حاجی سەلام: رووداو رۆڵێکی باڵای هەبوو لە سەرکەوتنی پێشانگەی خانووبەرەی هەولێر

10-09-2021
بەختیار عەبدولعەزیز
حاجی سەلام خاوەنی کۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە هەولێر
حاجی سەلام خاوەنی کۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە هەولێر
نیشانەکردن پێشانگەی خانووبەرەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خاوەنی کۆمپانیاکانی خانووبەرەی حاجی سەلام پێشانگەی نێودەوڵەتیی خانووبەرە لە هەولێر بە سەرکەوتوو ناودەبات و دەڵێت سەدان گرێبەست کراون و هەموو خاوەن پرۆژەکان رازیبوون. هەروەها ئاماژە بە رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرخستنی پێشانگەکە دەکات و پێیوایە "رووداو رۆڵێکی زۆر زۆر باڵای هەبووە لە پێشخستنی ئەو پیشانگەیە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ حاجی سەلام خاوەنی کۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە هەولێر
 
رووداو: پێشانگەکە لە ئاست چاوەڕوانیی ئێوە بوو یان هێشتا ماویەتی؟
 
حاجی سەلام: پێشانگەکە سەرکەوتوو بوو، زۆربەی کۆمپانیاکان پێویستییان بە پێشانگەیەکی وا هەبوو. ئامانجیشمان ناساندنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بوو بە کۆمپانیاکانی بیناسازیی بۆ ئەوەی کەرەستەکانی بیناسازیی لەدەرەوە هاوردە نەکرێت و هەر لێرە دابین بکرێت. هەر کۆمپانیایەک بیەوێت لەگەڵ کارگەکانی بەرهەمهێنانی بۆ نموونە کارەباییات، ئەلەمنیۆم، چیمەنتۆ، شیش و کەرەستەکانی دیکەی بیناسازیی کاربکات و گرێبەستیان لەگەڵ بکات، کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە، بەڵام لەم پێشانگەیەدا و لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا دەتوانێت ئەو گرێبەستانە بکات و ئێمەیش ئاگادارین چەندین گرێبەست کراوە.
 
رووداو: لە پێشانگەی 2021 تاوەکو چەند توانیوتانە کڕیار و فرۆشیار لەیەک نزیک بکەن؟
 
حاجی سەلام: من ئاگادارم زۆربەی زۆری خاوەن پرۆژەکان گرێبەستیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیناسازی و لەگەڵ کارگەکان لەو پێشانگەیە. زۆربەی خاوەن پرۆژە نیشتەجێبووەکان خستنەڕووی تایبەتیان کردووە بۆ پرۆژەکانیان تایبەت بە هاووڵاتیان. ئێمە وەکو کۆمپانیای خۆمان پرۆژەیەکمان خستووەتەڕوو کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 95 ڤێلای لێ فرۆشتووە کە خاوەن پرۆژەکە نرخەکەی دابەزاندووە و ئێمە بۆمان فرۆشتووە. ئاگامان لێیە کە چەندین کۆمپانیای خانووبەرەی دیکە و چەندین کۆمپانیای دیکە لەنێو پێشانگەکە دابەزینی تایبەتییان لە نرخ کردووە بۆ ماوەی ئەو چەند رۆژە.
 
رووداو: خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەو پێشانگەیە جگە لە بەشداریی کۆمپانیا بیانییەکان، ئەو ئۆفەرانە بوو کە خرانەڕوو، هەم لە داشکاندن و دابەزاندنی نرخەکان و هەمیش لە جۆری قیستەکان و هەروەها دانانی خەڵات بۆ فرۆشتنی پرۆژەکان، ئەم ئۆفەرانە کاریگەریی هەبووە لەسەر زیاتر فرۆشتنی خانووبەرە لە پێشانگەکە؟
 
حاجی سەلام: زۆربەی کۆمپانیاکان ئۆفەریان هەبوو و جۆرەکانیشی جیاواز بوون، کۆمپانیا هەبوو خەڵاتی دەدا و خاوەن پرۆژەش داشکاندنی لە نرخەکان دەکرد، ئێمە پێمانوایە هاووڵاتی بیەوێت بچێتە ئەو هەموو پرۆژانە ماوەیەکی زۆری دەویت تاوەکو بچێت و لەگەڵیان دابنیشێت و شوێنەکە دەبینێتەوە، بەڵام لێرە لەماوەی چەند کاژێرێک ئەو هەموو پرۆژەیە دەبینێت و باشترین پێشوازیشیان لێدەکرێت.
 
رووداو: چەند شوققە فرۆشراوە؟ چەند گرێبەست بۆ کڕینی ڤێلا کراوە؟ بەگشتی لێرە چی روویداوە بە ژمارە؟
 
حاجی سەلام: ئێمە لە کۆمپانیای خۆمان نزیکەی 95 گرێبەستمان کردووە. بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی پێشانگەکەش بە تەواوی رابگەیێندرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هەر کۆمپانیایەک چی کردووە لەماوەی ئەو چەند رۆژەی پێشانگەکە. بەڵام لە هەرکەس دەپرسی دەڵێت زۆر زۆر باش بووین و فرۆشی باشمان کردووە.
 
رووداو: باسی پرۆژەیەکت کردبوو پێش هەڤپەیڤینەکە کە فرۆشی زۆر زۆری کردووە، ئەو پرۆژەیە چەند فرۆشی هەبووە؟
 
حاجی سەلام: لە یەک رۆژدا لەکۆی 120 یەکەی نیشتەجێبوون 95 مان فرۆشتووە و ئەوە لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمە نەبوو.
 
رووداو: رۆڵی میدیا چۆن بوو و رووداو چ کاریگەرییەکی هەبوو لە سەرکەوتنی پێشانگەکەدا؟
 
حاجی سەلام: ئێمە پێمانوایە هەموو ئەو دەزگا راگەیاندنانە کاریگەریی زۆریان هەبوو و بە تایبەتیش رووداو. ئێمە دەبینین رووداو لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن زیاتر لێرە بوونی هەیە. ئێمە دەستخۆشیی لە رووداو دەکەین و بەراستی رۆڵێکی زۆر زۆر باڵای هەبووە لە پێشخستنی ئەو پیشانگەیە.
 
رووداو: ئێوە لەو پێشانگەیە توانیوتانە چەند سەرمایە لێرە لەدەوری یەک کۆبکەنەوە کە کۆمپانیا هەیە سەرمایەکەی ملیار دۆلارییە و لێرە بەشدارە؟ تەنیا لە هەولێر باسی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە لە سەروو 11 ملیار دۆلار دەکرێت، ئێستا ئەم کۆمپانیایانە هی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن کە لێرەن.
 
حاجی سەلام: دەوڵەمەندترین کەسەکان لە جیهان ئەوانەن موڵکیان هەیە، ئەوانەی لەم پێشانگەیە بەشدارییان کردووە خاوەن پرۆژەی زۆر گەورەن. ناتوانم بە ژمارە بە وردیی بڵێم چەندە، بەڵام دەوڵەمەندترین سێکتەر لە جیهان خانووبەرەیە.
 
رووداو: لەساڵی 2020 کەرتی خانووبەرە لە جیهان سست بوو، ئایا لە ساڵی 2021 بازاڕی خانووبەرە گەرمبووە؟ توانیویانە قەرەبووی زیانەکانی ساڵی 2020 بکەنەوە؟
 
حاجی سەلام: ئێمە بە داتا هەمانە و ساڵانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەیخەینەڕوو. لە 2017 تاوەکو مانگی 5ـی 2018 بازاڕ زۆر خراپ بوو بەهۆی داخرانی سنوور و فڕۆکەخانەکان، دوای مانگی 5 کە فڕۆکەخانەکان کرانەوە هەر لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئەگەرچی بەهۆی کۆرۆناشەوە تۆزێک بازاڕ سستی بەخۆیەوە بینی، بەڵام تاوەکو ئێستا بازاڕ هەر بەرەو بەرزبوونەوەیە و بەرەو دابەزین نییە و بەراورد بە 2017 زیاتر لە 20% بازاڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە