د. عەلی قەرەداغی بۆ رووداو: هەسەدە داوایان لێکردووم یارمەتیدەر بم بۆ ئاشتی

05-05-2025
زانا کایانی @zana_kayani
د. عەلی قەرەداغی (لای راست) لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو.
د. عەلی قەرەداغی (لای راست) لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، وردەکاریی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا ئاشکرا کرد. قەرەداغی رایگەیاند کە لەسەر داوای سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەوڵی نێوەندگیری داوە بۆ ئاشتی لە نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریادا، نامەیەکی فەرمیشی لەو بارەیەوە پێگەیشتووە.
 
قەرەداغی ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، جەختی لەسەر پێویستی داننان بە مافەکانی کورد لە سووریا کردووەتەوە و شەرعیش کوردی بە "پێکهاتەیەکی رەسەن" ناوبردووە. هەرچەندە دەستووری کاتیی سووریا دانی بە کورددا نەناوە وەک دووەم گەورە نەتەوە، قەرەداغی پێی وایە ئەمە قۆناغێکی کاتییە و جێگەی گفتوگۆیە.
 
سەبارەت بە دۆخی غەززە، قەرەداغی وێرانییەکانی بە "کارەسات" ناوبرد بەڵام جەختی لە خۆڕاگریی خەڵکەکە کردەوە و پێشبینی کرد هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ شکاندنی بەرگری و کۆچپێکردنی خەڵکی غەززە سەرناگرێت. هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەریشی بە کاردانەوەی گەمارۆی 17 ساڵە و بەرگریکردنێکی رەوا لەدژی داگیرکاری وەسف کرد و بەراوردی کرد بە خەباتی کورد بۆ مافەکانی خۆی. ناوبراو گەشبینیی خۆی نیشاندا بە گەیشتن بە ئاگربەست.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: چەند رۆژێکە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، ئاگادار بووم چەند چالاکییەکت هەبوو ئەم چەند رۆژە لە سلێمانی و هەڵەبجە؛ چی بوون ئەو چالاکییانە؟

 

عەلی قەرەداغی: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان، پێشەکی زۆر سوپاسی جەنابت و  کەناڵی رووداو  بە هەموو ستافەکەیەوە دەکەم، کە ئەم دەرفەتەی بۆ ئێمە دروست کرد بتوانین هەندێک شت باس بکەین.
 
سوپاس بۆ خودا لە کوردستاندا بۆ زانیاریی جەنابت ئێمە چەندین ساڵە خزمەت دەکەین، خزمەتێکی لەلایەنی رابیتەوە، دواتر زانکۆکە، زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کە زانکۆیەکی وەقفییە و هیچ پەیوەندی نییە بە قازانج و شتەوە، دواتر قوتابخانەی ''لیدەر'' کە دەمانەوێت مرۆڤێکی کوردی جوان و رێکوپێک، خاوەنی باوەڕ و کردەوەی جوان، رەوشتی باوباپیرانمان، ئایینی باوباپیرانمان لەگەڵ زانست و زانیاری و داهێنان پێبگەیەنین لە قوتابخانەی ''لیدەرس'' بۆ دروستکردنی سەرکردە.
 
لە هەمانکاتیشدا دامەزراوەیەکمان هەیە ''ئیقراء'' بۆ لەبەرکردنی قورئان. لەم رۆژانەدا زۆربەی کارەکانمان ئەوە بوون کە سوپاس بۆ خودا چەندە پڕۆژەیەکن. بۆ نموونە پێرێ رۆژی سێشەممە دوو پڕۆژەی باشمان هەبوو، یەکەم کردنەوەی قوتابخانەیەکی زۆر گەورە و جوان، لەگەڵ کردنەوەی ناوەندی ''رابیتە'' لە کەلار. دوێنێ سوپاس بۆ خودا زۆر بەختەوەر بووم کە توانیمان ئافرەتێکی موسڵمان لەگەڵ منداڵە نازدارە هەتیوەکانیدا دڵیان خۆش بکەین و خانوویەکمان پێبەخشین لە رێگەی خێرخوازانەوە و یارمەتیدانی ''رابیتە''ـش، کلیلەکەمان رادەست کردن، دواتر چووین بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەکی گەورەی جوان و زۆر رێکوپێک لەسەر ئاستێکی زۆر بەرز بە هەموو واتای وشە، کە هەموو ئەوانەی ئامادە بوون، بەرپرسانی پەروەردە زۆر سەریان سوڕمابوو پێی و گوتمان ئەمە پێشکێشی دەکەین بە هەڵەبجەی تازە کە بووەتە پارێزگا.
 
رووداو: پێمخۆشە بۆچوونی جەنابت لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بزانم. چی دەکەن بۆ ئەوەی کە خزمەتی زیاتری هەڵەبجە بکرێت؟
 
عەلی قەرەداغی: من دوو شت داوا دەکەم؛ یەکەم گەلی هەڵەبجە خۆیان بە هەموو هەوڵێکیانەوە، دەوڵەمەندەکانیان، رۆشنبیرەکانیان، بەرپرسەکانیان، ئەمانە هەوڵ و کۆششێکی زۆر بکەین، کە هەڵەبجە بکەینە نموونەیەکی پێشکەوتووی جوان بۆ هەموو عێراق.
 
سەدام ویستی هەڵەبجە لەنێوبەرێت، ئێمەی کورد و گەلی هەڵەبجە دەیکەین بە نموونەیەکی زۆر زۆر جوان، ئەمە پێویست دەکات گەلی هەڵەبجە هەوڵێکی زۆر بدات و لە هەمانکاتیشدا لێپرسراوانی حکومەتی کوردستان هەوڵێکی زۆر بدەن، پڕۆژەی باش، پڕۆژەی ئابووری، پەرەپێدان، وەبەرهێنان، (تەکافولی)، پڕۆژەی ئەوانەی کە پەیوەندییان هەیە بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمانە زۆر بکرێت لە هەڵەبجە، بۆ ئەوەی ببووژێتەوە.
 
بە نیسبەت ئێمە، ئینشائەڵڵا ئەوە یەکەم جار کە ئەو قوتابخانەیە جوانەمان پێشکێشکردوون کە ئینشائەڵڵا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی مرۆڤی خاوەن داهێنان بە ویستی خودا، چونکە بەنامەکەی ئێمە لەسەر دوو شتە شتی یەکەم رەوشتی جوان، شتی دووەم زانیاری و داهێنان، جگە لەوەش ئینشائەڵڵا هەوڵ دەدەین کە بەشداری بکەین، ئەگەر زانکۆکە لقی هەبێت، ئەگەر هەر شتێکی دیکە هەبێت، لەبواری ئابووری، ئەگەر بتوانین کارێک بکەین، ئێمە ئامادەین بۆ خزمەتکردن. بە فیکر، ئێمە ئەزموونی باشمان هەیە لە ئابووریدا، دەتوانین یارمەتیدەر بین کە هەڵەبجە بکەینە نموونەیەکی زۆر جوان بۆ کوردستان لە لایەنی ئابوورییەوە، بە ویستی خودای گەورە.
 
رووداو: بێینە سەر مەلەفەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. داهاتووی غەززە چۆن دەبێت؟
 
عەلی قەرەداغی: بێگومان ئەم کارەساتەی کە لە غەززە روویداوە، لە هیچ وڵاتێکدا شتی وا نەبووە، دوو ساڵ ئیسرائیل بە هەموو هێز و توانای خۆی، ئەمریکا بە هەموو هیزی خۆی، دواتر بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، هەموو یارمەتیدەری دەوڵەتی ئیسرائیلن، جوولەکە کە بۆ لەنێوبردنی ئەم موقاوەمەیەی کە هەیە. دەوری 18 مانگ زیاترە و تاوەکو ئێستاش موقاوەمە لەنێونەچووە، تاوەکو ئیستاش ئەو ئامانجانەی کە نەتەنیاهوو داینابوون، بەدەستنەهاتوون، بەڵکو بەپێچەوانەوە، زۆر شت روویداوە لە بەرژەوەندیی فەلەستین و بەرژەوەندیی کێشەی فەلەستین و ئەقسادا. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لەڕاستیدا رووی جوولەکەکان، ئەوانەی کە داگیرکاری (ئیحتیلال) دەکەن، ئێمە بێگومان دژی جوولەکە نین، دژی ئەوانەین کە داگیرکاری و ستەم دەکەن، ئەوانەی غەززە داگیر دەکەن، کە بەداخەوە ئێستا زۆر تووندڕۆن و شانازی دەکەن بە جوولەکەبوونی خۆیان، ئەوانە لە جیهاندا روویان رەش بووە. 
 
لە قورئانی پیرۆزدا ئەمە باس دەکرێت، دەڵێت کە کاتێک جوولەکە یاخیبوونێکی (طغیان) زۆر گەورەیان دەبێت، دەبنە پلەیەکی زۆر، سەرەتای ناوبردنی ئەمانەی کە ئەم یاخیبوونە دەکەن سەرتاکەیان بەوە دەستپێدەکات کە روویان رەش دەبێت، ئەمە موعجیزەیەکی قورئانییە. لە قورئاندا هاتووە کە هەر کاتێک کە هات، وەعد، لەسەر لاچوون و قەزاکردن لەسەر (مەفسەدە)ـی دووەمی جوولەکە ستەمکارەکان، مەرجی یەکەم ئەوەیە کە دەبێت کارێک بکرێت کە روویان رەش بێت لە جیهاندا بۆ ئەوەی جیهان لێیان بکشێتەوە، چونکە جوولەکە دەسەڵاتێکی هەیە بەسەر جیهاندا. تۆ ناتوانیت شەڕ بکەیت لەگەڵ کۆمەڵێکدا، جا ئەم کۆمەڵە بێگومان دروست بووە. من پێموایە یەکەم ئەم ئامانجە گەورەیە پێکهاتووە کە قورئان باسی کردووە کە رووڕەشیی ئەو ستەمکارانەیە، دووەم من پێموانییە غەززە بشکێت، ئینشائەڵڵا بڕوا ناکەم بشکێت.
 
رووداو: ئەی ئەوەی کە بڕیارە خەڵکەکەی بگوێزنەوە، ئەوە دەکرێت؟
 
عەلی قەرەداغی: بە بۆچوونی من ئەمە نایەتەدی، بە ویستی خودا. ئەوەش لەبەر چەند هۆیەک، یەکەم، ئینسان حەق بڵێت، حکومەتی میسری شوێنی سوپاسە و وڵاتانی عەرەبی هەموو هاوڕان لەسەر ئەوەی کە نابێت خەڵکی غەززە بگوێزرێنەوە، جگە لەوە گەلی غەززە خۆشیان خۆڕاگرن و تاوەکو ئێستا دانبەخۆداگرن و خۆڕاگر بوون. لە ئەنجامدا دەبینین کە نەتەنیاهوو رەزامەندی دەدات لەسەر وەستانی شەڕ، چونکە ئێستا هیچ نەماوە، هەموو رۆژێک جگە لە کوشتنی منداڵان نەبێت، هیچ شتێک نییە، لەم ماوەیەدا نزیکەی 220 هەزار کەس کوشتن و بریندار هەن، کە 70٪ـیان منداڵ و ئافرەتن. واتا 140 هەزار ئافرەت و منداڵ لەم شەڕەدا شەهید و بریندار بوون. جا لەبەر ئەوە پێموایە ئەگەر ویژدانی جیهانی مابێت، کە ئێستا گەلان و زانکۆکان هەوڵ دەدەن، وابزانم لە کۆتاییدا ئەم شەڕە دەوەستێت ئینشائەڵڵا.
 
رووداو: گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل بە کوێ گەیشتن؟ هیچ ئاگربەستێک دەبینین بەمزووانە؟
 
عەلی قەرەداغی: ئێستا پڕۆژەیەکی دیکە هەیە جارێ، خۆی چەندین پڕۆژەی پێشکێشکرد، بەڵام هەموو پڕۆژەکان کێسەی بنەڕەتییان ئەوە بووە کە نەتەنیاهوو نایەوێت پابەند بێت بە وەستانی شەڕ، دەیەوێت دیلەکان وەربگرێت و تەواو، بێگومان ئەمەش هیچ عاقڵێک شتی وا ناکات، تۆ وەرەقەیەکت بە دەستەوەیە، وەرەقەکە بدەیت بە دەستییەوە و هیچت بە دەستەوە نەمێنێت، جا لەبەر ئەوە بنەمای کێسەکە ئەوەیە، هیچ شتێکی دیکە نییە، تەنانەت حەماس خەڵک ستەمی لێدەکات کە دەڵێت هۆکارەکە حەماسە، من لەگەڵ سەرکردەکانیان دانیشتووم، دەڵێن ئێمە داوای ئەوەش ناکەین کە حوکمی غەززە بکەین، ئێمە رازی بووین بەو پێشنیازەی کە لووتکەی عەرەبی دروستی کرد لە میسر و میسر وەرەقەیەکی پێشکێشکرد کە گوتیان حەماس حوکم ناکات، بەڵام فەلەستینی حوکم دەکات، حەماس رازی بوو بەو پێشنیازە. کەواتە ئێستا حەماس ئامادەیە هەموو دیلەکان بەربدات، ئامادەیە هیچ حوکمی غەززە نەکات، بەڵام یەک مەرجیشی هەیە کە دەبێت شەڕ بوەستێت، ئەگەر سەڕ نەوەستێت هیچ سوودێکی نییە.
 
رووداو: دەگوترێت هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر هۆکاری هەموو ئەو رووداوانەن کە ئێستا روودەدەن؟
 
عەلی قەرەداغی: زۆر کەس وا دەڵێت. جوانە.
 
رووداو: بۆچوونی جەنابت چییە؟ پێتوایە حەماس هەڵەی کرد؟
 
عەلی قەرەداغی: نزیکەی 17 ساڵ بوو غەززە لەژێر گوشاردا بوو، خەڵکەکە زۆر بێزار ببوو، ئەمە لایەنێکیان. هیچ دەوڵەتێک دەرفەتێکی نەدا بۆ هەناسەدانێکیان، واتا ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت، دەبێ هەزار نێوبژیوانی (واستە) بکرێت، ئینجا ئەگەر بچێتە دەرەوە، تەنانەت ئەو 17 ساڵەش بۆ زانیاریت، ئەوە نەبێت کە دەروازەی رەفەح بەردەوام کراوە بێت. لەژێر سێبەری ئەم گوشارە، دژکردەوەیەکی بەهێز هەبوو، ئەمە لایەنێکیان لایەنێکی ئایینی، من سەرم سووڕ دەمێنێت کە هەندێک کەس کە ئیدیعای سەلەفییەت دەکات بە درۆ نەوەک راستەقینە، کەچی دژیان دەژی. با بگەڕێتەوە بۆ قورئانی پیرۆز هەرچی قورئانە، ئایەتی قورئانی پیرۆزە لە بواری جیهادەوە و هەموو زانایانیش لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەگەر شوێنێکی داگیرکرا، ئەرەکە لەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیە هەموو هەوڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی کە ئازادی بکات، کەواتە ئەوەی کە کردوویانە، 7ـی ئۆکتۆبەر بەشێکە لەو ئەرکە شەرعییە، ئەمە لایەنێکیان، لایەنی دووەم، ئازارەکانی ئێمەش دەزانین. باشە گەلی کورد تاوەکو گەیشتە ئەم خۆبەڕێوەبەرییە (حوکمی زاتی) چەندە قوربانی دا؟ نەیاندەگوت کوردستان یان نەمان؟ باشە ئێمەش کەواتە دادگایی سەرکردەی کورد بکەین بڵێین بۆچی ئەم هەموو کارەتان کرد بوو بە هۆی ئەنفالەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە. وانییە؟
 
ئەگەر ئێمە بڵێین سەرکردەی کوردی ئەم شەڕەی دروست کرد لە شەڕەکەوە ئەنفال دروست بوو، لە شەڕەکەوە هەڵەبجە کیمیاباران کرا، واتای وایە کە سەرکردەی کوردی بەرپرسن لە ئەمانە، ئەمە دوژمن وای ویست، بەڵام ئەمە راست نییە، سەرکردەی کوردی کاتی خۆی داوای مافی خۆی کرد، کە ئەگەر دژکردەوەکەیشی تووندوتیژە یان نا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێوە. بۆ نموونە وڵاتانی دیکە، ڤێتنام، سێ ملیۆن کەسی بەکوشت دا، تاوەکو رزگار بوو لە داگیرکاریی ئەمریکا، رووسیا، یەکێتیی سۆڤییەت لە شەڕی جیهانیی دووەمدا 15 ملیۆن کەسی کوژرا تاوەکو رزگار بوو. جەزائیر ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لە ماوەی کەمتر لە چەند ساڵێکدا شەهید بوون لەپێناوی ئازادبوون.
 
ئازادبوون هیوایەکە بۆ هەموو کەسێک، هەر قوربانییەکی بۆ بدەیت، لەڕووی شەرعەوە قبووڵکراوە، لەڕووی عورفەوە قبووڵکراوە. جەنابی ئەحمەد شەوقی کە شاعیرێکی کوردە و شانازی پێوە دەکەین دەفەرموێت، بەردەوام ئازادبوون بەبێ خوێن نابێت. کوردستان بەبێ خوێن گەیشتە ئەم پلەیە؟ جا لەبەر ئەوە من پێموایە ئیجتیهادیان کردووە، دەستپێکە سەرەکییەکەی شەڕکردن و7ـی ئۆکتۆبەر، دەستپێکێکی رەوایە بەپێی شەرع و کاریگەرییەکەشی یەکێکە لە تەقدیری خودا، چونکە مەفسەدەی دووەمی جوولەکە ستەمکارەکان، نەوەک جوولەکەکانی دیکە، نایەتە دی، جگە بەوە نەبێت کە روویان رەش بێت، رەشبوونەکەش بەم کارە بوو کە ئێستا هەیە.
 
رووداو: کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیک رفاندن و کوشتنی تێدابوو، ئەمە رەوایە؟
 
عەلی قەرەداغی: با پیت بڵێم، یەکەم هێرشی نەکردە سەر ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر ئەوانەی کە داگیرکاریی خاکیان کردووە، ئەوان لە دەرووبەری غەززە بوون، ئەو خاکە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 242، بە 50 بڕیاری دیکەش خاکی فەلەستینییە، موقاوەمەی داگیرکراو رەوایە، بەپێی هەموو شتێک، بە هەموو ئامڕازێکی رەوا لە شەرعدا، لە یاسادا، لە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان، موقاوەمەی داگیرکراو رەوایە ئەگەر هەڵەیەک کرابێت لە شتێکدا بۆ نموونە، لەڕاستیدا حەماس وەک خۆی دەڵێت، من گوتەبێژی فەرمی ئەوان نیم بە ناوی ئەوانەوە، بەڵام کە گوێم لێیان بووە دەڵێن ئێمە نەمانویست جگە لە هێزی چەکدار (سەرباز) بێنین، بەڵام کە فیرقەکە شکا و خەڵکەکە رۆیشت، خەڵک ئەمانەی (دیلی سڤیل) هێناوە.
 
رووداو: واتا حەماس دان بەوەدا دەنێت کە نەدەبوو خەڵکی سڤیل ببات؟
 
عەلی قەرەداغی: بەڵێ، بەڵام خەڵکەکە کە هێنایان، حەماس ناچار بوو بیانپارێزێت، ئەوە بوو کە دواتر یەکسەر شەڕ دەستیپێکرد و ئەوە نەما، گەیشتە سەر بابەتی ئەملا و ئەولا. جگە لەوە خۆ دەوڵەتی داگیرکار یان ئیسرائیل کە دەوڵەتیشە و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەداخەوە منداڵیش زیندانی دەکات، بە دیلیشیان دەگرێت، ئافرەتیش زیندانی دەکات، کەسیش ناڕەزایەتی دەرنابڕێت.
 
رووداو: قەتەر لە پرسی غەززەدا رۆڵێکی گرنگی هەبووە، تاوەکو ئێستا چی رۆڵێکی هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک ببینین بەمزووانە؟
 
عەلی قەرەداغی: جارێ قەتەر دەورێکی زۆر باڵای هەیە و لەڕاستیدا بە سیاسەتێکی زۆر حەکیمانەوە دەتوانێت مامەڵە بکات، مامەڵەیەکی پاک لەگەڵ خەڵکی فەلەستینی و لەگەڵ خەڵکی غەززە و لە هەمانکاتیشدا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت جوولەکەشدا بتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروست بکات بۆ بەرژەوەندیی دانوستاندنەکان. تاوەکو ئێستاش هەوڵ دەدات و جەنابی سەرۆکوەزیران باسی کرد، گوتی ئێمە لە هەوڵێک زۆرداین، چەند رۆژ لەمەوپێش، ئەوەی گوتەبێژی فەرمییە بە ناوای وەزارەتی دەرەوە لێدوانی دا، کە چەند پڕۆژەیەکی دیکە هەیە خوێندنەوەی بۆ دەکەین، ئێستا پڕۆژەیەک هەیە تازە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، ئەو دوو بەندە گرنگە، بەندی یەکەم بەنیسبەت حەماسەوە کە شەڕ بوەستێنرێت، بەندی دووەم ئەوەیە کە گوشار نەخرێتە سەر خەڵکی غەززە و رێگەی هاوکارییەکان بکرێنەوە.
 
رووداو: سەردانی سووریات کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوویتەوە، سەردانەکە لەسەر داوای ئێوە بوو یان ئەوان؟
 
عەلی قەرەداغی: بێگومان کە جەنابی ئەحمەد شەرع هاتە سەر حوکم، ئێمە بەخێرهاتنمان کرد وەکو یەکێتی، دواتر قسەشم لەگەڵدا کرد بە تەلەفۆن و چەند دەوڵەتێکیش لەسەر ئاستی دەوڵەت داوایان لە ئێمە کرد، کە بەوپێیە کە پەیوەندیمان هەیە وەکو پەیوەندییەکی فەرمی وەکو یەکێتی لەگەڵ هەندێک وڵاتانی نائیسلامی، داوایان لە ئێمە کرد، کە یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە لەنێوان دەوڵەتی سووریای نوێ و ئەو دەوڵەتانە. من ئەمە گەیاند و چەند چارەسەرێکی باشیان پێشکێشکرد، جەنابی ئەحمەد شەرع زۆری پێخۆش بوو و سوپاس بۆ خودا سوودمەند بوون حکومەتی نوێ لەو نێوبژیوانییەی کە ئێمە کردمان لەنێوان سووریا و ئەو دەوڵەتانە.
 
بێگومان با بۆ ئەوەی کە ئاشکرای بکەم رووسیا داوای کرد، لەسەر ئاستێکی زۆر زۆر بەرز، وەکو یەکێتیی زانایان، وەکو من کە سەرۆکی یەکێتیی زانایانم. ئێمەش ئەو مەرج و شتانە، سەرەتا گەنگەشەمان کرد لەگەڵیاندا، چونکە ئێمە لە رووسیا چەند کاری باشمان کردووە بۆ خزمەتی گەلی رووسی بەگشتی و گەلی موسڵمان، بۆ نموونە ئاشتی لەنێوان تووندڕۆکان هەبوو لە داغستان و شوێنەکانی دیکە. ئێمە پەیوەندیمان بە ئیسلامییەکانەوە گرت، زۆر سوپاسیان دەکەین بە قسەیان کردین و کێشەکەمان چارەسەر کرد. ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی کە پەیوەندیمان لەگەڵ رووسیا باش بێت.
 
رووداو: بە دیاریکراوی رووسیا چی داوایەکی هەبوو؟
 
عەلی قەرەداغی: بێگومان پرسەکە گەڕایەوە بۆ بنکەی حومەیمیم، ئەوەی کە لەسەر دەریای نێوەڕاستە کە چارەسەرێکی گونجاو هەبێت و رووسیا ئەگەر دەریشبچێت بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە بێت و بێگومان سووریاش سوودمەند بێت لە چەند رێککەوتنێک کە لەنێوان حکومەتی پێشووی بەشار ئەسەد و رووسیا هەبوو. ئەمانەمان پێگەیاندن و ئەحمەد شەرع زۆری پێخۆش بوو و گوتی ئێمە خۆمان دواتر پەیوەندییان پێوە دەکەین، پەیوەندیمان بۆ دروست کردن و دواتر سوپاس بۆ خودا سوودمەند بوون. دواتر لە فەزڵی خوداوە ماوەیەکی پێچوو ئەو کاتەکەی دیاریکرد، واتا جەنابی ئەحمەد شەرع گوتی ئێمە حەز دەکەین رۆژی چوارشەممە؛ بێگومان نووسینگەکەی، راوێژکارە تایبەتەکەی، گوتی ئێمە حەز دەکەین رۆژی چوارشەممە؛ وابزانم 10ـی مانگ بوو لە مانگی رەمەزاندا، چاومان پێتان بکەوێت، ئێمەش رۆیشتین، زیارەتمان کرد، دەوری سێ کاژێر و نیو دانیشتنین لەگەڵیدا و بەربانگمان لەگەڵ کردەوە، دواتر بەتایبەتیش قسەمان لەگەڵ کرد. بێگومان زۆربەی شتەکان بۆ بەرژەوەندیی سووریا و یەکێتی بوو کە وەکو دامەزراوەیەکی جیهانییە، سوپاس بۆ خودا دەتوانم بڵێم دیدارەکە زۆر سەرکەوتوو بوو.
 
رووداو: باسی کوردتان کرد؟
 
عەلی قەرەداغی: بەڵێ. بۆچی باسی کوردمان کرد؟ چونکە دوای سەرکەوتنی حکومەتی نوێ، ئەمە لەوانەیە بۆ جەنابتان نوێ بێت، نامەیەکم پێگەیشت لە سەرکردایەتیی هەسەدە.
 
رووداو: واتا مەزڵووم عەبدی؟
 
عەلی قەرەداغی: نا، ئەوەی کە بەرپرسی پەیوەندییەکانە، دوو کەس نامەکەیان واژۆ کردبوو، ئێستا ناوەکانم [لەیاد نییە]، بەڵام دەتوانم بڵێم لێپرسراوی دووەم دوای جەنابی کاک مەزڵووم، کە ئێمە داوا دەکەین لە جەنابت پرۆفیسۆر قەرەداغی کە لێڤەگەڕێکی ئیسلامی و کوردیی، یارمەتیدەر بیت بۆ ئاشتی. ئێمەش وەڵاممان دانەوە لە رێگەی برایەکی زۆر خۆشەویستمان، بەڵام نامەکە نووسراوە، هەر ئەوە نەبێت زارەکی بێت هەروەها ئێمە پەیوەندیمان گرت بە سەرکردایەتیی نوێی دەوڵەتی سووریا و گوتمان سوپاس بۆ خودا ئێمە هاوکارین و هەر شتێکیش پێویست بوو بۆ دانوستاندن و ئەمانە، ئێمە ئامادەین. لەگەڵیشیاندا باسمان کرد و زۆر هانمان دان کە ئاشتەوایی و پێکهاتن لەگەڵ گەلی کورد و پرسی کورد شتێکی باشە. هەروەها هەندێک کەسایەتی و پیاوماقوڵانی کورد کە من پەیوەندیم لەگەڵیاندا هەیە، لەو شوێنانەش کە هەسەدەی تێدا نییە وەکو بۆ نموونە جندرێس و عەفرین و ئەوانە، دامەزراوەیان هەیە، ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە کرد، لە هەردوو لاوە، من بە جەنابی ئەحمەد شەرعم گوت، گوتم بەڕاستی من لە دوو لاوە متمانەم پێکراوە، لە لایەک ئەوانە و لایەکی دیکە پیاوماقوڵانی گەلی کورد و موسڵمان و زانایانیان، حەز دەکەم ئەم شتە وەکو عێراقی لێ نەیەت، ئەم کێشەیە هیچ لە بەرژەوەندی نییە، با بە شتێکی رێکوپێک جێبەجێ بکرێت، لە لایەنی ئیسلامییەوە، خۆت دەزانی زمان شتێکی رەوایە، مافی سیاسی مافێکی رەوایە، زۆر قسەمان کرد لەو شتانەوە، سوپاس بۆ خوا گوتیان ئێمە پەیوەندیمان هەیە، ئەمە قسەی نووسینگەی ئەوان بوو، هیوامان وایە بگەینە ئەنجام، سوپاس بۆ خوا ئەوە بوو پێش سەردانەکە، ئێمە پێش ئەوەی کە ئێمە بگەینە دیمەشق بە رۆژێک بە دوو رۆژ، رێککەوتننامەیان واژۆ کرد، ئێمە پیرۆزباییمان لێکرد لە جەنابی ئەحمەد شەرع، گوتمان زۆر شتێکی خۆشە بە ناوی یەکێتییەوە، لەگەڵ شاندی یەکێتی کە ئەمە شتێکی زۆر زۆر پیرۆزە، کە ئێوە رێککەوتننامەتان کردووە، ئەمە لە بەرژەوەندی سووریایە، لە بەرژەوەندی ئیسلامە، لە بەرژەوەندی کورددایە، لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیشدایە، زۆر هانمان دان، جا لەبەر ئەوە ئێمە وا دەزانین کە بەشدار بووین و بە بەشێکی بچووک لەم پڕۆژەی ئاشتییە، هیوامان وایە زیاتر رۆڵی خۆمان بنوێنین بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئەمە.
 
رووداو: دکتۆر، لە دەستووری کاتی، کورد وەکو دووەم گەورە نەتەوە لە سووریا دانی پێدا نەنراوە، ئەمە چۆن دەبینی؟
 
د. عەلی قەرەداغی: خۆی ئەمە دەستوورێکی کاتییە بۆ زانیاری جەنابت، خۆت دەزانی لەم قۆناخەدا، بەشار ئەسەد جەختی لەسەر عەرەبییەتی هەموو سووریا دەکرد، یانی حیزبی بەعس لەسەر عەرەبییەتی هەموو سووریا و بێگومان بەعسییەکان کێشەیەکی زۆر گەورەیان دروست کرد، کە ئەو کەمەربەندە سەوزەی کوردستانیان یانی ناوچەی کوردی سووریا پارچە پارچە کردووە، لەم قۆناخەدا ئێمە شەڕ بکەین چۆن بیگۆڕین؟ نەک شەڕ بکەین، بڵێن چیتان کردووە، تێبینی بفەرموو، یانی من وا دەزانم ئەوانە هەمووی شیاوی گفتوگۆن، ئەوان نەیانوتووە دەستوورێکی هەمیشەییە، گوتوویانە دەستوورێکی کاتییە.
 
رووداو: واتە تۆ پێشبینی دەکەی لە داهاتوودا ببێت؟
 
د. عەلی قەرەداغی: دەتوانرێت، من وا دەزانم ئەگەر گەلی کورد لە ژێر رێبەرایەتی هەموو بەرپرسەکانیەوە رێک بکەون، دانوستانێکی دوور و درێژ، کێشەی گەلی کورد بە راستییەکەی وەکو دەروونناسی و پێکهاتەی دەروونی، هەندێک جار هەناسەمان کورتە، هەندێک گەل هەیە هەناسەیان زۆر درێژە، بۆ نموونە گەلی فارس تەقریبەن 10 ساڵ توانی دانوستاندن بکات لەگەڵ ئەمریکا، لە سەردەمی پێش ترەمپ، لە سەردەمی ئۆباما، تاوەکو گەیشتنە ئەنجامێک.
 
رووداو: ترسێک هەیە، کە رەنگە ئەو ئەزموونەی کورد لەوێ پاشەکشە بەخۆیەوە ببینێت.
 
د. عەلی قەرەداغی: من لەگەڵ ئەوەدام کورد جەخت بکات لەسەر ئەوەی مافی خۆی وەرگرێت بە تەواوی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت لە ژێر سێبەری توانا و هێزی گەلی کورد و بوون و نوێنەرایەتی گەلی کورد لە سووریا بێت، من وا نازانم بەڕاستی هەتا هەندێک لە سەرکردەی کورد، گوتیان باش نییە کەوا گەلی کورد لە سووریا خۆی بە کوردستانی عێراق بەراورد بکات و بڵێت ئێمەش فیدراڵییەکمان دەوێت وەکو کوردستانی عێراق، چونکە دۆخی عێراق زۆر جیاوازە، یەکەم بۆ نموونە لە رووی جوگرافییەوە کوردستانی عێراق پێکەوە بەستراوە، هەمووی بەیەکەوەیە، ئەوێ وا نییە، ئەمە یەکەم، دووەمیش ئەو دۆخەی روویدا کە سەددام ئەو کارەی کرد لە کوێت و دواتر پاشەکشەی کرد، ناوچەکە بوو بە نەوای ئارام، ئەمانە هەموو دۆخێکن تایبەتمەندی بۆ کوردستانی عێراق دادەنێن، با ئەوان داوای خۆیان بکەن بۆ ئەوەی کە دەیانەوێت، بەڵام دەبێ ئێمە لە مامناوەند بین، گرنگ شەڕی زاراوە، شەڕی دەستەواژەکان نەکەین، شەڕی ماف و مافەکان بکەین، من زۆر جار بیستوومە هەتا لە گەورەترین پیاوی کورد، یانی سیاسی یان ئەدیبەکان، ئەگەر بێت دەڵێت کورد لە تەمەنیدا نەیویستووە کە لە عەرەب باشتر بێت، یانی تۆ بینیوتە بڵێت، بۆ نموونە جەنابی کاک مەسعود یان جەنابی مام جەلال بڵێ ئێمە دەمانەوێ مافی ئێمە زۆرتر بێت لە مافی عەرەب؟ ئەمە نەوتراوە، وا نییە؟ یان مافمان باشتر بێت لە مافیان؟ نا، ئێمەی کورد دەمانەوێ یەکسان بین، وا نییە؟ ئەم یەکسانییە زۆر گرنگە کە کاری لەسەر بکرێت، یەکسانی لە هەموو شتێکدا، نابێت ببێتە دوو پێوەر، پێوەرێک بۆ تۆ، پێوەرێکی جیاواز بۆ من.
 
رووداو: بە جۆرێکی دیکە پرسیارەکەم بکەم: گەرەنتی هەیە ئەگەر لەم قۆناخەی ئێستای سووریا مافی کورد بەدەست نەیەت، لە داهاتوو بەدەست بێت؟
 
د. عەلی قەرەداغی: ئەمە دەبێت دانوستانی لەسەر بکرێت، دەبێت کاری لەسەر بکرێت، شتەکە ئیشی رۆژ و دوو رۆژ نییە، دواتر بەڕاستییەکەی شتێکی دیکەش هەیە، متمانە، هەمیشە سەرکەوتنی دانوستاندن وەکو زانایان دەڵێن، زانایانی دەروونناسی، لایەنی دەروونی و سایکۆلۆژیاکەی ئەوەیە کە متمانەی هەموو لایەنێک بە لایەنەکەی دیکە هەبێت، دروستکردنی متمانە زۆر گرنگە لە هەردوو لایەنەوە، لەلایەن حکومەتیشەوە و لەلایەن کوردەکانیشەوە پێویست دەکات ماوەیەکی زۆر و هۆشیارییەکی زۆر پێویستە، زۆر بە ژیری بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی وا، وەکو دەڵێن نە ستەمکار هەبێت و نە ستەملێکراو.
 
رووداو: باسی لایەنی حکومەتت کرد، بە دیاریکراوی دەمەوێت باسی ئەحمەد شەرع بکەین، کەسایەتی ئەحمەد شەرع ئەگەر سەیری پێشینەی بکەین، کەسایەتییەک بووە لەنێو قاعیدە و داعشدا بووە و ئێستا بووەتە سەرۆکی کاتی سووریا، کەسایەتی و بیرکردنەوەی ئەحمەد شەرع بە بۆچوونی دکتۆر عەلی قەرەداغی چۆنە؟
 
د. عەلی قەرەداغی: دوای ئەوەی کاتێک داوایان لێکرد پەیوەندی بکات بۆ دەوڵەتی خەلافەت یان پێی گوترا خەلافەت، ئەو رازی نەبوو، دواتر داعش شەڕی کرد، شەڕێکی زۆری کرد بۆ کۆمەڵەی ئەحمەد، شەڕ بەردەوام بوو، ئەم قۆناخەشی هەیە، کە کۆمەڵەی ئەحمەد شەرع شەڕیان کردووە دژی داعش و قاعیدە، ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەریدا هاتووە، من وا دەزانم ئێستا بە پێی دانیشتن زۆر گۆڕاوە، هەڵسوکەوت دەکات وەکو کەسایەتییەکی سەرۆکی دەوڵەتێک، دەڵێت و بیر دەکاتەوە، رەنگە بێگومان مەرج نییە هەموو بیروبۆچوونەکانی سەد لە سەد دروست بێت، چونکە بێ هەڵە بوون هەر بۆ خوایە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەیەوێت بڵێت ئێمە دەبێت لە شۆڕشەوە گواستنەوە بکەین بۆ دەوڵەت، دەبێت پێکهاتەکان هەمووی بەشدار بن و بەتایبەتی پێکهاتەی گەلی کوردی، پێکهاتەی گەلی کوردی پێکهاتەیەکی زۆر رەسەنە، ئەمە قسەی خۆیەتی لەگەڵ من کردی لە سووریا، ئەمە شتێکە ئێمە سوودی لێ وەردەگرین، دواتر دەبینین ئەنجامەکەش چۆن دەبێت، من وا دەزانم گەشبینم بەم کەسایەتییە، بەڵام ئەوە نەبێت، یانی بڵێم بەڕاستی کابرا بێ هەڵەیە، دواتر جگە لەوەش گوشاری دەوڵەتی هەیە، بەڕاستی خۆت دەزانی ئێستا هیچ دەوڵەتێک نییە بەتایبەتی وەکو دەوڵەتی سووریا، گوشاری زۆری لەسەرە، گوشاری عەرەبی لەسەرە، بۆ زانیاری جەنابت، گوشاری جوولەکەی لەسەرە، گوشاری دەوڵەتان، هەموو ئەمانە لەسەریەتی.
 
رووداو: باسی تورکیاشمان کرد، جەنابت ئاگاداری کە ئێستا پرۆسەیەکی تازە لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرۆسەی ئاشتییە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی ئەمە قۆناخێکی تازەیە، بەڕای ئێوە ئەم پڕۆسەی چارەسەرە ئەنجامی دەبێت؟
 
د. عەلی قەرەداغی: ئێمە زۆر زۆر گەشبینین لەمەشدا، بۆچی؟ چونکە جاران جەنابی ئەردۆغان و حیزبی داد و گەشەپێدان ئەم بیرۆکەیان خستەڕوو لە پێشدا، پێش تەقریبەن دە ساڵ، پازدە ساڵ، کە رێککەوتنێک هەبوو، ئەوان ئەمەیان خستەڕوو و رێککەوتنیان کرد لەسەر نزیکەی حەوت یان هەشت خاڵ یان نۆ خاڵ بوو، رێککەوتنیان لەسەر کرد، ئێستا سەرۆکی حیزبی نەتەوەیی کە دەوڵەت باخچەلی، ئەم بیرۆکەیە پشتگیری دەکات، واتای چییە؟ بە کوردی خۆمان دەڵێت شتەکە گەیشتووە لەلایەن تورکەکانەوە، ئیسلامییەکان وەکو بنەمایەکی ئیسلامی ئاساییە، نەتەوەییەکان وەکو نەتەوەیی بەلایانەوە شتێکی گونجاوە کە ئەم ئاشتی و پێکەوەژیانە دروست بێت، لە لایەنی نەتەوەیی کوردەوە کە سەرۆکی نوێنەری پەکەکە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، جەنابی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەویش زۆر زۆر بە تووندی کار دەکات لەسەر برایەتی کورد و تورک، ئەوەی کە ئێمە جاران دەمانگوت، بۆ نموونە ئێستا ئەو بە تووندی باسی لەسەر دەکات، زیاتر لەوەش داوای کردووە و فەرمانیشی کردووە کەوا شەڕ و تووندوتیژی بخرێتە لاوە و بە سیاسی کار بکرێت، کە تەماشای ئەم دۆخە دەکەین، من وا دەزانم گەشبینییەکی باش هەیە و هەوڵیش هەیە، شتێکی تازەشت پێ بڵێم، لە سەردەمی تورگوت ئۆزال کە سەرۆک کۆمار بوو، کەسایەتییەکی گەورەی ئیسلامی نارد بۆ لای برای خۆتان، گوتی ئێمە دەمانەوێت بزانین را و بۆچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چییە، ئایا ئەو بەڕاستی دەیەوێت ئاشتی بکات یان نایکات؟ ئەوە لەو سەردەمە، پێش تەقریبەن نزیکی بیست و پێنج ساڵ، سی ساڵ، چۆتە لای، ئێمەش کەسێکمان ناردووە بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەکو ناوەندگیرێک، لە خزمەتی جەنابیدا، بەس ئەوە بوو دوای ئەوە کودەتایەک کرا بەسەریاندا و لە رێی خۆی لادرا، من دەڵێم یانی ئیسلامییەکان بەڕاستی هەوڵیان نەدا، من داکۆکی ناکەم وەکو ئیسلامی، بەڵام لە واقیعدا مامەڵەی ئیسلامی لەگەڵ گەلی کورددا زۆر زۆر باشترە و ئاسانترە لەگەڵ نەتەوەییەکاندا، بەس ئێستا سوپاس بۆ خوا نەتەوەییەکانی تورکیش بەتایبەتی حیزبی نەتەوەیی کە دەوڵەت باخچەلی کە سەرۆکییەتی و کەسایەتییەکی رەمزییشە بۆیان، هەر سەرۆک نییە رەمزێکە بۆ نەتەوەییەکان، ئەمە هەنگاوێکی باشە، لەو لایشەوە کە کاک عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ئەم پڕۆژەیەی داناوە، ئەگەر کاری لەسەر بکرێت زۆر لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە، یانی گەلی کورد ئێستا پێگەی باشی هەیە، جێگری سەرۆک کۆماری کوردە، وەزیری دەرەوە کوردە، چەند وەزیرێکی دیکە کوردن، یانی جیاوازییەک نییە ئێستا لەم دۆخەدا لە نێوان کورد و تورکدا، بەڵام ئەم ماف و ئازادییانە پێویستە جێگیر بکرێن لە دەستووردا، دواتر کاری لەسەر بکرێت، ئەمە شتێکی زۆر زۆر گرنگە، من دەزانم ئەوە شتێکی ستراتیژییە بۆ تورکیا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
 
رووداو: زانیومە جەنابت رۆڵێکت هەبووە لەو پرۆسەی ئاشتییەی کە ئێستا لە تورکیا خەریکە کاری لەسەر دەکرێت، پێمخۆشە ئەو رۆڵە بزانم وەکو ناوەندگیر.
 
د. عەلی قەرەداغی: ئێمە بەڕاستی چەندین جار کە دانیشتین لەگەڵ جەنابی ئەردۆغان.. بەداخەوە تانە و تەشەرمان لێ دەدرێت لەلایەن هەندێک کورد.. زۆربەی دانیشتنەکان هەندێک جار ئێمە باسی کێشەی کورد دەکەین و چۆن چارەسەر بکرێت و ئەمانە، تاوەکو جارێکیان بە بۆنەیەکەوە لە کۆنفرانسی کۆمکاری ئیسلامی لە مالیزیا بوو، منیش بانگهێشت کرابووم، من دانیشتبووم، جەنابی ئەردۆغان قسەی دەکرد، دواتر سڵاوی کرد و منیش سڵاوم کرد لە جەنابی و دواتر دانیشتنێکمان کرد و باسمان کرد، من پێم گوت کە پێویست دەکات جارێکی دیکە، ئەو کاتە دوای ئەوە بوو کە پاشەکشە هەبوو بۆ رێککەوتنی یەکەم ، کە شەڕێک دروست بوو لە نێوان پەکەکە و لە نێوان حکومەت لە دیاربەکر و لە شوێنەکانی دیکە، بەداخەوە زەرەرێکی زۆریشمان کرد هەموومان، دوای ئەوە قسەم کرد، گرنگ لەو کاتەدا و پێش ئەو کاتەشدا ئێمە پەیوەندییەک هەبوو لە رێگەی جەنابی مامۆستا جەمیل بایک.
 
رووداو: یانی پەکەکە پەیوەندی لەگەڵ جەنابت هەبوو، کەسێکی ناردبوو؟ ئەمە یەکەم جارە باسی دەکەیت بۆ میدیا؟
 
د. عەلی قەرەداغی: بەڵێ، کەسێکی نارد، من و جەنابی کاک عەلی، ئەویشم لەگەڵدا بوو، گفتوگۆمان کرد کە ئێمە ئامۆژگاری خۆمان چییە؟ دەیڵێین بۆ هەردوو لا، ئەوانیش گوتیان ئێمە دەمانەوێت، وا دەزانین بەو رێککەوتنەی پێشووتر کە رێککەوتن کرابوو، هەشت وەزیر واژۆیان کردبوو، گوتی ئێمە ئامادەین دێین، لەگەڵ ئەمانە ئەم رەزامەندییەمان وەرگرت، واتە کۆمەڵەی کاک جەمیل کە نوێنەرایەتی لایەنی سەربازی دەکات، وا دەزانم دواتر چووین بۆ برێمن لە ئەڵمانیا، لەوێ لەگەڵ جەنابی ئەحمەد تورک دانیشتین، بۆ لایەنی سیاسی، مرۆڤ دەبێت راستی بڵێت، ئەمانە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە بگەڕێنەوە بۆ ئەو رێککەوتنە، پەکەکەی ئەو کاتە، ئێمە ئەمەمان گەیاندە جەنابی ئەردۆغان و گوتمان ئەم شتە هەیە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکە.
 
رووداو: یانی پەیامی پەکەکەتان دا بە رەجەب تەیب ئەردۆغان ؟
 
د. عەلی قەرەداغی: بە تەواوی، بێگومان ئەمانە هەمووی گواستنەوەی پەیام و رێکخستن و شتی هەیە، وا دەزانم ئێستا ئەو هەوڵانە، وەکو ئیمامی غەزالی دەفەرموێت، دەڵێت هەندێک جار مرۆڤ دەیەوێت ئاسنێک ببڕێت، چەکوشێک هەڵدەگرێت سەد جار لێی دەدات نایبڕێت، دوا جار دەڵێت ئەمە هەرچی هێزی هەیە یانی پێکی هێنا و لێی دەدات و دەیبڕێت، ئیمامی غەزالی دەفەرموێت دەڵێت وا مەزانە ئەم ئاسنە بەم جارەی کۆتایی بڕاوە، بەڵکو ئەم جارەی کۆتایی ئەمە درێژبوونەوەیە بۆ سەد جارەکەی پێشووتر.
 
رووداو: جەنابت زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرێی کە ئەسڵەن کوردت بۆ گرنگ نەماوە، زۆر جار لە کۆمێنت و کەسایەتی دیار لە چاوپێکەوتن باسی ئەوە دەکرێت کە جەنابت زیاتر دۆستایەتی لەگەڵ تورکیا هەیە، لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا هەیە.
 
د. عەلی قەرەداغی: بەڕاستی ئەوانە زۆر، یانی دەتوانم بڵێم زۆر بێویژدانی تێدایە، خۆم زۆر زۆر، هەر تەماشای ژیاننامەی من بکەن، ئەوە ساڵی 1988 ئێمە رابیتەمان دروست کرد لەگەڵ چەند پیاوێکی رێزدار و گەورە، دوای ئەوە ئێمە دوو ئامانجمان هەبوو، یەکێکیان یارمەتیدانی گەلی کورد لە تورکیا، ئاوارەکان، بەتایبەتی لە ئێران ژمارەیەکی زۆر هەبوون، بەتایبەتی دوای 1990کە سەددام لێی دا، تەقریبەن زیاتر لە ملیۆن و دوو ملیۆن ئاوارە هەبوو، ئێمە هەرچی هەوڵ و کۆششی خۆمان هەبوو خەرجمان کرد، سوپاس بۆ خوا، هەموو کەسێکیش دەزانێت کە گەیشتینە هەموو کەمپەکان، ئەمە لایەنێکە، لایەنی مرۆڤایەتی و سیاسی، ئێمە لە هەموو کۆنفرانسێکدا باسی کوردمان کردووە، بەتایبەتی بڵێین ئیسلامییەکان، هەتا لە مەجمەعی فیقهی ئیسلامی کە من ئەندامم، هەتا لەوێش کە کۆمەڵێکی فیقهییە، لەوێشدا باسمان کردووە کە چۆن سەرکۆنەی ستەمی سەددام بکرێت، سەددام دوای هەڵەبجە و ئەنفالەکان، ئەم هەموو کۆششە، بەداخەوە جەختی زۆر لەسەر نەکراوە و زۆر ئاشکرا نەکراوە، 1989 هێشتا دوای ساڵێک لە ئەنفالەکان، ئێمە کۆنفرانسێکی جیهانیمان رێکخست لە کۆڵن، کۆڵن کە لە ئەڵمانیایە، زۆربەی کەسایەتییە کوردی و ئیسلامییەکان بانگهێشت کران، یەکێک لەوانە بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەد، خوا لێی خۆشبێت، یەکێک لەوانە نوێنەری بەڕێز کاک مەسعود، هەروەها ئیبراهیم ئەحمەد نوێنەری یەکێتی بوو لەو کاتەدا، هەروەها هەتا عەزیز ئاقرابی خۆی ئامادەبوو، لە ئیسلامییەکان نوێنەری حەسەن تورابی، بە هۆی ئەوەی کە پەیوەندی گەورەم لەگەڵ ئەزهەردا هەیە، نوێنەری شێخی ئەزهەر ئامادەبوو لەو کۆنگرەیە، ماوەی سێ رۆژ گفتوگۆی ئەم پرسەیان کرد: مافی کورد لە روانگەیەکی ئیسلامییەوە، هەتا بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەد، خوا لێی خۆش بێت، فەرمووی، بەڕێز دکتۆر ئەمە تۆ چی دەکەیت، ئێمە هەندێکمان خەریکین یانی ئەمەمان دەوێت، گوتم ئەوە نییە نەمانەوێت، مادام ئێمە لەسەر هەقین نەمانەوێت نییە، سوپاس بۆ خوا، لەو کاتەوە دوای کارەساتی هەڵەبجە کە کوردستان وێران کرا، کێ هاتە ناو کوردستانەوە لە ساڵی شەڕی ئازادیدا؟ ئێمە هاتین، رابیتەمان دروست کرد لەناو کوردستان، ئەم هەموو خزمەتگوزارییەی کوردستان، ئێستاش ئەوە زانکۆیە، ئەوە قوتابخانەیە، ئەوە ناوەندی لەبەرکردنی قورئانە، ئەوە رابیتەیە، ئەم هەموو خزمەتەمان کردووە لە کوردستان، بە خودا ئەگەر لە ئەفریقا بمکردایە، مەگەر خودا بزانێت چییان دەکرد بۆ من، بەس خوا لێمان خۆش بێت.
 
رووداو: هەر پەیوەست بە تورکیا، یانی سەقامگیری و گەشەسەندنی تورکیا تاوەکو چەند پەیوەستە بە چارەسەری دۆزی کورد لە تورکیا و ناوچەکە؟
 
د. عەلی قەرەداغی: بەپێی ئابووری، کە بەشێکی سەرەکییە لە خوێندنەکەم، ئابووری قەت گەشە ناکات تەنیا لەژێر سێبەری ئاسایش و ئارامی نەبێت، هەر کاتێک شەڕ و کارەسات هەبوو، هەمیشە سەرمایە رادەکات و دەڵێن موسڵمانی ترسنۆک دەترسێت، جا لەبەر ئەوە، یەکێک لە گەورەترین هۆکار ئەوەیە کە سەرمایە لە تورکیا رووی لەوەیە کە ئارامی و ئاسایش لە ناوچە کوردییەکاندا، رۆژهەڵاتی تورکیای پێدەڵێن یان کوردستانی تورکیای پێدەڵێن، هەرچی بێت کێشەمان نییە، ئەمە مەرجەکەی ئەوەیە کە ئارامی و ئاسایش هەبێت لە سەرانسەری تورکیا، تورکیاش زۆر پێشکەوتووە، بەڵام زیاتر پێش دەکەوێت ئەگەر لەگەڵ کوردستاندا رێک بکەوێت، ئەگەر لەگەڵ کورددا رێک بکەوێت.
 
رووداو: زۆر باشە، کاتەکەمان زۆر کەم ماوە، بەڵام پێم خۆشە سوودی لێ وەربگرم، باسی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکەین، دۆخی عێراق چۆن دەبینی؟
 
د. عەلی قەرەداغی: عێراق بێگومان پێویست دەکات کە گۆڕانکارییەکی باشی تێدا بکرێت، وەکو عەرەب قسەیەکی خۆشی هەیە، هەندێک عەرەب پەندێک دەڵێن: "یان ریش دەهێڵینەوە یان دوور دەکەوینەوە"، مەبەست لەوەیە یان گونجاو دەبیت لەگەڵ دۆخەکە یان دەبێت دوور بکەویتەوە، سیاسەت خۆت دەزانی هەمیشە دەگۆڕێت، عێراق ئەم قۆناخەی پێشوو بە راستییەکەی من بەڕاشکاوی دەڵێم سەرکەوتوو نەبوو لە لایەنی بواری ئابووری، بە ئەوانە من قسە دەکەم لەسەر عێراق، یانی ناوچەی عەرەبەکان، سوننە و شیعەکان، ئابووری زۆر زۆر لاوازە، گەندەڵی و نادروستی، یانی عێراق لە گەندەڵی و نادروستی، تەقریبەن یانی دوو دەوڵەت دوای عێراقن، دوو دەوڵەت لە دوو سەد و نەوەت و هەشت دەوڵەت هەیە لە جیهاندا کە ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو دەوڵەت دوای عێراقەوەن لە ریزبەندی گەندەڵیدا، ئەوە شتێکی خراپە، لە بواری ئاسایش و ئازادی و ئەمانەدا، بەڕاستییەکەی کێشەیەکی گەورە هەیە لە نێوان سوننە و شیعە، بەڵام سوپاس بۆ خوا باشتر بووە، بەڵام هێشتا هەیە، ئەمە بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ببێتە کێشەیەک لەسەر ئاستی جیهانی، چونکە خۆت دەزانیت جیهان هەمووی وەکو پەیکەرێکی تەواوە، عێراقیش رۆڵێکی زۆری هەیە، عێراق کەم نییە لە ستراتیژی جیهانیدا، عێراق کەم نییە لە ستراتیژی جوگرافی و ئابووریدا، عێراق زۆر گەورەیە بەڕاستی کە دەخوێنینەوە زۆر گەورەیە، جا لەبەر ئەوە قبوڵ ناکرێت کە عێراق وەها لەو قۆناخەیەدا بێت، هەرچەند تۆ ئەگەر تەماشای کوردستان بکەیت، لەگەڵ ئەو کەم دەرفەتییە، تۆ تەماشای هەولێر بکە و تەماشای بەغدا بکە، جیاوازی زۆرە، هەروەها بە راشکاوی بڵێین، تەماشای سلێمانی بکە و تەماشای بەغدا بکە، جیاوازییەکی زۆری هەیە.
 
رووداو: چۆن دەڕوانیتە دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا؟
 
د. عەلی قەرەداغی: جا لەبەر ئەمە بە مەبەست عێراقم باس کرد، من داوام وایە لە سەرکردایەتیی عێراق خۆیان کۆبوونەوەیەک بکەن و لێکۆڵینەوە بکەن، پێداچوونەوەیەک بکەن، پێداچوونەوە بۆ ئەم بیست و یەک ساڵە، لە 2003ـوە کە داگیرکاری کرا، ئێستا ئێمە لە ساڵی چەندین؟ بیست و پێنجین، بیست و دوو ساڵ، پێداچوونەوە بکەنەوە، بزانن کێشە و هەڵە لە کوێیە، زۆر داوا دەکەم، بە نیسبەت کوردستانەوە..فەرموو
 
رووداو: دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بە عێراقەوە چۆن دەبینی؟
 
د. عەلی قەرەداغی: بەڕاستی، وەک باست کرد، ئێستا گەشەسەندنێک ئەگەر تۆ بەراوردی بکەیت لەگەڵ ئەو هەموو کێشە و گرفتەی کە لە نێوان بەغدا و لە نێوان هەولێر، یان لە نێوان کوردستاندا هەیە، ناوچەی کوردی زۆر پێشکەوتووە، من وا دەزانم، زۆر باش پێشکەوتووە، بەڵام دەیتوانی زیاتر پێشبکەوێت بە دوو مەرج، مەرجی یەکەم ئەوەیە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وەستانەوە دژی گەندەڵی، ئەمە زۆر زۆر گرنگە، مەرج و پێویستی سەرەکی بۆ پێشکەوتنی دەوڵەت لە یەکەم پلەدا ئەوەیە گەندەڵی نەمێنێت، ئەمە یەکەم، دووەم، بەرنامە و پلانێک دابنێین، پلانێکی ستراتیژی، لە ژێر پلانی ستراتیژیدا، پلانێکی قۆناخی دابنێین، پلانەکە گشتگیر بێت بۆ ئابووری ستراتیژی، بۆ ئابووری قۆناخی، ئەگەر بوار هەبووایە، پێویستە بە پلانێکی تایبەت بکرێت.
 
رووداو: کاتێکی زۆری پێویستە ئەمەیان، بەڵام پەیوەست بە نەوت، بەڕێزت دەزانی ئێستا نەوت دابەزی و چاوەڕێیەکی زیاتریش دابەزێت، کاریگەری تەنیا لەسەر عێراق نابێت؟
 
د. عەلی قەرەداغی: نا بەڵکو لەسەر هەموو جیهان، تەنیا جیهانی پیشەسازی سوودمەند دەبێت لە هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت، وەکو چین بۆ نموونە، وەکو ئەمریکا، ئەمانە سوود وەردەگرن، بەڵام جیهانی بەرهەمهێنی نەوت بێگومان زیانێکی زۆر دەکەن، لەبەر ئەوە هەمیشە ئابووریی سەرکەوتوو ئەوە نییە کە پشت بەستوو بێت بە یەک شت، نەک نەوت کە چەند بە نرخە، بەڵکو دەبێت جۆراوجۆری تێدا بێت، ئەوە ئێمە داوامان کرد لە ساڵی 2012 کە دەبێت جۆراوجۆرییەک دروست بکەین لەگەڵ گەنجان، ئابووری و کۆمپانیاکان و ئەمانە، بەڵام هیوامان وایە کە ئەمە جێبەجێ بێت لە کوردستان.
 
رووداو: زۆر بە کورتی حەز دەکەم دواپرسیارم ئەوە بێت: هەڵبژاردن کراوە ئێستا لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان خەریکی گفتوگۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت، تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێندراوە..
 
د. عەلی قەرەداغی: ئێمە دەستوەردان لە کاروباری تایبەت ناکەین، بەڵام من داوام وایە بەڕاستی وەکو زانایەکی موسڵمان، وەکو پیاوێک خەمی ئەم گەلە دەخوات، داوام وایە یەک بن، بەڕاستییەکەی، نەبوونی یەکبوونی سەرکردایەتیی کوردی، ئەم هەموو کۆششەی کەوا ئەم هەموو خوێنەی کە پێشمەرگە و شەهیدان پێشکەشیان کردووە، با نەڕوات لەبەر بەرژەوەندییەکی کەسی یان لەسەر بەرژەوەندییەکی بچووک، با نەبینە هۆی ئەوەی خوانەخواستە ئێمە بە شەش مانگ نەتوانین حکومەتێک دروست بکەین، ئەو کاتە دەڵێن واتای وایە کوردستان توانای ئەوەی نییە خۆبەڕێوەبەرییەک یان فیدراڵییەتێکیش بەڕێوەببات، هیوامان وایە کوردستان نموونە بێت لە هەموو شتێکدا، لە شتی باشدا، جا لەبەر ئەوان بەڕاستیەکەی من زۆر ناڕازیم لەسەر ئەوەی کە لە هەر شوێنێکدا دامەزراوەکانی حکومی دوابکەوێت، چونکە دامەزراوەکانی حکومی دواکەوت، خۆت دەزانی بڕیاری گەورەی بۆ نادرێت، ئەم وڵاتەش، پێویستی بەوەیە کە بڕیاری رۆژانە هەبێت، ئەوەی کە خاوەنی بڕیار بێت، بڕیاری خۆی بەکار بهێنێت، پێویستی بەوەیە، جا لەبەر ئەوە ئەرکێکی شەرعییە کە یەک ببن و حکومەتێکی رێکوپێک دروست بکەن و گرنگی بدەن نەک لە سەریەکترییەوە، یەکێک لەوانە، پشت نەبەستن و متمانەنەکردن بە ئابووری، یانی ئەوەی خاوەنی ئابوورییە و خاوەنی ئەزموونە، لەگەڵ دەستپاکی، ئەوانە هەڵبژێرن، پشتیوان بە خوا دەستیشیان کەوێت، ئەوە زۆر زۆر گرنگە، تەماشای حەزرەتی یوسف بکەن، کە سەرکەوتوو بوو لە پڕۆژەکەی، لەبەر ئەوەیە کە "حەفیظ" و "عەلیم" بوو، "حەفیظ" یانی دڵسۆزە بۆ کارەکە و بۆ خودا، "عەلیم" خاوەنی زانست و ئەزموون، نەیفەرمووە: "من کوڕی حەزرەتی یەعقوبم یان بنەماڵەیەکی وام یان ئەمانە"، هەڵبژاردنەکە لەسەر ئەو دوو بنەما دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە