محەممەد ئۆجەلان: ئەگەر ئامانجی بەڕێوەبەرانی دەم پارتی کوردستان بووایە بە کوردی قسەیان دەکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
 هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ محەممەد ئۆجەلان
هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ محەممەد ئۆجەلان
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد ئۆجەلان، کە نزیکەی دوو ساڵ لە براکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچووکترە، بەتووندی رەخنە لە بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی  parti (DEM  دەگرێت کە زمان و کاری سیاسییان هەمووی بە کوردی نییە و دەڵێ بە کوردی قسەکردنی ئەوان تەنیا بە "سێ وشە" یە "«مەرحەبا، سەرسەران، سەرچاڤان» و پاشان دەست بە زمانێکی دیکە دەکەن. زمانی کوردییان قەدەخەکردووە". 
 
هەروەها دەڵێ ئەو راستەوخۆ رەخنەی لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی گرتووە و پێیگوتوون " «ئێوە ئێمەتان نەکردە کورد، ئێوە ئێمەتان کردە تورک.» گوتیان « ئەوە قسەیەکی زۆر قورسە پێماندەڵێی». منیش پێمگوتن، ئەوە راستییەکەیە". هەروەها محەممەد ئۆجەلان لە تووڕەبوونێکی زۆر لە پشتگوێخستنی قسە و کارکردن بە کوردی لەلایەن دەم پارتییەوە دەڵێ " خەمی ئەوان کوردستان نییە، ئەگەر خەمی ئەوان کوردستان بووایە بە کوردی قسەیان دەکرد". 
 
محەممەد ئۆجەلان، کە رۆژی ٤ی نیسان لە گوندەکەیان لە ئامارا کە سەر بە رووها (ئۆرفا)یە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد گوتی "ئەوانەی دەم پارتی سوێندیان خواردووە هەموو شتێکیان بە تورکی بکەن... کاری  ٢٤ سەعاتەیان ئەوەیە . تورک هەندێک جار دەیانگرن، بەڵام لەخۆڕایی ئەوان دەگرن، چونکە هەر خزمەتی ئەوان دەکەن".
 
هەڤپەیڤین: ماشەڵڵا دەکاک 
 
رووداو: لە گوندی (ئامارا)ی زێدی رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، ئەم کاتەتان باش بینەرانی هێژا. ئەمڕۆ ئێمە لە ئاماراین و میوانێکی بەڕێزمان هەیە؛ کاک محەممەد ئۆجەلان، برای رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان. لەگەڵ ئەو سەبارەت بە رۆژەڤ، نێوەڕۆکی دیدارەکانی ئیمراڵی و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی کوردی گفتوگۆ دەکەین. بەخێر بێیت، سەرچاوان. هەر راستەوخۆ لەم پرسیارەوە دەست پێبکەم؛ تۆ چەند جار سەردانی ئیمراڵیت کردووە و لەو دیدارانەدا لەگەڵ براکەت باسی چیتان کردووە، ئەو لەوێ خەریکی چییە و بابەتەکانتان زیاتر چی بوون؟
 
محەممەد ئۆجەلان: ئۆجەلان، راستەوخۆ دەتوانم بەم شێوەیە بڵێم، ئەوەی بە چاوی خۆم بینیومە و بە گوێی خۆم بیستوومە، لە شەش مانگی رابردوودا کە سێ جار سەردانمان کردووە . ئەو ٢٤ کاژێر دەڵێت چۆن کێشەی کورد چارەسەر بکەم؟. گوتی: «ئێوە بە ئاسانی دێن و دەچن بۆ ئێرە. کاژێرێک یان دوو کاژێر گفتوگۆ دەکەین، بەڵام لە مێشکی مندا، (کە ئەم دواییانە چوار هەڤاڵی دیکەش لەلای ئەون)، ئێمە لەگەڵ یەکتر بە وەخت و ناوەخت، کۆبوونەوە دەکەین و دەڵێین چۆن کێشەی کورد چارەسەر بکەین»، گوتی: جگە لەوە زیاتر خەریکی هیچ شتێکی دیکە نیم. ئامانجێکم هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و ئەوەی چۆن دەتوانین ئەو خوێنەی دەڕژێرێت، رابگرین. چۆن دەتوانین کێشەی کورد لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیانەدا چارەسەر بکەین. شەو و رۆژ پڕۆژەکانمان لەسەر ئەم بابەتەیە.
 
رووداو: بەڕێز ئۆجەلان سەبارەت بە زمانی کوردی چۆن بیر دەکاتەوە؟ روانگەی ئەو چ بوو و داخوازییەکانی لەو بارەوە چ بوون، لە مێشک و هزری ئەودا چ هەبوو؟
 
محەممەد ئۆجەلان: گوتی، ئەگەر یەکێک کوردبێت و لە ماڵەکەیدا لەگەڵ منداڵەکانی بە کوردی قسە نەکات و سیاسەت بە کوردی نەکات، من ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەم. من خۆم سیاسەت ناکەم، ئێمە ٥٠ ساڵ لە ماڵێکدا گەورەبووین و تاوەکو ماوەیەک پێکەوە ژیاین. جیاوازی تەمەن لە نێوانماندا ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵە. هەموو شتێکی سەرۆک بۆ ئەم وڵاتە بوو، کاتێک چووە  قوتابخانە وەک کوردێک، زمانی تورکی نەدەزانی. مێشکی ئەو باش کاری دەکرد. فێری تورکی بوو و خاوەندارێتی لە گەلی کورد کرد. گەلی کورد لە چ بارودۆخێکدایە، ئەوە بە ئێوە دەڵێم؛ جاران کە منداڵ بووین، شەرممان لە کوردبوونی خۆمان دەکرد؛ نەماندەگوت ئێمە کوردین. لە رووها (ئۆرفا) عەرەب زۆرن، بەڵام لە خەلفەتی کەمن. لێرە (خەلفەتی) تورکمان هەن، دەمانگوت ئێمە تورکمانین، لەکاتێکدا تورکیشمان نەدەزانی. ژیانمان بەوشێوەیە تێپەڕی. لەوانەیە ئێستاش بەشێکی کورد هەروابێت، بەشێکیان هەبوونی راستەقینەیان قبوڵ نەکەن، بەڵام ئەم بزووتنەوە کوردییە و تێکۆشان لە باکوور، میللەتی لە مردن رزگار کرد. باسی ئەم دواییانە بکەم، سێ جار بۆ کێشەی کورد و هەروەها بۆ پرۆسەکە چووم. گوتی: «ببینە، با هەموو کەس ئەمە باش بزانێت، ئێمە ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا هەموو شتێک دەکەین، نامەوێت نێوەڕۆکەکەی باس بکەم، هەموو کەس هەمووی دەزانێت، بۆ ئەوەی تورکیا بوونی کورد قبوڵ بکات، بەڵام تورکیا بوونی کورد قبوڵ ناکات. ببینە هەموو زمانێک قبوڵ دەکات، بەڵام بوونی کورد قبوڵ ناکات. سێ جار لەسەر یەک ئەمەی گوت و جاری کۆتاییش دووبارەی کردەوە. گوتی دەبێت لەمەودوا ئەو کوردانەی لە کوردستان و هەر شوێنێک سیاسەت دەکەن، لەسەر دامەزراوەکانیان بە کوردی بنووسن، لە کۆبوونەوەکانیاندا بە کوردی قسە بکەن و لە هەر شوێنێک بن هەموو شتێکیان بە کوردی بکەن و لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی قسە بکەن. لەبەرئەوەی دەوڵەت زمان و کولتووری کوردی قبوڵ کردووە، دەبێ ئێمەش ئەمە لە ژیانی رۆژانەماندا بەکاربێنین» . ئێمە جار جار ئەمەمان بە دەم پارتی (DEM) گوتووە، بە پەرلەمانتارەکانمان گوتووە، بەو شارەوانییانەی کوردستان گوتووە کە قەیومیان بەسەردا نەسەپێنراون و بە هەموو کەسمان گوتووە. هەموو کەس فێری ئەمە بووە، چ سەرۆک شارەوانییەکانمان، چ پەرلەمانتارەکانمان، نامەوێت ئەمە بڵێم، بەڵام من ئەمەم لە دوورگەی ئیمراڵیش بە سەرۆک گوتووە. فێربوونە سێ شت (وشە) دەڵێن، دەڵێن «مەرحەبا، سەرسەران، سەرچاڤان» و پاشان دەست بە زمانێکی دیکە دەکەن. زمانی کوردییان قەدەخەکردووە.
 
رووداو: بە بڕوای تۆ، ئایا سیاسەتی کورد بە قسەی ئۆجەلان دەکات، یان هەموو شتێک بە ئارەزووی خۆیان بەڕێوەدەبەن؟
 
محەممەد ئۆجەلان: ئێستا ئەگەر راستەوخۆ بیڵێم، لە ماوەی ٢٧ ساڵ دا، دەوڵەت هەمیشە گۆشەگیریی پەیڕەوکرد، بەڵام سەرۆک قسەکانی خۆی دەکردن. راستییەکەی ئەمەیە؛ ئەگەر ئەوانەی سیاسەتی کوردییان دەکرد، بەپێی قسەکانی سەرۆک بجوڵانایەتەوە، ئێستا کێشەی کورد لە قۆناخێکی دیکەدا دەبوو. من بە هەموو کەسم گوت، چونکە وەک مرۆڤێک بە منی گوت و منیش چووم بۆ ئەنقەرە و دیاربەکر و بەوکەسانەی سەرکردایەتیی سیاسەتی کوردی دەکەن، قسەکانی سەرۆکم پێگوتن. قسەکانمان وەک تێبینی دەنووسین و هەروەها بە زارەکی پێماندەگوتن. ئەوانیش دەیانگوت «سەرسەران و سەرچاڤان»، بەڵام ئەوەی پێویست بوو بیکەن، هەرگیز نەیانکرد. ئەگەر دوای ساڵی ٢٠٠٥ بزووتنەوەی کورد پڕۆژە و قسەکانی سەرۆکیان جێبەجێبکردابان، لەوانەیە کێشەی کورد زۆر لەمێژبووایە چارەسەر ببووایە. دەیانگوت باشە، بەڵام دیسان بە کەیفی خۆیان دیزاینیان دەکرد.دەتوانم بە کورتی ئەمە بڵێم، من شاهێدم، لەم ٢٧ ساڵەدا بە گوێی خۆم بیستوومە و بە چاوی خۆم بینیومە و قسەی سەرۆکیشم پێگەیاندوون.کوردانی ئێمە لێرە، دامەزراوە دیموکراسییەکانمان، سیاسەتڤانەکانمان، تەنانەت هەڤاڵێک کە ٣٢ ساڵ لە زیندان مابووەوە لەوێبوو، پێمگوتن: «ئێوە ئێمەتان نەکردە کورد، ئێوە ئێمەتان کردە تورک.» گوتیان « ئەوە قسەیەکی زۆر قورسە پێماندەڵێی». منیش پێمگوتن، ئەوە راستییەکەیە. من ئەمە بۆ بزووتنەوەی زیندان ناڵێم، بەڵکو بزووتنەوەی دەم پارتی (DEM) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە  (DBP و دامەزراوە دیموکراسییەکان لێی بەرپرسیارن. ئەو شتە ئاگری لەناوەوە و ناخی ئێمە بەرداوە. دەڵێن «ئێمە لەگەڵ سەرۆکین و قسەکانی جێبەجێ دەکەین»، بەڵام بەهیچ شێوەیەک جێبەجێی ناکەن.
 
رووداو: کاک محەممەد، رەخنەکانت لە سیاسەتی کوردی چین، تۆ زیاتر لە چی نیگەرانی و چی ئەوانت بە دڵە؟
 
محەممەد ئۆجەلان: با کەس لێم زویر نەبێت، نامەوێت ئەمەش بڵێم، بەڵام ئەوانەی لێرەن، تەماشا بکە رووها شارێکی گەورەیە، گەورەترین مێترۆپۆڵی کوردستان رووهایە، دەم پارتی (DEM) و ئەوانەی هاوکاریی پارتەکە دەکەن، داهاتوو بە ئاورەزووی خۆیان دیزاین دەکەن. من ئەوان شەرمەزار دەکەم. من باش دەزانم، من خۆم لە رووها گەورە بووم، هەموو شوێنێکی پێدەزانم و دەزانم کێ چی دەکات. لێرە شتێکیان پێداون، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا دڵی سیستەم نەشکێنن. بە ئارەزووی خۆیان دیزاینی دەکەن. من لە رێگەی پەخش و تەلەڤزیۆنەکەتانەوە دەڵێم، من ئەوان شەرمەزار دەکەم. ئەمە راست نییە. کورد شایەنی ئەمە نییە. کورد قوربانی زۆر گەورەی داوە. لە هەموو شوێنێک داویەتی؛ لە رۆژئاوا داویەتی و لە باشووریش داویەتی، تائێستا لە رۆژهەڵاتیش دەیدات و، تائێستاش بەردەوامە. بەڵام کوردی باکوور و دامەزراوە دیموکراسییەکانیان، کوردیان ئازاد نەکرد. نامەوێت بیڵێم، بەڵام ناچارم بیانڵێم. لە زۆر شوێن گوتوومە، بەو سەرۆکانەی کە رێکخراوەکانی بزووتنەوەی کورد بەڕێوەدەبەن، بە هەموویانم گوتووە. دەڵێن باشە، بەڵام کاتێک لەوێ دەڕۆین، بە زمانێکی دیکە قسە دەکەن. دووبارە رەخنەیان لێدەگرم. ئەمە قبوڵ ناکرێت . سەرۆک گوتی ئێمە بۆ کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەت دانوستاندن دەکەین، دەوڵەت گوتی ئێمە لە باکووری کوردستان هەبوونی کوردمان قبوڵکردووە، ئەی ئێوە بۆچی قبوڵی ناکەن؟ هەموو شتێک بە ئارەزووی خۆیان دیزاین دەکەن. گوناحە، قوربانی زۆر گەورە دراون. باوەڕ بکە، گەلی کوردیش ئەمە قبوڵ ناکات.
 
رووداو: بۆچی سیاسەتڤانان کورد سیاسەتی خۆیان بە زمانی کوردی ناکەن؟
 
محەممەد ئۆجەلان: سەرۆک لەسەر ئەم بابەتە قسەی کرد، بە پارێزەرەکانیشی گوت؛ گوتی «محەممەد زۆر دەڵێت، من ٥٠ ساڵ هەموو شتێکم بۆ کورد کرد، هەموو کەس ئەمە دەزانێت». گوتی «چاو و جەستەم فەوتاون. محەممەد، تۆ قسەم لەگەڵ دەکەی، بەڵام دەوڵەت ٢٦-٢٧ ساڵە زمانی کوردی منی قەدەخە کردووە، کەچی هێشتا کوردییەکەی من لەوەی تۆ باشترە». ئەمەی وەک گاڵتە گوت و وەک راستیش گوتی. گوتی کوردیی خۆتان باش بکەن؛ لەوکات دا پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەریش لەلام بوو کە کوڕی منە. پێیگوت «کوردیی من لەوەی ئێوە باشترە. گوتی ئێمە پرۆسەیەک بەڕێوەدەبەین و ئەوەی لە دەستمان هات کردوومانە و دەشیکەین، بەڵام تەنیا بە لایەک چارەسەری بەدینایێت». ئێمە دەبینین لە هەموو شوێنێک، لە ژوورەکان و لە شوێنی راحەت دانیشتوون و رەخنە لە سەرۆک دەگرن. ویژدانتان هەبێت. سەرۆک برای منە و من باش دەیناسم. سەرۆک ٦٠ ساڵی تەمەنی بۆ بزووتنەوەی کورد دا، تەنانەت ماڵیشی نییە. لە کتێبەکانیدا و بە ئێمەشی دەڵێت «من بۆ دایکی خۆم چوار مەتر قوماشیشم نەکڕی، هەرچییەکم کرد، هەمووی بۆ کورد بوو». بەڵام ئەوانەی لە سووچەکاندا دانیشتوون و پۆست دەکەن و، دەڵێن کوردی هەڵخەڵەتاندووە. ئێمە بەهیچ شێوەیەک قسەی ئەوان قبوڵ ناکەین. یان ئەوان دەوڵەتی تورکیا ناناسن، یان کورد ناناسن. ئێمە دەتوانین رەخنەی گەورە لە بزووتنەوەی کورد بگرین.
 
رووداو: بەڕێز ئۆجەلان سەبارەت بە چەپەکانی تورک چۆن بیر دەکاتەوە، چونکە ئەم بابەتە زۆر رەخنەی لێدەگیرێت، چی بە تۆ گوت؟ کاتێک ئەو فکری خۆی گوت، تۆ چ وەڵامێکت دایەوە و چیتان لەسەر چەپی تورک گوت؟
 
محەممەد ئۆجەلان: سەبارەت بە داهاتوو چەند پرسیارێکی لێکردم، گوتی دەبێت لە کوردستان بزووتنەوەکە گەورە بکەین و خاوەن کار و کارسازەکان بێنە ناو بزووتنەکەوە. گوتی دەبێ چەپەکانی تورکیش بەشدار بکەین. من پێمگوت: چەپی تورک ناوی هەیە، بەڵام پێگەکەیان روو لە ئێمە ناکات. راستەوخۆ پێمگوت، من لە چەپی تورک تووڕە نیم، بەڵام ئەوان ماڵێکیان بۆ خۆیان دروست نەکردووە، چی بۆ ئێمە دەکەن؟ قسەی دڵی خۆمم لە دوورگەی ئیمراڵی  گوت. گوتم لە کوردستان، لەگەڵ ئەو کارساز و سەرمایەدارانەی کە کوردبوونی خۆیان قبوڵە، دەتوانن بزووتنەوەکە گەورە بکەن. گوتی بۆ داهاتوو پڕۆژەیەکمان هەیە و دەمانەوێت بزووتنەوەی کورد لە کوردستان گەورە بکەین. دەبێت هەموو کەس بەشدار بکەین و کەس لە دەرەوە نەهێڵینەوە. سەبارەت چەپی تورک ئەوەی گوت، بەڵام من هاتمە ناو قسەکانییەوە و پێمگوت:راستە، ئێمە برایەتی ئەوان قبوڵ دەکەین، بەڵام بەومەرجەی ئەوانیش برایەتی ئێمە قبوڵ بکەن، ئێمە دەیکەین. بە یەک لایەنە و ئەگەر کورد ببێتە تورک، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین. کورد با کورد بمێنێتەوە و برایەتی گەلانیش بەردەوام بێت. بەڵام کوردانی ئێمە و خەباتکارەکانمان کە خەبات دەکەن، دەڵێن ئێمە دەتانکەینە تورک و بەوشێوەیە برایەتی بکەین. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەین. ئێمە دووژمنی تورک نین، ئێمە برایەتیمان دەوێت. بە زۆر لە هەڤاڵە تورکەکانیشم گوتووە، من بە تورکی برایەتی تۆ قبوڵ دەکەم، بەڵام دەبێت تۆش بە کوردی  برایەتی من قبوڵ بکەیت. ئینکارم مەکە و مەڵێ وەرە بە تورکی ببینە برا؛ ئێمەش دەڵێین دەبێت کولتوورمان بە کوردی بێت. ئەگەر راستی نەڵێی، لە داهاتوودا چارەسەری پێکنایێت . تەماشاکە، دووبارە دەیڵێمەوە و بە ئێوەشی دەڵێم؛ بە کوردی باشوور، بە کوردی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتیش دەڵێم، بە هەر چاوێک سەیری سەرۆک دەکەن با بیکەن، سەرۆک گوتی بە بزووتنەوەکانمان لەوێ بڵێن، دەبێت لە باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات یەکبوونی کورد دروستببێ. جگە لەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هیچ چارەیەکی دیکە بۆ کورد نییە. دەبێت بۆ هەموو پارچەکان شتێک بکەین و یەکگرتوویی دروست بکەین.

 

ئەوەشتان پێبڵێم؛ سەرۆک ٢٧-٢٨ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی دایە. هەندێک دەڵێن شوێنەکەی باش و خۆشە. تۆ پارچە ئاسنێک ٢٧ ساڵ لە دوورگەی ئیمراڵی دابنێی، ئاسنەکە دەڕزێت. جیاوازی تەمەن لەنێوان من و سەرۆک دا ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵە، سەیری باری فیزیکییم کرد، بینیم چاوەکانی و جەستەی خراپ بووە. شاند دێت و دەچێت، ئەوانەی ئێمە هەموو شتێک خۆش نیشاندەدەن و دەیکەنە گوڵ و گوڵزار، بەڵام ئەمە راست نییە. لە کۆتاییدا دەتوانم ئەمەتان پێبڵێم.
 
رووداو: تۆ دەڵێی، سیاسەتڤانانی کورد، هاوسەرۆک شارەوانییەکان، سەرۆکی دامەزراوەکان، بەڕێوەبەر و پەرلەمانتاران سیاسەت بە ئارەزووی خۆیان دیزاین دەکەن، مەبەستت چییە؟
 
محەممەد ئۆجەلان:  ببینە سەبارەت بە رووها چی گوت؛ گوتی ئەگەر سیاسەتی ئێمە لە رووها وەک خۆی جێبەجێبکرابووایە، ئێمە ٢-٣ هێندە زیاتر گەورە دەبووین. کێشەیەک لە ئێوەدا هەیە. ئەوەی بە منی گوت: «تۆ من باش دەناسی، لە تەنیشتت خەلفەتی، هەواگ، بیرەجیک و سرووج هەیە، چاودێری ئەو شوێنانە بکەن. ببینە ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن بەبێ سەرۆک بڕیار دەدەن، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت». بەڵکو لە ئامەدیش، لە مێردین، ئاگری، قەرس، وان، جۆلەمێرگ و باتمانیش هەر وابێت. تاقمێک دروستبووە و بە خۆی بڕیار دەدات. ئەم سیاسەتە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێت. ببینە کورد ٤٥ هەزار قوربانی داوە، رۆڵەی کورد تێیداچوون، بەڵام تۆ ناتوانی بەپێی ئەوە خۆت دیزاین بکەیت. سەرۆک گوتی؛ من ئەمە قبوڵ ناکەم، گوتی ئەگەر من رۆژێک بێمە دەرەوە، ئێوە لە رووها %٢٠-٣٠ی دەنگەکان دەهێنن، بەڵام من دەیکەمە %٥٠-٦٠. گوتی ئێوە بۆچی ناتوانن شتەکان وەک خۆیان بکەن. بێگومان بە ئێمەی گوت لێرە بڕوانن، بەڵام لێرە کەس سەیری میللەت ناکات. بە ئارەزووی خۆیان دیزاینی دەکەن. خەباتکارانی دەم پارتی  (DEM) و دەبەپە (DBP) بە ئارەزووی خۆیان دیزاین دەکەن، بە کەیفی خۆیان دایدەڕێژن. سەرۆکەکان بە ئارەزووی خۆیان دیاری دەکەن، گەل خەمی ئەوان نییە. کوردستان خەمی ئەوان نییە. ئەگەر کوردستان خەمی ئەوان بووایە، بە کوردی قسەیان دەکرد. هەردەڵێی کوردییان لە خۆیان حەرام کردووە. خەباتکارانی دەم پارتی و هەروەها خەباتکارانی دەبەپە، بەڵام ئەوانەی دەبەپە هەندێکیان باشن، با حەقی ئەوان نەخۆین ، بەڵام ئەوانەی دەم پارتی سوێندیان خواردووە هەموو شتێکیان بە تورکی بکەن. میللەتی ئێمەیان کردووە بە تورک. ئێمەش میللەتێکین ، بەڵام ئەوان ئێمەیان کردووەتە تورک. کاری  ٢٤ سەعاتەیان ئەوەیە . تورک هەندێک جار دەیانگرن، بەڵام لەخۆڕایی ئەوان دەگرن، چونکە هەر خزمەتی ئەوان دەکەن. ئەی بۆچی دەیانگرن؟ من بە ئاشکرا دەیڵێم. با بێن لەبەردەم من دا بیڵێن. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر گوتنی راستی . ئەگەر کەموکورتییەک لەم قسانەی من دا هەیە، با بێن پێمبڵێن و رەخنەم لێبگرن. ئەز کراوەم بۆ رەخنە و دەتوانن هەموو شتێکی خۆیان بڵێن، بەڵام ئەو راستییەی من دەیبینم ئەمەیە، وڵاتی ئێمە ئەمەیە و ژیانمان بەوشێوەیە.
 
رووداو:  دوایین پرسیارم ئەوەیە، سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان زۆر شت روویاندا و بووە رۆژەڤی هەموو کورد و جیهان. ئۆجەلان راستەوخۆ و بەبێ دەستکاریکردن چی بە تۆ گوت؟
 
محەممەد ئۆجەلان: سەرۆک شەش مانگ لەمەوبەر ئەمەی گوت: «با سەرۆکەکانی رۆژئاوا ئامادەکارییەکانی خۆیان بکەن. لە مەترسیدان، ئێوە خۆتان بچن پێیانبڵێن کە رۆژئاوا لە مەترسیدایە. لەلایەکەوە تورکیا و لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد شەرع،  لەناویان دەبەن. با ئامادەکاری خۆیان بکەن». هەمان شت روویدا. گوتم جاران دەیانگوت شێخ و مەلا لە غەیب دەزانن، بەڵام لێکدانەوەکانی سەرۆک باشن. گوتی با رۆژئاوا لەگەڵ هەموو لایەک، پرۆتۆکۆڵی راستەوخۆ واژۆ بکات. ئەمە زۆر گرنگە، وانییە؟ دەزانیت چی دەڵێم. گوتی دەتوانن  لەگەڵ هەموو کەس پرۆتۆکۆڵ دروست بکەن . ئێرانیش لەنێویاندا، ئەوکاتە ناوی ئێرانیش هات، بەڵام بە راستەوخۆ بیکەن. ئەمەی شەش مانگ لەمەوبەر بە ئێمە گوت و ئێمەش بە ئەوانمان گوت. واتە گوتی با وشیاربن. بە بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکانی رۆژئاوای گوت. گوتی رۆژئاوا لە مەترسیدایە و با بەپێی ئەوە ئامادەکاری بکەن و لەگەڵ هەموو لایەک دەتوانن پرۆتۆکۆڵی راستەوخۆ بکەن. راست دەرچوو. هێزەکانی هاوپەیمانان ١٥ ساڵ لەگەڵ ئەوان کاریان کرد و دواییش بەتەنیا بەجێیان هێشتن. گوتی با لەگەڵ ئەوان پرۆتۆکۆڵێک دروست بکەن. گوێتان لێ بوو ترەمپ گوتی ئێمە هیچمان پێنەگوتوون، نەمانگوتووە وا و واتان بۆ دەکەین. قسەکانی ئەوکاتە تۆمارکراون، هەر قسەیەکمان کردبێت دەوڵەتی تورکیا هەمووی تۆمارکردووە. من ئەم قسانە لەخۆمەوە ناڵێم. سەرۆک گوتی دیار نییە چی بەسەر کورد دێت، لەناویان دەبەن. بۆ رۆژئاوا، باشوور و رۆژهەڵاتیش دەیگوت کوردستان یەکە. لەوێ سەرۆکەکانیان سیاسەتی خۆیان بە چ شێوەیەک دەکەن با بیکەن، ئەوە کێشەی خۆیانە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت یەکبوونی کوردستان دروست ببێت. کەموکوڕی هەموو شوێنێک و هەموو کەسێک هەیە، بەڵام رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ساڵی ١٩٢٣دا دیزاینکراوە و لە ساڵی ٢٠٢٦دا سەرلەنوێ دیزاینی دەکەنەوە، ئێمە دەمانەوێت کورد لەم کاتەدا یەکگرتوویی خۆی دروست بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەنگەی هورمز.

دیپلۆماتێکی پێشووی ئەمریکا بۆ رووداو: کردنەوەی تەنگەی هورمز بە سەربازی ئەستەمە و دەبێت دانوستاندن بکرێ

دیپلۆماتێکی پێشووی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەڕای هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران هێشتا توانایەکی گەورەی مووشەکی و درۆنی هەیە و دەتوانێت تەنگەی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا ژێرخانی سڤیلی ئێران وێران بکرێ، دەکرێ ئەوە بچێتە خانەی "تاوانی جەنگ"ـەوە.