو ئارەزووی نێوەندگیریی رۆژانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک مووچە و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و ئەو بابەتانە لە سەرووی ئەجێنداکانیاندا نین.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: زۆر سوپاس ڤیکتۆریا بۆ بەشداریکردنت لە رووداو. دەبینم ئێرە زۆر قەرەباڵخە و خەڵکێکی زۆر بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە هاتوون. ئایا لە واشنتن هێشتا هێندە بایەخ بە دۆسیە و بابەتەکانی عێراق دەدرێت؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: دەبێت بڵێم هەم سەرسامم و هەم دڵخۆشم کە دەبینم قەرەباڵخییەکی ئاوا زۆر لێرە لە واشنتن کۆبوونەتەوە، هەندێکیشیان لە شوێنە جیاوازەکانی ئەمریکاوە هاتوون بۆ ئەوەی بەشدار بن لەم گفتوگۆیانەی لەبارەی عێراق دەکرێن. پێموایە ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا لە ئەمریکا بایەخێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بزانرێت چی لە عێراق دەگوزەرێت و هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق بە کوێ دەگات. لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، دەبینین کارەکتەرە سەرەکییەکانی وەک باڵیۆز تۆم باراک بایەخێکی زۆر بە دۆسیەی عێراق دەدەن و ئەوە نیشانەیەکی باشە. بەڵام بە گشتی، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، تێبینیمان کردووە کە تیشکۆی ئەمریکا لەسەر عێراق کەمی کردووە و جۆرێک لە "ماندوبوون لە عێراق" دروست بووە. عێراق چیدی لە سەرووی مانشێتی هەواڵەکاندا نییە، بەڵام ئێمە لە "دەستپێشخەریی عێراق" هەوڵ دەدەین رووبەڕووی ئەوە ببینەوە و دڵنیا بینەوە لەوەی عێراق لە نێو گفتوگۆ و سەرنجەکاندا دەمێنێتەوە.
 
رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆک تره‌مپ بە منی گوت؛ "ئێمە کەسێکمان دانا ببێتە سەرۆکوەزیران و ئەویش بە جیاوازییەکی زۆر بردییەوە". ئایا ئەمریکا ئەو کەسەی لەوێ دانا و بووە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق؟ خوێندنەوەت بۆ ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا چییە؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: ئەوەی من دەیبینم، بێگومان ئەمریکا رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو لە رێگریکردن لە بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو. ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی هەر کەسێک لەلایەن "چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە" دیاری بکرێت، پێویستە بەربژێرێک بێت کە لەلایەن هەردوو وڵات، ئەمریکا و ئێرانەوە، پشتگیری لێ بکرێت یان قبووڵکراو بێت. پێش بڕیارەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ناوی "عەلی زەیدی" بە فەرمی وەک بەربژێر راگەیێندرا، بێگومان چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو ناوەیان بۆ ئەمریکا نارد و ئەمریکاش رێگەی دا بەربژێرکردنەکە بەرەو پێش بچێت.
 
رووداو: ئاستەنگی گەورە لەبەردەمی دا هەیە، کە لێرە باستان کرد، ئەویش گرووپە میلیشیاکانی عێراقە. ئایا پێت وایە ئەو بتوانێت، تەنانەت بە پشتگیری ئەمریکاش، ئەو بابەتە یەکلا بکاتەوە؟ یان ئەویش ناتوانێت وەک چۆن سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو هەوڵیان دا و شکستیان هێنا؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: بێگومان لێدوانەکانی ئەمریکامان بینی کە زۆر پۆزەتیڤ بوون لەبارەی بەربژێرکردنی عەلی زەیدی. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئەویش رووبەڕووی هەمان ئەو ئاستەنگانە دەبێتەوە کە سەرۆکوەزیران سوودانی رووبەڕووی بووەتەوە، لە رووی هەژموونی میلیشیاکان و دزەکردنیان بۆ نێو هەردوو سیستمی سیاسی و ئابووری. ئەمانە کێشەی سیستماتیکن و تەنیا بە سەرۆکوەزیران چارەسەر نابن؛ ئەمە پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پێکهاتەکانی دیکەی نێو سیستمی سیاسی و ئەمنیی عێراق هەیە. پێشبینی ناکەم پێشکەوتنی خێرا لەم بوارەدا هەبێت. ئەمە کێشەیەکە لە ماوەی چەندین دەیەدا دروست بووە، کاتێک میلیشیاکان گەشەیان کردووە و هەژموون و هێزیان زیادی کردووە، گۆڕانکارییەکە بە شەو و رۆژێک روونادات. حکومەتی داهاتوو دەتوانێت و پێویستە هەندێک هەنگاو بنێت بۆ سنوردارکردنی هەژموونیان، بەڵام نابێت خۆمان هەڵبخەڵەتێنین و وا بیر بکەینەوە کە ئەمە پرۆسەیەکی خێرا و ئاسان دەبێت.
 
رووداو: کەواتە پێت وایە ئەو هەنگاوی زیاتر دەنێت کە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو نەیانتوانی بیگرنەبەر؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: دەبێت بزانین کێ لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیری دەکات. بێگومان دەنگۆی زۆر هەیە کە عەلی زەیدی لە چەند کەسایەتییەکی سەرەکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان نزیک لەوانەوە نزیکە، بۆیە ئەو پەیوەندییانە و ئەو پشتگیرییە سیاسییە یەکلاکەرەوە دەبن ئەگەر بیەوێت لە هەر دۆسیەیەکدا هەنگاو بنێت کە بەشێکە لە ئەجێندای حکومەتی داهاتوو. ئەوەش تەنیا مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکان ناگرێتەوە، بەڵکو هاوسەنگکردنی سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر ئەمریکا و ئێران و هەروەها قەیرانی ئابووری کە لە ئارادایە، بەتایبەت کاتێک عێراق ناتوانێت نەوت هەناردە بکات.
 
رووداو: من ماوەیەکی درێژە لە واشنتن وەک پەیامنێر کار دەکەم، هەمیشە پرسیارم دەربارەی دۆسیەی کورد دەکرد و کورد یەکێک بوو لەو بابەتانەی ئەمریکا هەم لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ هەولێر لەسەری دەوەستا، بەتایبەت لە کاتی پێکهێنانی حکومەت. بەڵام ئێستا دەبینم ئەو بابەتە زۆر لەسەر رووبەر نییە. بۆچی؟ بۆچی ئەمریکا ئێستا بایەخ بە ناکۆکییەکانی نێوان کورد و بەغدا نادات؟ ئایا ئەولەویەتی دیکەیان هەیە یان چیتر گوێ بەم بابەتە نادەن؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: پێموایە بینیمان کە ئەم ئیدارەیە لە ساتە هەستیارەکاندا دەستوەردانی کردوە، کاتێک هەندێک بابەتی دیاریکراو کاریگەرییان هەبووە، وەک دووبارە کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا. بەڵام راست دەکەیت، پێموانییە ئەم ئیدارەیە هێندەی ئیدارەکانی پێشوو ئارەزووی نێوەندگیری بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە پێیان وایە دۆسیەی کورد گرنگ نییە، بەڵام بەو مانایەیە کە چیدیکە ئەو بەشدارییە رۆژانەیەی کە پێشتر دەمانبینی، ئێستا نایبینین.
 
رووداو: ئەی دیدی ئەمریکا بۆ دۆسیەی کورد لێرە لە واشنتن چۆن دەبینیت؟ چەند ساڵێکە حکومەت لەوێ پێکنەهێنراوە، پەرلەمانێکی کارایان نییە، دەبینین تێوەگلان و پەیوەندییەکی زۆر لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئەمریکا، یان لانیکەم لەگەڵ ئەم ئیدارەیەدا، نابینرێت. ئەم پەرەسەندنە چۆن دەبینیت؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: پێموایە پەیوەندیی زۆر هەبووە لە نێوان ئەم ئیدارەیە و هەولێر و سلێمانی، بەڵام لەسەر بابەتە دیاریکراوەکانی وەک سووریا، بۆری نەوت و پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا. بەڵام وەک گوتت، سەرنجێکی زۆر لەلایەن ئەم تیمەوە نەبووە بۆ ئەوەی گوشار لە پارتی و یەکێتی بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەولێر. ئەوە بە راستی بۆ ئەوان لە سەروی ئەجێنداکانیان نەبوو.
 
رووداو: دوا پرسیارم؛ بڕیار بوو میوانی دیکەتان لێرە هەبێت لە هەولێر، سلێمانی و بەغداوە، بۆچی لێرە نین؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: بەداخەوە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت رێک لەگەڵ کاتی کۆنفرانسەکەمان یەکی گرتەوە. ئێمە زۆر هەوڵمان دا کە خەڵکمان لە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە هەبێت، چ لە بەغدا و چ لە هەولێر و سلێمانی. هەندێکیان نەیانتوانی بێن بەهۆی پابەندییەکانیان بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتەوە، بەڵام هیوادارین بۆ کۆنفرانسی ساڵی داهاتوو بێن.
 
رووداو: دەتوانم یەک پرسیاری دیکە بکەم؟ لە کۆنفرانسی پێشوودا، لەبیرمە وەرگێڕانی کوردی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ نایبینم؟ بۆچی؟
 
ڤیکتۆریا تایلەر: زۆربەی میوانە کوردەکانمان لەم کۆنفرانسەدا بە ئینگلیزی قسە دەکەن، ئەوەش رەنگدانەوەی واقیعەکەیە. بەڵام ئەوەی هەمانە، کۆمەڵێکی زۆر لە شرۆڤەکار و سیاسیی کورد لێرەن بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی دیدگای کورد دەگات.
 
روداو: زۆر سوپاس ڤیکتۆریا بۆ بەشداریکردنت لە رووداو و سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە سەرنجڕاکێشە.
 
ڤیکتۆریا تایلەر: سوپاس بۆ ئێوەش.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە