رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی سیاسیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لەنێو دەسەڵاتی ئێراندا ناکۆکی لەسەر دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هەیە و ئەو کێشەیە بووەتە هۆی ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە بەرامبەر زلهێزە رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکاندا تووشی سەرلێشێواوی ببێت.
د. ئەردەشیر پەشەنگ، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بنەما یان تێزی بەرگریی نیشتمانیی ئێران باس لەوە دەکات، بیرۆکەی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لە هەندێک لایەنەوە بەرگریکارانە و هەندێکجاریش هێرشبەرانەیە.
بە گوتەی د. ئەردەشیر پەشەنگ، سیاسەتی بەرگریی نیشتمانیی ئێران بنەمایەکی ئایدیۆلۆژیی هەیە و سەرەتا "ئومەت تەوەر" بووە، بەڵام ئێستا شیعەگەرایانەیە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئەردەشیر پەشەنگ، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:
رووداو: بنەما یان بیرۆکەی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لەسەر بنەمایەکی هێرشبەرانە دامەزراوە یان بەرگریکارانە؟
د. ئەردەشیر پەشەنگ: بیرۆکەی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لە هەندێک پرسی جۆراوجۆردا کاریگەری وەردەگرێت. ئەوەی کە ئاخۆ هێرشبەرانەیە؟ لە بەشێکیدا دەتوانین بڵێین وایە. ئەوەش کە ئاخۆ بەرگریکارانەیە؟ لە بەشێکیدا دەتوانین بڵێین وایە. لە سەردەمی شۆڕشی 1979 کاتێک ئایەتوڵڵا (روحوڵڵا خومەینی) هاتە سەر کار، چەند دەستەواژەیەکی جیددی هاتنە نێو ئێرانەوە کەوا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بیرۆکەی بەرگریی ئێران هەبوو. یەکێک لەوان سیاسەتی نە رۆژهەڵات و نە رۆژئاوا بوو. پێش لەوە سیاسەتی بیرۆکەی بەرگریی شای ئێران هاوپەیمانیی لەگەڵ وڵاتە رۆژئاواییەکان، ئەمریکا و کڕینی چەکی ستراتیژی بوو؛ بەڵام لە سەردەمی ئایەتوڵڵا خومەینی گوتیان نە رۆژهەڵات و نە رۆژئاوا. دژایەتییان لەگەڵ ئەمریکا کرد و هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و داگیریان کرد. دروشمیشیان دژی یەکێتیی سۆڤیەت و تەنانەت چینیش دەدا. هەروەها پێداچوونەوەیەکیش بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا کرا. ئێران تەنانەت دانی بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشدا نەدەنا. ئێمە دیتمان کاتێک عێراق هێرشی کردە سەر ئێران، ئێران سکاڵای نەبردە لای نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکو دوای چەندین ساڵ، ئێران چوو سکاڵای تۆمار کرد. بابەتێکی دیکە هەناردەکردنی شۆڕش بوو. ئەمە یەکێک لە بیرۆکە کاریگەرەکان بوو، دەتوانین بڵێین هێرشبەرانە بووە. تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی سەدام حوسێن بۆسەر ئێران ئەوە بوو، رێگریی لە هەناردەکردنی شۆڕش بکات. ئەم جۆرە بابەتانە روانگەیەکی ئیدیالیستی – ئایدیۆلۆژیکی هەبوو کەوا کاریگەریی لەسەر بیرۆکەی بەرگری لە ئێراندا هەبوو، بەڵام لەکاتی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەییدا ئێمە دەبینین بەربەستە جیۆپۆلیتیکییەکان و کێشە و گرفتە ئابوورییەکان و واقعییەتە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بوونە هۆی ئەوەی کە (هەرچەندە سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئێران ئایدیۆلۆژیک مایەوە) بەڵام گۆڕانی بەسەردا بێت. ئەگەر پێشتر روانگەکەی "ئومەت" تەوەر و "وەلی ئەمر موسلمین" بوو، لەم سەردەمەدا دەبینین روانگەکە شیعەگەرایانەیە. بەشێک لە بیرۆکەی بەرگریی ئێران بەرگریکردنە لە شیعەکان، نە تەنیا لە ئێران بەڵکو وڵاتانی وەکو بەحرێن، یەمەن، سووریا، لوبنان و تەنانەت لە دڵی ئەفریقا لە نایجیریا دایە. بەرگری لەوانە بەشێک لە ئاسایشی ئێران.
رووداو: بۆ بەشێک لە ئاسایشی ئێرانە؟
د. ئەردەشیر پەشەنگ: بە هەرحاڵ؛ بەشێک لە تیۆری ویلایەتی فەقیهە، کەوا بووەتە بەشێک لە بەهاکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بە ئاشکرا و بە روونیش باسی دەکەن. تاوەکو ئەمڕۆش یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانە کەوا لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و پرسە ئەمنییەکانیشدا کاریگەر بووە.
رووداو: بەڵام بەشێکی زۆر لەو بابەتانەی باست کردن، بۆ ئێران بووەتە هۆی ململانێی زۆر و گەورە، بۆ نموونە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. لە پەیوەندیی لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی و توانای مووشەکی، وەکو ئاماژەت پێکرد لە سەردەمی حکومەتی رەزا شا دا دەیویست چەکی ستراتیژی بکڕێت، بەڵام ئێستا دەیەوێت خۆی بەرهەمی بهێنێت و ئەمەش دیسان دەسەڵاتی تووشی کێشە کردووە.
د. ئەردەشیر پەشەنگ: بێگومان! هەروەک ئاماژەم پێکرد، بەربەستە جیۆپۆلۆتیکەکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوونە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بکرێت، گەرچی هەر ئایدیۆلۆژییەک مایەوە. کێشە لەگەڵ ئەمریکا، وڵاتە ئەوروپییەکان و تەنانەت رووسیاش کەوا چەکی ستراتیژی بە ئێران نەدەدا، بوونە هۆی ئەوەی کە ئێران خۆی هەوڵبدات چەک دروستبکات، لەوانە چەکی قورس و ستراتیژی. تەنانەت لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامیدا، وەزیری دەرەوەی رەزا شا پەهلەوی (عەباسعەلی خەلعەتبەری لە ساڵانی 1972 تاوەکو 1979 وەزیری دەرەوەی ئێران بوو) بەبۆنەی دۆسیەی ئەتۆمی لەسێدارە درا، سزاکەشی ئەوە بوو کە دەیانگوت ئەوە حەرامە؛ بەڵام دوای چەندین ساڵ ئێران بەو ئەنجامە گەیشت کە بوونی وزەی ئەتۆمی بۆ داهاتووی ئێران و گەشەپێدانی ئێران پێویستە و تەنانەت گوتی ئەمە بابەتێکی بەرگریکارانەی جیددییە بۆ من. ئەگەر ئەمە نەک وەکو چەک بەڵکو تەنیا وەکو وزە باسی بکەین.
رووداو: ئەم سیاسەتانە هەژموونیخوازانەیە یان بۆ بەرگری و مانەوە و پاراستنی دەسەڵاتە؟
د. ئەردەشیر پەشەنگ: تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. هەر وەکو دەزانین تیرۆری ئاسایش یان بەرگری، لە کات و بارودۆخی جیاوازدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پرسە ناوچەییەکان و هەروەها پرسە ناوخۆییەکانیش کاریگەریی لەسەری دادەنێت. کاتێک یەکێتیی سۆڤیەت رووخا، گرنگیی جیۆستراتیژیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەمریکا و وڵاتە رۆژئاواییەکان کەم بووەوە و پرسی ناوچەگەرایی هاتەوە ئاراوە، ئێمە دەبینین هەندێک وڵاتی وەکو ئێران و تورکیا و تاڕاددەیەک عەرەبستانی سعودیش هەستیان کرد دەتوانن ببنە وڵاتی هەژموونی (زلهێزی) ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی خۆیان (ئەگەر بڵێین پێشتر لە هەندێک بواردا بەرگریکارانە بوو) سیاسەتێکی چالاکانەیان لە ناوچەکەدا گرتەبەر (نامەوێت بۆ ئەمە سیاسەتی هێرشبەرانە بەکاربهێنم) کە لە ناوچەکەدا بوونە هەژموون (زلهێز). ئەمە و دژە بەرژەوەندییەکان و رکەبەرایەتیی (رکەبەرایەتیگەلێک کەوا رێککەوتنیان لەسەر نەکرابوو) لەنێوان ئێران و تورکیا، ئێران و سعودیە، تورکیا و سعودیە و لەنێوان وڵاتانی دیکە بوونە هۆی ئەوەی کە پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش لە ناوچەکەدا نزم ببێتەوە و کێشە و گرفتی ئەمنییش زیاتر ببێت و لە ناوچەکەدا قەیرانێکی نوێی دروستکرد.
رووداو: خوێندنەوەی بەشێک لە بەرپرسانی ئێران بەو جۆرەیە کە دەڵێن، ئێران لە شوێنێکی تایبەت هەڵکەوتووە، پێگەی ستراتیژیی ئێران هەستیارە، لە لایەکەوە رووسیا دەیەوێت بەرەو ئاوە گەرمەکان و وڵاتانی ناوچەکە پەل بکێشێت، لە لایەکەوە چین دەیەوێت هەژموونی خۆی پەرەپێبدات، لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بەهۆی پێگەی هەستیاری ئێرانەوە هەوڵدەدەن ئێران نەکەوێتە باوەشی چین و رووسیا لە پەیوەندیی لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ناچارن ئیمتیاز (سەرەتی) زیاتر بە ئێران بدەن. بەشێک لەم نەسازانە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە؟ خوێندنەوەی بەرپرسانی ئێران چەندە دروستە؟
د. ئەردەشیر پەشەنگ: بە هەرحاڵ، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامترین ناوچەیە، کاتێک دەیانگوت هارتلەندی (دڵی) جیهان لەم ناوچەیەدایە، 65%ی نەوتی جیهان لەم ناوچەیەدایە، زۆربەی وڵاتانی جیهان لەم ناوچەیەدا بوون، راستە گرنگییەکەی وەکو رابردوو نەماوە، بەڵام هێشتا ناوچەیەکی ئەمنییە و کێشە و گرفتەکانی سەردەمی حکومەتە کلاسیکەکان لەم ناوچەیەدا هەر ماوە و پرسی نوێش هاتووەتە ئاراوە. ئێرانیش دەتوانین بڵێین کۆنترین و مێژووییترین دەوڵەتی ناوچەکەیە، هاوکات لە بواری جوگرافیاوە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانە و کێشە و گرفتەکانیشی لەچاو رابردوودا زیاترە، پرسە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەم چوار دەیەیەش بوونەتە هۆی ئەوەی کێشەکانی زیاتر ببن. لەم پەیوەندییەدا دەبینین سیاسەتی "نە رۆژهەڵات و نە رۆژئاوا" ئێستا بووەتە نزیکتربوونەوە بە رۆژهەڵات و دژایەتی لەگەڵ ئەمریکایە. گەرچی دژایەتی لەگەڵ ئەمریکاش خەریکە کاڵ دەبێتەوە.
رووداو: بەڵام ئەم نزیکایەتییەی کە باستکرد لەگەڵ کۆی ئەو بابەتانەی کەوا ئاماژەیان پێدرا، وایان نەکردووە ئێران بچێتە باوەشی چین و رووسیا و ئەوان بەپێی ستراتیژ و پلانی خۆیان یاری بە ئێران بکەن؟
د. ئەردەشیر پەشەنگ: ئێستا هەر لەنێو ئێرانیشدا زۆر کەس ئەو باسە دەکەن و دەڵێن، سیاسەتی "نە رۆژهەڵات و نە رۆژئاوا" نەماوە و ئێران – هەروەک ئێوە ئاماژەتان پێدا – چووەتە باوەشی رۆژهەڵاتەوە، رۆژهەڵات بە واتای رووسیا و چین؛ بەڵام ستراتیژیستە حکومییەکانی ئێران خۆیان باس لەوە دەکەن کە ئێستا روانگەی ئێمە بەرەو رۆژهەڵاتە و بەو جۆرەش پاساوی بۆ دێننەوە و دەڵێن، ئێمە لەگەڵ چین و رووسیا لە بەرامبەر ئەمریکادا بلۆکێک دروست بکەین، گەرچی من بە دڵنیاییەوە دەڵێم پەیوەندیی چین و رووسیا لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی ستراتیژی نییە، چونکە هێز و تواناکان هاوسەنگ نین و پێویستییەکانیش پێکەوە جیاوازن. ئەم کێشە و گرفتی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. ئێمە ئێستا کە پێکەوە قسە دەکەین، دەبینین چەندین مانگە لەسەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی دووبارە دانوستاندن دەکرێت و تەنانەت لە بنبەستێکی سیاسیدایە، ئەمە بۆچی؟ چونکە لە نێوخۆی ئێراندا بەشێک لە دەسەڵات دەڵێن، دەبێت ئێمە لە دژایەتیکردنی ئەمریکا بەردەوام بین و بەشێکی دیکە دەڵێن، دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکەین و لانیکەم لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوین. ئەم کێشەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە بەرامبەر زلهێزە رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکاندا تووشی سەرلێشێواوی ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ