بەربژێرێکی کورد بۆ سەرۆکشارەوانیی کوێلنی ئەڵمانیا: دەمەوێت کورد هەست بکات شارەکە ماڵی خۆیەتی

06-08-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێریڤان ئایماز، بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانیا بۆ سەرۆکی شارەوانیی کوێلن
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێریڤان ئایماز، بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانیا بۆ سەرۆکی شارەوانیی کوێلن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بێریڤان ئایماز، سیاسەتمەداری کورد و بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانیا بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی کوێلن، کە چوارەم گەورەترین شاری وڵاتەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردی و پاراستنی ناسنامە و کولتووریان دەکاتەوە.
 
ئایماز، کە لە باکووری کوردستان لەدایکبووە و لە منداڵییەوە لە کوێلن نیشتەجێیە، شانازی بە کۆمەڵگەی کوردیی شارەکەوە دەکات و ئاماژە بە ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵ دەدات، کە 60 هەزار کورد تێیدا بەشدار بوون. ئەو دەڵێت، "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد هەست دەکات کوێلن ماڵی ئەوانە و منیش دەمەوێت شوێن بۆ ئاهەنگ و بۆنە کولتوورییەکانیان دابین بکەم."
 
ئەو خانمە سیاسەتڤانە کوردە هانی گەنجانی کورد دەدات، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان 16 و 17 ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و بەربژێرێکی کورد بۆ سەرۆکشارەوانیی کوێلنی ئەڵمانیا: دەمەوێت کورد هەست بکات شارەکە ماڵی خۆیەتی. سەبارەت بە زمانی کوردییش، پلانی هەیە قوتابخانەکانی شارەکە لە دەرەوەی کاتی دەوامی فەرمی بۆ وانەگوتنەوەی زمانی کوردی بەکاربهێندرێن.
 
ئایماز خۆیشی باسی لەوە کرد چۆن لە رێگەی گوێگرتن لە میوزیکی کوردییەوە زمانی خۆی باشتر کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "جوان حاجۆ هاوڕێی قۆناخی گەنجیمە و تاوەکو ئەمڕۆش گوێی لێدەگرم."
 
بێریڤان ئایماز باوکی لە ساڵانی حەفتاکاندا لە تورکیا سەرۆکی شارەوانی بووە، ئێستا کە بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانیایە بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی کوێلن، بردنەوەی ئەو پۆستە بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ کورد و پارتەکەی دەزانێت و دەشڵێت، "ئەزموونی سیاسیم بۆ سەرکردایەتیکردنی شارێکی ملیۆنی هەیە."
 
ئایماز پێیوایە جیهان "لە کاتێکی سەختدایە و پۆپۆلیزم گەیشتووەتە ئەڵمانیاش." هەروەها پشتگیری لە قەدەخەکردنی پارتی AfD دەکات، چونکە پێیوایە "دووژمنی دیموکراسییە."
 
سەبارەت بە دیدی خۆی بۆ شاری کوێلن، ئەو دەڵێت، "دیدی من ئەوەیە کوێلن ببێتە پایتەختی کەشوهەوای ئەورووپا" و ویستی هەیە کە ساڵانە 2000 دار لەنێو شاری کوێلندا بچێنن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێریڤان ئایماز، بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانیا بۆ سەرۆکی شارەوانیی کوێلن:
 
رووداو: سڵاوتان لێبێت، من ئاڵا شاڵیم، خۆشحاڵم لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لەگەڵتانم، لەم هەڤپەیڤینەدا میوانداریی کەسایەتییەکی دیاری سیاسیی کوردمان کردووە، کە کارنامەکەی پڕە لە شانازی. خاتوو بێریڤان ئایماز، سیاسەتڤانی کوردە و سەر بە پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا، 8 ساڵ ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بووە و سێ ساڵیشە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەمان هەرێمە، ئێستاش بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی شاری کوێلن، کە چوارەمین گەورەترین شاری ئەڵمانیایە. خاتوو بێریڤان زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵماندایت، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
بێریڤان ئایماز: زۆر سوپاس.
 
رووداو: بێریڤان، یەکەم پرسیارم کە حەز دەکەم بیزانم ئەوەیە، چۆن وێرات ئەو بڕیارە بدەیت و خۆت بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی گەورەشارێکی وەکو کوێلن بەربژێر کرد؟
 
بێریڤان ئایماز: وەکو تۆ دەزانیت، ئاڵا خان، من لە تەمەنی 8 ساڵییەوە لە کوێلنم و بە دڵ و گیان خەڵکی کوێلنم، لە دڵەوە سوپاسی ئەم شارە دەکەم، ئەم شارە زۆر یارمەتیی من و خێزانەکەمی داوە، کاتێک لە ساڵی 1980 لەناکاو ئێمە بێ ئاسۆ و بێ وڵات ماینەوە، ئەم شارە وڵات و یارمەتیی بە من و خێزانەکەم بەخشی و خاوەنی کۆمەڵگەیەکی زۆر چالاک بوو، سەندیکای کرێکاران بە تووندی پشتیوانیی باوکمی دەکرد، کە لە کاتی خۆیدا مامۆستا بوو، ئەوان دەیانزانی کە لەڕووی سیاسییەوە دەچەوسێندرایەوە، هەروەها ستاتۆکەی لە دیپلۆماسییەوە بۆ ستاتۆی سەر کاخەز گۆڕدرا، لێرە، لە کوێلن، هەر لە ساڵانی هەشتاکاندا کۆمەڵگەیەکی گەورەی کوردی و گرووپێکی پێشکەوتووی کۆچبەران هەبوون، ئەوان زۆر هاوخەمی یەکدی بوون، پێش 2 ساڵ، کاتێک کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی پارتی بەدوای کەسێکدا دەگەڕا کە بتوانێت بەرەنگارییەکانی شارێکی ملیۆنی تێپەڕێنێت و نوێنەرایەتیی شارێکی ملیۆنی بکات، دوای ماوەیەکی درێژ و قووڵی لێکۆڵینەوە، کۆمیسیۆنەکە بە کۆی دەنگ منی پێشنیاز کرد، پرسیاریان لێکردم، من بۆ ماوەیەکی کورت بیرم کردەوە و دواتر گوتم، "بە دڵ بەرپرسیارێتیی ئەم شارە خۆشەویستە لەئەستۆ دەگرم."
 
رووداو: باشە، بۆچی دڵنیایت کە تۆ باشترین هەڵبژاردەیت بۆ ئەم پۆستە؟
 
بێریڤان ئایماز: ئێمە دەبینین جیهان لە ساتێکی سەختدایە، زۆر پێکدادان و شەڕ هەن، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە کوردستانیش، ئێمە دەبینین کە ئۆتۆکراسییەکانیش زیاد دەبن، ئەگەر سەیری ئەوە بکەین کە چۆن زلهێزێکی وەکو ترەمپ حوکمڕانی دەکات و بزووتنەوەی ترەمپ لە هەموو شوێنێک زاڵە، ئێمە دەبینین کە پۆپۆلیزم گەیشتووەتە ئەڵمانیاش، کۆمەڵگەکان لە یەکدی دادەبڕێن. لێرە، کە مرۆڤەکان پێکەوە دەژین، ئەم شتە بەرچاوە. کوێلن شارێکی یەکگرتوو و کراوەیە، شارێکی نێودەوڵەتییە، کە زوو هەڵوێستی خۆی دیاری دەکات و دەنگی خۆی دژی تووندوتیژیی راستڕۆکان و رەگەزپەرستی بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستانە دیموکراسییان مسۆگەر نەکردووە، بۆ من سیاسەتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرنگە، لە کاتێکدا کە پارەی شارەوانییەکان کەمە، لە کوێلنیش پارەدانێکی کەم هەیە، دەبێت سیاسەتێک پەیڕەو بکرێت کە گرنگی بە پڕۆژەی لاوەکی نەدات، بەڵکو سەیری پێداویستییەکانی خەڵک بکات، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسەتێکی درێژخایەن پەیڕەو بکات، سیاسەتێک بکرێت کە داواکارییەکانی مرۆڤە جیاوازەکان ببینێت و هەستێک بۆ کۆمەڵگەی شار هەبێت، من هەموو ئەم شتانەم هەیە، هەروەها خاوەنی ئەزموونێکی درێژخایەنم لە سەرکردایەتیی سیاسیدا، تۆ دەزانی، چەند ساڵێکە ئەندامی پەرلەمانی هەرێمیم، دواجار لە بازنەکەی خۆمدا راستەوخۆ هەڵبژێردرام، وەکو ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بۆ پارتی سەوز، هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمیی نۆردراین ڤێستفالنم، ئەم ئەزموونە سیاسییە بۆ سەرکردایەتیکردنی شارێکی ملیۆنی پێویستە، سەرەڕای هەڵوێستێکی روون، پێویستە مرۆڤ خەڵک لە یەکدی نزیک بکاتەوە، وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان، کارم بۆ ئەوەش کردووە.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم، تاوەکو چەند ئەو ئەزموونەت هاوکار دەبێت بۆئەوەی خۆت بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئامادە بکەیت؟ تۆ ئێستا ئاماژەت بە چەند خاڵێک دا.
 
بێریڤان ئایماز: ئەگەر مرۆڤ سیاسەتمەدارێکی وەکو من بێت، خۆی ئامادە ناکات، بەڵکو بەپێی رووداو و پێشهاتەکان دەجووڵێتەوە، باشترین ئامادەکاری بۆ سیاسەتمەداران، کە باوکیشم فێری کردووم، ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت بوێر و کراوە بێت و رێگەی نوێ تاقی بکاتەوە، هەروەها مرۆڤ خاوەنی قیبلەنمایەکی باش و بەهەڵوێست بێت.
 
رووداو: زۆر جوانە، گوتت دەبێت بوێر بیت، باشە چ پڕۆژەیەکی ستراتیژیت هەیە بۆ شاری کوێلن لە داهاتوودا؟ بۆ ئەمەش پێویستە مرۆڤ بوێر بێت.
 
بێریڤان ئایماز: بیرۆکەی زۆر هەن، بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە بودجەی شارەکە کەمە، وەکو زۆرێک لە شارەکانی ئەڵمانیا، ئەمە بابەتێکی سەردەمیانەیە و کێشەیەکی زۆر گەورەیە، پێویستە مرۆڤ بەپێی پلانەکانی داهاتوو، گرنگترین پڕۆژەکان هەڵبژێرێت و بڕیار بدات، کە دەتوانین کام رێکار جێبەجێ بکەین، بەلای منەوە شتی سەرەکی، کێشەی کرێی گونجاوە، زۆر کەس ناتوانن کرێی خانووەکانیان بدەن و ناچارن شارەکە جێبهێڵن. زۆر خوێندکار هەن، کە لە زانکۆکانی کوێلن وەردەگیرێن، بەڵام ناتوانن لێرە بخوێنن، چونکە ناتوانن کرێی خانووەکانیان بدەن، بۆیە، دەبێت گرنگی بەوە بدەم و هەوڵبدەین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکم هەیە، ئێمە پێویستیمان بە سیاسەتێکی کۆمەڵایەتییە، دەبێت ئەو سیاسەتە بۆ پڕۆژەکانی بەرژەوەندیی گشتی و پڕۆژە هاوبەشە گشتییەکان ئامادە بێت، هەروەک چۆن ڤیەننا ئەمەی سەدان ساڵ لەمەوبەر جێبەجێ کردووە، ئێمەش ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو و کۆنکرێتی جێبەجێ بکەین، یەکێک لە ئامانجەکانیشمان ئەوەیە، کە دەست بە دابینکردنی خانوو بۆ خوێندکاران بکەین. بابەتێکی دیکەی گرنگ بۆ ئەم شارە، گواستنەوەیە، پێویستە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، ئێمە بۆ گۆڕینی سیستمی گواستنەوە بجووڵێین، واتە وردە وردە بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی تایبەت کەم بکەینەوە و گواستنەوەی گشتی، وەکو پاس و شەمەندەفەر بەکاربهێنن، بەڵام ئەگەر پاس و شەمەندەفەر بە باشی کار نەکەن، ئەو گۆڕانکارییەی کە دەمانەوێت بە ئاسانی بەدینایەت، بۆیە زۆر گرنگە کە پاس و شەمەندەفەر بە رێکوپێکی و لە کاتی خۆیدا کار بکەن، هەروەها ئەو گەڕەکانەی دەوروبەری شاریش بە پاس پێکەوە ببەسترێنەوە، گەنجێکی زۆر لەم شارەدا دەژین و بۆ خێزانە منداڵدارەکانیش پێویستیمان بە رێڕەوی سەلامەتی پایسکلە.
 
رووداو: باشە، شاری کوێلن شارێکی سەوزە، چۆن دەتەوێت کوێلن بکەیت بە شارێکی سەوزتر و چ بیرۆکەیەکی دیاریکراوت هەیە؟
 
بێریڤان ئایماز: پارتی سەوز بۆ ماوەی 10 ساڵە بەرپرسیارە لە سیاسەتی کوێلن، لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئێمە بەهێزترین شار بووین، من دیدێکم هەیە کە کوێلن ببێتە پایتەختی کەشوهەوای ئەورووپا، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی کەشوهەوا بۆ ساڵی 2035، ئەمەش بەو واتایە دێت کە مەرجەکانی کەشوهەوا لە پڕۆژەکانی بیناسازیدا جێبەجێ بکەین، وەکو دەبینین، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوامان هەیە بووەتە هۆی گۆڕانی وەرزەکان، بۆ نموونە، لە سەرانسەری ئەورووپادا گەرمترین مانگی ئادارمان ئەمساڵ لە کوێلن تۆمار کردووە، شوێن و گۆڕەپانمان هەبوون کە خەڵک بەهۆی گەرماوە نەیاندەتوانی لێی بمێننەوە، من دەمەوێت ساڵانە 2000 دار لەناو شاردا بچێنین.
 
رووداو: بێریڤان تۆ کوردی، من 13 ساڵ لەمەوبەر کە تۆم ناسی، کوردییەکەت زۆر باش نەبوو، ئێستا کوردییەکی زۆر باش فێر بوویت، بەڕاستی منت سەرسام کرد، ئەمە چۆن بوو؟ چۆن فێربوویت؟
 
بێریڤان ئایماز: من بە کوردی گەورە نەبووم، من لە باکووری کوردستان، لە چەولیگی سەر بە پارێزگای بینگۆل لەدایکبووم و لە تەمەنی 6 ساڵیدا هاتوومەتە ئەڵمانیا، زوو چوومە قوتابخانە و لەوێ بە ئەڵمانی قسەم دەکرد، لە ماڵەوەش بە تورکی و کوردی، بەڵام شێوەزاری من زازاکییە)، کە شێوەزارێکی ئەوەندە بەربڵاو نییە، دواتر و بەهۆی کارکردنم لە دامەزراندن و رێکخستنی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا، پەیوەندییەکی زۆرم لەگەڵ کورمانج و سۆرانەکاندا دروستکرد، لە سەرەتادا کەمێک لاواز بوو، بەڵام بەلامەوە گرنگە بە باشی فێری زمانێک بم، من حەزم لە زمانی کوردی و هەموو شێوەزارەکانیەتی، پێویستە ئەوەش ئاشکرا بکەم، لە سەردەمی کۆرۆنادا لە ماڵەوە زۆر گوێم لە میوزیکی کوردی دەگرت، زۆر چێژم لە میوزیکی کوردی وەردەگرت، ئەو کاتە هەستم کرد وشەگەلی کوردیم زیادی کردووە و بەو شێوەیەش باشتر دەتوانم قسە بکەم.
 
رووداو: نانا، کوردییەکەت زۆر باشە..
 
بێریڤان ئایماز: زۆر سوپاس..
 
رووداو: باسی میوزیکت کرد، ئێستا لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا زۆر ماندوو دەبیت، لەو کاتانەی دەتەوێت پشوو بدەیت یان بە تەنیایت، گوێ لە میوزیکی کوردی دەگریت؟ گوێ لە چ جۆرە میوزیکێک دەگریت؟
 
بێریڤان ئایماز: راستە، حەزم لە میوزیکی کوردییە و زۆر گوێ لە میوزیکی کوردی دەگرم، دڵخۆش دەبم کاتێک لە سەکۆ کۆمەڵایەتییەکان گۆرانیبێژی گەنجی جۆراوجۆر و زیرەکی کورد دەبینم، گەنجانێک کە بە کوردی گۆرانیی هیپ هۆپ دەڵێن یان ئەوانەی میوزیکی کلاسیکی کوردیی دەنگبێژی بە شێوازێکی نوێ دەڵێنەوە، بۆ کاتەکانی پشوودان یان لە رێگەدا زۆر حەز بە گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی دەکەم، هێدفۆنەکەم دەکەمە گوێم و گوێی لێ دەگرم، زۆرێک لە میوزیکژەنەکان، میوزیکژەنی قۆناخی گەنجی منن، لێرەوە سڵاوێکی گەرم بۆ جوان حاجۆ دەنێرم، ئەو نەک تەنیا هاوڕێی قۆناخی گەنجیمە، بەڵکو هونەرمەندێکی گەورەیە و من ئەمڕۆش گوێی لێ دەگرم.
 
رووداو: سڵاومان هەیە بۆی، منیش حەزم بە دەنگیەتی، بێریڤان، وەک ئاگاداریت ژمارەی کورد لە ئەڵمانیا زۆرە و دامەزراوەیان هەیە و چالاکن، بەتایبەتی لە شاری کوێلن، ئەوان دەتوانن چیت بۆ بکەن؟
 
بێریڤان ئایماز: بۆ من گرنگ نییە کە ئەوان چی بۆ من دەکەن، بۆ من گرنگە کە ئەوان لە سیاسەتدا چالاک بن، کە ئاگادار بن بزانن چی لەسەر شەقامەکانیان روو دەدات، ئایا لە کوێ شەقامێکی نوێ، رێگایەک بۆ پاسکیل یان وێستگەیەک یان باخچەیەکی نوێ بۆ منداڵان دروست دەکرێت، یان شوێن لە کام باخچەی منداڵان زیاد بکرێت و ئایا خزمەتگوزاریی چاودێریکردنی کەسانی بەساڵاچوو لە کۆڵانە نوێیەکان دادەنرێت، کە ئەوانە هەموو بابەتەکان بە هەند وەربگرن و پرۆسەکانی بەشداریکردن، کە بەڕاستی لە کوێلن هەن، بەکاربهێنن. لە 14ی ئەیلوول هەڵبژاردنە و 800 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە کوێلن هەیە، داوایان لێ دەکرێت بچن بۆ هەڵبژاردن، من دەشزانم کە زۆرێکیان پاشخانێکی کوردی یان چیرۆکێکی کۆچبەریی کوردییان هەیە، بانگەوازی من بۆ گەنجانی کورد، ئەوانەی تەمەنیان 16 و 17 ساڵە، بچن دەنگ بدەن و بۆ یەکەمجار مافی دیموکراتیی خۆیان بەکاربهێنن و دەنگ بدەن بە دیموکراسی، من زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر بە دەنگی ئێوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەڵمانیادا سیاسەتمەدارێکی پارتی سەوز بگاتە سەرۆکایەتیی شارێکی ملیۆنی، بەتایبەتی ئەگەر ئەو سیاسەتمەدارە کەسێک بێت کە لە کوردستان لەدایکبووە.
 
رووداو: راستە، بێگومان ئەمە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵییە و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین، ئەگەر ببیتە سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن، وەکو شارێکی کولتووریی فرەڕەنگ، چۆن دەتوانیت وا بکەیت هەموو خەڵکی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان زیاتر تێکەڵاوی یەکتر و کولتووری ئەڵمانی ببن؟
 
بێریڤان ئایماز: ئەمە لە شاری کوێلن بەڕێوە دەچێت، لە هەندێک گەڕەکی کوێلن ژیانی کۆچبەران بەرچاوە، بۆ نموونە لە مولهایم، کالک یان کیوپشتراسە، من دڵخۆشم بەوەی کە دوای هێرشەکەی 'ئێن ئێس یو' لەسەر کیوپشتراسە، خەڵکەکەی توانییان کولتوورێکی یادەوەری، فێستیڤاڵێک سازبکەن بە دروشمی "پێکەوە"، ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە ئەو هێرشە بەبیر دەهێنێتەوە و بەتایبەتی وەکو فێستیڤاڵێکی کولتووری یادی دەکرێتەوە و دەڵێت، "ئێمە هەموومان پێکەوە دەژین." بە بڕوای من، هێزی کوێلن لەوەدایە کە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی وشیاری هەیە، هەروەها ئەوەی کە سەرۆکی شارەوانیی ئەم شارە ژنێکە و دەزانێت هەستێکی چۆنە کاتێک مرۆڤ لە منداڵیدا دەچێتە وڵاتێکی بیانی و زمانی ئەو وڵاتە نازانێت، کێشەکان و دەرفەتەکانی کۆچبەرییش دەبینێت، ئەگەر من بتوانم ئەمە پیشانی خەڵک بدەم و بڵێم، "ئەمە دەتوانرێت بکرێت،" ئەو کاتە دەستکەوتی زۆرمان دەبێت، هەڵبەتە من بە تووندی دژی رەگەزپەرستی دەوەستمەوە و بۆ ئەوە کار دەکەم کە کوێلن بەبێ رەگەزپەرستی بمێنێتەوە و ببێتە ناوچەیەکی بێ جیاکاری.
 
رووداو: ئەمە پرسیارێکی دیکەی من بوو، پرسیاری رەگەزپەرستی؛ ئێستا دژایەتیکردنی کۆچبەران و پەنابەران لە زیادبووندایە، چۆن دەتوانن رێگە لە رەگەزپەرستی بگرن؟
 
بێریڤان ئایماز: لە لایەکەوە ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە کە چاودێریی رێکخراوە راستڕەوە تووندڕۆکان بکەن و بەردەوام دژیان کار و لێکۆڵینەوە بکەن، من پشتگیریی ئەوەش دەکەم کە بەپەلە پارتی ئەی ئێف دی (AFD) قەدەخە بکرێت، نابێت رێگە بدەین دووژمنانی دیموکراسی سوود لە دیموکراسی وەربگرن بۆئەوەی پڕوپاگەندە دژی کەمینەکان بڵاوبکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە، پێویستیمان بە شوێنی یەکتربینین هەیە کە خەڵکی خاوەن کولتوور و پاشخانی جیاواز یەکدی ببینن و چیرۆکی یەکدی بزانن کاتێک دەبنە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە، بێ گوێدانە دۆخی دارایی یان ئەوەی لە کوێوە هاتوون، ئەوە دەمارگیری کەم دەکاتەوە، هەروەها پێویستیمان بە هەڵوێستێکی مەدەنییانەی دژ بە رەگەزپەرستی و جیاکارییە، بەڵام بۆ من پێشخستنی کارگێڕیی شارستانییش گرنگە، تاوەکو ئەم فرەڕەنگییە لە کارگێڕیی شارەوانیدا رەنگبداتەوە.
 
رووداو: بێریڤان، وەک خۆت ئاماژەت پێدا کوێلن شارێکی فرەکولتوورییە و بووەتە شوێنێکی گرنگ بۆ بۆنە کوردییەکان، لە جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵدا زیاتر لە 60 هەزار کورد لە کوێلن کۆبوونەوە و بە ئاشتییانە ئاهەنگیان گێڕا، چۆن دەتوانن وا بکەن کورد زیاتر بە چالاکی بەشداری لە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و شارستانیی کوێلن بکات؟ هەروەها چۆن دەتوانن بەشدارییە هونەری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بە ئامانج پشتگیریی بکرێن و زیاتر بەرچاو بکرێن؟
 
بێریڤان ئایماز: بۆ من شتێکی سەرنجڕاکێشە کە کورد لە وڵاتانی جیاوازەوە لێرە بەیەکدی دەگەن، ئێمە باسی کۆمەڵگەیەک دەکەین کە بە باشترین و بەهێزترین شێواز خۆی رێکخستووە، کاتێک لە ئاهەنگی نەورۆزدا بینیمان کە پێشبینیی هاتنی 10 هەزار کەس کرابوو، بەڵام 60 هەزار کەس هاتبوون، ئەمە ئەوە دەردەخات کە کورد هەست دەکات کوێلن ماڵی ئەوانە، من شانازی بەمەوە دەکەم، هەروەها دەمەوێت خەڵکی لە هەموو وڵاتانەوە، جا لە ئۆکراینا، کوردستان یان هەر وڵاتێکی دیکەوە بن، کوێلن وەکو ماڵی خۆیان ببینن و لێرە ئاهەنگە کولتوورییەکانیان بگێڕن، ئەمە دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکانی من وەکو سەرۆکی شارەوانیی کوێلن، دەمەوێت شوێن بۆ ئاهەنگەکانیان دابین بکەم ، دەمەوێت فرەڕەنگیی کولتووری دیار بێت و باشتر پەرەی پێبدرێت.
 
رووداو: تۆ لە خێزانێکی کوردیت و بە رەچەڵەک ئەڵمان نیت، لێرە وەکو ژنێک و وەکو کوردێک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی، هەستت چۆنە کە لێرە دەتوانیت خۆت بەربژێر بکەیت، بەڵام بۆ کورد لە هەندێک شوێن ئەستەمە ببێتە سەرۆکی شارەوانی؟
 
بێریڤان ئایماز: بەڵێ، من وەکو منداڵی خێزانێکی دیپلۆماتکار هاتوومەتە ئەڵمانیا، پێش کودەتا سەربازییەکە، بڕیار بوو باوکم بکشێتەوە، بەڵام ئەو رێگەی نەدا ناسنامەکەی ون بکرێت و ئێمە بووینە خێزانێکی دوورخراوە، بەڵام ئەمە دیموکراسییە، دیموکراسی ئاسایش پێشکەشی ئەو کەسانە دەکات کە پێویستییان بە پاراستنە، ئەمە دیموکراسیی ئێمەیە کە سەیری نەتەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو سەیری ئەنجامی کار و تواناکانی مرۆڤ دەکات، هەروەها رێگە دەدات کە مرۆڤ وەکو ژنێک و بە پاشخانێکی کوردییەوە بگاتە لوتکەی شارێکی خاوەن ملیۆنان دانیشتووان، من بەهای ئەم دیموکراسییە باش دەزانم و پێویستە بەرگری لەم دیموکراسییە بکەین، چونکە لای ئێمە، لە ئەڵمانیا، هێرشی دەکرێتە سەر.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکەم هەیە سەبارەت بە زمانی کوردی، کورد بە یاسا دەتوانێت کوردی بخوێنێت لە زۆربەی هەرێمەکانی ئەڵمانیا، تۆ چۆن دەتوانیت هاوکار بیت بۆ ئاسانکردنی خوێندنی زمانی دایک، بەتایبەتی زمانی کوردی، چۆن دەتوانی پشتگیریی لە خوێندنی زمانی کوردی بکەی لە قوتابخانەکان؟
 
بێریڤان ئایماز: پێشکەشکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان پەیوەستە بە سیاسەتی هەرێمی، نەک هیی شارەوانییەکان، بەڵام دابینکردنی شوێن ئەرکی شارەوانییەکانە، من دەزانم کە زۆرجار شوێن نییە، بۆیە پرسیار دەکەم، بۆچی لە کاتی پشووەکان و دوای دەوام، قوتابخانەکان دادەخرێن؟ بۆچی دوای دەوام، قوتابخانەکان بۆ مەبەستی سڤیل و کۆمەڵایەتی بەکارناهێنرێن؟ بۆ نموونە بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت دوای کاتی خوێندن لە باخچەی قوتابخانە یاری بکەن، یان بە دەستپێشخەریی تاکەکەسی لە کاتەکانی ئێواراندا وانەی کوردی بەڕێوەبچن، شارەکەمان پێویستیی بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانە بۆ ئەم مەبەستانە.
 
رووداو: بێریڤان، پرسیارێکی تایبەت و کۆتاییم، باوکی خوالێخۆشبووت خۆی سەرۆکشارەوانی بوو لە تورکیا تاوەکو ساڵی 1977، ئایا مێژووی ئەو کاریگەریی لەسەر تۆ هەبووە لەڕووی سیاسییەوە؟ ئەگەر ئەو ئێستا لێرە بووایە چی دەگوت کە تۆ خۆت بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەربژێر کردووە؟
 
بێریڤان ئایماز: باوکم لە مێژووی تورکیادا بچووکترین سەرۆکشارەوانی بوو، پیاوێکی بوێر، مەزن و خاوەن هەڵوێستێکی راست بوو، کە چەندین پرەنسیپی فێرکردین و بەتایبەتیش من، ئەو پرەنسیپانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە من دەمویست دەنگی خۆم بەکاربهێنم و ببمە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی، ئەو لەگەڵ دایکە خۆشەویستەکەمدا پشتگیریی منیان دەکرد، ساڵێک لەمەوبەر باوکمم لەدەستدا، ئەو حەزی بە سیاسەتی خۆجێیی دەکرد، چونکە دەیگوت ئەوە ئەو بوارەیە کە نزیکترینە لە خەڵکەوە، ئەو هەمیشە دەیگوت سیاسەتی راستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ نزیک لە خەڵک بمێنێتەوە، مرۆڤ راستگۆ بێت، ئەو شتەی ئەو پێی بەخشیوم، دەمەوێت بەکاری بهێنم، من دڵنیام کە ئەو لە سەرەوە سەیری من دەکات و هەست بە شانازی دەکات و دڵی پێی خۆشە، من دڵخۆشم کە لەگەڵ هاوڕێیانی پارتەکەمم، ئەمڕۆ بە سەدان کەس لە کوێلن دەگەڕێن، پۆستەرەکانم دابەش دەکەن و بۆ ئەوە کار دەکەن کە ئێمە مێژوو تۆمار بکەین، کە یەکەمجار ژنێک بە پاشخانی کۆچبەرییەوە و یەکەمجار سیاسەتمەدارێکی پارتیی سەوز دەبێتە سەرۆکشارەوانی شارێک کە خاوەنی ملیۆنان دانیشتووە، منیش ئێستا چاکەتەکەی بارانەکەم لەبەر دەکەم تاوەکو نزیک بم لە بنکەکەم و لەگەڵیان پۆستەرەکانم دابەش بکەم.
 
رووداو: بێریڤان، من دڵنیام کە باوکی خوالێخۆشبووت زۆر شانازیت پێوە دەکات و ئاگای لێتە، لە ناخی دڵمەوە هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.
 
بێریڤان ئایماز: زۆر سوپاس، زۆر سوپاس.
 
رووداو: زۆر خۆشحاڵبووم، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، بێریڤان زۆر دڵخۆش دەبم لە مانگی نۆدا وەک سەرۆکی شارەوانیی شاری کوێلن هەڤپەیڤینێکی دیکەت لەگەڵدا بکەم.
 
بێریڤان ئایماز: خێری پێوەبێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران

بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بۆ رووداو: پێکهێنانی حکومەت ئەرکی پارتی و یەکێتییە، نەک واشنتن

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی دیالۆگی نێوان پارتی و یەکێتی دەدات، بەڵام "ئەرکی واشنتن نییە دوو پارتەکە لێک نزیک بکاتەوە" بۆ پێکهێنانی حکومەت و جەختی کردەوە، "لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە سەر هەردوو پارتەکە خۆیان کە بگەنە سازان."