رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی پێشوازی لە کۆچی یاسایی و هێزی کاری لێهاتوو دەکات، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدات لەبارەی کۆچی نایاسایی و دەڵێت، چانسی وەرگرتنی مافی پەنابەری بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە کۆچ دەکەن "زۆر کەمە".
ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەشڵێت، سەبارەت بە پرۆسەی پێدانی ڤیزاش، ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی 2024 دا نزیکەی 17,500 داواکارییان پێگەیشتووە، بەڵام بەشێکی زۆریان کێشەیان هەبووە و دەڵێت: "بەداخەوە کوالێتیی داواکارییەکان خراپە، داواکارییەکان یان ناتەواون یان بە بەڵگەنامەی ساختەوە دێن".
ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، بە وردی باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەرلین، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی لە خاوی پرۆسەکە دەکات. هەروەها دەڵێ زۆر گرنگە حکومەتێکی نوێ بەخێرایی لە کوردستان پێکبهێنرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ کۆنسووڵی ئەڵمانیا
رووداو: بەڕێز کۆنسووڵ، دڵخۆشم بە بینینت.
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: زۆر سوپاسی بانگهێشتتان دەکەم.
رووداو: سوپاس. زۆر بەخێربێیت. پیرۆزبایی کریسمست لێدەکەم. دەمەوێ بپرسم کریسمست لە هەولێر و لە کوردستان چۆن بوو؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: زۆر خۆش بوو. ئاهەنگێکی بچووکی کریسمسمان لە کۆنسووڵخانە رێکخست. قەشەی نێو هێزە سەربازییەکەمان لە بنکەی فڕۆکەخانەی ئاسمانیی هەولێر بانگهێشت کرد و رێوڕەسمێکی بچووکی رێکخست. دواتریش ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ خوانێکی خۆشی کریسمس کرد.
رووداو: چۆنە لێرەی؟ چۆن بوو نەگەڕایتەوە ئەڵمانیا؟ ئاخر رێوڕەسمی ئایینیی زیاتر لە ئەڵمانیا بۆتان رەخساون لەوێ.
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ، هەندێک لە هاوکارەکانمان بۆ کریسمس گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا، بەڵام هەندێک هاوکاریش دەبێ لێرە بمێننەوە. ئەوانەی کە ماونەتەوە پێکەوە ئاهەنگمان گێڕا.
رووداو: جلوبەرگی کریسمست لە کوردستان بینی؟ مەسیحییەکانی عەنکاوە، شەقڵاوە یان شوێنەکانی دیکە؟ سەردانی ئەو شوێنانەتان کردووە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ، سەردانمان کردوون، هەروەها بەشداریمان لە رێوڕەسیمێکی کریسمس لە کەنیسەی ئاشووریی رۆژهەڵات کرد کە زۆر سەرنجڕاکێش بوو.
رووداو: زۆر باشە. پەیوەندییەکی بەهێزی کولتووری و هەندێ بواری دیکە لەنێوان ئەڵمانیا و کوردستان هەیە. من باسی کۆنسووڵخانە دەکەم. بەم دواییە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین کۆنسووڵخانەی لە هەولێر کردەوە. پلانی ئێوە چییە؟ هیچ پلانێکتان هەیە بۆ فراوانکردنی کۆنسووڵخانەکەتان لێرە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: لە راستی دا کۆنسووڵخانەکەمان بە پێوەرەکانی ئەڵمانیاش دامەزراوەیەکی گەورەیە. شوێنەکەمان زۆر باشە و زۆر دڵمان بەوشوێنە خۆشە، بۆیە هیچ پلانێکمان بۆ گواستنەوە بۆ شوێنێکی دیکە نییە.
رووداو: زۆر باشە، ئایا دەزانی خەڵکی کوردستان زۆر بەرهەمی ئەڵمانییان بەلاوە پەسندە و حەزیان لێیە؟ بازرگانی نێوان کوردستان و وڵاتەکەت چۆن دەبینی؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: دەبینم کە براندی ئەڵمانی زۆر جێی متمانەیە، پێموایە ئەوە بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان زۆر ئەرێنییە. پێموایە بازرگانییەکی زۆر و هاوردەیەکی زۆر لە ئەڵمانیاوە هەیە. بە بڕوای من، ئەوەی پێویستە بیکەین بۆ برەودان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان، هەناردەکردنی بەرهەمی زیاتری کوردییە بۆ ئەڵمانیا؛ هەروەها ئەگەر ژینگەی گشتیی بازرگانیش گونجاوبێت، وەبەرهێنانی زیاتری ئەڵمانی بهێنینە کوردستان، بە مەبەستی دابینکردنی هەلی کار بۆ خەڵک و رەخساندنی دەرفەتی کار و یارمەتیدان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری.
رووداو: پلانەکە بۆ ئەو مەبەستە چییە؟ هیچ پلانێکی دیاریکراو بۆ برەودان بە بازرگانی نێوان بەرلین و هەولێر هەیە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: ئێمە بەردەوام کار لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا دەکەین کە ئەرکەکەی بریتییە لە برەودان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لێرە. ئێمە پشتگیری لە شاندە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە دەچنە ئەڵمانیا، بۆ نموونە بۆ پێشانگە بازرگانییەکان، هانی بەشداریکردنی لایەنی ئەڵمانیش لە پێشانگە بازرگانییەکان لێرە دەکەین. لە سەرەتای مانگی شوبات دا، شاندێکی بازرگانی لە ئەڵمانیاوە دەهێنین بۆ بەغدا و هەولێریش. هیوادارین ئەوە ببێتە هاندەرێکی زۆر گرنگ بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەڵمانیا و کوردستان.
رووداو: هەندێک کۆمپانیا لە کوردستان دەیانەوێ یان هەوڵدەدەن ببنە هاوبەش و بریکاری کۆمپانیا و براندەکانی ئەڵمانیا. پێتوایە ئەوە دەکرێت؟ کارێکی لەو جۆرە ئاسانە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: پێموایە زۆر گونجاوە. وەک باستکرد، نێوبانگی براندی ئەڵمانی لێرە زۆرباشە. بۆیە خواستێکی زۆری لەسەر هەیە. پێموایە ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا، کە نووسینگەیەکی لە هەولێریش هەیە، هەمیشە دەتوانێت لەو بوارەدا زۆر یارمەتیدەربێت. بۆیە ئەگەر ویستێک هەبێت بۆ ئەوەی بزانرێ کێ دەتوانێت چ جۆرە بەرهەم و کاڵایەک دابین بکات، ئەوا ژووری بازرگانیی ئەڵمانیا لایەنە راستەکەیە قسەی لەگەڵ بکرێت.
رووداو: باشە. ساڵانێکە پرۆسەیەک لێرە هەیە پێیدەگوترێت چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. حکومەتی ئەڵمانیا رۆڵێکی بێلایەنانە لەو چاکسازی و یەکخستنەوەیەدا دەگێڕێ. پرۆسەکە چۆن دەبینی؟ لێی رازیت؟ خاوە؟ خێرایە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: با بڵێین پرۆسەکە بەوجۆرە نییە کە ئێمە دەمانەوێ، بەڵام باشە کە دەبینین پرۆسەکە بەرەوپێش دەچێ. پێموایە لەوکاتەوەی ئەم پرۆسەیەمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە، پێشکەوتنی گرنگمان بەدەستهێناوە. بۆ ئێمە، شتە گرنگەکە بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەم هەرێمە. پێموایە هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە بۆ ئەو مەبەستە ئامرازێکی زۆر گرنگ دەبێت. هەربۆیە لەگەڵ هاوکارەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کار دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوە. بە تەواوی نازانین لەدوای کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش چی روودەدات، بۆیە پێموایە سیاسەتڤانانی کورد و فەرماندە سەربازییەکانی کورد کە سەرپەرشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، ویستێکی زۆریان لە خێراکردنی پرۆسەکە و تەواوکردنی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا هەیە.
رووداو: باشە. لە وەڵامەکەتدا گوتت پرۆسەکە ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێ. خاڵی لاوازی پرۆسە خاوەکە چییە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: پێموایە هەموو رێکخستنەوەیەک کاتی دەوێت، تێدەگەم کە لێرە لە کوردستان، حیزبەکان راهاتوون پێشمەرگەی خۆیان هەبێت و، بیرۆکەی بوونی یەک هێزی پێشمەرگە بۆ تەواوی هەرێمەکە شتێکی نوێیە. بۆیە پێموایە ئەمە پێویستی بەوەیە بەتەواوی بچەسپێت. هەروەها پێویستە رۆحی یەکگرتوویی زیاتر لەنێو هێزەکەدا ببینین.
رووداو: باشە. ئێستا دەمەوێ باسی ڤیزەی ئەڵمانیا بکەم. دەزانی خەڵک لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە حەزدەکەن بچنە ئەڵمانیا. ئەڵمانیا وڵاتێکی زۆر جوانە. زۆرجار گلەیی لەو کەسانە دەبیستم کە داوای ڤیزە دەکەن و دەڵێن پرۆسەکە زۆر قورسە، بە زوویی وەڵام وەرناگرین و، زۆریان رەتدەکرێنەوە، بۆچی؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بابەتەکان پێکەوە گرێدراون. یەکەم، ئێمە ژمارەیەکی زۆر داواکاریی ڤیزەمان بۆ دێت. ساڵی 2024، بەگشتی 17 هەزار و 500 کەیسی داواکاریی ڤیزەمان هەبوو. ئەوانە پۆلێنی جیاوازیان هەیە. ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام ئەوەی هاوکارەکانم پێمدەڵێن، کە کاری ڤیزە دەکەن، ئەوەیە کە بەداخەوە، بەراورد بە بەشەکانی دیکەی ڤیزە لە سەرانسەری جیهان، فۆرمی داواکارییەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزە رێکوپێک نییە، واتە داواکارییەکان یان ناتەواون یان بەڵگەنامەی ساختەیان لەگەڵ پێشکێش دەکرێت. پێداچوونەوە بەو بەڵگەنامانەشدا کاتێکی زۆر زیاتری دەوێت بەراورد بە کەیسی ئاسایی. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پرۆسەی ڤیزە لای ئێمە خاو دەکاتەوە. هەربۆیە ئەو کەسانەی کە بەڵگەنامەی ناتەواو یان ساختە پێشکێش دەکەن، پرۆسەکە بۆ کەسانی دیکەش خاو دەکەنەوە. لەبەرئەوە داوا لە هەمووان بکەم بە وردی سەیری رێنماییەکان بکەن بۆ پێشکێشکردنی بەڵگەنامەی تەواو کە بۆ ڤیزە پێویستن، ئەوە دەبێتە یەکەم هەنگاو بۆ وەرگرتنی ڤیزە.
رووداو: تێگەیشتم. جگە لە خەڵکی کوردستان، لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە داوای وەرگرتنی ڤیزە هەر لە رێگەی کۆنسووڵخانەکەی ئێوەوە دەکرێ، وەک رۆژئاوای کوردستان، لە سووریا و وڵاتانی دیکە. ئایا هەموویان لێرەوە داواکاری پێشکێش دەکەن؟ ئێوە ڤیزە بۆ ئەوانیش دەردەکەن؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: با بڵێین، بە شێوەیەکی گشتی بۆ داواکردنی ڤیزە، دەبێت نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بیت کە کۆنسووڵخانە یان باڵیۆزخانەکە کاری تێدا دەکات. دۆخێکی تایبەت بۆ خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، چونکە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق ئێستا کاری ڤیزە ناکات و ناشزانم کەی دەستپێدەکاتەوە. ئێمە باڵیۆزخانەمان لەوێ هەیە، بەڵام هێشتا بەشی ڤیزەمان نییە. بۆیە ئێستا خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا یان بەگشتی خەڵکی سووریا کە نیشتەجێی سووریان، دەتوانن لە هەولێر داوای ڤیزە بۆ ماوەی درێژتر بکەن، واتە بۆ مانەوەی زیاتر لە 90 رۆژ. ڤیزەی شنگن نا، بەڵکو ڤیزەی مانەوەی درێژخایەن.
رووداو: باشە. لە چەند ساڵی رابردوودا هیچ جۆرە گەندەڵییەک لە پڕۆسەی پێدانی ڤیزە لەلایەن ئەو کەسانەوە هەبووە کە داوای وەرگرتنی ڤیزەیان کردووە یان هەر شتێکی هاوشێوە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: پێموایە کێشەکە لێرە ئەوەیە زۆر نووسینگە هەن بە خەڵک دەڵێن کە دەتوانن پرۆسەی ڤیزە خێراتر بکەن. پێموایە لە رێگەی ئەو نووسینگانەوەیە کە هەندێک لە بەڵگەنامە ساختەکان دروست دەبن. تەنیا دەتوانم دووپاتی ئەوە بکەمەوە کە هەموو کەسێک دەتوانێت داوای ڤیزە بکات و هیچ جادوویەکی ناوێ. زۆر گرنگە کە بەڵگەنامەکانت تەواوبن. لیستێکی روون لەسەر ماڵپەڕەکەمان هەیە و هەموو کەسێک دەتوانێت خۆی ئەو کارە بکات. لە کۆتاییدا هەموو کەسێک...
رووداو: ئۆنلاین؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: نەخێر، ناتوانیت بە ئۆنلاین داواکارییەکە پێشکێش بکەیت، بەڵام دەتوانیت لیستەکە بە ئۆنلاین لە ماڵپەڕی کۆنسووڵخانە وەربگری. هەموو کەسێک دەتوانێت داواکاریی ڤیزە پێشکێش بکات. شتە گرنگەکە ئەوەیە کە کەسی داواکار بەرپرسە لە داواکردنی ڤیزەکە، نەک ئەو نووسینگەیەی کە یارمەتیی کەسێک دەدات. بۆیە لە کۆتاییدا هەر کەسی داواکار خۆی بەرپرسە لەو بەڵگەنامانەی کە پێشکێش دەکرێن.
رووداو: کەواتە مانای وایە هەندێک نووسینگە بەڵگەنامەی نادروست بە ئامانجی وەرگرتنی ڤیزە پێشکێش دەکەن؟ ئایا بۆ ئەوەیە بچنە ئەڵمانیا و نەگەڕێنەوە یان داوای مافی پەنابەری بکەن؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: رەنگە هۆکاری جیاواز هەبێت. ئاشکرایە ئەو کەسانەی بەڵگەنامەی ساختە پێشکێش دەکەن، ناڵێن بۆچی ئەو کارە دەکەن. ئێمە ژمارەیەکی زۆر پەناخوازمان لە عێراقەوە هەن. لە ئامارەکانماندا جیاوازی لەنێوان خەڵکی نێوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ناکەین، بەڵام هێشتاش عێراقییەکان لە پلەی چوارەمی پەناخوازاندان لە ئەڵمانیا. بۆ داواکردنی مافی پەنابەریش، پێویستە بچیتە ئەڵمانیا. رێگەی نایاسایی هەیە بۆ چوونە ئەڵمانیا، یان خەڵک هەوڵدەدەن بۆ نموونە ڤیزەی گەشتیاری بەکاربێنن و دواتر داوای مافی پەنابەری دەکەن.
رووداو: سەبارەت بە کوردانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئەوان داوای ڤیزەی یەکگرتنەوەی خێزان دەکەن.
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ.
رووداو: ئایا هیچ ئاسانکارییەکتان بۆ ئەوان هەیە یان ماوەیەکە راگیراوە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: نەخێر، پێموایە هەندێک تێکەڵکردن هەبووە. جۆرێکی دیاریکراو لە ڤیزەی یەکگرتنەوەی خێزان هەبوو کە ئێستا راگیراوە. ئەوەش پەیوەندی بە یەکگرتنەوەی خێزانیی ئەوانەوە هەیە کە رێگەیان پێدەدرێ لە ئەڵمانیا بمێننەوە، چونکە دەکرێ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی بنچینەیی خۆیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکات. بەڵام بۆ کەسانی دیکە، وەکو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەڵمانی یان کەسێک کە پێشتر مافی پەنابەریی لە ئەڵمانیا پێدراوە، یان کەسێک کە بەشێوەیەکی یاسایی لە ئەڵمانیا کار دەکات و مافی مانەوەی لەوێ هەیە و ..هتد، هەموو ئەو داواکارییانە هێشتا بەردەوامن، ئینجا چ لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بن یان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە. ئەوە هەر بەردەوامە. بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بچنە لای خزمێکیان لە ئەڵمانیا، ئەگەر ئەو خزمەیان، بۆ نموونە، مافی مانەوەی هەبێت، سەنتەرێکی پشتیوانی لەلایەن IOM و پرۆگرامی یارمەتیدانی خێزان هەیە، ئەوان راوێژ دەدەن و یارمەتیی خەڵک دەدەن بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان، بەڵام ئەو راوێژ و هاوکارییە تەنیا بۆ ئەو دۆخە تایبەتانەیە.
رووداو: باشە. حکومەتی نوێی ئەڵمانیا جەخت لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە دەکات کە داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە رەتدەکرێتەوە. سیاسەتەکە چۆن دەبێ بۆ ئەو ئێزدییانەی لە ئەڵمانیا بە گەرمی پێشوازییان لێکرا؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: وەک هەمووتان دەزانن، کاتێک داعش هێرشی کرد، سەرنجی تەنیا لەسەر کورد نەبوو، بەڵکو سەرنجێکی زۆری خستەسەر ئێزدییەکان. ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆری وەرگرتن.
رووداو: دەتوانی وشەی کورد بۆ ئەوانیش بەکاربێنیت.
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: ببوورە؟
رووداو: ئێزدییەکانیش کوردن،بەڵام ئایینەکەیان جیاوازە، بەڵێ.
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: هەرچۆنێک بێت.. ژمارەیەکی زۆر ئێزدی هەبوون کە داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کرد و ئەو مافەیان پێدرا، بەڵام ئێستا ئێمە دۆخەکە زۆر جیاواز دەبینین. ئەوانەی مافی پەنابەرییان پێدراوە دەتوانن لە ئەڵمانیا بمێننەوە، بەڵام کەسانێک هەن کە داوای مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، پێویستە وڵاتەکە بەجێبێڵن، وەک هەر کەسێکی دیکە کە مافی مانەوەی نییە. ئەمە تایبەت نییە بە ئێزدییەکان. لە بنەڕەتدا، هەر کەسێک کە هەوڵی وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ئەڵمانیا دەدات و دواتر داواکارییەکەی رەتدەکرێتەوە، لە کۆتاییدا دەبێت وڵاتەکە بەجێبێڵێت. بۆیە ئاگادارییەکیان پێدەگات و داوایان لێدەکرێت خۆیان خۆویستانە وڵاتەکە بەجێبێڵن، ئەگەر نەیانکرد، حکومەتی ئەڵمانیا رێگەی خۆی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە.
رووداو: هیچ داتایەکتان هەیە کە چەند کەسی ئەڵمانی کە هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانین لە هەرێمی کوردستان دەژین؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: نەخێر، لە راستی دا نیمانە، چونکە هیچ ناچارکردنێک نییە بۆ ئەوەی خۆیان لای ئێمە تۆماربکەن. ئێمە بۆ مەبەستی ئاسایش و ئەو بابەتانە داوا لە خەڵک دەکەین بەشێوەیەکی خۆویستانە خۆیان لە کۆنسووڵخانە تۆمار بکەن، بەڵام ئەوە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەو ئەڵمانیانەیە کە رەگ و ریشەیان لە هەرێمی کوردستان نییە. دەزانین ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی خاوەن دوو وڵاتینامە هەن، بەڵام ژمارەکەیان بە وردی نازانین. گومان دەکەین چەند هەزار کەسێک بن.
رووداو: زۆر لە گەنجان کە دەرچووی زانکۆن یان ئامانجیان خوێندن و کارکردنە، حەزدەکەن بچن لە ئەڵمانیا کار بکەن یان بخوێنن. چ جۆرە ئاسانکارییەکتان بۆ خوێندکاران هەیە تاوەکو داواکاری بۆ ماستەر و دکتۆرا لە ئەڵمانیا پێشکێش بکەن؟ یان بۆ کارکردن؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: دەرفەت هەیە بۆ چوونە ئەڵمانیا، لە راستی دا ئەڵمانیا پێشوازی لەو جۆرە پەناخوازانە دەکات، چونکە ئێمە زۆر پێویستمان بە پەناخوازی لێهاتووە، بەڵام دەستەواژەکە پەناخوازی لێهاتووە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافیی وڵاتەکەمانەوە. ئەڵمانیا کۆمەڵگەیەکی بەساڵاچووی هەیە، بۆ پاراستنی ئاستی ئابووریمان پێویستە پشت بەو بیانیانە ببەستین کە دێنە ئەڵمانیا. رێگەی جیاواز هەیە، بۆ نموونە ئەگەر نیازی خوێندنت لە ئەڵمانیا هەیە، دامەزراوەی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمیی ئەڵمانی هەیە کە راوێژ پێشکێش دەکات، بەڵام ویستێكیش بۆ کردنەوەی سەنتەرێک هەیە کە دەبێتە هاوئاهەنگییەک لەنێوان ناوەندی ئەڵمانی بۆ هەلی کار و گەڕانەوە و کۆچ لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان کە ئەمەی دووەمیان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەوان نووسینگەیەک دەکەنەوە کە تێیدا راوێژی تایبەت بە کۆچی هێزی کاری لێهاتوو بۆ ئەڵمانیا دەدرێت.
رووداو: هاوڕێیەکم هەیە کە لێرە پەیمانگایەکی بۆ فێرکردنی زمانی ئەڵمانی هەیە، پێیگوتم کە ئێستا 200 پەرستاریان هەیە خولی فێرکردنی زمانی ئەڵمانییان تەواوکردووە و بڕوانامەیان لە زمانەکەدا وەرگرتووە، بەڵام میکانیزمە یاساییەکان چین بۆ ئەوەی ئەو گەنجانە بۆ کارکردن بچنە ئەڵمانیا؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: پێویستە ئەوانیش داوای ڤیزە بکەن. بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێت لێرەوە بەدوای کارێکدا لە ئەڵمانیا بگەڕێن. ئەوەش کارێکی گونجاوە و دەستدەکەوێ. کاتێک کارەکەیان دەستکەوت، دەتوانن داواکاریی ڤیزە لەگەڵ بڕوانامەی لێهاتوویی و زمان و پێداویستیی دیکە پێشکێش بکەن. ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەکی ناوەندی بەڕێوەدەبرێت، واتە داوودەزگاکان لە ئەڵمانیا سەیری داواکارییەکانی ڤیزە دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا کۆنسووڵخانە لێرە پەنجەرەی خزمەتگوزارییەکانە بۆ ئەو جۆرە داواکارییانە.
رووداو: سیاسەتی کۆچبەری لە ئەڵمانیا تووند بووە، وەکو پێشووتر ئاسان نییە. چ پلانێکتان هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی کۆچی نایاسایی لێرەوە بۆ ئەڵمانیا؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: سیاسەتی کۆچی ئەڵمانیا لەم حکومەتە نوێیەدا تووندتر بووە. ئەوە راستە. لەبیرتانە ئێمە ژمارەیەکی زۆر پەناخوازمان، بەتایبەتی لە سووریاوە وەرگرت. زیاتر لە یەک ملیۆن سووریایی لە ماوەی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا چوونە ئەڵمانیا. بۆ درێژەدان بەو شێوازە، بۆ ئەوەی بتوانین پەنابەران وەربگرین- ئەو کەسانەی دەچەوسێندرێنەوە، ئەو کەسانەی ستەمیان لێدەکرێ- پێویستە ئەوانە زیاتر سنووردار بکەین کە هیچ بنەمایەکی یاساییان بۆ مانەوە لە ئەڵمانیا نییە. ئەوە هۆکاری ئەو تووندبوونەیە. تەنیا دەتوانین ئامۆژگاریی خەڵک بکەین کە وازبێنن لە کۆچی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا، چونکە ئەوە زۆر مەترسیدارە، تێچووی زۆرە، هەروەها بەڕاستی دەرفەتی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا زۆر کەمە، چونکە پێویستە بتوانیت بیسەلمێنی کە لەڕووی سیاسییەوە رووبەڕووی چەوساندنەوە بوویتەوە. هەربۆیە ئەو قسەیەی کە "دەرفەتی کەمی ئابوورییم لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە" هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەری بکەی. هەروەک گوتم، رێگە هەیە بۆ ئەوەی کرێکاری لێهاتوو و شارەزا بچنە ئەڵمانیا و پێویستە ئەو رێگایانە بەکاربهێندرێن بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیزە و چوون بۆ ئەڵمانیا بەشێوەیەکی یاسایی. ئەوە رێگەیەکی زۆر باشترە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەوەی دەتەوێت بەدەستی دەهێنیت. نابێ پشت بە ئامۆژگاریی ئەو کەسانە ببەستیت کە سوود لە چوونی تۆ بۆ ئەڵمانیا بە رێگەی نایاسایی وەردەگرن.
رووداو: تێگەیشتم. گوتت لە ساڵانی رابردوودا یان لە کاتی شەڕی سووریا و عێراق دا زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەرتان وەرگرتووە. دوای چەندین ساڵ، پێتوایە کۆمەڵگەی ئەڵمانی سوودێکی زۆری لەم خەڵکە وەرگرتووە؟ یان تێڕوانینی تۆ چییە؟ تێڕوانینی کۆمەڵگە چییە سەبارەت بە هەموو ئەم بیانیانە لە وڵاتەکەتدا؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: زۆر لەو سووریاییانەی کە هاتوونەتە ئەڵمانیا، بەشێوەیەکی باش لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵ بوون. بۆ نموونە، ژمارەیەکی زۆر پزیشک هاتوون، پێموایە زیاتر لە 6,000 پزیشک لە سووریاوە هاتوون کە ئێستا بەشێکی گرنگی سیستمی تەندروستی ئێمە پێکدەهێنن. هەروەها پەرستار لە سووریاوە هاتوون. هەوڵدەدەین خەڵک تێکەڵی کۆمەڵگەکەمان بکەین. بەڕاستی شتێکی زۆرباشە کاتێک ئارەزوویەک بۆ تێکەڵبوون دەبێت. چونکە وەک گوتم، ئێمە بۆ بازاڕی کار، بۆ سیستمی کۆمەڵایەتیمان، بۆ سیستمی تەندروستیمان پێویستیمان بەو خەڵکەیە. زۆر دڵخۆشین پێیان، چونکە کولتووری ئێمە دەوڵەمەند دەکەن، بەڵام هەندێک کەس هەن کە ناتوانن بمێننەوە، چونکە نایانەوێت تێکەڵ بن یان کێشەیان لەگەڵ تێکەڵبوون هەیە. ئێمە هەوڵدەدەین یارمەتییان بدەین بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان. هەوڵدەدەین یارمەتیی وڵاتان بدەین بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی سەرنجڕاکێش و بەسوود. هەوڵدەدەین لە سووریا ئەوە بکەین، هەروەها هەوڵدەدەین لێرە لە هەرێمی کوردستانیش بیکەین. بۆ نموونە، قوتابخانەیەکی تایبەتی ئەڵمانیمان هەیە کە نزیکەی 200 قوتابی لەخۆدەگرێ، بەشێوەیەکی سەرەکی خزمەتی ئەو کەسانە دەکات کە لە ئەڵمانیاوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، نەک لەبەرئەوەی ناچارکراون، بەڵکو ئەم قوتابخانەیە هاندەرێکی گرنگە بۆ خەڵک تاوەکو بڵێن، "سەیرکە، من دەتوانم لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر پەروەردەیەکی باش بۆ منداڵەکانم دابین بکەم کە لە سیستمی قوتابخانە ئەڵمانییەکاندا دەستیان پێکردووە".
رووداو: بەڕێز کۆنسووڵ، کاتێک باسی تێکەڵبوونی پەنابەران دەکەیت، بۆ نموونە، ژنێک تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە، وەک خەسووم، چۆن دەتوانێت لە کۆمەڵگەدا تێکەڵ ببێت لە کاتێکدا هەموو ژیانی لە کۆمەڵگەیەکدا پەروەردە بووە کە وەکو کولتووری ئەورووپی نەبووە؟ چۆن ئەم جۆرە کەسانە دەتوانن تێکەڵ ببن؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: پێموایە ئەوە هەمیشە بڕیارێکی زۆر زۆر تاکەکەسییە. دیارە یەکەم شت دەبێت کەسێک لەو تەمەنەدا لە خۆی بپرسێت ئایا من بەڕاستی لە ئەڵمانیا دڵخۆش دەبم؟ چونکە ئەگەر هەموو ژیانم لە هەرێمی کوردستان یان لە سووریا و شوێنی دیکە بەسەر بردبێت، ئایا دڵخۆش دەبم؟ بۆچی دەمەوێ بچمە ئەڵمانیا؟ بەڵام پێموایە لە هەمان کاتدا تەنانەت لەو تەمەنەشدا رێگە هەن بۆ تێکەڵبوون لە ئەڵمانیا. ئەوە پرسی تەمەن نییە. دیارە لە تەمەنی 60 ساڵی دا دۆزینەوەی کار و شتی دیکە قورسە، ئەگەر لە سیستمی ئەڵمانی دا نەبووبیت. من هیچ کەسێک لە پرۆسەی تێکەڵبوون لەوێ بەدەر ناکەم، بەڵام دیسانەوە رەنگە چانسی زۆر کەمبێت، جگە لەوانەی بۆ نموونە دەیانەوێ بگەنە هاوژینەکانیان کە پێشتر لە ئەڵمانیا بوون.
رووداو: دەمەوێ پرسیارێکی دیکە بکەم. زیاتر لە ساڵێکە، پێموایە 14 مانگە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان لەم هەرێمەدا تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە. ئێوە چاوتان بە سەرکردەکانی کورد لە هەردوولا لە یەکێتی و پارتی دەکەوێ. ئێوە چی دەڵێن؟ ئەوان چی دەڵێن؟ ئەوەندەی ئێوە بیزانن پلانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ چییە؟
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: ئەو پەیامەی کە بەردەوام پێم دەگات ئەوەیە کە کاری لەسەر دەکەن. دەبێت بڵێم ئێمە پێمانوایە زۆر گرنگە کە حکومەتێکی نوێ بەخێرایی پێکبهێنرێ. چەند هۆکارێک هەن، یەکێکیان دیارە کە متمانەیە بە پرۆسەی دیموکراسی. ئەگەر هەڵبژاردنت هەبێت و دواتر هیچ شتێک نەگۆڕێت، ئەوە کێشەیە. بۆ ئەوەی خەڵک ببینێت کە دەنگەکەیان هەژمار دەکرێت، گرنگە ببینیت کە گۆڕانکارییەک لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە لە پێکهێنانی حکومەت هەیە، بەڵام پێموایە پرسێکی سیاسیی دیکەش هەیە کە پێویستە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن. پێموایە حکومەتێکی یەکگرتوو، حکومەتێکی رەوا- کە بە هەڵبژاردنی دیموکراسی رەوایەتی وەرگرتووە- زۆر بەهێزترە. ئێستا پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا هەیە. گفتوگۆی زۆر لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شتی جیاواز دەکرێت. تازە بیستمان کە رێککەوتنی نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ سێ مانگی داهاتوو نوێکراوەتەوە. ئەوە نیشانەیەکی باشە، بەڵام شتی جیاواز بۆ دانوستاندن و رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دەبێت. پێموایە حکومەتێکی هاوبەش چانسی زۆر باشتری هەیە بۆ ئەوەی بەڕاستی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کورد بگۆڕێت بۆ کرداری سیاسیی راستەقینە. پێموایە ئەوە زۆر گرنگە. پێموایە هەرێمی کوردستان زۆر پێشوازی لەو پشتیوانییە ئەمنییە دەکات کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە هاوپەیمانیی دژی داعشەوە پێیدەگات. رەنگە لە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو، لە ئەیلوولی 2026 کۆتایی پێبێت. پێویستە چارەسەرێکی شوێنگرەوە بۆ ئەوە بدۆزینەوە. هەروەها بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کورد، ئەو بەرژەوەندیانەی کە رەنگە جیاوازبن لە روانگەی هەندێک خەڵک لە بەغدا، زۆر گرنگە کە حکومەتێکی یەکگرتوو هەبێت.
رووداو: بەڕێز ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە ، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا. ئەوە هەموو شتێک بوو لەلای من. زۆر سوپاس.
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: سوپاس. سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
رووداو: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ