مستەفا هیجری بۆ رووداو: نەبووینەتە بەشێک لە شەڕی ئەمریکا و ئێران 'ترەمپ چەکی پێنەداوین'

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
هەڤپەیڤین لەگەڵ مستەفا هیجری
هەڤپەیڤین لەگەڵ مستەفا هیجری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ رووداو، تیشک دەخاتە سەر هەڵوێستی حیزبەکەی و هاوپەیمانیی هێزە کوردستانییەکان بەرامبەر شەڕی ئەم دواییەی ناوچەکە. مستەفا هیجری رایدەگەیێنێت، خەباتی ئەوان سەربەخۆیە و هیچ چەکێکیان لە ئەمریکا وەرنەگرتووە. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران هێشتا کەمپەکانیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات.
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، مستەفا هیجری لەبارەی بەشدارینەکردنیان لە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گوتی: "خەباتی ئێمە دژی رژێمی کۆماری ئیسلامی زۆر پێش ئەم شەڕانە دەستیپێکردووە. هەرچەندە ئەم شەڕە ئێرانی لاواز کردووە، بەڵام ئێمە بەرنامە و ویستی خۆمان هەیە کە رەنگە لەگەڵ ئەجێندای وڵاتانی دیکە جیاواز بێت، بۆیە بە بڕیاری خۆمان نەبووینەتە بەشێک لەو شەڕە."
 
سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە باسی لە پڕچەککردنی کورد کردبوو، مستەفا هیجری رایگەیاند: "وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و وەک ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە کوردستانییەکانیش، هیچ چەکێکمان لە ئەمریکا وەرنەگرتووە. نازانین ئەو چەکانە بە کێ دراون، بەڵام لای ئێمە نین."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە گوشارێکی لێ نەکردوون و، بڕیاری بەشدارینەکردنیان لە جەنگەکە بە تەواوی سەربەخۆیانە بووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: ئێوە نەبوونە بەشێک لەم شەڕە، ئەم هەڵوێستەی ئێوە پرەنسیپ بووە یان بەهۆی هەلومەرجەوە بووە کە بەشداریتان لەم شەڕەدا نەکرد؟ 
 
مستەفا هیجری: ئێمە هەم وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و وەکو هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی کوردیش کە ئێستا ئێمە هاوپەیمانییەکمان لەگەڵیاندا پێکهێناوە، خەباتی ئێمە دژی رژێمی کۆماری ئیسلامی لەپێناو خواست و داواکانی خەڵکەکەمان زۆر پێشی ئەو شەڕانە دەستیپێکردووە، لەمەودواش تاوەکو دەگەین بە ئاواتەکانمان بەپێی توانا بەردەوام دەبین. بۆیەشە ئێمە بەشێک نەبووین لەو شەڕە؛ راستە ئەو شەڕە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لاواز کردووە، بەڵام ئێمە خۆمان بەرنامە و ویستی خۆمان هەیە و رەنگە لەگەڵ بەرنامەی ئەمریکا و ئیسرائیل و شوێنانی دیکە جیاواز بێت. بۆیە ئێمە وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەتوانم بڵێم وەکو هێزەکانی هاوپەیمانیش کە بەیەکەوە کاردەکەین، ئەوە بڕیاری خۆمان بووە. 
 
رووداو: ئایا هەرێمی کوردستان هیچ گوشاری لە ئێوە کردووە کە نەبنە بەشێک لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؟ 
 
مستەفا هیجری: ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین، بەڵام نەچووینەتە سەر ئەو پرسانە. لە راستی دا ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان دەدەین کە چۆن خەبات بکەین و چی بکەین.
 
رووداو: ترەمپ باسی شتێکی کرد کە دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، ئەویش پێدانی چەک بووە بە خۆپێشاندەران و دواتر کەوتووەتە دەستی کورد. ترەمپ و ئەمریکا هیچ چەکیان بە ئێوەداوە؟ 
 
مستەفا هیجری: وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هیچ چەکێکمان وەرنەگرتووە. دەتوانم بەناوی ناوەندی هاوپەیمانیشەوە بڵێم کە حیزبەکانی بەشدار لەو هاوپەیمانییەش ئەو چەکانەیان وەرنەگرتووە. ئایا چەکەکان بەکێی دیکە دراون؟ نازانم!
 
رووداو: پێتانوایە دانوستاندنەکانی ئێستا دەبنە هۆی ئاشتییەکی جێگیری درێژمەودا یاخود جارێکی دیکە جەنگ دەستپێدەکاتەوە؟ 
 
مستەفا هیجری: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 45 ساڵی رابردوودا و لەو رۆژەوەی هاتووەتە سەر کار چەسپاندوویەتی کە ئەو ئاشتی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای جێبەجێکردنی ئایدیۆلۆژییەکانییەتی. ئەو ئایدیۆلۆژیایە لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هەموو جیهان جیاوازی هەیە. ئەو تەنانەت لەگەڵ خەڵکی خۆشیدا لە ئاشتیدا نییە، بۆیە من هیچ هیوام نییە ئەو دانوستاندنانە ئەگەر سەریش بگرن و ببنە هۆی ئاشتییەک کە سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەو سیاسەتانەی کە لە رابردوودا هەیبوون و ئێستا شکستی لەسەر هێناون ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. کۆماری ئیسلامی تاوەکو ئەو رۆژەی هەیە هەرچەند لاوازیش بێت، دەست لە بەرنامەکانی خۆی هەڵناگرێت کە نەک هەر ئاشتی لەگەڵ جیهان و خەڵکی خۆی نییە بەڵکو دروست بە پێچەوانەوە دووژمنایەتی و بەربەرەکانی لەگەڵ هەموو بیر و سیاسییەکانی دیکە لەگەڵیاندا ناتەبا و جیاوازە. 
 
رووداو: دوای دەستپێکردنی جەنگ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵی دانوستاندنی لەگەڵتان داوە؟ 
 
مستەفا هیجری: نەخێر، هیچ هەوڵێک لەو بارەیەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێمە نەدراوە. 
 
رووداو: هیچ هەوڵێک بۆ حیزبەکانی دیکەی ناو هاوپەیمانێتی دراوە؟ 
 
مستەفا هیجری: ئەوەندەی ئاگاداربم، نەخێر. 
 
رووداو: بارودۆخی پەنابەران و خێزان و کەسوکاری ئەندامانتان لە هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدان؟ 
 
مستەفا هیجری: بێگومان! ئەوان زۆر لەژێر مەترسیی هێرش دان. کەمپەکانی ئێمە و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە خێزانەکانمان لەوێدا نیشتەجێبن، هەمووی بۆمباران کراوە. کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران زیاتر لە هەمووان بۆمباران کراوە. دوای ئەو دانوستاندنانە کە دەستیانپێکردووە تەنانەت دوێنێ شەو هێرشیانکردە سەر کەمپەکانی ئێمە. رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی لە بۆمبارانی کەمپەکانی ئێمە و تەنانەت هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵنەگرتووە دوای ئەوەی کە بۆمبارانەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەڵگرت، بەڵام هەم هەرێمی کوردستان چەند جارێک بۆمباران کراوە، هەم بۆمبارانی کەمپەکان بەردەوامە. 
 
رووداو: هەڵوێستی پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ مافەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران چۆنە؟ 
 
مستەفا هیجری: ئەوانەی من کۆبوونەوەم لەگەڵدا کردوون، پارتەکانی سۆشیالست و سۆشیال دیموکراتەکان بوون. ئەوان لە سەرەتاشەوە، باوەڕیان بە مافی نەتەوەکان، دیموکراسی و ئازادی لە ئێران هەبووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەو پارتانە و پارتەکانی ئەورووپا بە گشتی گفتوگۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە و پێیانخۆشە کە خەڵکی ئێران بە ئازادی بگەن. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو پرسەدا و وەکو هەنگاوی کرداری، شتێکی وامان پێوە نەبینیون. مەگەر لەمەودوا ئەوان ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتی خۆیاندا بکەن بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەهێزکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئازادیخواز و دیموکراسیخوازی ئێران.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ محەممەد ئۆجەلان

محەممەد ئۆجەلان: ئەگەر ئامانجی بەڕێوەبەرانی دەم پارتی کوردستان بووایە بە کوردی قسەیان دەکرد

محەممەد ئۆجەلان، کە نزیکەی دوو ساڵ لە براکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچووکترە، بەتووندی رەخنە لە بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی parti (DEM دەگرێت کە زمان و کاری سیاسییان هەمووی بە کوردی نییە و دەڵێ بە کوردی قسەکردنی ئەوان تەنیا بە "سێ وشە" یە "«مەرحەبا، سەرسەران، سەرچاڤان» و پاشان دەست بە زمانێکی دیکە دەکەن. زمانی کوردییان قەدەخەکردووە".