رووداو دیجیتاڵ
جێفری پایات، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سەرچاوەکانی وزە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، حکومەتەکەی سوودانی پێشکەوتنی راستەقینەی لە پرسی سەربەخۆیی وزە و راکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحە ئەمریکییەکانی وەک شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل بەدەستهێناوە.
پایات هۆشداریدایە حکومەتی داهاتووی عێراق لەوەی کات لە بەرژەوەندییاندا نییە و راگرتنی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق مەترسییەکی دارایی راستەقینە دروست دەکات، هەروەها جەختی کردەوە کە کەمکردنەوەی هەژموونی وزەی ئێران ئامانجێکی نەگۆڕی سیاسەتی واشنتنە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پایات ئاماژەی بەوە کرد کە کەرتی وزە لە کرۆکی ئەو پەیوەندییانەدایە و هەرێمی کوردستان خاوەن سەرمایەی مرۆیی و سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوت و گازە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بۆریی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا گرنگییەکی زۆری هەبووە بۆ "هەمەجۆرکردنی" رێڕۆکانی گواستنەوەی وزە، بەتایبەت لە کاتی دروستبوونی مەترسی لەسەر تەنگەی هورمز، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە هەناردەکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز کە لەگەڵ رووداویت.
جێفری پایات: خۆشحاڵم کە دووبارە لەگەڵتانم.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، دەکرێت پێمان بڵێیت ئاییندەی کەرتی وزەی عێراق چۆن دەبینیت، لە کاتێکدا ئێستا باس لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دەکرێت، و هاوکات باس لە هەبوونی سەربەخۆیی وزە لە ئێران دەکرێت؛ هەروەها سەرۆکوەزیرانێکمان دەبێت کە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پشتگیری لێدەکرێت؟
باڵیۆز جێفری پایات: چەند پەیامێکی ڕوون هەبوون کە پێموابێت ئەمڕۆ لێرە لە (ئەنجوومەنی ئەتلانتیک) خرانە ڕوو. یەکەمیان ئەوەیە کە حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران سوودانی پێشکەوتنی ڕاستەقینەی بەدەستهێناوە لە پرسی سەربەخۆیی وزەدا، هەروەها لە زۆرێک لەو بابەتانەی کە من لەناو حکوومەتدا کارم لەسەر دەکردن، وەک ڕەخساندنی ژینگەیەکی وەبەرهێنان کە بۆ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان سەرنجڕاکێش بێت، لەنێویاندا کۆمپانیا زەبەلاحە ئەمریکییەکانی وەک شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل. خاڵی دووەم کە بۆ من ڕوون بووەوە و وەک بیرخستنەوەیەکیش بوو، ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە بە شێوەیەکی ئەرێنی، بایەخێکی زۆری بۆ دیموکراسیی عێراق و متمانەی حکوومەت هەیە، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە تێڕوانین بۆ کارایی حکوومەت. بۆیە هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، بەشێکی گەورەی دەبێت لە پاراستن و بەردەوامیدان و خێراکردنی ئەو سەرکەوتنانە. خاڵی سێیەمیش، کە پێموابێت لە قسەکانی (زیاد)ـدا زۆر بە ڕوونی دەرکەوت، ئەوەیە کە نابێت بابەتەکە زۆر ئاڵۆز بکرێت، بەڵکو پێویستە جەخت لەسەر بنەماکان بکرێتەوە؛ یەکەم، کۆکردنەوەی گاز، وەک ئەوەی مەجید جەعفەر ئاماژەی پێدا، پێویستە کارێکی باشتر بکرێت بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان. دان بە گرنگی کەرتی گاز بنێن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆ دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام کە شایستەی هاووڵاتییانی عێراق بێت.
رووداو: ئایا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی درک بە گرنگیی کەرتی گاز و هەبوونی سەربەخۆیی وزە دەکەن، بەبێ ئەوەی پشت بە ئێران یان وڵاتانی دیکە ببەستن؟
باڵیۆز جێفری پایات: وەک لەسەر ستەیج ئاماژەم پێدا، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کاتێک لە یۆنان بووین، گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی هەبوو؛ ئەو بێگومان کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر دروست کردم سەبارەت بەوەی تا چەند جەخت لەسەر ئەم بابەتانە دەکەنەوە. هەروەها ئەو ئاستەی کە شەڕ لەگەڵ ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز سەرنجەکانی بردووەتە سەر پێویستیی دوو هێندەکردنی هەوڵەکان بۆ سەربەخۆیی وزە و ئاسایشی وزە؛ ئەمانەش وەک گوتم ئەو ئامانجانەن کە سەرۆکوەزیران سوودانی کاتێک لێرە لە واشنتن بوو و سەردانی سەرۆک بایدنی کرد، بە ئاشکرا باسی لێوە کردن. بۆیە پێموابێت نهێنییەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەوەیە؛ یەکەم، لەدەستنەدانی ئەو وزە و گەرموگوڕییەی کە لە حکوومەتەکانی پێشووەوە هەبووە بۆ بەردەوامیدان بە چاکسازییەکان، دووەم، نابێت کەمتەرخەمی بکرێت. چونکە دەرەنجامێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیەی ئەمڕۆمان ئەو ئاگادارکردنەوەیە بوو کە کات لە بەرژەوەندیی بەغدادا نییە. مەبەستم ئەوەیە کە ڕاگرتنی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق مەترسییەکی دارایی ڕاستەقینە دروست دەکات.
رووداو: ئەم ئیدارەیە بڕیاریدا لێخۆشبوونی سزاکان بۆ حکوومەتی عێراق نوێ نەکاتەوە. ئەمە چۆن هانی عێراق دەدات هەنگاوەکانی بەرەو سەربەخۆیی وزە خێراتر بکات؟
باڵیۆز جێفری پایات: وەک لە پێشکێشکردنەکەمدا گوتم، کەمکردنەوەی هەژموونی زیانبەخشی وزەی ئێران، ئامانجی سیاسەتی ئەمریکا بووە لە ڕێگەی چەندین ئیدارەی جیاوازەوە، چ لە سەردەمی کۆمارییەکان و چ دیموکراتەکان؛ بۆیە ئەوە نەگۆڕدراوە. پێموایە ئیدارەی ترهمپ دەبێت بڕیار بدات چۆن هاوسەنگی لەو بابەتەدا ڕابگرێت. ئیدارەی ترهمپ هەروەها ئارەزووی پشتگیریکردنی کۆمپانیاکانمان دەکات وەک شێڤرۆن و ئێکسۆن. ئێمە بەرژەوەندیمان لە تێکدانی دۆخی سیاسی لە بەغدا، یان لە هەولێر نییە. ئێمە دەمانەوێت عێراقێک ببینین کە بەهێز، گەشەسەندوو، خاوەن سەروەری و دیموکراسی بێت.
رووداو: ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن دەبینیت کاتێک باس لە کەرتی وزە دەکرێت؟ عێراق تاوەکو ئێستا یاسای نەوت و گازی نییە، و هەولێر هێشتا کێشەی زۆری لەگەڵ بەغدا هەبووە سەبارەت بە دابەشکردنی داهات و تەنانەت هەناردەکردنەوەی نەوت. ئەمریکا چۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بۆ هەمیشە؟
باڵیۆز جێفری پایات: سێ خاڵ دەڵێم. یەکەم، کوردستان لە ڕوووی سەرچاوە جیۆلۆجییەکانەوە سوودێکی گەورە دەبینێت؛ سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوت و گازی لەژێر زەویدا هەبووە. هەروەها حکوومەتێکی هەبووە کە لەڕێگەی سەرکردایەتییە جیاوازەکانەوە، جەختی لەسەر ستراتیژییەک کردووەتەوە کە دان بە گرنگیی گواستنەوەی وزە، بەردەوامی و سوودوەرگرتن لە تواناکانی عێراقدا دەنێت بۆ ئەوەی کاری زۆر زیاتر لە بواری وزەی خۆر کۆگاکردنی وزە لە ڕێگەی پاترییەوە بکات، هەروەک لە سعوودیە، ئیمارات یان هەر وڵاتێکی دیکەی کەنداو دەکرێت. سێیەم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرمایەی مرۆیی بەهێزی هەبووە، ئەمەش لەو شێوازەدا دەردەکەوێت کە کۆمپانیاکانی وەک کریسێنت و HKN توانیویانە لەسەر زەوی پێشکەوتن بەدەستبهێنن. پێدەچێت حکوومەتی داهاتووش لە هەولێر بیەوێت دەست بە هەموو ئەوانەوە بگرێت، بەڵام بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵیدا، بێگومان وزە لە کرۆکی ئەو پەیوەندییەدایە؛ ئەوەش بەهۆی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە گواستنەوەی دارایی و پاڵپشتیی بودجەوە.
رووداو: ئاماژەت بە تەنگەی هورمز کرد. ئەم بابەتە چۆن کاریگەری لەسەر کەرتی نەوتی عێراق دەبێت؟ هەرێمی کوردستان بۆرییەکی نەوتی هەبووە لەگەڵ تورکیا کە دەکرێت هاوکاری بێت لەوەی کە پشت بە تەنگەی هورمز نەبەستن.
باڵیۆز جێفری پایات: گرنگترین شت ئەو وانەیەیە کە هەموو حکوومەتەکان لە داخستنی تەنگەکە وەریانگرتووە، ئەویش "هەمەجۆرکردن"ـە لە هەموو شتێکدا؛ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی وزە، و هەمەجۆرکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی وزە. وەک ئاماژەت پێدا، هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی باشدا بووە بۆ ئەوەی ڕۆڵ لە یاریی هەمەجۆرکردندا بگێڕێت، ئەمەش بە واتای سوودوەرگرتنی باشتر لە توانای بۆرییەکان دێت، بەڵام ئەو گوشارەش بە دڵنیاییەوە بۆ دروستکردنی بۆریی نوێ لەئارادە دەبێت بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی نەوت و گاز، بەتایبەتی سەرچاوە نەوتییەکان. جگە لەوەش، ئەو کارانەی کە حکوومەتی هەرێم لە بواری هەناردەکردنی کارەبا لە کوردستانەوە بۆ باشووری عێراق ئەنجامی داون زۆر گرنگن، و دووبارە سوود لەو تایبەتمەندییە وەردەگرێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوووی بنکەی سەرچاوەکانیەوە هەبووە.
رووداو: ئایا بەغدا لە گرنگی ئەمە تێدەگات؟
باڵیۆز جێفری پایات: دەبێت تۆ وەلامی ئەو پرسیارەم بدەیتەوە، بێگومان زۆر شت بەستراوەتەوە بە حکوومەتی داهاتووەوە. من زۆر هیوادارم وەزیری داهاتووی وزە و وەزیری داهاتووی کارەبا درک بەو دەرفەتانە بکەن، هەروەها درک بە گرنگیی بەردەوامبوون لە دروستکردنی کەشێکی وەبەرهێنان بکەن کە بۆ یاریزانە بیانییەکان سەرنجڕاکێش بێت، چونکە ئەمە ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە بابەتەکانی دیکەی وەک کارایی، سەرمایەی مرۆیی، و سەروەریی ناوخۆیی کە عێراق بە هۆکاری لۆژیکی ئارەزووی دەکات.
رووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز کە ئەمڕۆ لەگەڵمان بوویت.
باڵیۆز جێفری پایات: سوپاس، خۆشحاڵ بووم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ