د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: میانڕۆیی ئیخوان تاوەکو ئەو شوێنەیە لەگەڵت کۆک بێت

10-05-2025
شیراز رەئوف
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرانی ‏سەلەفییەكانی لە باشووری كوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرانی ‏سەلەفییەكانی لە باشووری كوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد دەڵێت، "ئیخوان ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت سەرمان دەبڕێت؛ ئەوان بە کافرمان دەزانن و خوێنمان حەڵاڵ دەکەن."
 
لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، ‏یەکێک لە رێبەرانی ‏سەلەفییەكانی لە باشووری كوردستان باسی لە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "ئەو حیزبە ئیسلامییانە تاوەکو دەگەنە دەسەڵات بانگەشەی جێبەجێکردنی شەریعەت دەکەن، بەڵام کاتێک دەگەنە دەسەڵات، ئیدی کار و کردەوەی پێچەوانەی بانگەشەکانیان ئەنجام دەدەن."
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، "من کاک مەسعود بارزانی بە وەلی ئەمری خۆم دەزانم و دوعای خێری بۆ دەکەم و خودا پارێزراوی بکات."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرانی ‏سەلەفییەكانی لە باشووری كوردستان:
 
رووداو: کاردانەوەت هەبوو بەرامبەر قسەکانی د. عەلی قەرەداخی، بەتایبەت کە سەلەفییەکانی ناوبرد بەوەی دروستکراوی زایۆنیزم و سەڵیبییەکانن. چی دەڵێن لەمبارەیەوە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: داواکارم لە خودای پەروەردگار رێگەی راستمان نیشان بدات بە من و د. عەلی قەرەداخی و تەواوی مسوڵمانانەوە. د. عەلی قەرەداخی لای من کەسێکی گەورە و رێزدارە، شوێنپەنجەشی دیارە و خزمەتی هەبووە، بەڵام بەداخەوە چووە سایدێکەوە و کۆمەڵێک قسەی کرد کە زۆر لەسەری کەوتن و بۆ قیامەتیشی زۆر قوورس بوون. ئەگەر بیتوانیایە هەمان ئەو قسانە بە زمانی عەرەبی بکات و جیهانی ئیسلامی ئەم قسانەیان ببیستایە، ئێستا لە هەموو جیهانی ئیسلامییەوە لێی دەهاتنە وەڵام و داوای بەڵگەیان لێدەکرد.
 
رووداو: پێت وایە ناتوانێت بە زمانی عەرەبی ئەو قسانە بکات؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: نەخێر، هیچ کات ناتوانێت بە عەرەبی ئەو قسانە بڵێت، چونکە قسەکانی زۆر ترسناک و تۆمەتی ناڕەوا بوون. چۆن بوێریی نواند بڵێت "سەلەفییەکان دروستکراوی ئەمریکا و سەڵیبی و سەهیۆنی و ماسۆنیەت'ن، لەکاتێکدا هەرکەس کەمێک سەلەفی ناسیبێت دەزانێت بانگەوازی سەلەفی جەخت لە چەند خاڵێکی جەوهەری دەکاتەوە. خاڵی یەکەم بریتییە لە تەوحید، داوا لە خەڵک دەکات تەنیا پشت بە خودا ببەستن و شەریکی بۆ دانەنێن. خاڵی دووەممان بریتییە لە یەکڕیزیی مسوڵمانان و سەلەفییەکان دەیانەوێت تێکڕای مسوڵمانانی جیهان یەکڕیزبن، تەنانەت ئەو گرووپ گرووپ و پارچە پارچەیەشمان بەناوی دینەوە پێ هەڵەیە. من ناخوازم گرووپ یان حیزبێک هەبێت بەناوی سەلەفی وەکو حیزبی (نوری سەلەفی) کە لە میسر پەیدا بوو. لەگەڵ ئەوە نین سەلەفییەت بکرێتە حیزب. لەگەڵ ئەوەش نین یەکگرتوو حیزب بێت و کۆمەڵ حیزب بێت و ئەمیری خۆیانیان هەبێت و بەیعەتی پێبدەن و لەنێو وڵاتی مسوڵمانان سەرکردەی خۆیان هەبێت و ئینتیمایان بۆ ئەو بێت و دەوڵەت لەنێو دەوڵەت دروست بکەن. یەکەم شت کە سەلەفییەت بانگەوازی بۆ دەکات ئەوەیە خودا بە تەنیا بپەرستین. دووەم شت ئەوەیە برا و یەکڕیز بین. سێیەم شتیشمان ئەوەیە بەردەوام ئامۆژگاری و قسەی خێرمان هەبێت بۆ ئەوانەی کاریان بەدەستە؛ قسەی خێریان بۆ بکەین نەوەک ململانێ. لە ململانێدا جگە لە خوێنڕێزیی و کاولکاریی هیچمان دەستناکەوێت. سەلەفییەت سەرنجی لەسەر ئام خاڵانەیە. ئیدی بەرژەوەندی 'سەڵیبییەت و سەهیۆنییەت و ئەمریکا' لەم خاڵانەدا چییە؟ ئایا ئەوانە ئێستا وایان لێهاتووە بخوازن سەلەفی هەبێت کە تەوحید بڵاوبکاتەوە؟ سەلەفی هەبێت داوای یەکڕیزیی مسوڵمانان بکات؟ سەیرم پێدێت. بەڕاستی د. عەلی قسەیەکی زۆر مەترسیداری کرد، دوایش هات بۆیە ئەم قسانەی پینە بکات لە چاوپێکەوتنێکی دیکە کەمێک گۆڕانکاری و راستکاری لە قسەکانی کرد و گوتی من مەبەستم هەموو سەلەفییەکان نییە، بەڵکو مەبەستم ئەوانەیە کە (مەدخەلی)ن، ئێ مەدخەلییەت چییە؟ ئەگەر مەبەستی ئەو کەسانە بێت کە بە قسەی (شێخ هادی بن رەبیع مەدخەلی) دەکەن، ئەوا ئێمە لەم کوردستانە هیچ کەسێکمان شوێنکەوتەی (شێخ هادی بن رەبیع مەدخەلی) نین. هیچ کەسێک وەک ئێمە لە هەندێک فەتوا و هەندێک بۆچوونی (شێخ هادی بن رەبیع مەدخەلی) نکۆڵی نەکردووە و هەندێک هەڵوێستی هەیە کە لەگەڵی نین. د. عەلی ویستی پینەی بکات بەم قسانە، بەڵام بێگومان پینە ناکرێت، بۆیە داوام لێکرد و تۆڕی میدیایی رووداویش بڵاوی کردەوە کە دیبەیت ئەنجام بدەین. ئێستاش ئامادەم دیبەیت بکەین، بەڵام با بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کە چۆن سەلەفییەت لەلایەن ئەمریکاوە دروستکراوە، لەکاتێکدا سەلەفیەت درێژکراوەی ئاسایی ئاینی ئیسلام و ئەو مەنهەجەیە کە پێغەمبەر (د.خ) لەسەری رۆیشتووە، سەلەفییەت لە هەموو جیهان گرنگی بە تەنیا پەرستنی خودای گەورە و یەکڕیزیی و تەبایی و پاراستنی رەوشتی ئیسلامی دەکات.
 
رووداو: تۆمەتەکەی تۆش کە ئیخوانت بە (بەڵی ئومەت) ناوبرد لەوە کەمتر نییە. تۆ چۆن دەیسەلمێنیت کە ئیخوان بەڵایە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: من بە بەڵگە دەیسەلمێنم، 28 خاڵم لەبەردەستە. بۆ نموونە، لای ئیخوان ئەو سیاسەتەی ئەوان دەیکەن لەپێشتر لە (تەوحید و عەقیدە)، دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتی ئیسلامی لای ئەوان لەپێش هەموو شتێکە. ئەوان لەگەڵ کەسێک یەکدەگرن کە هاوەڵان بە کافر بزانێت، دایکی ئیمانداران بە زیناکار بزانێت، لەگەڵ کەسێک یەکدەگرن کە سوجدە بۆ قەبرێک ببات، لەگەڵ هەموو کەس یەکدەگرن، لەگەڵ سۆشیالیست و شیوعی و دار و بەرد یەکدەگرن؛ بینیمان لە ساڵانی لەگەڵ سۆسیالیست و ئەوانی دیکە یەکیان گرت، ئامادەن لەگەڵ هەموو کەسێک یەکبگرن بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات و بیروباوەڕ لای ئەوان گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵگەش بۆ ئەوە (حەسەن هوزەیبی) یەکێک لە سەرکردەکانی ئیخوان کە ماوەیەک ئەمینداری گشتیی هەموو ئیخوان بوو دەڵێت، گرفت نییە بچیتە سەر گۆڕی پیاوچاکێک، داوای لێبکرێت و هانای بۆببرێت، بانگەوازی تەوحید لای ئەوان نییە، گرنگیدانیان بە جەماعەتی خۆیانە نەوەک بابەتەکە دینی بێت، تەنانەت (حەسەن بەننا) خۆی دەڵێت کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر دین نییە، بەڵکو کێشەمان لەسەر خاکەکەیە، واتە کێشەی ئاینییان نییە، بۆیە دەڵێم بەڵان هەر کەسێک زانای ئەهلی سوننە بێت، ئیخوانییەکان هەوڵیان داوە نێوبانگی لەکەدار بکەن.
 
رووداو: تۆ خۆت پیاوێکی ئەکادیمیت. کاتێک دەڵێی 'بەڵا' بەڵگەی شەرعیت لەسەر بەڵا چییە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: یەکێک لەو مەلا ئیخوانییانە هاتووە باسی فیتنە دەکات. من باسی فیتنەم نەکردووە، بەڵکو باسی (بەڵا)م کردووە. بەڵا ئەوەیە کە دەردەسەری و ناڕەحەتی بەسەر گەلی موسوڵمان دەهێنێت. یەکێک لە بەڵاکانی ئیخوان ئەوەیە وا بڕوایان بەخۆیان کردووە کە هەرکەس رەخنەیان لێبگرێت سەهیۆنییە، هەمووی کافرە، وایان لەو کەسانە کردووە کە لەژێردەستیانن بڵێن ماست رەشە دەڵێن رەشە، من دیبەیتم لەگەڵ کاک (موسەننا ئەمین) کرد تاوەکو ئەو هێرشە زاڵمانەیەیان رابگرین، تاوەکو د. موسەننا خۆی گەیشتە ئەو بڕوایەی بەڵێ لەگەڵ بەکافر دانان نیم، گلەییمان لەوەبوو کە ئیخوانییەکان ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنن و لە خودا ناترسن، ویستم لەگەڵ د. موسەننا ئەم دەرگایە دابخەین، چونکە لە هەموویان تێگەیشتووترە، بەڵام بێگومان لە سەروو هەموویانەوە د. عەلی قەرەداخی هەیە کەچی د. عەلی وەک دەڵێن (ویستی کل بکاتە چاو، بەڵام کوێری کرد)، حوکمێکی دا بەسەر سەلەفییەت کە هیچ کەسێک لەوانەی پێش خۆی حوکمی وایان نەداوە، بەکافرکردن لای ئەوان وەک ئاوخواردنەوەیە بۆیە ئەوانەی خوێنی موسوڵمانان بە حەڵاڵ دەزانن؛ هەموویان لە هەناوی ئیخوان لەدایکبوون. خاڵێکی دیکەیان سەرقاڵکردنی خەڵکە بە سیاسەتەوە نەوەک بە (تەوحید و عەقیدە)ەوە، هەروەها دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو مسوڵمانان بەناوی گەڕاندنەوەی حوکمی ئیسلام، هەروەها پاساوهێنانەوە بۆ کاری تووندڕۆیی و تووندوتیژیی هەندێکجار، هاوژینەکەی ئەبوبەکر بەغدادی لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی داعش لە رێکخستنی ئیخوان بووە، دواتر کە بووە سەرۆکی داعش خۆی لەوە بە گەورەتر بینی و لە ئیخوان نەما. لە روواڵەتدا وا دەردەکەوێت ئیخوان زۆر میانڕۆن، بەڵام میانڕۆیی ئیخوان تاوەکو ئەو شوێنەیە لەگەڵت کۆک بن. ئەگەر لەگەڵیان ناکۆک بیت، هەرچی لە فەرهەنگی ئیسلامدا نییە و لە فەرهەنگی خەوارجدا هەیە دەیهێننە دەرەوە، کافرت دەکەن، تانە لە نامووست دەدەن، بە ناپاک و بەکرێگیراو داتدەنێن.
 
رووداو: ئەمەی تۆش بەکافرکردن نییە کە پێت وابێت (عەقیدە) پێشناخەن، ئەمەش هەر (تەکفیر) نییە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: من گوتم بەڵان. من وەک ئەوان نەمگوت ماسۆنییەت دروستی کردوون، هەر یەکێک لەم وڵاتانەی دەوروبەرمان کە ئاژاوەیان تێدا دروستبوو کێ هۆکار بوو، ئیخوان هۆکار بوو. حەماس ئیخوانە، یەکێک لە بەرپرسەکانی حەماس دەڵێت (بەڵێن بە خودا دەدەین دەست بە مەنهەجی ئیخوانەوە دەگرین و جیهاد لەپێناوی ئیخوان دەکەین)، خۆیان وا دەڵێن.
 
رووداو: بەڵام بابەت بەپێی شوێن دەگۆڕێت. ئەمە بابەتێکی شەرعی نییە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: بەکارهێنانی مەفهوومی جیهاد و شەهادە بە هەڵە نابێت. ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن جیهاد ئەوە کەی جیهادە؟ ماڵوێرانی و کاولکاریی و دەردەسەرییە. کاکی ئیخوان لێرە مووچەیەکی باش و ژیانی هەبێت و لەولاشەوە خەڵکی غەززە ژیان و نان و ئاو و خزمەتگوزارییان نەبێت، بەڵام بڵێیت وەڵا زۆر دڵخۆشن. کام دڵخۆشییە جیهاد بۆ ئەوەیە ئیسلام بە شکۆ بێت، موسوڵمانان پارێزراوبن. یەکێک لە کێشەکانی ئیخوان ئەوەیە پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنەدەست جۆرێکن و کە دەسەڵاتیان گرتە دەست جۆرێکی دیکەن. کاتێک دەوڵەتیان دەکەوێتە دەست هیچ لەو کارانە ناکەن کە بانگەشەی بۆ دەکەن. بۆ نموونە (مورسی) کاتێک دەسەڵاتی گرتەدەست لێیان پرسی شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ دەکەن؟ گوتی ئێمە شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ ناکەین و کار بە دەستووری میسر دەکەین.
 
رووداو: بۆچی لەو هەمووەدا حوکم لەسەر مورسی دەدەیت کە ماوەیەکی کەم لە دەسەڵات مایەوە و تەنانەت سوپای لەبەردەست نەبوو؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: من کێشەم لەگەڵ مورسی نییە. کێشەم دروشمەکانیانە کە راستگۆ نین، پیش دەسەڵات دەڵێن ئێمە کار بۆ چەسپاندنی شەریعەت دەکەین، بەڵام کە دەسەڵاتیان دەکەوێتە دەست شەریعەتی ئیسلام لە ئارادا نامێنێت. پێش هەڵبژاردن و دەنگدان لە هەرێمی کوردستان بەوە خەڵک بانگ دەکەن دەڵێن دەنگمان پێبدەن بۆ حوکمی ئیسلام، کاتێک دەچنە پەرلەمان دەست بەرزدەکەنەوە بۆ دانانی پارتی و یەکێتی بە سەرۆک و جێگر. خاڵێکی دیکەش لەبارەی هاندانی خەڵک بۆ جیهاد دژی ئیسرائیل. ئێستا کە فەتوایان بۆ دراوە کوان؟ نە حکومەتەکان کە نزیکن لە ئیخوان ئامادەن جیهاد بکەن، نە وەک رێکخستنەکانی ئیخوان ئامادەن بچن بۆ جیهاد، کەواتە جیهادیش لە ئارادا نییە و تەنیا دروشمە. کاتی خۆی ئەنوەر سادات تێگەیشت لەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بێ هوودەیە و چاریان ناکەن و زۆربەی سینا گیرا، لە ساڵی 1978 لە کامپ دەیڤید پەیماننامەیەکی ئاشتی واژۆکرد و دانی نا بەوەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێت لە فەلەستین، کاتێک مورسی هاتە دەسەڵات لەبارەی پەیماننامەی کامپ دەیڤید پرسیاریان لێکرد و گوتی ئێمە رێز لە هەموو ئەو بەڵێننامە و پەیماننامانە دەگرین کە پێش ئێمە کراون، لەنێویشیاندا کامپ دەیڤید، واتە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت و دانی پێدا دەنێین، ئیدی بۆچی حکومەتەکانی دیکە ئێستا هەمووی ناپاک و بەکرێ گیراون و کە خۆشیان دەسەڵاتیان گرتەدەست هەمان شتیان ئەنجامدا.
 
رووداو: کێشەی ئێوە چییە لەگەڵ ئیخوان؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: ئیخوان خۆی یەکسان کردووە لەگەڵ ئیسلام و پێیان وایە کە دژی ئیخوان بیت، وای وێنا دەکەن دژی ئیسلامی..
 
رووداو: ئەوانیش دەڵێن سەلەفییەت خۆی یەکسان کردووە بە ئیسلام..
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: ئێمە وا ناکەین، بابێن ناکۆک بن لەگەڵ من، با بێن ناکۆک بن لەگەڵ بۆچوونەکانی مامۆستایان و بانگخوازانی سەلەفی، بەلامانەوە ئاساییە. تاوەکو ئێستا لە ئێمە نەبیستراوە بڵێین ئیخوان کافرە، لەکاتێکدا ئەوان ئێمە بە کافر دەزانن. ناوی هەموو ئەو کەسانەی ئیخوانم تۆمارکردووە لەم کوردستانە کە ئێمەیان بە کافر داناوە.
 
رووداو: تۆ وا وێنای دەکەی وەک ئەوەی ئیخوان هەمووی یەک رێکخراو بن، هەموویان بە یەک فەتوا دەڕۆن، بەڵام هەر ئەوەی لە نێوەڕۆکدا خۆت باسی دەکەیت نایسەلمێنێت کە ئیخوانەکان یەک نین و هەرکەس بەگوێرەی دۆخی وڵات و ناوچەی خۆی مامەڵە دەکات؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: ئەوان رێکخستنێکی جیهانین، بۆ نموونە من داکۆکی لە سەرکردە و دەسەڵاتدارەکان ناکەم، بەڵام دەپرسم مورسی بۆجی جیهادی نەکرد کە گەیشتە دەسەڵات و پابەندبوو بە کامپ دەیڤید؟ ئەحمەد شەرع دوو رۆژە هاتووەتە سەر دەسەڵات و هەرچی بنکەی سەربازییەتی خاپووریان کرد و هیچی بۆ ناکرێت. بۆ نموونە، هەرێمی کوردستان کاتێک دەبینێت غەززە وێران دەکرێت ئەگەر جیهاد دژی ئەمریکا و ئیسرائل رانەگەیەنێت واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناپاک و کافرە یان حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پارێزگاری لەم دەستکەوتانەمان بکات.
 
رووداو: ئەوان هاوسۆزییان دەربڕیوە، لەکاتێکدا خەڵک دەکوژرێت و منداڵ دەکوژرێت لە غەززە، دەکرێت بە خەڵک بگوترێت نابێت هاوسۆزی دەرببرن؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: من زیاتر لە ئیخوان بەپەرۆشم بۆ خەڵکی غەززە، بەڵام ناکرێت هەرچی دەسەڵاتدارە با ناپاکی بزانن و هەرچی زانایە بە کافری بزانن لەبەرئەوەی هەڵەیەکیان کردووە و دەستخۆشییان لێناکەین لەسەر هەڵەکەیان. ئەگەر بڕوانین لەم چەند رۆژەدا ئێران رایگەیاند کە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکات و شەڕ ناکات. ئەرێ ئیخوان موسلمین چیتان هەیە بۆ ئێران کە شەڕ ناکات؟ ئەی چیتان هەیە بۆ تورکیا کە وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی نامانەوێت لەگەڵ ئیسرائیل بچینە جەنگەوە؟ بۆ ئەوانیش هیچیان نییە. ئەی بۆچی جگە لەم دوو وڵاتە هەموو ئەوانەی دیکە بە کافر و سەهیۆنی دەزانن؟ وڵاتێکی وەکو کوردستان، یان ئوردن، یان سووریا کە دەیانەوێت پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن، ئێستا لەنێوان دوو زیاندان؛ زیانێک ئەوەیە کە دەبینێت غەززە دۆخی وایە و لەنێودەچێت. زیانێکیش ئەوەیە کە ئەگەر سووریا بێتە وەڵام ئەوا سووریاش لەنێودەچێت. عەقڵ و دین و حیکمەت چی دەخوازێت؟ ئێ بۆ نکۆڵی لەو وڵاتانەی دیکە ناکەن، بەڵام دێن نکۆڵی لە وڵاتانی ئیسلامی – سوننە دەکەن. ئەوان فەتوای جیهادیان دا ئەوەتا ئێستا پاکستان لەگەڵ هیندستان شەڕیانە. بۆچی سەرۆکی یەکێتیی زانایان ناچێت فەتوا بۆ پاکستان بدات خۆ وڵاتێکی موسوڵمانە؟ بۆچی فەتوای جیهادیان نەدا کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان؟ یەکەم کەس کە فەتوای دا لە کەناڵی رووداو من بووم و گوتم پێشمەرگە رووبەڕووی داعش ببێتەوە جیهادە. بۆچی زانایانی ئیسلامی و ئیخوان کاتی خۆی فەتوایان نەدا بۆ جیهاد دژی ئەمریکا؟ ئەوان دەڵێن ئەمریکا داگیرکارێکی کاتی بوو، بەڵام ئیسرائیل داگیرکاری هەمیشەییە، ئایا لە شەرعدا داگیرکاری کاتی و داگیرکاری هەمیشەیی هەیە؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر کە هێرشکرایە سەر هەرێمی کوردستان، ئایا ئیخوان فەتوای دا بڵێت پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئەم فەتوایەی ئێستا داویانە و خەریکە دونیا لەسەری بەکافر بکەن و هەموو زانایان بە بەکرێگیراو دادەنێن. 
 
رووداو: لەدوای رووخانی خەلافەت، ئیخوان سەریهەڵدا و رۆحێکی نوێی بە دونیای ئیسلامی دا. ئەوان کار لەسەر پەروەردەی تاک دەکەن، کار لەسەر میانڕۆیی دەکەن. ئایا میانڕۆیی بەڵایە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: نەخێر، لەبارەی میانڕۆیی، نابێت بە هەڵەدا بچین. کەسێک کە هەرچی دەوڵەتی موسوڵمانە بە کافری بزانێت و هەرچی زانای ئەهلی سوننەیە بە سەهیۆنی و کافری بزانێت کوێی میانڕۆییە؟ ئیخوان دەستی بڕوات وەڵا سەرمان دەبڕن. ببینە لە غەززە چی بەسەر ئەو کەسانە دەهێنرێت کە رایان لەگەڵ حەماس نییە و چییان لێدەکەن. کەسێک بە کافرت دابنێت واتە خوێنت بە حەڵاڵ دەزانێت، ئەمە کوێی میانڕۆییە. ئیخوان سیاسەتی دووفاقییان هەیە. سەرکردە و جەماوەریان جیاوازە هەڵوێستیان. بۆ نموونە، د. عەلی قەرەداخی کە گەڕایەوە لە قەتەر راستەوخۆ سەردانی هەموو سەرکردەکانی کوردی کرد هەم هی یەکێتی و هەمیش هی پارتی. کاتێک من چووم بۆلایان بۆچی قاعیدەی جەماوەریی کۆمەڵ و یەکگرتوو منیان بە بەکرێگیراو و پیاوی دەسەڵات ناوبرد، بەڵام دکتۆرەکەی خۆیان کاتێک سەردانیان دەکات دەڵێن ئەمە حیکمەتە و ئەمە بۆ بەرژەوەندیی ئیسلامە؟ سەرکردەکانیان دەچن سەری بەرپرسانی کورد ماچ دەکەن، بەڵام جەماوەرەکانیان هەرهەموویان کە دەم دەکەنەوە ئەمانەیان پێ کافرە، ئەمەش سیاسەتێکی دووفاقی ئیخوانە کە لەئارادایە.
 
رووداو: ئێوە دژی سیاسەتن و دژی حیزبن، دژی ئەوەن حیزبی ئیسلامی هەبێت. ئەی کاتێک پێغەمبەر (د.خ) مەدینەی بەڕێوە دەبرد، ئەوەش جۆرێک لە سیاسەت نەبوو؟ خەلیفەکانی راشدین سیاسەتیان نەبوو؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: ئەمە کێشەکەیە. ئایا ئێمە لە وڵاتانی موسوڵمان کافرین؟ ئایا پێویستە ئیخوان بێت وڵاتی موسوڵمان دروست بکات؟ ئەوەی داعش کردی هەر ئەم بۆچوونەی ئیخوان بوو لەوەدا کە ئەم وڵاتانە هیچیان شەرعی نین و هەموویان کافرن و دەبێت هەموویان بگۆڕدرێن. ئەم بیرکردنەوەیە کە هەرچی سەرکردەکانی جیهانە بە کافریان بزانیت و خەڵک هان بدەیت بۆ ئەوەی کە چۆن کورسی دەسەڵاتیان لێبسەنن و خۆیان لەسەری دابنیشن کێشەیەک دروست دەکات تاوەکو قیامەت کۆتایی نایەت. بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو و لەولاوە نەهزە دروست بوو، نەهزە کە مامۆستا سدیق سەرۆکی بوو، بە مامۆستا عوسمانی برای خۆی رازی نەبوو، دواتر مامۆستا عەلی عەبدولعەزیز بە براکەی خۆی رازی نەبوو و هات بووە سەرۆک. ئینجا مامۆستا عەلی باپیر بە هیچیان رازی نەبوو و هات حیزبێکی تری دروست کرد. ئینجا یەکگرتوو هات و بە هیچیان رازی نەبوو، مامۆستا سەڵاحەدین وتی من لەگەڵ ئەم جیهادە چەکدارییە نیم و نایکەم. ئەو چوار پێنج کەسە ئیسلامییە کەسیان بە دەسەڵاتی ئەوەی دیکە رازی نەبوون.
 
رووداو: بۆچی خۆت جیادەکەیتەوە؟ خۆ تۆش بەوان رازی نیت، ئەگەر ئەوان بەتۆ رازی نەبن تۆش بەوان رازی نیت؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: بچووکترین ئەندامی کۆمەڵ ببێتە سەرۆکی ئەم هەرێمە من پێی رازیم و بە سەرکردەی خۆمی دەزانم و لە چاکەدا گوێرایەڵی دەکەم، هەروەکو چۆن ئەمرۆش تەنیا لە چاکەدا گوێرایەڵی ئەمانە دەکەم. هەرچەندە بوختانیشمان بۆ دەکەن. کۆمەڵ بێت یان یەکگرتوو یان هەرکەسێک بێت ببێتە سەرۆک و شەرعییەت بەدەستبهێنێت، ئێمە لە چاکەدا گوێرایەڵی دەکەین.
 
رووداو: بۆچی بە سعوودییە دەڵێیت تاجی سەرمانە؟ لەبەر حکومەتەکەی یان خاکەکەی کە خاکی سەرهەڵدانی ئیسلام بووە و بە پیرۆزی دەزانن؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: لە دوو روانگەوە. من هیچ پەیوەندییەکی سیاسیم لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی سعودییە نییە. من چەند زانایەکی سعوودی دەناسم، بەڵام هیچ کاربەدەستێکیان ناناسم و پەیوەندیم لەگەڵیان نییە، بەڵام بۆیە دەڵێم سعودییە تاجی سەرە چونکە مەککە و مەدینەی تێدایە، قەبری پێغەمبەر (د.خ) تێدایە، هاوەڵەکان لەوێ بەخاک سپیردراون، وەحی ئیسلام لە سعودییە دابەزیەوە. تاوەکو ئێستاش لە هەموو وڵاتانی جیهان پابەندترە بە ئیسلام، بەڵێ هەڵەی تێدایە و هەندێک شت کە ئێستا دەکرێن لەگەڵی نین و پێی رازی نین، بەڵام مانای ئەوە نییە ئەو هەموو چاکانە لەبەرچاو نەگرین. بە ئاشکرا حکومەتەکەی دەڵێت دەستووری ئێمە بریتییە لە قورئان و سوننەت. چۆن دەستوورێک کە قورئان و سوننەت بێت نەیخەمە سەر سەرم.
 
رووداو: بەڵام تۆ لەسەر دەستگیرکردنی ئەو هەموو زانایەش لە ساڵانی رابردوو لە سعودییە، رەخنەت لە حکومەتی ئەو وڵاتە نەگرت، لەکاتێکدا ئەو حکومەتە زانای موسوڵمانی خستووەتە زیندانەوە. بۆچی؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: لەبارەی ئەوەی کە بەشێک لەو بەندکراوانەم گوتووە بەنیازی کودەتان دەزانم مەبەستم کێ بوو نەوک هەموویان. بۆ نموونە (سەلمان عۆدە) یان ئەو کەسانەی کە هانی خەڵک دەدەن و هانی گەنجی سعودی دەدەن بۆ جیهاد و خەڵکانێکیان نارد بەحساب بێت لەنێو داعش جیهاد بکات و سووریا و عیراق کاول بکەن، پێویستە ئەو جۆرە کەسانە دەستگیر بکرێن. بۆ نموونە، (سەلمان عۆدە) ئەوەندە باسی جیهادی کرد و داوای کرد خەڵک بچن بۆ جیهاد، کوڕەکەی خۆی رۆیشت، کاتێک هاتەوە ماڵەوە بینی کوڕەکەی دیار نەماوە و دایکی پێی گوت تۆ هەر دەتگوت جیهاد جیهاد، ئەوا ئەویش رۆیشت، بەپەلە واستەی دونیای کرد و هەوڵی دونیای دا تاوەکو لە سنوور دەستگیریان کرد و گەڕاندیانەوە لەسەر داوای باوکی، رازی نەبوو کوڕەکەی خۆی بڕوات بۆ جیهاد. بۆ نموونە لە تورکیا چەند هەزار کەس دەستگیرکرا بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ (گولەن)؟ ئیخوان بۆچی نەهات رەخنە بگرێت و بڵێت بۆچی ئەو خەڵکە دەستگیرکراون، بۆچی بە یەک چاو سەیری هەمووان نەکەین و یەک تەرازوومان نەبێت. لە وڵاتانی دراوسێمان چەند کورد دەستگیردەکرێت و لەسێدارە دەدرێن، ئەی بۆچی ئیخوان هەڵوێستی نەبوو و بڵێت بۆچی ئەو کەسانە دەستگیر دەکرێن؟ بۆچی تەنیا چاویان لەسەر سعودییەیە؟ ئایا دەیانەوێت سعودییەش تێکبچێت و کاول بێت؟ سعودییەش بە دیوارەکانی کەعبەدا وێنەی فڵان و فڵان هەڵبواسێت؟ دەیانەوێت سعودیەش وەک یەمەنی لێبێت.
 
رووداو: بەڵام دەڵێن بەناوی کرانەوەوە سعودییە تێکچووە و هەموو ئەو شتانەی قەدەخەکراون ئێستا رێگەپێدراون. وایە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: ئەی بۆ لە تورکیا ئەم حاڵەتانە نییە؟ لە تورکیا بڕیاردرا هاورەگەزخوازەکان مافیان هەبێت، سەرکردەکەشی بەلای منەوە موسوڵمانە، ئەردۆغان بەلای منەوە موسوڵمانە و خودا شاهێدی ناو دڵمە خۆشم دەوێت و دوعای خێریشی بۆ دەکەم.
 
رووداو: بۆچی ئینتیماتان بۆ سعودییە هەیە، نەوەک وڵاتی خۆتان؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: من ئینتیمام بۆ وڵاتی خۆمە، وڵاتی خۆم کە کوردستانە بە لەپێشتری دەزانم لە وڵاتی سعودییە. من لەم وڵاتە دەژیم و پاراستن و خزمەتکردنی ئەم وڵاتە لەسەر منە، بەڵام سعودییە قیبلەی موسوڵمانانە. لەو روانگەیەوە ئینتیمامان بۆی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا وڵاتی خۆم لەپێش هەموو وڵاتێکە. باشترین بەڵگە و نموونەش کە چەندێکیش قسەمان هاتەسەر لە بابەتی گشتپرسی زۆر بە ئاشکرا لەگەڵ گشتپرسی بووم، لەکاتێکدا سعودییە و زۆرێک لە وڵاتانی سوننە لەگەڵی نەبوون. من رێنوێنی لە سعودییە وەرناگرم؛ نە لە دەسەڵاتداران و نە لە زانایانی سعودی. ئەوەی بزانم شەرعییە ئەوە دەڵێم، خزمەتکردنی میللەتی خۆم و وڵاتی خۆم بە لەپێشتر لە هەمووی دەزانم و حەز بە تێکچوونی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە ناکەم کە لەم وڵاتەدا هەیە. 
 
رووداو: لەنێو فیقهە جیاوازەکانی ئیسلامدا (تەخوین و تەکفیر) زۆر بوون. هۆکارەکەی چییە؟

د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: بەداخەوە بەرامبەرەکەت بە کافر و ناپاک و لادەر بزانی کارەساتە. سەلەفییەت لە هەموو کەسێک لەوە دوورترە. (ئیبن تەیمییە) رەحمەتی خودای لێبێت دەیفەرموو بەرامبەرەکەم کە لەگەڵم ناکۆکە من بە کافر دەزانێت، بەڵام من بە کافری نازانم. سۆفییەک ئێمە بە کافر دەزانێت لەم کوردستانە، تاوەکو ئێستا من بە یەک کەسی سۆفیم نەگوتووە کافر و نایڵێم، من هیچکات ناڵێم ئیخوان کافرە. سەلەفی لە هەموو کەس زیاتر دژی بیرۆکەی بەکافرکردنە، گرفتێکی گەورەی ئیخوان ئەوەیە ئاگایان لە عەقیدە نییە و هەر شتێک ببینێت یەکسەر دەڵێت تۆ کافری و بۆ دۆزەخ دەتنێرێت.
 
رووداو: ئەگەر ئەوان ئێوە بە کافر بزانن، ئێوەش هەموو گرووپەکانی دیکە بە لادەر دەزانن. ئێوە خەڵکی حوجرە و خانەقا و سۆفی و ئیخوان بە لادەر دەزانن. ئێوەش پیتان وایە هەر ئەو کەسە لەسەر رێگەی راستە کە لەگەڵ خۆتانە. جیاوازیتان چییە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: وشەی لادان شتێکە و بە کافردانان شتێکی دیکەیە. بۆ نموونە ئێمە گوتومانە کاکی سۆفی سوجدە بۆ قەبرێک و پەڕۆیەک مەبە؛ گوتومانە کاکی ئیخوان بۆ ئاژاوەنانەوە لەگەڵتان نین. جیاوازییەکە ئەمەیە بانگەوازی سەلەفی بانگەوازی ئامۆژگاری و نەرمونیانییە، هیچکات نەمانگوتووە ئەوەی وەک ئێمە بیرنەکاتەوە کافرە.
 
رووداو: بڕوات بە جیهاد هەیە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: بەڵێ بڕوام پێیەتی و منیش لە رووداو فەتوام دا بۆ پێشمەرگە گوتم رووبەڕوو بوونەوەی داعش جیهادە.
 
رووداو: ئەی بۆچی لەگەڵ ئەو فەتوایەی یەکێتیی زانایان نیت بۆ جیهاد؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: چونکە دەوڵەتەکان توانایان نییە. من لەکوێ توانام هەبێت؟ ئیخوان هیچی توانای نییە. جەنابی د. عەلی قەرەداخی کە فەتوای جیهادی دا چاوەڕێمان دەکرد لە غەززە بیبینین و جیهادی ئیسرائیل بکات، کەچی لە کوردستان بینیمان و جیهادی سەلەفییەکانی دەکرد. جیهاد تاجی سەمانە، بەڵام کاتێک جیهاد دەکرێت کە وڵاتێک پێی هەستێت، بەڵام ئەمانەی ئێستا خۆیان مشەوش کردووە و هیچیان بەدەست نییە، نە جەنگیان بەدەستە و نە ئاشتی. ئایا هەموو ئیخوانی دونیا کۆببێتەوە دەتوانێت ئەو جەنگەی غەززە رابگرێت؟ نەخێر ناتوانن و ئەوە کاری ئەمان نییە بەڵام خۆیان کردووە بە شتی گەورە. غەززە کارەبای لە ئیسرائیلەوە بۆ دێت، ئاوی لە ئیسرائیلەوە بۆ دێت، ئینتەرنێت و دەرمان و هەموو شتێکی لەنێو ئیسرائیلەوە بۆ دێت، فڕۆکە و تانک و هیچ شتێکی نییە ئیتر چۆن جیهاد دەکات؟ ئەگەر دەڵێن ئێمە زەلیلی قبووڵ ناکەین ئەی بۆچی پێغەمبەر (د.خ) لە سوڵحی حودەیدییە کۆمەڵێک مەرجی قبووڵ کرد بۆ پاراستنی خوێنی موسوڵمانان.
 
رووداو: رەنگە ئەم پرسیارەت بەلاوە سەیر بێت، بەڵام چۆنە تۆ و دۆناڵد ترەمپ یەک بۆچوونتان لەسەر حەماس و غەززە هەیە، لەبارەی هەڵسەنگاندن و لێکەوتەکانی جەنگ و هەموو پێداویستییەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: ئەگەر دوو کەس هەمان بۆچوونیان هەبێت، بەڵام هەرکەسیان لە روانگەیەکەوە لە بابەتەکە بڕوانێت مانای ئەوە نییە یەک کەسن. ئێستا کە ئیخوانەکان لەگەڵمان ناکۆکن، دەتوانن بێن بڵێن ئاو و کارەبا و پیداویستییەکانی غەززە و کرێکارەکانی غەززە کە رۆژانە دەچوون لە تەلئەڤیڤ کاریان دەکرد، دەتوانن بڵێن هەموو ئەو شتانە لە ئیسرائیلەوە نەدەهات، ئەمە واقیعە جا موسوڵمانێک دان بە واقیعەکەدا بنێت یان کافرێک دانی پێدا بنێت، مانای وا نییە ئەم دوو کەسە وەکو یەکن.
 
رووداو: ئێوەی سەلەفی کێ بە وەلی ئەمری خۆتان دەزانن؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: وەک کوردستان وەلی ئەمری من سەرکردەی ئەم وڵاتەیە کاک (مەسعود بارزانی) خودای گەورە بیپارێزێت و بیهێڵێت لەسەر حەق؛ پێشتریش (مام جەلال) من بە سەرۆکی هەموو عێراقم زانیوە ئەمانە وەلی ئەمری ئێمەن.
 
رووداو: ئەی محەممەد بن سەلمان، یان مەلیک سەلمان؟ 
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: وەلی ئەمری من نین، وەلی ئەمری وڵاتی خۆیانن. لێرە کێ بڕیاری بەدەستە و موسوڵمانە، ئەوە کاربەدەستە. من دەیڵێم و شەرم ناکەم، بەڵام سەرکردەی حیزبە ئیسلامییەکان بە دزییەوە دەچن ئەمە دەڵێن. ئەگەر ئەمانە کاربەدەست نین بۆچی سەردانیان دەکەن، بۆ نموونە لە سلێمانی ئەگەر کاک بافڵ و کاک قوباد کاربەدەست نین، بۆچی سەردانیان دەکەن و رێککەوتنیان لەگەڵ دەکەن؟ کاک مەسرور بارزانی ئەگەر دەسەڵاتدار نییە بۆچی دەچن سەردانی دەکەن؟ ئەگەر کاک (مەسعود بارزانی) لە سەروو هەموویانەوە نییە و شتی بەدەست نییە بۆچی سەردانی دەکەن؟ وەلی ئەمر واتە کاربەدەست، کاری بەدەستە. حیزبە ئیسلامییەکان سیاسەتی دووفاقییان هەیە، سەرکردەکانیان ئەم بەرپرسانە بە وەلی ئەمر و کاربەدەست دەزانن، بەڵام خوارخۆیان وا پەروەردە کردووە کە ئەمانە تاغووتن و کافرن و ئیسرائیل دایناون، نازانم وشەی وەلی ئەمر بەچی تێگەیشتوون ئەمانە.
 
رووداو: واتا جەنابی (بارزانی) بە وەلی ئەمر دەزانیت؟
 
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: بێگومان، دوعای خێریشم بۆی هەیە و خودای گەورە بیانپارێزێت و تەمەنیان درێژبکات بۆ هەموو کارێکی چاک بۆ ئیسلام و مسوڵمانان و وڵاتەکەمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ رووداو: شکستی مێرتس شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ وڵاتەکە

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، رایگەیاند کە شکستهێنانی فرێدریش مێرتس لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ پۆستی راوێژکاری، "شەرمەزارییەکی گەورەیە نەوەک هەر بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ هەموو ئەورووپا."